ژنهێنانی سیاسی!
5 ساڵ لەمەوپێش
غازی حەسەن
گەلێک شت لەبارەی سیاسەت دەگوترێت، لەڕۆژئاوا بەعەقڵ و لۆژیک و توانستی نێو تواناییەکان و بەهرەی راپەڕاندنی مەبەست و بەدیهێنانی شتە نەکردەکانە پێناسەی سیاسەت دەکرێت. ئەمەریکییەکان سیاسەت بەهاوسەنگی و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکان ناودەبەن. لەڕۆژهەڵاتدا سیاسەت بەدرۆ دەچووێندرێت، بەسینەماکردنی خەڵک پێناسە دەکرێت، دەڵێن سیاسەت یەکسانە بەفرتوفێڵ و خۆدەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی و گەلێکی شتی دیکە، کەهەندێکیان پێناسەی رەوشت و شتی بن پەردە و گیرفان ..تاد دەگرێتەوە. لەکاتێکدا دەکرێت سیاسەتیش پێناسەیەکی گونجاوی شیاوی بەهرەبەخشی وزە بەدیهێنەر بێت. سیاسەت ئامرازو هۆکارێک بێت بۆ گەیشتن بەمەبەست و خواستە جیاوازەکانی تاک، یان گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. واتە سیاسەت رێبازێکی فکرییە، بۆ ئەوەی شتەکان لەنێو بەسیاسەت بردن دەرباز بکات.
گەلێک شت لەبارەی سیاسەتەوە گوتراوە، ئەم چیرۆکەم لەئەکاونتی برادەرێکم لەفەیسبووک وەرگرتووە.. چیرۆکەکە بەمجۆرە بنەوانانی داکوتایە:
بەکوڕەکەم گوت: «دەبێ ئەو کچە مارە بکەی, کە من هەڵیدەبژێرم.»
کوڕەکەم گوتی: «شتی وا نابێت!» پێم گوت: «کچەکە کچی بیڵ گەیتسە.» ئەویش بەئەسپایی گوتی: «رازیم.»
تەلەفۆنم بۆ بیڵ گەیتس کردو پێم گوت: «دەمەوێ کچەکەت شوو بەکوڕەکەم بکات.»
بیڵ گەیتس گوتی: «هەر بیریشی لێ مەکەرەوە.» منیش بە بیڵ گەیتسم گوت: «کوڕەکەم بەڕێوەبەری جێبەجێکارە لەبانکی جیهانی.» بیڵ گەیتس گوتی: «بێ قەیدو شەرت رازیم.»
پاشان تەلەفۆنم بۆ سەرۆکی بانکی جیهانی کردو داوام لێکرد کوڕەکەم بکات بەبەڕێوەبەری جێبەجێکار لای خۆی.
گوتی: «مەحاڵە، ناتوانم.» منیش پێم گوت: «کوڕەکەم زاوای بیڵ گەیتسە.» گوتی: «چیت دەوێت بۆت دەکەم.» ئا ئەمە پێی دەگوترێت سیاسەت!..». بەسەرهاتەکە لێرە تەواو دەبێت، بەڵام چیرۆکی سیاسەت و پێناسەی سیاسەت کۆتایی نایەت. ئامانجیش لەم ژنهێنانە بەدیهێنانی دەسەڵاتی پارەیە، سیاسەتیش وەکو ئامرازێکی فێڵبازانە بۆ بەدیهێنانی متمانەی دارایی، نەک متمانەی مرۆڤەکان بەکارهێنراوە، لەهەمان گاڤدا پێناسەی ئەوەمان بۆ دەکات، عەقڵی مەدەنی دەوڵەمەندەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانیش پەیوەندی بەبەرژەوەندی داراییەوە هەیە.
ئێمە گەلێک جار بیستومانە ژنهێنانی سیاسی روویداوە خانەوادەی پاشاو دەسەڵاتدارە بەنێوبانگەکان تەنیا لەڕێگەی سیاسەتەوە ژنخوازی دەکەن، لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات، بەڵام هیچ یەکێکیان شەرەف و ئارامی و رێزگرتنی خانەوادەییان ناخەنە پێش بەرژەوەندی سیاسی.
ژنهێنانی بازرگانی و دارایی دەقەومێت، بەڵام هیچ کاتێک شەرەف و کەرامەت و مرۆبوونی پەیوەندی و هەست و نەستیان ناخەنە پێش قازانج و زێدەبایی و بەدەستهێنانی دارایی زۆرتر و کەڵەکەکراو.
ژنهێنانی ئیسلامی سیاسیش دەبێت، لەپێناو بەهێزکردنی حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان و بەنێو پتەوکردنەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامی، بەڵام هیچ کاتێک ناتوانن پێشکەوتن و گەشەکردنی خێزان و بەئەلەلکترۆنی زەواج و منداڵی بلورین دوابخەن.
هەندێک لەعەشیرەتەکان لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی دۆستانە لەنێوان خۆیان ژن و ژنخوازی لەگەڵ یەکتری دەکەن. هەیە دەیەوێت لەگەڵ زۆر لەعەشیرەتەکان تێکەڵاوی لەڕێگەی ژنهێنانەوە ئەنجامبدات. واتە ژن کەرەستەو ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هێزو پەنا لەکاتی لێقەومان، واتە یەکێتی عەشیرەتەکان لەڕێگەی ژنخوازییەوە.
سیاسەت ئەوهایە.. دەتوانێت زۆر شت لەهیچەوە بکاتە هیچ، هەروەها زۆر هیچیش دابەزێنێت و بگۆڕێت بۆ هیچ. ئەمە یەکێکە لەو توانا رێویانییەی کەسانی میکیاڤیلی لەپێناو گەیشتن بۆ مەرامە نادیارەکانیان و خواستە تایبەتیە سەختەکانیان بەکاری دەهێنن، مەرج نییە مەکیاڤیلیەت هەموو کاتێک خراپ بێت. هەر ئەم جۆرە سیاسەتەش دەتوانێت تەواوی مرۆڤایەتی و کەسایەتی مرۆڤەکان پێشێل بکات، چونکە ئامانجی ئەم کارانە بەدیهێنانی دەسەڵاتە، نەک دروستکردنی خانەوادەیەکی بەختەوەر.
هەندێک لەپێناو گەیشتنە نێو دەسەڵاتی گروپە ئابووری و سیاسییە بەنێوبانگەکان و چنینەوەی دەسەڵاتی دارایی و هێزی بڕیاردان سیاسەتی ژنهێنان و ژنهێنانی سیاسی و سیاسیانە پەیڕەو دەکەن، بەڵام لەبیریان کردووە، ئەم جۆرە هێزە کارتۆنییە، بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی هێزی لەرزۆکی بەرژەوەندی دوور لەئەخلاقە، ویژدان تێیدا بڕیاردەر نییە، چونکە هێزەکەیان لەسایەی خەڵکی دیکەو دەسەڵاتی دەرەوەی خودی خۆیان قوڕەپەست کردووە.
بەسیاسەتکردنی هەموو بوارەکان ژیان ئەمجۆرە بەسەرهات و نوکتانەی لێ دروستدەبێت. نوکتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، باسی دەسەڵات و هێزو ئەخلاق و ویژدان و سۆزو دڵنەوایی و مرۆبوون و بەکارهێنانی ئافرەت بۆ گەیشتنە خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکەن، لەڕۆژئاواش بابەتەکە بەدیهێنانی دەسەڵاتی پارەو داراییە.