رێکخراوی ئیخوان موسلمین
لەحەسەن بەنناوە تا محەمەد مورسی
5 ساڵ لەمەوپێش
د.هاشم سالح
شوان ئهحمهد
كردويةتى بة كوردى
مەراقی گەورەی وڵاتانی عەرەبی لەئێستادا، ئیخوان موسلمینە. شایەنی باسە هەر بەناو هێنانیان، ترس و بیم دنیا دادەگرێت. لەبەرئەوە هەوڵیان بۆئەوەدا لەڕێی دامەزراندنی چەند حیزبێکەوە بەناوی جیاجیاوە، خۆیان لەوە دەربازب کەن و ئەو ناوە بەناوبانگەی پێ بشارنەوە کەبەڕاستی توشی ڕوگیریەکی گەورەی کردون. بۆ نمونە بڕوانە پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیاو حزبی ئازادی و دادپەروەری میسر و... هتد.
لەم ماوەی دواییدا بەزمانی فەرەنسی، کتێبێکی قەوارە گەورەیان لەبارەوە بڵاوکرایەوە کەچیرۆک و بەسەرهاتیان لەسەرتاوە تاکۆتایی دەگێڕێتەوە. نوسەری کتێبەکە توێژەرو ڕۆژنامەنوسی فەرەنسی میکائیل پرازانەو وادیارە تەواوی وڵاتانی عەرەبی لەڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، تەیکردووەو لەهەرجێیەک سەرانی ئیخوان موسلمینی بینیبێت، گفتوگۆی دورو درێژی لەگەڵیاندا سازداوە. ئەم کتێبەشی بەرهەمی ئەو گفتوگۆ و دیدارانەیە کەچوار سەد لاپەڕەی قەوارە گەورە دەبێت.
میکائیل پرازان بەجۆرێک لەجۆرەکان دەڵێت: (ماوەیەک پێش ئێستا ئیخوان موسلمین ڕابەرایەتی گەورەترین وڵاتی عەرەبیان دەکرد کەمیسرە، بەڵام هەنوکە لەهەموو شوێنێک ڕاوەدو دەنرێن و لەزیندانەکان توند دەکرێن، یاخود لەژێرزەمینەکاندا خۆیان حەشاردەدەن و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ژیانە نهێنیەی پێشتر زۆریان بەڕێکردبوو).
ئاخۆ دەبێت ئیخوان موسلمین کێ بن؟
گروپگەلێکن کە بەسەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت لەدیاسپۆرای ئەوروپی و ئەمریکیدا، بڵاوبونەتەوە. ئیخوان لەسەر شێوازی دەزگا یان پارتی سیاسی یاخود (ڕێکخراوی خێرخوازی) لەناو دووکەوانەدا، خۆیان ڕێکخستووە. وەلێ هەمیشە شوێن گومانی ئەوەن کەپەیوەندی پتەویان بەبزاوتە تەکفیری و جیهادیە توندڕەوەکانەوە هەیە. ئەڵبەتە خۆیان ئەوە ڕەتدەکەنەوەو سوێندی گەورە دەخۆن کەئەوان میانڕەون و پەیوەندیان بەتوندڕەوی و توندڕەوە نەفامەکانەوە نییە. بەڵام کێ باوەڕیان پێدەکات؟
بەهەرحاڵ توێژەران و لێکۆڵیاران لەبارەیانەوە جیاوازن. هەندێک دەڵێن: (ئیسلامیستی میانڕەون) و هەندێکی دیکە دەڵێن: (تیۆکراسیەتێکی ماسک پۆشن). لەڕاستیدا هیچ شتێ ئەوە ناسەلمێنێ کەئیخوان پشتیوانی قاعیدەیان کردبێت، وەلێ زۆر بەزەحمەت سەرکۆنەی کارو کردەوەو تەقینەوەکانیان دەکەن. بەتایبەت قوتبییەکانیان کەپەڕگیرترین باڵەکانی ناو ئیخوانن.
ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێ ئەوان گەر بەڕوکەش پشتیوانیان نەکەن، بۆ ئەوەیە ڕاستگۆییان لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەدەست نەدەن، بەڵام بەنهێنی و لەژێرەوە هاوسۆزن لەگەڵیاندا. سەرەڕای ئەوەش دامەزرێنەرانی قاعیدە و ئەو ئایدیایانەی بانگەشەی بۆدەکەن و ئەو دروشمانەی بەرزی دەکەنەوە، هەر هەموویان ڕاستەوخۆ لەبەرەی ئیخوان موسلمینەوە دێن.
بۆیە هیچ گومانی تێدانییە کەڕێکخراوی قاعیدە، بەرهەمی دەستی ئیخوان موسلمینە. هەرچەندە کارەکتەرو ئامانجەکانی هەردوولایان وەک یەک بن، بەڵام ستراتیژیەتیان جیاوازە. چونکە ئیخوان موسلمین بڕوایان بەوەنەماوە ستراتیژیەتی بن لادن و زەواهیری و زەرقاوی، هیچ ئاکامێکی هەبێت. لەبەرئەوە ستراتیژیەتی ئیخوان جەخت لەوەدەکاتەوە کەپێویستە هەنگاو بەهەنگاوو بەشێوەیەکی شێلگیرانە، پەلوپۆ بهاوێت و لەکۆمەڵگەدا جێی خۆی بکاتەوە، بەرلەوەی پەلاماری دەسەڵات بدات.
ئیخوانەکان پێیانوایە گەر لەوڵاتێکدا بگەنە دەسەڵات، ئەوا وڵاتانی دیکە بەئاسانی دەکەونە بن دەستیان. واتە لەو بڕوایەدا بوون حوکمڕانی وڵاتانی عەرەبی بکەن، لەزەریاوە تاکەنداو و تەنانەت سەرتاسەری جیهانی ئیسلامیش، بکەوێتە ژێر ڕکێفی خۆیان.
کاتێکیش محەمەد مورسی گەیشتە دەسەڵات، کەڵکەڵەی ئەوە کەوتبووە سەریان. بەڵام سەروەختێک شۆڕشی جەماوەری 30 حوزەیران تەقیەوەو لەدەسەڵات هێنانیە خوارەوە، بێ هیچ دوودڵیەک پەنایان بردەبەر توندوتیژی. واتە کەی بەدەردیان هات ئەوا شێوازی ئاشتیانە بەکاردێنن و گەر بەدەردیشیان نەهات، ئەوا پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی کوتەک، بۆ تۆقاندنی خەڵک و خوا و هێنانە ژێرباریان بەزەبری هێز.
ئەوە فەلسەفەی ئیخوان موسلمینە لەساتەوەختی دروستبونیانەوە. هەر لەبەرئەوەشە لەلایەک نوسینگەی ئیرشادیان هەیەو لەلایەکی دیکەشەوە، دەزگایەکی نهێنی تایبەت شک دەبەن. یەکەمیان ڕوییەکی ئاشتیخوازانەی فەرمی سەنگینی هەیەو دووەمیشیان، لەپەناو پەسێودا کار دەکات و ئەرکی جوڵاندنی شەقام و پەنابردنە بۆ هەڕەشەکردن و تیرۆر و تەقینەوە.
میکائیل پرازانی نوسەری ئەم کتێبە دەڵێت: (ساڵی 2010 سەردانی میسرم کردو ڕابەری گشتی پێشوتری ئیخوان موسلمین محەمەد مەهدی عاکف، لەماڵەکەی خۆیدا کەدەکەوێتە یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری قاهیرە پێشوازی لێکردم. لەو دانیشتنەدا دەربارەی پەیوەندی نێوان قاعیدەو ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین پرسیارم لێکرد، ئەویش وەڵامی دامەوەو وتی: بەهیچ جۆرێک پەیوەندی لەنێوانماندا نییە، بەڵام لەهەمان کاتدا کەوتە پاساو هێنانەوە بۆ کاروکردەوەکانی بن لادن و پرۆژەکەی و لەوبارەوە پێی ڕاگەیاندم کە: تەنانەت گروپە جیهادیەکەی بن لادنیش ئامانجی کوشتن نییە لەپێناو کوشتندا، بەڵکو بۆ خاتری ئازادکردنی سەرزەمینی موسڵمانان لەداگیرکاری بیانی ئەو کارە دەکات. ئەوەش ئەو شتەیە ئێمە پێی دەڵێین جیهاد... پاشان بەسەر جەمال عەبدولناسردا تەقیەوەو بەتوندی کەوتە پەلاماردانی).
وەک ئاشکرایە دوای ئەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز لە 23ی تەمموزدا شۆڕشەکەیان سەردەکەوێت، ئیخوانەکان دێن بۆ لای عەبدولناسرو پێی دەڵێن: (ڕاستە ئێوە کۆدێتان کردو سەرکەوتن، وەلێ ئێوە لەچەند ئەفسەرێک بەلاوە زیاتر نین. لەبەرامبەردا ئێمە - ئیخوان موسلمین -، نوێنەرایەتی جەماوەر دەکەین و ئێمە شەقامی میسرین و گرەنتی شۆڕشین. بۆیە پێویستە گوێمان بۆ بگریت وداواکاریەکانمان یەک بەیەک جێبەجی بکەیت. هەر یاسایەک دەوڵەت دەری بکات، پێویستە یەکەمجار ئێمە بیبینین، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەین یاخود ڕەتی بکەینەوە. نابێت یاساکان هەروا دەربکەن، بەبێ هیچ سانسۆرێکی ئایینی).
سەروەختێک عەبدولناسر لەحەسەن هوزەیبی ڕابەری گشتی ئەوسای ئیخوان دەپرسێت: (داواکاریەکانتان چییە؟)، هوزەیبی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: (داوات لێدەکەم یاسایەک دەربکەیت بۆ باڵاپۆشی وتەواوی ژنان و کچانی میسریش پابەندبن پێیەوە.. نابێت هیچ کچێک بەبێ لەچک و داپۆشراوی بچێتە دەرەوە).
عەبدولناسر دوای کەمێک بێدەنگ بوون، وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: (جەنابی ڕابەر تۆ کچێکت هەیە لەکۆلێژی پزیشکی دەخوێنێ و باڵاپۆش نییە. گەر تۆ نەتوانی کچەکەی خۆت دابپۆشی، ئەی من چۆن بتوانم پەچە بدەم بەسەری دە ملیۆن کچ و ژنی میسریدا؟!).
بەو جۆرە عەبدولناسر بەڕویاندا دەوەستێتەوەو پێیان دەڵێت: (داواکەتان بەهیچ جۆرێک قبوڵ نییە. ئێوە شتێکن و دەوڵەت شتێکی دیکەیە. واز لەدەوڵەت بێنن بەئازادی کار بکات و هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەو دروستکردنی ژێرخانی ئابوری و نەهێشتنی هەژاری و دواکەوتویی بدات. ئەمە شەڕی سەرەکیە، نەک لەچک پێکردنی کچان و ڕێگرتن لەچونە دەرەوەیان).
بەم قسانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە لەوکاتەدا میسر، لەبەردەم دوو پرۆژەی ناکۆک و تەواو دژ بەیەکدابووە: (پرۆژەی جەمال عەبدولناسرو پرۆژەی ئیخوان موسلمین). یەکەمیان پرۆژەیەکی ڕابونخوازی، داهاتوو ویستی و پێشکەوتوخواز بووە، دووەمیشیان پرۆژەیەکی ڕابردوپەرستی کۆنەخوازبووە.
عەبدولناسر خواستی ئەوەبوو میسرێکی نوێی سەربەخۆ دروست بکات کەبەرەو ڕێگای گەشەو نوێبونەوە مل بنێت، بەئامانجی قوتارکردنی لەدۆزەخی دواکەوتویی و ڕاگەیشتن بەکاروانی جیهانی هاوچەرخ. ئەو دەیویست دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەمانای مۆدێرنی وشەکە (واتە دەوڵەتێک لەهەوڵی ڕزگارکردنی جوتیاری میسریدا بێت، لەنەزانی و نەخوێندەواری و هەژاری و ملکەچی مێژویی، هەروەها هەوڵبدات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان)، بونیاد بنێت.
جەمال عەبدولناسر دەیوست میسر بکاتە گەورەترین هێزی هەرێمایەتی و خواست و ویستی زۆر گەورەبوو، ڕەنگە لەسەرو توانای خۆشیەوە بووبێت. یان دەتوانین بڵێین کۆسپ و ئاڵنگاریەکانی بەردەمی، زۆر گەورەبوون و هەر ئەوەش لەدواجاردا پشتی شکاند.
بەهەرحاڵ لەناو ئەم ڕوانگە پێشکەوتوخوازیە ڕۆشنگەرەدا، جێگای پرۆژەی کۆنەپەرست و دواکەوتوی ئیخوان موسلمین نەدەبووەوە. لەبەرئەوە ڕوبەڕووبونەوە لەنێوانیاندا دەبوو هەر ڕوبدات. عەبدولناسر هەوڵیدا ئەوە ڕونەدات، بەڵام نەیتوانی. ئەم مەسەلەیە چاودێران و توێژەران، زۆر بەدەگمەن لەسەری ڕادەوەستن. ئەوەی ڕاستی بێت عەبدولناسر وەک پاشماوەی سەردەمی ڕابردو سەیری دەکردن و پێیوابوو، سەروەختێک کۆمەڵگە پێشەکەوت و هۆشیاربوەوە، ئەوانیش بەسەردەچن.
ئێستا ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو: (ئایا میسری جەمال عەبدولناسر، زۆر لە میسری عەبدولفەتاح سیسی جیاوازە؟). ئایا ناکرێت بوترێت: (ئەمڕۆ چەند بەدوێنێ دەچێت؟). ئاخر عەبدولفەتاح سیسیش دەیەوێت میسر ڕزگار بکات و لەو بێسەروبەریەی تێیکەوتووە، دەریبهێنێت. ئەمیش ئیخوان موسلمین لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا، وەک کۆسپ دەبینێ کەڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتن و هەستانەوەی میسردا. کەواتە سەیر نییە عەبدولناسر نمونەی باڵای سیسی بێت. جارێکی دیکە میسر خۆی لەبەردەم هەمان ئاڵنگاری و هەمان تاقیکردنەوەدا دەبینێتەوە.
دواجار میکائیل پرازان ئەم پرسیارە دەکات کەپێیەوە سەرقاڵبووە: (جیاوازی چییە لەنێوان ڕەوتی ئیخوانی و ڕەوتی سەلەفی لەمیسردا؟ ئایا هەردووکیان هەر یەک شت نین، یاخود دوو شتی جیاوازن؟). هەروەها دەڵێت: (پرسیارم لەزۆرێک لەپسپۆڕانی وەک جیڵ کیبڵ و کەسانی دیکە کردووە، سەبارەت بەو بابەتەو لەوەڵامدا پێیان وتووم کەسەلەفیەکان زۆر دۆگماترن و زیاتر بەدەقەوە پابەندن. ئەوان بەتەواوەتی لەڕووی فیکرییەوە داخراون وتەنانەت ڕواڵەت و جل و بەرگیشیان ڕێک و ڕاست، سیمای سەدەکانی ناوەڕاستی پێەوە دیارە. بەڵام ئیخوان موسلمین یان لانی کەم سەرکردەو دەستە بژێرەکانیان، ئەوا قاتی مۆدێرن دەپۆشن و بۆینباخی زۆر شیک دەبەستن. سەرەڕای ئەوەش لەسەلەفیەتدا، چەندین ڕەوت هەن. تەنها یەک ڕەوتیان بڕوای بەپەنابردنە بەر توندوتیژی هەیە، نەک هەموویان. ئەوانی تریان بەبانگەوازی ئاشتیانەی بێوەیەوە خەریکن و لایەنداری سەرکز گرتن و ئارامین. وەلێ سەروەختێک لەبارەی بن لادنەوە پرسیارین لێدەکەیت، پێت دەڵێن: شەهیدە! لەڕاستیدا ئەوانە هەمویان چ ئیخوانەکان و چ سەلەفیەکانی میسر، سەر بەفیکری سەید قوتب و محەمەد قوتبی براین. ئەوەش ئەو ڕەوتەیە کە لەشەستەکاندا کۆمەڵگەی میسریی تەکفیر کردو دەڵێت: کۆمەڵگەیەکە لەدۆخی جاهلیدا دەژی و لەئیسلام تەوەللابووە. بەڵام چ ئیخوان و چ سەلەفیەکان وەک یەک، دەرگیری ئەو فیکرە نین. ئەڵبەتە لەڕووی مێژوییەوە جیاوازیەکی ڕوون و ڕەوان لەنێوان ئیخوان موسلمین و سەلەفیەکاندا هەیەو یەکێک لەسەرکردەکانی ئیخوانیش، ئەوەی بۆ میکائیل برازان ڕونکردۆتەوە).
سەبارەت بەو پرسە پرازان دەڵێت: (بۆ تێگەیشتن لەهەموو ئەو گیروگازانەو بەتایبەتیش بۆ ڕونبونەوەی ئەو بابەتە، ڕومکردە نوسینگەی ئیرشادی ئیخوان موسلمین و لەوێش کەسی دووەمی ڕێکخراوەکە خەیرەت شاتر پێشوازی لێکردم و پێی وتم: لەڕووی تیۆریەوە جیاوازیەکی گەورە لەنێوان بیروباوەڕی سەلەفیەت و ئیخواندا نییە، بەڵام ئێمە وەک ئیخوان موسلمین گرنگی بەپەروەردەکردنی تاکەکەس و خێزان و کۆمەڵگە و حکومەت دەدەین بەگشتی، وەلێ برا سەلەفیەکانمان ماوەیەکی زۆر تەنها بەئیسلامیکردنەوەی تاکەکەس و خێزانەوە خەریک دەبوون، بێ ئەوەی لەوە دورتر بڕۆن، واتە بێئەوەی پرۆژەیەکی سیاسی فۆرمەلا بکەن و هەوڵبدەن حوکمڕانی بگرنە دەست، وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین. بەڵام ئێستا ئەوانیش گۆڕاون و وەک ئێمە بونەتە سیاسی. بۆ نمونە پێش شۆڕشی یەنایەر، سەلەفیەکان بەهیچ کلۆجێک بەشداری هەڵبژاردنیان نەدەکرد، بگرە بەحەرامیشیان دەزانی. دوای شۆڕشیش چەند مانگێک هەر دوو دڵ بوون و تیامابوون، بەرلەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوەو بێنە ناو ململانێی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. دوای ئەوە پارتی نوریان دروستکرد. لەئێستاشدا چوار تاپێنچ حیزبی سەلەفی بونیان هەیە. بەکورتیەکەی جیاوازی سەرەکی نێوانمان، تائەم ماوەی دوایش ئەوەبوو تێکەڵ بەکایەی سیاسی ببین یان نا، سیاسەتکردن باشە یاخود خراپە؟).
دواجار دەکرێت بڵێین دوژمنانی ئیخوان موسلمین بەپلەی یەکەم، ئیخوان موسلمین خۆیانن. مادامەکی شرۆڤەکردنیان بۆ ئیسلام شرۆڤەکردنێکی سەراپاگیرانەو داخراوە، بۆیە جگە لەسوپرایزی ناحۆش و نائومێدی، هیچی دیکەیان دەسگیر نابێت.
ئاخر ئایین فرە ڕەهەندەو ناکرێت بۆ ئەو تێگەیشتنە سەرپێی و زۆرەملێیە، کورتبکرێتەوە کەئیخوان موسلمین لەبارەیەوە هەیانەو دەیانەوێت، بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا بیسەپێنن. ئایین بۆ ئەوە هاتووە کار ئاسانیمان بۆ بکات، نەک سەرشانمان قورس بکات. ئیسلام ئایینی ئەقڵ و زانست و کرانەوەیە، نەک ئایینی ڕق و نەفامی و داخران بێت.
لەسەردەمی خۆیدا، ئیسلام توانی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم شارستانیەتەکاندا بکات، سەرباری ئەوەش دڵنیایمان دەداتێ، نەک ترس و تۆقاندن بخاتە دڵمانەوە. ئیسلام دینی سۆز و بەزەییە، نەک ڕق و توڕەیی. ئیسلام ڕوناکییە، وەلێ ئیسلامی سیاسی ئەو ڕەهەندە بنەڕەتیەی لەپەیامی ئیسلام و قورئانی پیرۆز فەرامۆشکردووە، بۆیە ئایدیۆلۆژیاکەیان درەنگ یان زوو شکست دەخوات.
سەرەڕای ئەوانەش دژایەتی نۆرم و بەهاکانی مۆدێرنە دەکەن و دژی بزاوتی مێژوش دەوەستنەوە. لەبەرئەوە محەمەد ئەرکۆن لەیەکێک لەدەستەواژەکانیدا، لەبارەیانەوە دەڵێت: (ئەوانە شوێن مەترسین و دەبنە باعیسی شێواندنی ناوەڕۆکی ئایین و هزری زانستی ڕۆشنگەر لەیەککاتدا).
هەر لەبەرئەوەش بوو عەبدولفەتاح سیسی بەسەریاندا زاڵ بوو. تەنها لەبەرئەوە بەسەریاندا سەرنەکەوت کەگەل و سوپای لەگەڵدابوو، بەڵکو لەبەرئەوەی تێگەیشتنێکی ڕۆشنگەرانەی باشی بۆ ئایین هەیە، تەواو وەک عەبدولناسر. هەردووکیان لەناخەوە موسڵمانێکی ڕاستەقینەن، بەڵام ئەوان (واتە ئیخوانەکان) تێگەیشتنێکی دەستەگەرایی تاریکخوازی دەمارگیرانەیان بۆ ئیسلام هەیە.