بودجەی هەرێم، دوای شەش ساڵ!
5 ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ یونس*
حکومەتی هەرێم لەڕێگای وەزارەتی داراییەوە هەوڵدەدات بۆ ساڵی دارایی (2020) بودجەی هەرێم رێکبخات و دوای شەش ساڵ حکومەتی هەرێم ببێتەوە بەخاوەنی بودجەی ساڵانەو هەوڵدەدرێت ببرێتە پەرلەمان و کوتلە پەرلەمانیەکان گفتۆگۆی لەسەر بکەن و خەرجی و داهاتەکانی بودجە دیاری بکرێت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەندی یاساکە بکەن، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت بودجەی هەرێم دابنێت؟!
لەئێستادا حکومەتی هەرێم نزیکەی (24) ملیار دۆلار قەرزدارە، کە (8) ملیارو (900) ملیۆن دۆلاری قەرزی مووچەخۆرانی خۆیەتی کە بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دروستبووە و حکومەتی هەرێم بە سیستەمی پاشەکەوت رێژەیەکی بەرچاوی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی خۆی کەمکردەوە کەزیاتر لەچوار ساڵی خایاندو هەرێمی کوردستان بەبارودۆخێکی نائاسایی گوزەری کردو بەشەکەی تری قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەندێ قەرزی ترە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان.
بەغداو قەرزەکانی سەر هەرێم:
تائێستا حکومەتی عیراق ئامادە نییە قەرزەکانی سەرهەرێم بداتەوە و پاکتاوی بکات، هەرچەندە لەڕێککەوتنی ساڵی ڕابردوودا بەغدا رێگەی داوە بەهەرێم نەوتەکەی بفرۆشێت تاکو قەرزەکانی دەداتەوە، بەڵام وادیارە تائێستا هەرێم نەیتوانیوە پاکتاویان بکات، پێمانوایە حکومەتی هەرێم هەوڵ بدات تاکو بەڕێز دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانە، بگەن بەڕێککەوتن و رێککەوتنەکەش بۆ ساڵێک نەبێت و تەنانەت هەوڵبدرێت تاکۆتایی کابینەکەی دکتۆر عەبدولمەهدی بێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق بخایەنێت و هەوڵبدرێت لەپەرلەمانی عێراقەوە بەیاسا رێککەوتنەکە بکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بکرێن جێبەجێی بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراقی لەم بارەوە هیچ بڕیاریکی نەداوەو حکومەتی هەرێمیش چارەسەرکردنی قەرزەکانی کردووە بەمەرج بۆ رادەستکردنی نەوت بەبەغدا و لەئێستادا ئەم بابەتە بەربەست و گرفتی سەرەکی بەردەم گفتوگۆکانی هەولێرو بەغدایە. بۆیە پێویستە تیمی دانوستانکاری کورد تەنها گفتوگۆ لەگەڵ بەرێز عەبدولمەهدی نەکات، بەڵکو پێویستە گفتوگۆکان فراوان بکەن لەگەڵ سەرجەم کوتلەکانی ناو پەرلەمان و تەنانەت مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانیش تا بتوانن پشگیرییەکی باش بۆ خواستەکانی کورد لەناو بودجەدا جێبکەنەوە، لەبەرئەوە ئێمە دەزانین کەبەڕێز سەرۆک وەزیران خاوەنی کوتلەی پەرلەمانی بەهێز نییە.
گرفت و کێشەکان:
یەکێک لەگرنگترین کێشەکانی هەرێم و ناوەند پێنەدانی پشکی هەرێمە لەو قەرزانەی کەحکومەتی عیراقی لەوڵاتان و ناوەندە داراییەکانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابورییەکان، ئەم گلەییانە لەحکومەتی هەرێمەوە چەندین جار ئاڕاستەی حکومەتی ناوەند کراوەو هەندێجار نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکاو وڵاتانی کۆمەکبەخش و قەرزدەری لێ ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تائێستا هەرێم بێ وەڵام ماوەتەوە.
یەکێکی تر لەکێشە ستراتیژییەکان لەحاڵەتی پێدانی بەشە بودجەی هەرێم کەمکردنەوەی رێژەی (17%)ى ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادی بووە بۆ کەمتر لە (12.67%)ی کۆی گشتی بودجەی گشتی عیراق، ئەمەش لەدوای بڕینی بودجەی هەرێم لە (2014) لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و نەدانی بودجە بەهەرێم .
یەکێکی تر لەکێشەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە، هەرێم ناتوانێت نەوت بەنرخی جیهانی بفرۆشێت و رەنگە حکومەتی عێراقیش هەندێ کێشەی یاسایی و سیاسی بۆ دروستبکات، بەتایبەت کێشەی ئەو سکاڵایەی کە کابینەی نوری مالیکی لەتورکیای کردووە بەوەی حکومەتی ئەنکەرە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ هەولێر کردووەو بەغداش پێیوایە ئەمە بەپێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و حکومەتی عێراق دەزانێت و دوور نییە ئەمەش ببێتە کێشەیەک لەداهاتوودا .
حکومەتی هەرێم هەر زوو ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندو ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەم رێککەوتنەو بەپێی دەستوری عێراق ، تاکە ئومێدو هیوایەک هەبێت بەسەرۆک وەزیرانە کەپیاوێکی میانڕەوەو بەوە ناسراوە لەگەڵ رێککەوتندایە لەگەڵ هەرێم، کوردیش دکتۆر عەبدولمەهدی بەدۆست و خەمخۆر دەزانێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا کابینەکەی عەبدولمەهدی دەتوانێت کوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەکان رازی بکات بەڕێککەوتن و پێدانی بەشە بودجەو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمدا، ئەوەی تێبینی دەکەین بەشێکی زۆری کوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەکان هەر لەئێستاوە هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی دارایی (2020) بەئاسانی تێپەڕ نابێت لەپەرلەمان و بەشێکیان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیەی عەبدولمەهدی وەک نیازپاکی لە (2019 ) ناردویەتی نابێت بەبێ بەرامبەر ببێت و داوای بڕینی دەکەن.
بەڵام ئەگەر هاتوو بەغداو هەولێر رێکنەکەوتن ئەمەش ئەگەرێکی لاواز نییە لەم حاڵەتەدا کورد هیچ رێگایەکی تری نامێنێت جگە لەفرۆشتنی نەوتەکەی بەسەربەخۆیی، ئەوکاتەش بودجەی هەرێم پێکدێت لەفرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ هەندێ هاوکاری کە لەلایەن هاوپەیمانیانەوە دەدرێت بەبەشێک لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان، گومانی تێدا نییە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت هەرێم هەموو پێداویستیەکانی دابین بکات لەبەر زۆری خەرجییەکان و کەمی داهاتەکان.
هیوادارین حوکمەتی هەرێم بتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی دوای شەش ساڵ رێکبخات و بڕواتە پەرلەمانەوە و لایەنەکانی ناو پەرلەمان گفتۆگۆیەکی زانستی و واقیعی لێبکەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت زۆر ئەستەمە لەئێستادا بەبێ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بتوانرێت بودجەی هەرێم دابنرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بودجەی گشتی عێراق و هەرێم زیاتر لە (90%)ی پشت بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت کەهەمیشەو بەردەوام مەترسی لەسەرەو لەئێستادا بودجەی گشتی عێراق ساڵانە بەکورتهێنانێکی زۆرەوە تێدەپەڕێنرێت، کەڕێژەکەی بە (22) ملیار دۆلار ساڵانە دەخەملێنرێت. ئەوەشمان لەبیرنەچێت ئابووری عێراق پڕمەترسییەو بڕی قەرزەکانی (124) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو تەنها لەساڵی (2019) بڕی (7) ترلیۆن دیناری لەسندوقی خانەنیشینی قەرز کردووە.
*ئابووریناس