هاوڵاتی جێگیر کێیە؟
5 ساڵ لەمەوپێش
زانکۆ ناسر ئهحمهد بهگ
کاتێک پەڕتوکێک یاخوود رەچەڵەکی سەرکردەیەکی سیاسی کورد دەخوێنیتەوە ، ئەوا دڵنیابە تۆ چەندین پەڕە یاخوود چەندین پەڕتووک یاچەندین بەرگ دەخوێنیتەوە لەسەر دەستکەوتە گەورەکانیان کە وایان وێنا کردووە کە مێژوویان پڕ سەروەریە ، بەدڵنیاییەوە بەبێ ئاماژەدان بەهیچ کەوتنێک یاخوود دۆڕانێک یاخوود هیچ کەموکوڕییەک یاخوود هیچ رەخنەیەک لە ژیانی سیاسیاندا سەرەڕای ئەوەی کەژیانیان پڕە لە کەتن و ملشکاندن و خیانەت کردن و هەڵەکردن لەبەرئەوەی مرۆڤ بەسرووشتی خۆی هەندێک جار راستەو هەندێک جاریش هەڵە ..
ئیبن خەلدوون دەڵێت ((مێژووم خوێندەوە پڕ بوو لەسەرکەوتنە مەزنەکان لەهەمان کاتیش واقیعم خوێندەوە بینیم پڕە لە شکست، بەوەیا بۆم دەرکەوت کەمێژوو درۆیەکی گەورەیە، چۆن درۆیەکی گەورە نەبێت کاتێک سەرکردەکان هیچ نانوسن سەرکەوتنە درۆینەکانیان نەبێت؟! لە ئەنجامی ئەم درۆ زل زلانەدا هاوڵاتی جێگیری دەست بەکڵاو دێتە بوون ...
بیرمەندو دادوەری فەرەنسی ئاتین دو لا بوایسێ لەکتێبەکەی بە ناونیشانی (خوود خواستی کۆیلەی ) دەڵێت: کاتێک وڵاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر سەرکوت دەکرێت و وتاری عاتیفی بۆ دەوترێتەوە نەوەیەک درووست دەبن پێویستیان بەئازادی نابێت و خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ سەرکوتکردندا، ئەو نەوەیەش ناوی لێدەنرێت هاوڵاتی خۆگونجێن و جێگیر « لەم رۆژگارەماندا هاوڵاتی جێگیر لەدنیایەکی تایبەت بەخۆی دەژی خۆی لە دوو ئالیەتدا دەبینێتەوە ئەوانیش (دین، نان، فیستیڤاڵ ).
دین لەلای هاوڵاتی جێگیر هیچ پەیوەندیەکی بەڕاستییەوە نیە ، تەنها ئالیەتێکی رووکەشی خۆ دەرخەرە، بۆ نموونە ئەوانەی بەبێ روو درۆو تەڵەکەبازی دەکەن و سو دەخۆن و خراپەکاری دەکەن، هیچ هەستێکیان بۆ هەڵەکانیان نیەو تەنها لەوکاتانەدا هەستیان بۆ دەگەڕێتەوەو خۆیان بەتاوانبار دەزانن کەنوێژێکیان لەکیس چووبێت .!
ئەم هاوڵاتیە جێگیرە تەنانەت راست نیە لەگەڵ دینەکەیداو پارێزگاری لە مەبدەئەکەی ناکات تا دڵنیانەبێتەوە لەوەی مەبدەئەکەی زیانی پێ ناگەیەنێت، لەوەیە هاوڵاتی جێگیر تووڕە بێت کاتێک دەبینێت دوو هاوڕەگەزباز لەیەک مارە کراون بەبیانووی ئەوەی ئەو کارە دژی خواستی خودایە ، بەڵام دەمی ناکاتەوەو وشەیەکی لێ نابیستیت کاتێک حکومەتەکەی ئازاری هاوڵاتیان دەدات و زیندانەکانی پڕ کردووه لەدەنگە ناڕەزاییەکان و نقەی لێوە نایەت لەئاست ئەوانەی کە بێ تاوان لەژێر ئەشکەنجەدا تیرۆر کراون تەنها لەبەرئەوەی راستییان ووتوە، هاوڵاتی جێگیر هەرچی کاری ناشرین و قێزەونە بەئەنجامی دەگەیەنێت و لەدواتردا سووپاسگوزاری خوایە بۆ دەستکەوتەکانی .
پاروە نان ئالیەتی دووهەمی ژیانی هاوڵاتی جێگیرە، مافە سەرەتاکانی هیچ گرنگیەکی نیە بەلایەوە، تەنها کاردەکات تامنداڵەکانی گەورە بکات و کچەکانی بدات بەشوو لەهەمان کات کوڕەکانی بخاتە سەر کارو دواتریش وەک ئەوەی هیچ لەدەوروبەر روونەدات و هیچ لەوڵات نەگوزەرێت خۆی بەخوێندنەوەی کتێبە دینیەکانەوە سەرقاڵ دەکات.
فیستیڤاڵ و یاری و کەرنەڤاڵ ئالیەتی سێهەمی هاوڵاتی جێگیرە
بەو پێیەی کاتێک دەسەڵاتی سەرکوتکەرو ستەمکار ئەم بۆنانە دەڕەخسێنێت بۆ هاوڵاتیەکانی بەو ئامانجە دەیڕەخسێنێت تا هاوڵاتیەکە لەئامانجە سەرەکیەکە دووربخاتەوە کەئەویش ئازادییە یاخوود بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتە لەپای کەموکوڕییەکانی لەکاتی بەڕێوەبردن ئاتین دو لابویسێ ٦٠٠ ساڵ بەر لەئێستا دەڵێت: هەردەم دیکتاتۆرەکان یاخوود دەسەڵاتتداری زاڵم بۆ بێئاگاکردنی گەل ((فیستیڤاڵ یاخوود ئاهەنگی شەوانە یاخوود بابەتی لاوەکی یاخوود یادی سەربەخۆیی یا بەرزڕاگرتنی بۆنەو یادەکان و رۆژە گرنگەکان دەکات بە بابەت، تا بابەتی سەرەکی لەبیر خەڵک بباتەوەو خەیاڵیان بەلای دەسەڵات و کاروباری سەرەکی دیکتاتۆرەکەوه کەپێکهاتەی (( دزی، خیانەت، خاکفرۆشی، کووشتن)) نەبێت .
هاوڵاتی جێگیر هەردەم دژی شۆڕشە و نایەوێت شۆڕش بێتە ئاراوە بەو پێیەی شۆڕش دەبێتەهۆی وەستاندنی ئیشوکاری و دەبێتەهۆی ئەوەی گەر بێت و شۆڕش رووبدات دەبێت ئەم هاوڵاتیە سەرلەنوێ پەیوەندیەکانی نوێبکاتەوە لەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی خۆی.
هاوڵاتی جێگیر هەردەم خواستی گونجاندنە لەگەڵ لەناوبردن و سەرکوتکردن و هەر هەوڵێکی گۆڕانکاری لەلایەن ئەم جۆرەی هاوڵاتی بەواتای سەرئێشەو ناڕەحەتی دێت .
هاوڵاتی جێگر لەدایک بووەو گەورە بووە لەژێر سێبەری لەناوبردن و بڕوای وایە کەسەرۆک مافی خۆیەتی هەرکارێک کەخواستیەتی بەئەنجامی بگەیەنێت و لەهەمان کاتیش بڕوای وایە حکومەت لە هەر دۆخێکدا بێت هەر دزی و کاری نەشیاوی لەبەرامبەردا دەکات.
بێزاربووە لەبەدیهێنانی سەروەری یاساو جیهانێکی بچووکی دابڕاوی بۆ خۆی درووستکردووەو فێربووە چۆن خۆی بژێنێت لەگەڵ گەندەڵی و ستەم تاکەمترین مافی خۆی بەدەست بهێنێت، گەر مووچەکەی کەم بوو فێربووە چۆن بەرتیل وەربگرێت تا کەموکورتیەکانی ژیانی پێ پڕبکاتەوە، خۆی فێری چەمانەوە کردووە لەبەردەم هەر خاوەن دەسەڵاتێک لەئەفسەرێکی هاتووجۆ کاتێک دەیوەستێنێت تەنانەت خۆ چەمێنە بۆ بەڕێوبەری کارەکەی بەبێ بیر کردنەوە لەوەی کورد وتەنی چی بچێنیت ئەوە دەدورییەوە واتە رەنجی شانی خۆت و خوێندنی خۆتە گەیاندویەتی بەو شوێنە، هاوڵاتی جێگیر وای دەبینێت هەموو ئەو شتانەی کە بەدەستی هێناوە بەهۆکاری دەسەڵات یاخوود کەسێک لە خۆی گەورەترە بێ بیرکردنەوە لەشەونخوونی و ماندووبون و هەوڵەکانی.
لەکۆتاییدا وەک جیمس بالدوین دەڵێت ئازادی شتێک نیە کەبدرێت بەهەموو کەس، ئازادی شتێکە کەمرۆڤەکان دەبێت بەدەستی بهێنن، هەروەها مرۆڤەکان ئازادن هێندەی خواستی خۆیان کەبیانەوێت بەئازادی بمێننەوە.