ئێرانی ئایدۆلۆژیاو ئەمریکای تەکنۆلۆژی
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ توانا
تاوەکو دێت گرژیەکانی نێوانی ئەمریکا و ئێران زیاتر دەبێت، ئەگەر لەڕابردوو ململانێی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە لەڕێگای بریکارەکانیانەوە بووبێت و لەدەرێی جوگرافیای خۆیانەوە بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ فاسیلەی بەریککەوتنەکان نزیکبۆتەوە راستەوخۆ هەڕەشە لەیەکتر دەکەن هێرشی لابەبەلا دەکەنە سەریەک، رووداوەکانی چەند مانگی رابردوو هەر لەخستنە خوارەوەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەگەروی هۆرمز کە لەلایەن هێزى دەریایى ئێرانەوە خرایە خوارەوە دوای ئەوە وەک کاردانەوەش دەستبەسەراگرتنی کەشتی نەوتی ئێران وەڵامدانەوەی ئێرانیەکان بەدەستبەسەرداگرتنی کەشتی نەوتهەڵگری بەریتانیا لێدان لەپێگەو پایەگاکانی حەشدی شەعبی لەعێڕاق و شام دوایین کاردانەوەی ئێرانیەکانیش بەهێرشکردنەسەر ئارامکۆ کەکاریگەرترینیان بوو نەک هەر ئەمریکا بەڵکو خۆرئاوای تەنگە نەفەسکرد، ئیدی ململانێکانی گەیاندە ترۆپک، هەڵبەت زانراوە کەڕژێمی ئێستای ئێران رژێمێکی ئایدۆلۆجی عەقائیدی و مەزهەبگەرایە، لەلایەکەوە نوێنەرایەتی تایفی شیعی دەکات، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەخەیاڵی و نۆستالژیای ئەو سەردەمی (دەوڵەتی فاتیمی + سەفەویەت) هەڵسوکەوت و هەنگاو دەنێت، لەلایەکی تریشەوە نمایندەی ئەو رابردووە دێرینەی دەکات، کەئەم دەوڵەت و میللەتە خاوەنی ئیمپڕاتۆریەت و شارستانیەتی خۆی بووەو چەندین سەدە رکابەری ئیمپڕاتۆریەت و شارستانیەکانی تری کردووە ، رێک ئێستاش لە خەیاڵدانی سەران و سەردارانی ئەو رژێمەدا سنورەکانی چ ئێرانی ساسانی چ فاتیمیەت و سەفەویەت و تەنانەت قاجەری ئەو سنورەی ئێستا نیە، بۆیە لەمێنتاڵیەت و خەیاڵی ئەوان پێویستە جارێکی تر ئێران سنورەکان بکێشێت بەڵام ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەو خواست و خەونە، هاتنی خۆرئاواییەکانە لەخۆڕا نیە دروشمی (مرگ بر امریکا یان مرگ بر ایسرائیل) لەعەقیدەی هەر ئێرانیەکدا وەک واجێێکی دین جێکەوت بووە، بەڵام ئاخۆ دروشم و ئایدولۆجیا دەتوانن ململانێی ئەمریکای سنور نەناس و فەتحکاری هەسارەکان و زەریاکان بکات؟ ئەمریکایەک کەخودان چاکی بایلۆجی و خاوەن گەورەترین پێگەی ئابووریە له دنیاو لە 130 وڵاتی ئەم هەسارەیە بنکەی سەربازی هەیە؟ مێژوونوسان دەڵێن کاتێک ناپلیۆن دێت بۆ داگیرکرنی میسر پلانێکی سەربازی لابووە، کەچی مەمالیکەکان بە شمشێرە بریسەکەدارەکانیان بەرەو رووی دێن دڵنیان لەوەی کەبەسەر ناپلیۆن زاڵ دەبن، یەکێک لەوان تاسێکی بەسەرەو بەشێوازی کۆن قەلغانی هەڵگرتووە بەفیزەوە گوایە ئەمڕۆش سەردەکەوێت وەک چۆن دوێنی بەسەر ئاپۆرای جوتیارو هەژاراندا سەرکەوت، ئەسپ حیلەی دێت و شمشێرەکان دەبڕیسکێنەوە تەپوتۆز بەرز دەبێتەوە وایان خەیاڵکردبوو کە ناپلیۆنی کورتە (باڵای کافر) لەبەرانبەر ئازایەتە دەگمەن و باوەڕه بەهێزەکەی ئەوان دەبەزێت، کەچی ناپلیۆن لەوکاتەدا هێمن بووە سەیری ئەو کاغەزه دەکات کە بەدستیەوە بووە، پلان بۆ مانۆڕو تەوقکردن و هێنان و بردن دادەنێت، هێڵێک لەوێ دەکێشێ و خاڵێک لەوێ دادەنێت، وەکو ئەوەی یاری شەترەنج بکات و یان فاڵ بۆ کچانی دراوسێ بگرێتەوە، ئەمە هیچ نیه جگە لەساتێک لەساتە یەکلاکەرەوەکانی مێژوو کەدەبینن ئەنجام مەمالیکەکان، بەجلە کەشوفشەکان و سمێڵه زلەکانیانەوە، لەسەر زەوی کەوتوون، ئەوکاتەش نە لەجۆش و خرۆش و نە هوتافەکانیان سودمەند نەبوون، ئیدی هاوکێشەی ئێرانی ئایدۆلۆجیاش بەراورد بەئەمریکای تەکنەلۆجیا وەک هێزی مەمالیکیەکانە لەهەنبەر ئەمریکای خودان تەکنەلۆجیا.