گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى
7 ساڵ لەمەوپێش
وه‌رگێڕانى: د. سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
چه‌مک و پێناسه:
گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى پرۆسه‌یه‌کى درێژخایه‌نى مێژووکردى له‌سه‌رخۆیه. بریتییه له‌گواستنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگا له‌دۆخێکه‌وه بۆ دۆخێکى تر لهکاتو شوێنێکى دیاریکراودا.
مه‌رج نییه هه‌میشه گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى پێشکهوتنو به‌ره‌وپێشچوونى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌دوادابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وگۆڕانه بوو به‌ماوه‌ى پێشکه‌وتنى کۆمه‌ڵگا، ئه‌وا بهگۆڕانێکى باش و شیاو داده‌نرێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وا بهگۆڕانێکى خراپ و نه‌شیا و داده‌نرێت.
گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى ئاماژه‌یه بۆگۆڕان له‌بونیادى داموده‌زگا و دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى وه‌ک خێزان، داموده‌زگاکانى په‌روه‌رده‌و فێرکردن، سیستمى سیاسى، سیستمى کارگێڕى و ...هتد. مه‌به‌ستیش له‌گۆڕانى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى کارلێکى نێوان تاکهکانو په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه که پێوه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان زاڵه به‌سه‌ریاندا و ده‌یانبات به‌ڕێوه بۆئه‌وه‌ى بزانرێت ئه‌و گۆڕان له‌چ ئاستێکدایه؟ به‌ڵام گۆڕان له‌داموده‌زگاکانى کۆمه‌ڵگادا به‌گشتى وه‌ک ئامانجێکى تایبه‌تى بریتییه له‌گۆڕین له‌سه‌ر ئاستى ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى و ئابورى و ....هتد یه‌کانه. به‌کورتى بڵێین گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌مانا فراوانه‌که‌ى بریتیه له پرۆسه‌ى نوێبوونه‌وه‌ى بونیادى کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر ئاستى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و که‌لتورى و ڕۆشنبیری..
هۆکاره‌کانى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى
چه‌ندین هۆکار هه‌ن که رۆڵیان هه‌یه له پرۆسه‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تیدا، دیارترینیان ئه‌مانه‌ن
1-ژینگه‌ى سروشتیى:
ژینگه کاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه له‌سه‌ر بونیاد و سروشت و پێکهاته‌ى هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، له‌ڕوى که‌لتورى و رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
توێژینه‌وه‌کان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که هه‌ڵکه‌وته و ژینگه‌ى جوگرافى رۆڵى هه‌یه له پێگه‌یاندنى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی‌دا. ئه‌وه سه‌لمێنراوه که دانیشتوانى ناوچه گه‌رمه‌کان ژیرتر و چالاکترن له‌کارو ره‌فتارى رۆژانه‌دا. له‌لایه‌کى تریشه‌وه ئه‌و وڵاته‌ى که سنورى ده‌ریایى هه‌یه، پرۆسه‌ى بازرگانى‌و چالاکى ئابوورى زیاتر و باشتر و ئاسانتر تیایدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.. ئه‌مانه ده‌بنه‌مایه‌ى ئه‌وه‌ى که ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ئه‌گه‌رى پێشکه‌وتن و کرانه‌وه‌ى بهڕوى دنیاى ده‌ره‌وه‌دا زیاتر بێت له‌و وڵاتانه‌ى که سنورى ئاوییان نییه و پرۆسه‌ى بازرگانى و چالاکى ئابوورى تیایدا قورس و گرانه، که ده‌بێته مایه‌ى ئه‌وه‌ى دابڕاوبن له‌وڵاتانى تر و به داخراوى بمێننه‌وه، دواجاریش ئه‌مه ده‌بێته مایه‌ى ئه‌وه‌ى که ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به‌ئاسانى گۆڕانیان به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، یان پرۆسه‌ى گۆڕان تیایاندا دوابکه‌وێت.
ئارامى سیاسیى و دابینکردنى ئاسایش له‌وڵاتدا، کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و پێشکه‌وتن ده‌بات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه،
واتا ناجێگیریى و په‌شێوى سیاسى و نه‌مانى ئاسایش له‌وڵاتدا، کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێر و دواکه‌وتوویى ده‌بات
جگه له‌مانه، هه‌ندێجار دیارده سروشتیه‌کانى وه‌ک لافاو و بومه‌له‌رزه و بورکان ده‌بنه مایه‌ى ئه‌وه‌ى که دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه به‌ناچارى زێد‌و ماڵ و شارى خۆیان بهجێبهێڵن و کۆچ بکه‌ن بۆ ناوچه‌یه‌کى تر. هه‌ندێجاریش وشکه‌ساڵى و بێبارانى، هاوڵاتیانى ناوچه‌یه‌ک ناچار ده‌که‌ن که ئه‌وشوێنه جێبهێڵن و به‌ره‌و ناوچه‌یه‌کى ئاوه‌دان کۆچ بکه‌ن. له‌ڕێگه‌ى ئه‌م کۆچه‌وه تێکه‌ڵاوى که‌لتوره‌کان دروستده‌بێت که ده‌بێته مایه‌ى گۆڕ‌انى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگه جیاجیاکانى دنیا.
2-دانیشتوان:
که سێ بوار له‌خۆ ده‌گرێت:-
أ- قه‌باره‌ى گشتى ژماره‌ى دنیشتوان له‌کات و شوێنێکى دیاریکراودا.
ب- پێکهاته‌ى دانیشتوان له‌ڕوى رۆشنبیرى و خه‌سڵه‌تى که‌سێتى و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز و ئاستى خوێنده‌وارى و پێکهاته‌ى ئاینى و مه‌زهه‌بى و چالاکى سیاسى و ئابوورى و سروشتى و پێکهاته‌ى ژن و ژنخوازى و ...هتد.
ج - بڕى زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوان، که سێ فاکته‌ر رۆڵى تیادا هه‌یه، که بریتین له:
1 - رێژه‌ى له‌دایکبوون.
2- رێژه‌ى مردن.
3- رێژه‌ى (کۆچ) کردن.
توێژینه‌وه‌کان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که زۆرى و که‌مى له ڕاده‌به‌ده‌رى ژماره‌ى دانیشتوان ده‌بێته مایه‌ى تێکچوونى ژیانى کۆمەڵایهتى. ئه‌و گه‌لانه‌ى که ناهاوسه‌نگییان هه‌یه له‌نێوان زۆرى ژماره‌ى دانیشتوان و که‌مى ده‌رامه‌ت و پێداویستى رۆژانه‌دا، دۆخى کۆمه‌ڵایه‌تییان ناجێگر و دواکه‌وتووه.
گۆڕان له‌مجۆره کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا زۆر سست و له‌سه‌رخۆیه. هه‌روه‌ها ئه‌و کۆمهڵگهیانهى که به‌هۆى که‌مى ده‌رامه‌ت و خراپى خۆراک و نه‌بوونى پێداویستى رۆژانه و نزمى ئاستى بژێوى به‌هۆى نهخۆشىو ده‌رد و په‌تاو شه‌ڕ و شۆڕ و جه‌نگه کاولکارییه‌کانه‌وه ژماره‌ى دانیشتوانیان رۆژ به‌ڕۆژ که‌م ده‌بێته‌وه، پرۆسه‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تیش بهخاوىو سستى به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌ڵام پرۆسه‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ى که ژماره‌ى دانیشتوانیان هاوسه‌نگه له‌گه‌ڵ پێداویستى ژیانى رۆژانه‌ى هاوڵاتییهکانیاندا، پرۆسه‌ى گۆڕان به‌باشى به‌ڕێوه ده‌چێت.
3-فاکته‌رى ئایدیۆلۆژیا و بیر و باوه‌ڕ:
ئایا گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌رئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌و هۆشیارى مرۆڤه، یان هۆشیارى و بیرکردنه‌وه به‌رئه‌نجامى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تییه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه که هه‌ریه‌که له مارکس‌و هیگڵ، به‌شێوه‌ى جیاجیا هه‌وڵیان داوه وه‌ڵامى بده‌نه‌وه. مارکس پێیوایه که گۆڕان به‌رئه‌نجامى ململانێى چینایه‌تییه له‌کۆمه‌ڵگادا، له‌ئه‌نجامى ململانێى چینى چه‌وساوه و چینى چه‌وسێنه‌ردا، هۆشیارى چینایه‌تى له کۆمه‌ڵدا دروستده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى. به‌پێچه‌وانه‌ى مارکسه‌وه، هێگڵ پێیوایه که گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌رئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌و تێفکرین و هۆشیارى مرۆڤه. گۆڕانیش جگه لهبیرکردنهوهیهکى دروستى مرۆڤ، هیچى دى نییه. سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه، ناکرێت ڕۆڵى ئاینه ئاسمانییه‌کان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت، چونکه هه‌ریه‌ک له‌ئاینى یه‌هودى و مه‌سیحى و ئیسلام، رۆڵى دیار و کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى مرۆڤه‌کان، که دواجار ئه‌م گۆڕانانه بوونه به هه‌وێنى گۆڕان له‌سه‌ر ئاستى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى.
4- رووداوه سیاسییه گه‌وره‌کان:
روداوه سیاسیه گه‌وره‌کان هۆکارێکى تر‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تین، ناهێڵن کۆمه‌ڵگه‌کان له‌دۆخى وه‌ستاودا بمێننه‌وه. بۆنموونه، هه‌ردوو جه‌نگى جیهانیى یه‌که‌م و دووه‌م، ئه‌گه‌رچى دوو کاره‌ساتى ماڵوێرانکهرى جیهانیى گه‌وره‌بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌سه‌ر ئاستى کۆمه‌ڵگه‌کانى جیهان، گۆڕ‌انى گه‌وره‌یان دروستکرد، چونکه هه‌ریه‌ک له‌و جه‌نگانه نه‌خشه‌ى سیاسى جیهانیان گۆڕىو به‌شێوه‌یه‌کى نوێ داڕێژرایهوهو بووه مایه‌ى دهرکهوتنو دروستبوون و سه‌ربه‌خۆیى چه‌ندین وڵات له‌جیهاندا، که دواجار ئه‌و سه‌ربه‌خۆییانه گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌یان دروستکردووه. بۆ نموونه ، له‌گه‌ڵ کۆتایى هاتنى جه‌نگى جیهانى یه‌که‌مدا و له‌گه‌ڵ داگیرکردنى ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عوسمانی‌دا له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌کانه‌وه، چاپخانه‌و که‌شتى ده‌ریایى‌و فڕۆکه‌و ئۆتۆمبێل‌و زۆر داهێنراوى نوێى تر گه‌یه‌نرانه ئه‌وناوچانه، که بوونه مایه‌ى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى. هه‌روه‌ها هه‌ره‌س‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌کێتى سۆڤییه‌ت له‌ساڵى 1990 بووه مایه‌ى چه‌ندین گۆڕ‌انى کۆمهڵایهتىو سیاسیى له‌ناوچه‌ى قه‌فقازو جیهاندا، چه‌ندین کۆمار که سه‌ر به‌یه‌کێتى سۆڤییه‌ت بوون، سه‌ربه‌خۆیى خۆیان به‌ده‌ستهێنا.. جگه له‌مانه له‌گه‌ڵ رووخانى رژێمى به‌عس له‌عیراق له‌ساڵى 2003 دا گۆڕانێکى دیار له بونیادى سیاسیى کۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیدا رویدا.
5-داهێنانى رۆشنبیرى:
که سێ لایه‌ن له‌خۆده‌گرێت :
أ-دۆزینه‌وه‌و ئاشکراکردن (الاکتشاف):
وه‌ک دۆزینه‌وه‌و ئاشکراکردنى کیشوه‌رى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن (کۆڵۆمبس)ه‌وه که بووه مایه‌ى ئه‌وه‌ى زۆرێک له هاوڵاتیانى گه‌لانى ئه‌وروپا کۆچ بکه‌ن بۆ ئه‌و کیشوه‌ره، لێره‌وه که‌لتوره‌کان تێکه‌ڵاوى یه‌ک بوون‌و که‌لتورێکى نوێیان دروستکرد که بریتییه له که‌لتورى کۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مریکى. ئه‌مه گۆڕانێکى گه‌وره بوو به‌سه‌ر زۆرێک له کۆمه‌ڵگاکاندا هات.
ب- داهێنان:
مه‌به‌ست له دروستکردنى هه‌موو ئه‌و ئامێر‌و که‌ره‌ستانه‌یه که ئاسانکرارى بۆ مرۆڤ ده‌که‌ن له کاربهڕێوهبردنى ژیانى رۆژانه‌دا. بۆنموونه، فڕۆکه، ئۆتۆمبێل، که‌شتى ئاسمانى و ده‌ریایى، شه‌مه‌نه‌فه‌ر و...هتد. هه‌موو ئه‌مانه گۆڕانێکى بنه‌ڕه‌تییان له‌ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى و په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگه‌کاندا درووستکرد، که بوونهمایهى ئه‌وه‌ى هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک وه‌کو خۆى نه‌مێنێته‌وه.
ج- بڵاوبوونه‌وه:
مه‌به‌ست له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى بیروبۆچوونه فکرى و فه‌لسه‌فى و روناکبیرى و زانستییه‌کانى زانایان و فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندانى جیهانه. بۆنموونه، نووسینه‌کانى ژانژاک رۆسۆو مۆنتسکیۆو ڤۆلتێر هۆکارى سه‌ره‌کى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى فه‌ره‌نسا بوون که گۆڕانێکى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر بونیادى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگه‌ى فه‌ڕه‌نساو هه‌موو جیهاندا هێنا. ئه‌مه سه‌باره‌ت به داهێنانه زانستییه‌کانى ئه‌دیسۆن و ئه‌نشتاین و فرۆید و ...هتدیش هه‌ر راسته.
6- ته‌کنه‌لۆژیا:
ته‌کنه‌لۆژیا که به‌رئه‌نجامى شۆڕشى زانیارییه‌کانه، رۆڵى کاریگه‌رى هه‌بووه له‌گۆڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگاکاندا. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیى له‌سایه‌ى ته‌کنه‌لۆژیاى نوێ و کۆمپانیاى فره‌ڕه‌گه‌زدا گۆڕ‌انى گه‌وره‌ى به‌سه‌رداهاتووه، به‌شێوه‌یه‌که که ده‌گوترێت جیهان بووه بهگوندێکى بچکۆله!
کۆمه‌ڵگاکان له‌سایه‌ى ته‌کنه‌لۆژیاو ئامێره‌کانى گه‌یاندنه‌وه، که مه‌به‌ست له (مۆبایل‌و سهتهلایتو ئینته‌رنێته) هیچ شتێک به‌شاراوه‌یى نه‌ماوه‌ته‌وه، چونکه رۆڵى کاریگه‌ریان هه‌بووه لهسڕینهوهو تێکشکاندنى سنوربهندى که‌لتوره‌کانى دنیادا.
7-سیستمى سیاسیى:
یه‌کێکى تر له‌و فاکته‌رانه‌ى که تواناى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، بریتییه له سیستمى سیاسیى. مه‌به‌ست له سیستمى سیاسیى، ده‌سه‌ڵاتداران و کاربه‌ده‌ستان و بڕیاربه‌ده‌ستانه له وڵات‌دا. سیستمى سیاسیى له هه‌موو کۆمه‌ڵه‌یه‌کدا ئه‌رکه له‌سه‌رى که که‌شێکى دیموکراتى سیاسیى له‌بار بڕه‌خسێنێت بۆ ململانێى سیاسیى له‌نێوان حزب و گروپه جیاجیاکانى کۆمه‌ڵگادا، بۆئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه بتوانن نوێنه‌رى خۆیان دیارى بکه‌ن، دواجار ئه‌مانیش له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌وه داخوازییه‌کانى کۆمه‌ڵگه بهێننه‌دى. سیستمى سیاسیى رۆڵى هه‌یه له به‌رقه‌رارکردنى یاسا‌و وه‌کیه‌کى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه بۆ لێپرسینه‌وه له‌سه‌رپێچى و کارى نایاسایى هاوڵاتییان. هه‌روه‌ها گیانى لێبورده‌یى و برایه‌تى و خۆشه‌ویستى و ئینتیما بۆ وڵات و کۆمه‌ڵگه زیاد ده‌کات.
نووسینه‌کانى ژانژاک رۆسۆو مۆنتسکیۆو ڤۆلتێر هۆکارى سه‌ره‌کى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى فه‌ره‌نسا بوون
که گۆڕانێکى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر بونیادى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگه‌ى فه‌ڕه‌نساو هه‌موو جیهاندا هێنا
سیستمى سیاسیى رۆڵى گرنگى هه‌یه له‌ئاراسته‌کردنى تاکه‌کان بۆبه‌شداریکردن له‌پرۆسه‌ى سیاسى و پێگه‌یاندنى سیاسی‌دا. لێره‌شه‌وه هۆشیارى سیاسیى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ململانێى دیموکراتى له‌وڵاتدا به‌رقه‌رار ده‌بێت و کۆمه‌ڵگه‌ش به‌ره‌و گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌و کرانه‌وه دهچێتو لهداخراوىو دواکه‌وتوویى رزگارى ده‌بێت.
ئه‌و هۆکارانه‌ى که ڕێگرن له‌به‌رده‌م گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تیدا
ئه‌گه‌رچى گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى پێویستییه‌کى حه‌یاتى هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌که، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا وه‌کو یه‌ک روونادات. له هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌دا بهباشىو به‌خێرایى و له هه‌ندێکى تردا به‌سستى و ناڕێکى رووده‌دات و ده‌چێته پێشێ. دیارترین ئه‌و هۆکارانه‌ى که ڕێگرن له‌به‌رده‌م گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تیدا بریتین له:
1-ئاره‌زووى مانه‌وه‌ى دابونهریتى دواکه‌وتوویى کۆمه‌ڵایه‌تى:
به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له کۆمه‌ڵگه‌دا چه‌ندین پێکهاته و ده‌سته و گروپى جیاجیا هه‌یه، که هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نى جۆرێک له به‌رژه‌وه‌ندى و که‌لتور و دابونهریتى تایبه‌ت به‌خۆیانن و هه‌وڵى پاراستنیان ده‌ده‌ن. زۆرجار ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندى و که‌لتورانه به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و ناکۆکى ده‌که‌وێته نێوان پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه. هه‌ندێک له‌ده‌سته‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌وڵى گۆڕان و نوێبونه‌وه‌ى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێجار ئه‌م گۆڕانانه پێچه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى و که‌لتورى گروپه‌کانى تر ده‌بێت، بۆیه ئه‌و ده‌سته‌و گروپانه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌هه‌وڵى مانه‌وه‌و پاراستنى نهریتو بارودۆخى باوى کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بن، چونکه مانه‌وه‌یان به‌نده بهپاراستنى دابونه‌ریت و که‌لتورى باوى کۆمه‌ڵگه‌وه، به له‌ده‌ستدانى ئه‌و که‌لتوره، ئه‌مانیش له‌ناوده‌چن . لێره‌وه دژایهتىو ناکۆکى له‌نێوان دوو که‌لتورى جیاوازدا دێته ئاراوه. یه‌کێکیان ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت، ئه‌وه‌یتریان ده‌یه‌وێت وه‌کو خۆى بمێنێته‌وه. راده‌ى سه‌رکه‌وتن و زاڵبوونى هه‌ریه‌ک له‌و گروپانه به‌ندى به:
أ-زۆرى و که‌مى ژماره‌ى لایه‌نگرانى ئه‌و گروپه‌وه له‌کۆمه‌ڵدا..
واتا چه‌نده ژماره‌ى لایه‌نگرانى ئه‌و گروپه‌ى که هه‌وڵى پاراستنى که‌لتورى باو ده‌دات له‌کۆمه‌ڵدا زۆربێت، ئه‌وا ئه‌گه‌رى زاڵبوونى ئه‌ولایه‌نه به‌سه‌ر لایه‌نه‌که‌ى تردا زیاتر ده‌بێت. بۆیه گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌قورسى و سستى و ناڕێکى روودهداتو ده‌چێته پێشێ. بهپپێچهوانهوهشهوه هه‌ر راسته.
ب- جۆرى ئه‌و که‌لتورو بابه‌ته‌ى که سه‌رچاوه‌ى ناکۆکییه‌کانه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌لتورو بابه‌ته‌ى که ڕه‌خنه‌ى لێدهگرێتو هه‌وڵى له‌ناوبردنى ده‌درێت پێچه‌وانه‌ى ئادابى گشتیى کۆمه‌ڵگه بێت، واتا ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بێت به به‌رژه‌وه‌ندى به‌شێک لهگروپهکانى کۆمه‌ڵگه‌وه، ئه‌وا به‌ئاسانى ناتوانرێت گۆڕان دروستبکرێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته.
2- دابڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى:
مه‌به‌ست له دابڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى، دووره په‌رێزى و گۆشه‌گیریى کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى دیاریکراوه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌کانى تردا. گۆڕانکارى و پێشکه‌وتنه‌کانى سه‌رده‌م هەمیشە کۆمه‌ڵگاکان ناچار ده‌کات که تێکه‌ڵاوى یه‌ک ببن، له ئاڵۆگۆڕ و په‌یوه‌ندى ئابوورى و بازرگانى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و که‌لتورى به‌رده‌وامدابن له‌گه‌ڵ یه‌کدا، ئه‌م تێکه‌ڵاوبوونه ئه‌گه‌ر له‌ڕابردووى کۆمه‌ڵگه‌ى مرۆیی‌دا زۆر کێشه نه‌بووبێت، ئه‌وا له ئه‌مڕۆدا نه‌ک ههرکێشهیهکى گه‌وره‌یه، به‌ڵکو ده‌توانین بڵێین: مه‌حاڵه هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به دابڕاوى دوره‌په‌رێزى بژى، بۆیه دابڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى یه‌کێکه له دیارترین ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌م گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه‌ى بونیادى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک. کاتێک ئه‌مانه ده‌ڵێین، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بخه‌ینه‌ڕوو که هه‌ندێجار دابڕانى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له کۆمه‌ڵگه‌کانى تر هۆکارى جوگرافییه. واتا پێگه و هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافى ئه‌و وڵاته به‌شێوه‌یه‌که که رێگه نادات به‌ئاسانى تێکه‌ڵاوى کۆمه‌ڵگه‌کانى ترببێت.
بۆ نموونه ئه‌و وڵاتانه‌ى که سنورى ئاوییان نه‌بێت، قورس‌تر ده‌توانن تێکه‌ڵاوى کۆمه‌ڵگه‌کانى تر ببن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته. ئه‌م جۆره دابڕانه، دابڕانێکى سه‌پێنراو و ناچارییه، بۆیه به‌ئاسانى ناتوانرێت ئه‌م رێگرییه له‌ناو ببرێت. به‌ڵام هه‌ندێجار دابڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى، دابڕانێکى ده‌ستکرده‌و په‌یوه‌ندى به نه‌گونجانى سیستمى سیاسیى و ئاینى و مه‌زهه‌بى ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌وه هه‌یه که نایه‌وێت، یان ناتوانێت تێکه‌ڵاوى کۆمه‌ڵگه‌کانى تر بێت. له‌سایه‌ى ره‌وشێکى ئاوهادا، گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌گه‌ر نه‌بێته مه‌حاڵ، ئه‌وا به‌سستى و ناته‌واوى هه‌نگاو ده‌نێت.
3- قه‌یران و شکستى هه‌وڵى داهێنه‌ران:
داهێنان له بوارى ته‌کنه‌لۆژیا و زانست و ئه‌ده‌ب و فکر و رۆشنبیری‌دا کۆمه‌ڵێ فاکته‌رى سه‌ره‌کین بۆ نوێبوونهوەو گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ش هۆکاره بۆ دواکه‌وتویى کۆمه‌ڵگه. به‌ڵام ده‌بێت بزانین که داهێنان به‌گشتى له بواره جیاجیاکاندا په‌یوه‌سته به‌ڕاده‌ى رۆشنبیرى و زانستى و ئاستى بژێوى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌وه. ئه‌گه‌ر بژێوى خه‌ڵکى له‌ئاستێکى نزمدا بوو، هه‌روه‌ها راده‌ى رۆشنبیرى و زانستى تاکه‌کان له حاڵێکى خراپ‌دا بوو، ئه‌وا داهێنان ده‌بێته مه‌حاڵ و هه‌رگیز روونادهدات.
ته‌کنه‌لۆژیا که به‌رئه‌نجامى شۆڕشى زانیارییه‌کانه، رۆڵى کاریگه‌رى هه‌بووه له‌گۆڕانى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگاکاندا
هه‌ندێجار هه‌ژارى و لاوازى بارى ئابوورى و که‌مى سه‌روه‌ت و سامانى سروشتیى له‌وڵاتدا رێگره له‌به‌رده‌م تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌دا که بتوانن داهێنانى زانستیى و ته‌کنه‌لۆژیای پێشکه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام هه‌ندێجاریش خراپ به‌کارهێنانى سه‌روه‌ت و سامانى وڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هۆکارى قه‌یران و شکستى داهێنانه زانستیى و ته‌کنه‌لۆژى و فکرى و ڕۆشنبیرییهکانن. دیارترین نموونه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته بریتییه له عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بى و زۆرێک له‌وڵاتانى ئه‌فریقا و ئه‌مریکاى خواروو.
4- قه‌یرانى سیاسیى:
ئارامى سیاسیى و دابینکردنى ئاسایش له‌وڵاتدا، کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و پێشکه‌وتن ده‌بات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، واتا ناجێگیریى و په‌شێوى سیاسى و نه‌مانى ئاسایش له‌وڵاتدا، کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێر و دواکه‌وتوویى ده‌بات. هه‌میشه جهنگو شه‌ڕه ناوخۆیى و هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بوونه‌ته مایه‌ى ئه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامانێکى زۆرى مادى و مرۆیى به‌فیڕۆ بچێت، که سه‌رئه‌نجام ماڵوێرانى و دواکه‌وتوویى کۆمه‌ڵگه‌کانى لێکه‌وتۆته‌وه. جگه له‌مانه زۆرجار جه‌نگ و نائارامى و قه‌یرانى سیاسیى و نه‌مانى ئاسایش له کۆمه‌ڵگه‌دا بووه‌ته مایه‌ى ئه‌وه‌ى که زۆرترین که‌سه شاره‌زاو پسپۆر‌و به‌رهه‌مهێن و خزمه‌تگوزاره‌کان وڵات بهجێبهێڵن و کۆچ بکه‌ن بۆ وڵاتێکى تر. ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ى که قه‌یرانى سیاسیی تیادایه، گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى به ئاسانى تیایدا دروست نابێت.
5- نه‌گونجانى پێکهاته نهتهوهیىو ئاینى‌و مه‌زهه‌بییه‌کان:
هه‌ندێجار نائارامى و په‌شێوى سیاسیى و نه‌مانى ئاسایش له‌وڵاتدا بۆ نه‌گونجانى پێکهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى و مه‌زهه‌بییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وڵاتدا. واتا ئه‌و کۆمهڵگهییهى که فره‌نه‌ته‌وه و ئاین‌و فره مه‌زهه‌بن، ئه‌گه‌رى ئه‌وه دێته ئاراوه که نه‌گونجاو و ناکۆکبن له‌گه‌ڵ یه‌کدا. لێره‌وه کۆمه‌ڵگه دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر چه‌ندین ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى و مه‌زهه‌بیدا، هه‌ریه‌که‌ش داکۆکى و به‌رگرى له‌نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌بى تایبه‌تى خۆى ده‌کات.
لهحاڵێکى ئاوهادا ئینتما و په‌یوه‌ستبوون‌و دڵسۆزى بۆ خاک و نیشتمان و کۆمه‌ڵگه له نزمترین ئاستدا ده‌بێت، له‌برى ئه‌مه گروپه نه‌ته‌وه‌یى ئاینى‌و مهزههبىو ئیتنییه‌کان ئینتیماو دڵسۆزییان بۆ گروپه‌کانى خۆیان ده‌بێت. بۆیه گۆڕ‌انى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌سایه‌ى پێکهاته‌یه‌کى له‌مجۆره‌دا به‌سستى و ناڕێکى رووده‌دات و رووبه‌ڕووى چه‌ندین ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ر ده‌بێته‌وه. عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و چیکۆسلۆفاکیاى جاران و بۆسنە و هه‌رسک و...هتد. نموونه‌ى ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگه‌یه‌ن..
سه‌رچاوه:
المدخل الى علم الاجتماع، الدکتور فهمی سلیم الغزوی ، عمان، دار الشروق ، 2006، ص 289-302.