راگەیاندنە حزبییەکان؛ نەبوونی هەوڵەکانتان هەواڵێکی خۆشە

5 ساڵ لەمەوپێش



کاوه‌ ره‌ش. به‌ریتانیا

ئینگلیز رستەی جوان دەبێژن کەدەڵێن، ( no news good news)نەبوونی هەواڵ، هەواڵێکی خۆشە.

 لەنەبیستنی هەواڵی ئەو هەموو رادیۆو تەلەفیزیۆنە حزبی و سێبەرەکانیان، بۆ ئێمە دەبێتە هەواڵێکی خۆش.

مایەی لەنگی و شەرمەندەییە لەو سەردەمەدا حزب خۆی پێ سۆشیال دیموکرات بێت ، یاخود خۆی ناو نابێت پارتی دیموکرات، کەچی هەریەکەو دەیان راگەیاندنی حزبی و بەرسێبەری هەبێت.  کەهەریەکەو سەر بەباڵێکی نێو حزبەکەو بەرپرسێکی دەستڕۆیشتوو و سەرمایەدارە.

بزوێنەری راگەیاندنی حزبی، کە بەقوتی خەڵک و پارەی بیرە نەوتەکان دوکەڵەی بێزارکەر دەردەهاوێ، هیچ بەهانەو مانایەکی نیە کە بۆ لەمەو دوا بەردەوام بن لەنیشاندانی رووی دزێوی دەسەڵات بەمێکاج کراوی.   ئەمڕۆ لەو سەردەمی پێشەکەوتنی تەکنەلۆجیایەدا بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکەی ناو لەپی دەستت دەزانی لەوپەڕی گۆی زەوی چی دەگوزەرێ و چی ڕوو دەدات، نەخوازە لەگەڕەک و شارو شارۆچکەکەت.

هیچ بەهانەیەک نیە کەحزبی کوردی بەردەوام بێت لەبەهەدەردانی سەروەت و سامانی میللەت، لەبەڕێوەبردنی ئەو هەموو دەزگا بێ کەڵکانەی راگەیاندن، لەشارو شارۆچکەکانى هەرێم.

لەوڵاتانی پێگەیشتوو تێگەیشتوو، جگە لەدەزگایەکی راگەیاندنی  نیشتیمانی، هیچ حزب و دەسەڵاتدارێک، خاوەنی راگەیاندن  و دەزگای مدیایی نیە.

جگە لەکەناڵە بێلایەن و سەبەخۆکان، کەدەبێ خۆیان سەرچاوەی داهات بەدەست بخەن، لەپرۆگرام و پڕوپاگەندە بازرگانیەکان، یاخود وەرگرتنی کرێی مۆڵەتی سەیرکردن، لەلایەن ئەو کەناڵانەی خەڵک ئارەزوویان دەکات.

ئەوانەی رۆژێک سەیری راگەیاندنە پڕۆفیشناڵەکانی دەرەوەی وڵاتیان کربێ، هەرگیز نایبینی هەواڵی  قیرکردنی شەقامێک و چاککردنەوەی بۆریەکی شکاو، سەردانی بەرپرسێکی حزبی بۆ گەڕەک و شارێک، ببێتە هەواڵ و مانشێتی راگەیاندن.

لەو هەرێمۆچکەی باشور کەهێشتا سنوری نەزاندراوە، حزب نەک بە یەک راگەیاندنی نووسراو بیندراو ی تێر ناخوا، بەڵکو خاوەنی دەیان راگەیاندنی  بێ کەڵکە، کەبۆتە شوێنی  کەسانی مشەخۆرو بێ ئیش.

حزب ڕاگەیاندنی فەرمی و سێبەری کردۆتە رێگایەک، کەهەرچی خۆی بەباش و خراپی بزانێ تێیدا بەگەڕی دەخات.

راگەیاندنی سێبەرو حزبی هەیە، کەنزیکەی هێندەی وەزارەتێک  پارەی تێدا خەرج دەکرێ،  لەکاتێکدا نەبونی سودی زیاترە وەک لەبەهەدەردانی پارەو قوتی خەڵکی تێیدا.

ئەگەر تەنها لەپێنج وڵاتی ئەوروپی یاخود دەرەوە 10 کارمەند  کاری بۆبکەن، جگە لەوانەی ناوخۆ، دەبێ ئەو 10 کارمەندە  لانی کەم هەریەکەی رۆژی سەد دۆلارێک  موچەو داهاتی دەستبکەوێت لەکەناڵ و دەزگادا، جگە لەتێچوی  کارەکانیان، خۆئەوەی لەدەرەوە ژیابێ دەزانێ  تێچوی ژیان و کاروبارەکان چۆنە.

ئەوا ئەو 10 کارمەندە مانگانە  لانی کەم سێ چوار دەفتەر دۆلاریان خەرجیە،ئەگەر سەردەمانێک گرنگی و رۆڵیان هەبووبێت، ئەوا لەدوای  ساڵی ٢٠٠٣ وەو نەمانی رژێمی بەعس، هیچ بەهانەیەک نەماوە بۆ بەفیڕۆدانی سامانی میللەت لەڕاگەیاندنی حزبی.

 راگەیاندنی  سێبەرو حزب، چونکە بەپارەی دزراو  دەنەڕێنێ، لەناوجەرگەی پایتەخت خەڵک  ئاو و کارەباو پێداویستی سەرەتایی دەستناکەوێت نایکاتە هەواڵ و راپۆرتێکی مەیدانی لەسەر بکات، بەڵکو  پەیامنێرە گیرفان پڕەکانیان لەگوانتانامۆ و دارستانەکانی ئەمەزۆنەوە راپۆرت دەکەن، کەهیچ سەرەداوێکی ئەو شوێنانە بەمیللەتی کوردەوە گرێ نەدراوە.

یان لەوەش کارەستبارتر دێن، کەسانی هەژارو کەمدەرامەت دەخەنە گۆشەیەکەوە، تا بپاڕێتەوە لەسەر شاشەکانیان، گوایە خەڵک هاوکارییان بکەن، لەکاتێکدا هەر ئەو راگەیاندنەو ئەو حزبەی لەپشتیەوەیەتی، قوتی ئەو کەسە کەمدەرامەت و بێ دەرەتانانەی  دزیوەو خۆڵی پێدەکەنە چاوی بینەرەوە.

 ئیدی کاتی ئەوە هاتوە تەواوی راگەیاندنە حزبی و سێبەرەکان، دابخرێن.  ئەو سەروەت و سامانەی لەوانە بەفیڕۆدەدرێ، بخرێتە خزمەتی بواری تەندروستی و خوێندنەوە.

بائیدی دەستهەڵبگرن لەدابەشکردنی کۆمەڵگەو لێگەڕێن با راگەیاندنی نیشتیمانی و  ئازادو سەربەخۆ دروستبێت و ببێتە  گۆڕەپانی نووسین و داهێنان، تێیدا دەنگ و رەنگی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێ.

 بۆیە نەبونی هەواڵی راگەیاندنی حزبی و سێبەر، بۆ خەڵک هەواڵێکی خۆشە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار