رەشەکوژیی ئافرەت بەپاساوی شەرەفو نامووس کڕینەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هەنارموفتی
لەکاتێکدا ئەبینین لەناو جەرگەی پایتەخت لەشارێکی وەک هەولێر بە رۆژی رووناک لەبەردەم محکەمەو بەبەرچاوی ئاسایش و پۆلیس و خەڵک و حوکمەت، ئافرەتێک ئەدرێتە بەر دەسڕێژی گولەو لەخوێنا ئەیگەوزێنن.
هەر لەخۆتەوە دەیان پرسیاریت لا دروست ئەبێت تۆ بڵێی ئەو هەرێمەی لاف و گاز بەدیموکراسیەوە لێئەدا ئافرەت بەنیوەی کۆمەڵ ئەزانێ و بەقسەی باق و بریقەکانی خۆیان داکۆکی لەمافی رەوای ئافرەت دەکەن.
ئاخۆ ئەو داکۆکیکردنە تەنیا بەڕواڵەتە یان بۆ مەبەستێکی تایبەت و بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتیە ئەو خۆڵکردنە چاوی خەڵکە بۆ وەدەستهێنانی چەند دەنگێک و متمانەپێکڕدنیانە.
بەداخەوە وەک ئەبینین لەسەرەتایی ئازادکردنی کوردستان و دوای راپەرین دیاردەیەکی ترسناک و قێزەون سەریهەڵداوە، ئەوەش رەشەکوژی ئافرەت وتیرۆر کردنیان بە هەموو شێوەکانی خنکان و سووتان و کوشتنیان رۆژ بەڕۆژ زیاتر پەڕەئەسەنێت . دیارە بە پاساوی شەرەف و ناموس کڕینەوە چەندین ئافرەت دەبنە قوربانی دواکەوتویی خێزان و باوک و برا.
ئەمەوێت ئەوە بڵێم هەمیشە ئافرەت دەستدرێژی کراوەتە سەرو تاوانی بەرامبەر کراوە، سەرەڕای ئەوەش بەکوشتن قەرەبووکراوەتەوە لای خێزانەکانیان تاوانبارانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچین لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەر لەسەرەتاوە ئەو وڵاتە بەناو دیموکراسییەی باسی لێوە دەکەن مافی ئافرەتی پێشێل کردووە، هیچ یاساوو رێسایەک نیە بۆ رووبەووبونەوەی تاوانباران.
بۆیە پێیویستە حکومەت و سەرجەم رێکخراوەکانی ئافرەتان هەرچی زووە سنوریک بۆ ئەو دیاردە قێزەونە دابنێن و پشتگیری تەواوی ئافرەتان بکرێت چی تر نەهێلین لەژێر پەردەی شەرەف و نامووس ئافرەتان تیرۆر بکرێن و تاوانبارانیش سزای عادیلانە وەربگرن