بەها داڕماوەکان
سامان وهستا بهکر
5 ساڵ لەمەوپێش
سامان وهستا بهکر
هەستی نەتەوایەتی یان خۆشەویستی خاک لە گوفتارا نیە بەڵکو لەکردارا بەرجەستە ئەکرێ.
دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ تەنها هۆشیاری کۆمەڵگەی پێویستە نەک پاساو هێنانەوە.
لاوازکردنی رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا بۆ لێدان و تێکشانی رۆڵی ژن لەژێر پەردەی ئایندا پەیوەستە بە پاشەکشێی بیرڕۆشنی خودی خۆتەوە.
لاوازکردن و شکاندنی پێشەوا بۆ تێکشاندنی رۆڵی زانستخوازان و خەڵکانی بیرمەندو هەڵگرانی بیری نوێخوازو داهێنەر ئیتر کەسێک نامێنێ پەروەردەی دروست بڵاوکاتەوەو بەها جوانەکانی مرۆڤ بوون و کامڵ بوونی مرۆڤایەتی بگەیەنێ، لە دروستبوونی بۆشاییەکەی وا گەورەشدا سیاسەتمەدار ئەو بۆشاییە پرئەکاتەوەو سەرکردە و تاک پیرۆز ەکرێ.
رۆڵی میدیا بۆ گەیاندنی راستی و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگەو ئاشناکردنی خەڵکییە بە کایە جیاوازەکان لە نیوانیشیاندا کلتورو ناسنامەی نەتەوە نەک چەواشەکاری و گەیاندنی زانیاری هەڵە لەبەرژەوەندی حزبێک، کۆمەڵیک یان کەسێک لەوانەش سامناکتر بەفریشتەکردنی دوژمن و بڵاوکردنەوەی کلتورو نەریتی بێگانەو پۆخڵکردنی نەریتی دێرینی نەتەوەکەت.
قوتابخانەو خوێندنگاو فێرگەکان شوێنی فێربوونن نەک لەژێر ناوی بازاڕی ئازادا بکرێن بەسەرچاوەی بازرگانی لەبری ئەوەی مێشکەکان پڕکەن لەزانست گیرفانەکان سیخناخکەن لە دۆلار.
زانکۆ شوێنکە بۆ داهێنان و سەرچاویەکە بۆ زانست، زۆری زانکۆ نیشانەی پێشکەوتنە بەڵام زۆری و بۆری لەبری پێشکەوتن پاشکەوتنی بەرپرس و بازرگانی وشەی لێئەکەوێتەوانێ و سەرنجام لەبری داهێنان داڕمانی زانست بەدوای خۆیدا ئەهێنێ.
کاڵا و بەربوومی خۆماڵی لای هەر نەتەوەیەک بەنرخترینە نەک لەبری دەستخۆشی و ساغکردنەوەی بەروبوومەکان و هاوکاری کردن بازاڕەکان پڕکرێن لە کاڵای بێ کەڵک و بەروبوومی بێ جۆرو بێ هیچ سوودێکی خۆراکی.
مووچە مافە لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی مانگانە بەجێ ئەگەیەنرێ نەک خەڵات هەربۆیە هەروەک چۆن رۆژانە کاتی دەستپێکردن و کۆتایی کارکردن دایارکراوەو ئەشبێ فەرمانبەر پابەندبێ پێوەی هەرواش دابەشکردنی مووچە کات و بەرواری دابەشکردنی دیاری کراوەو ناشبێ تەنانەت یەک رۆژیش پاشبکەوێت و بۆ هەر رۆژێک دواکەوتن بڕێک پارە وەک قەرەبوو دیاری کراوە، ئیتر بۆ ئەبێ دابەشکردنی مووچە بکرێ بەسەر دێڕی هەواڵ و چەندین جۆر میدیای جیاواز خۆیان بەکاتی دابەشکردنی مووچەوە سەرقاڵ بکەن کەکام میدیا خێراتر هەواڵی دابەشکردنی مووچە ئەگەیەنێ کە ئەمە دوورو نزیک کارێک نیە بۆ میدیا و ئەرکێکی بێزراویشە.
پیاهەڵدانی دوژمن و هاوکاری کردنی دوژمن تەنها چەکهەڵگرتن نیە بۆی، یان پێشکەوتن و ڕێگەنیشاندان نیە، بەڵکو جۆرەکانی جاشایەتی بەپێی کات و شوێن ئەگۆڕێن و دوژمن دیاری ئەکات چ جۆرە جاشێک لە چ کات و سەردەمێکدا بەکارئەهێنی. بەگشتی جاشایەتی سێ جۆری هەیە: جاشی چەکدار، جاش پێشمەرگە، جاشی فەرهەنگی.
هەڵبەتە میللەتی کورد یەکێکە لەو میللەتانەی هەر لەسەردەمی کۆرشی هەخامەنشیەوە فێری کاری جاشایەتی بووەو لەو کاتەوە تائێستا ئەم پەتایەی لێنەبڕاوە و تائێستاش بەردەوامە لەسەر جاشایەتی.
لەوکاتەوەی «کۆرشــی هەخامەنشـــی» «کوڕی مەنــدانەی کـچـــی ئەژیدەهاک» کە بەهاوکاری «هارپــاک» کە یەکێـک بووە لەســەرانی دەوڵەتی مـــاد، ئەژیــدەهــاکی باپـیـرو چــوارەم شـــای مـــادی کوشــت و بــنــەی ئـیـمـپراتـۆریـەتــی فـارســـی دامەزران، تــاکو هـێـرشــی ئەســکەندەری مەکدۆنــی و دەرکەوتـنــی ئـیـســلام و دروســتبوونـی ئـیـمبراتۆریەتــی عەرەب و پاشــان هێرشــەکانی تەتەرو هۆلاکۆ و دامەزرانــی ئـیـمــبـراتـۆریـەتــی تــورکی عوســمـانــی. کورد بەهۆی جاشایەتی و زۆری ژمارەی جاشەکان تەنـهـا ئەوەی لەدەسـتـهـاتـووە بەپـێــی بــاری رۆژ هەرجارەو لەلایـەکی کوردســتـاندا مـیـرنـشـــیـنـی بـچــوک پـێـکـبـهـێــنــێ.
لەکۆنەوە تائێستا و بەردەوام کورد جاشی چەکداری لێنەبڕاوە کە هەمیشە لەدوژمن سەرسەختتر رووبەڕووی هەر هەوڵێک بوونەتەوە بۆ ئازادی کوردستان و تا ئەمڕۆش زۆرترین ژمارەی جاشی چەکدار لەهەر چوار پارچەکەی کوردستان بوونی هەیەو تەنانەت لەباشوری کوردستانیش پاش ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کەهەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەژێر ناوی (حشد الشعبی) دیسانەوە بوونەتەوە بەجاش.
بەڵام لە ئێستادا خەتەرناکترین جۆری جاشایەتی لەناو کوردا بوونی هەیەو کەس باسی ناکات، بەڵکو زۆر جاریش وەک دەسکەوت و هاوکاری و پێشکەوتن بە میللەت ئەفرۆشرێتەوانێ، ئەویش بەجۆرێک کە لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا توانستی ناوخۆی سەرکوێر و زەلیل کراوە تا ئاستی فەوتان و لەناوچوون، کە لەڕاستیدا رووی راستی ئەو بەناو ئاڵوگۆڕی بازرگانیە تەنها بەبازاڕکردن وساغکردنەوەی کاڵای وڵاتانی بێگانە بەگشتی و بە تایبەتی بەزۆری بەچڕیش کاڵای دوژمنانی کوردستان ونەتەوەی کوردە.
لەوەش خراپتر بەبێ ئاگابێ یان بەئاگایی میدیای کوردی بۆتە مینبەرێک بۆ ریکلامن کردن و بانگەشە بۆ ئەو جۆرە کاڵا ناجۆرانە ، بەجۆرێک باسدەکرێن کەخەڵکی ساناو مامناوەندو بگرە زۆرینەی کۆمەڵگە مەست و خەیاڵی ئەو کاڵایانە کراون بەجۆرێک دەست بۆ هەر شتێک بەری و ئارەزوی کڕینی هەر کاڵایەک بکەی کابرای بازرگان و فرۆشیار بۆ راکێشانی سەرنج تا وات لێبکات کاڵاکە بکڕی پێت ئەڵێ لێی دوو دڵ مەیە (دەرەجە یەکە و تورکییە) بەو واتایەی کە کاڵا و بەروبوومی تورکی باشترینن و بەوجۆرەش کەسی کڕیار پشت لە کاڵای ناوخۆی و روو لە کاڵای بێگانە ئەکات.
جاشی فەرهەنگی یان جاش قەڵەم کاری ئەوەیە کە رای گشتی لە دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بەلاڕێێا بەرن پاساو بۆ سیاسەتی سەرکوتکارانەی داگیرکەران بهێنەوەو هەروەها کارئەکەن بۆ چەسپاندنی گوتاری زاڵی دەسەڵات ئەکەن لە کوردستان وەک ئەوەی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان رەشید یاسەمـی بەناو نوسەر لە دوو توێی کتێبێکا هەوڵیدا بیسەلمێنێ کە کورد نەتەوە نیەو لەڕوی زمان، کلتورو فەرهەنگەوە بەشێکە لەنەتەوەی سەردەستی فارس.
لەناو کوردیش جاشی فەرهەنگیەکان بەردەوام کار بۆ چەسپاندنی (یەک وڵات و یەک ئاڵاو یەک نەتەوە ) ئەکەن کە مەبەست لێى وڵاتی تورکیاو ئاڵای تورکیاو نەتەوەی تورکە. جاشی فەرهەنگی یان جاش قەڵەم، پێشتر ئەم جۆرە لە جاش تەنها لەڕۆژهەڵات و باکور هەبوو، بەڵام ئێستا پەلیکێشاوەتەوە ناو باشوریش لەڕێی مەزن کردنی تورک و ریکلام کردن بۆ کاڵاکانی ئەو وڵاتەو کردنەوەی چەندین قوتابخانەو زانکۆ کە مەبەست لێی لەبری زانست چەسپاندنی کلتوری تورک گەورەکردنیانە لەسەر حسابی کورد و کوردستان.
ئەوانەی لەسەرەوە باسمان کردن هەمووی لەگەڵ چەندین نمونەی تریش کە لێرەدا باسم نەکردوون بوونەتە هۆکار بۆ چەقبەستووی و سڕبیری کۆمەڵگە، بەجۆرێک کە لەزۆرینەی میدیای حکومی و خۆیی و زۆرینەی خەڵکیش (پشتاوپشتی دەسەڵات وەک دەستاودەستی دەسەڵات باسدەکرێت) کە ئەمەش یەکێکە لەکفرەکانی کاری رامیاری و بەڕێوەبردن کەئەمەش لێدانی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەئاگاهێنانەوەو راچڵەکاندن تا شۆڕشێکی هۆشیاری بەرپابکرێ.
بەڵام ئەوەی گرنگە مرۆڤ بوونە، هەرگیز کات درەنگ نیە بۆ هەڵسانەوە و چاکسازی، چونکە بەهای مرۆڤ وەک بەهای دراوە ئەگەرچی بشدڕێ و پیسبێ و چرچ و لوولیش بێ، بەڵام بەهاکەی هەر ئەو بەهایەیە کە بۆی دانراوە هەروەک چۆن مرۆڤیش هەمان بەهای هەیە بەهیچ شتێک بەهای لەدەستنادات ئەگەر مرۆڤ خۆی لەبەهای خۆی نەشکێنێ، بۆیە بەهای مرۆڤ لەوە گەورەترە کە بەوشەی نەشیاو سوکایەتی و روشان و هێرشکردنە سەر لەبەهای کەمبکرێتەوە، ئەگەرچی ئازایەتی و بوێریش لەناختا شکێنرابێ، هەرچەندە بەکاتێکی سەختیشدا تێئەپەڕی، بەڵام بەهای مرۆڤ هەر هەمان بەهایە. چونکە ئامانج هەیە، نزخ هەیە، بەهاو هەیە ئەگەرچی هەوڵەبدەی کۆڵبەی یان ئازاریش بکێشی، بەڵام بیرتنەچێ کە مرۆڤ دروستکەری کۆی شتەکانە.