نا پیشەیی رۆژنامەنووسی

ئه‌نوه‌ر حسێن بازگر

5 ساڵ لەمەوپێش




ئه‌نوه‌ر حسێن بازگر

لەهەرێمى کوردستان نزیکەى (15,000) هەزار کەس رۆژنامەنووسن یان بەخۆیان دەڵێن رۆژنامەنوس، یان ناسنامەى سەندیکا یان کەناڵێکى لەگیرفاندایە، بۆ دانیشتوانى هەرێمێک کە (6,200,000) ملیۆن کەسە. 
لەهەرێمى کوردستان تاساڵى 2014 (1200) کەناڵى راگەیاندنى (چاپکراو، بینراو، بیستراو) هەبوە، لەناویاندا (894) ڕۆژنامە و گۆڤار هەبوون کەمۆڵەتى سەندیکایان وەرگرتوە. 
(103) تەلەفزیۆنى لۆکاڵى، (32) کەناڵى تەلەفزیۆنى سەتەلایت و (154) رادیۆى لۆکاڵى و گڵۆباڵ لەهەرێمى کوردستان پەخش دەکەن، لەگەڵ زیاتر لە (1000) کەناڵى سۆسیال میدیا، ئەم ژمارە و داتایانە پێماندەڵێت: 
یەکەم: هەرێمى کوردستان توشی گرفتى فەوزای میدیا بوە، بگرە هێندە کۆمەڵگاى شێواندوە و بووەتە بەشێک لەگرفتى سیاسی و کۆمەڵایەتى و هەندێکجار کێشە و ئاریشەى قوڵى بەدواى خۆییدا هێناوە. 
دووەم: لەئێران و تورکیا کە دانیشتوانى (80 – 90) ملیۆن کەسە، (8000) رۆژنامەنوس هەیە، کە هەرێم دوو هێندەى ئەو دوو وڵاتە رۆژنامەنوسی هەیە، کەواتە وادیارە رۆژنامەنوسى لەهەرێمدا کارێکى ئاسانە و شارەزایی، پسپۆرى و پرۆفیشناڵى ناوێت و گەر بەر بەو فەوزایە نەگیرێت کارەساتى لێدەکەوێتەوە. 
سێیەم: گرفتى سەرەکى ئەو فەوزایە بە دیوێکدا حزبی کوردییە، چونکە فکر، هۆکار، باربۆکردن و پاڵپشتى زۆربەیان هەر حزبە، بە ئامانجى سیاسەتىنادروست، بۆیە دەبێت حزب بزانێت، ئەو فەوزایە دوور یان نزیک ناوچاوانى خۆى و هەرێم دەگرێت و گرفتى گەورەى بۆ ساز دەکات. 
چوارەم: جگەلە میدیاى ناسراو، بەرپرس و واقیعییەکان، ئەوانى تر کارەکتەرەکانیان و سەرچاوە داراییەکانیان دیار نییە، ئامانج و ئارمانیان نەک ڕوون نییە، بەڵکو هەندێکیان گوماناوییە. 
پێنجەم: زۆربەى ئەو کەیسانەى لەسەر شەقام ڕوودەدات رۆژنامەنوس براوەیەو دۆراوى کەیسى دادگاکانیش ئەکسەریەتى رۆژنامەنوس و کەناڵى میدیایە، بەهۆى بێ فاکتى، بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکى ناتەندروستە و تەندروستبوونى ئەوەیە، رێک پێچەوانە دەبێتەوە، کەدەبێت رۆژنامەنوس لەدادگا براوە بێت. 
شەشەم: حکومەت، حزب، سەندیکا و کەناڵ لەم فەوزایە بەرپرسن و مەترسی گەورە لەسەر کۆمەڵگە هەیە وەکو ئەو مەترسییەى مادەى هۆشبەر هەیەتى لەسەر کۆمەڵگەى کوردستان، گەر بەرى پێنەگیرێت و کۆنتڕۆڵ نەکرێت، لە ئایندەدا کارەساتى گەورەى لێدەکەوێتەوە و چارەسەریشی زەحمەتە، دیاریشە کە دەڵێم «مەترسی مەبەستم ئەو کوشتنانەیە کە بەهۆى میدیاوە روویداوە، هەروەها ئەو تەنگەژە سیاسییانەى کە بەهۆى میدیاوە بوە، ئەو دەستتێوەردانە دەرەکییانەى لەڕێگاى میدیاوە بوە». 
حەوتەم: هۆکارى سەرەکى و چارەسەرى سەرەکیش، نا پیشەیبوونى رۆژنامەنوسە لەکارەکەیدا، تا ئەم هەڵەیە راست نەکرێتەوە، بارودۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت. 
ئەو حیکایەتانەى لەناو میدیای کوردى دەیبنین و دەیبیستین سەیر و سەمەرەن. 
چەندین جار، کەسێک دەستگیرکراوە گوایە رۆژنامەنوسە و لەسەر کارى رۆژنامەنوسی، بەڵام پاش بەدواداچوون دەردەکەوێت ئەم کەسە کارى سەرەکى پێشمەرگەیە و حزبەکەى لێیدەپێچێتەوە، بۆچى کارێکى کردوە کەدژى حزبەکەیەتى و کار بۆ لایەنێکى تر دەکات، ئاخر چۆن دەکرێت ئەم کەسە رۆژنامەنوس بێت و ئەندامى سەندیکاش بێت؟ 
کەسێک دەستگیرکراوە لەبازگەیەکى ئاسایش و ناسنامەى سەندیکاى داوە، بەڵام کاتێک دەچینە ئاسایش، ئەوان دەڵێن «کاکە خۆ ئێمە لەسەر کارى رۆژنامەنوسی نەمانگرتوە، بەڵکو لەسەر (.........) گرتومانە، کەکارێکى بۆ وڵاتێکى تر کردوەو ئەندامى سەندیکاشە...!!». 
کەسێکى تر دەچێتە لاى سکرتێرى حزبێکى رۆژهەڵاتى بۆ چاوپێکەوتن و پێى دەڵێن «گەر بکرێت خۆت بناسێنى و خەریکى چیت؟»، سکرتێر دەپرسێ؟ تۆ من دەناسی؟ حزبەکەى ئێمە دەناسی؟ بێگومان کە نایناسێت! ئاخر ئەمە کەى رۆژنامەنوسە؟ 
وڵاتێکى ترى دراوسێ داوا دەکات لەڕۆژنامەنوسێک، گۆڤارێک لە هەرێم دەربکات بەپێى ئەجێندایەک کە ئەوان داواى دەکەن، ئەجێندا (یەکەم:   ) و ئەجێنداى (دووەم:     ) لە بەرامبەردا مانگانە (       ) دۆلارى بۆ خەرجبکەن؟!
دەیان نمونەى تر لەبەردەستدان، کە ئایا کایەو کارى رۆژنامەنوسی لەهەرێمى کوردستاندا، بۆتە فەوزا؟ ئایا مایەى مەترسی نییە؟ ئایا خەریک نییە کارەساتى گەورەى لێ دروست ببێت؟ کە دڵنیام چەند سەد رۆژنامەنوسێکى چالاک و ئەکتیڤ و بەپرەنسیپ لەکوردستان کاردەکەن، کەمایەى خۆشحاڵى و سەرکەوتنى پرسی دیموکراسی و ئازادى کارى میدیاو راگەیاندنن و رۆڵیان هەیە لە پرۆسەى گەشەکردنى پانتایی ئازادییەکان و چوونەوە بەگژ ناعەدالەتى و کەموکوڕییەکان، بەڵام هێشتا ئەکسەرییەت ئەوانى ترن و ئەقەلییەت ئەم مۆدێلەى کارى رۆژنامەنوسییە، کەڕەهەندە پۆزەتیڤ و پیشەکەیەتى. . 
ئایا حکومەتى هەرێم، سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان، کەناڵەکانى راگەیاندن و حزبەکان بەپلەى یەکەم، لەم مەترسی و گرفتانە بەرپرس نین؟ ئایا کاتى ئەوە نییە کۆنفرانسێکى پیشەیی ببەستریت و خەڵکانى شارەزا بەشدار بن و بڕیارى گرنگ بدرێت و کارى رۆژنامەنوسی بکرێتە پیشە؟
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار