چەند بۆچوونێک دەربارەی زمانی راگەیاندن

7 ساڵ لەمەوپێش



شاسوار کەمال مەحمود *

لەگەڵ ئەوەی راگەیاندنی بینراوی کوردی رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی بینیوە لە زۆر بواری کۆمەڵگای کوردستان، بەڵام ئەو بەدەر نەبووە لە کەموکوڕی گەورە و بەرچاو. ‌هەرگیز حەزم نەکردووە باس لەو کەموکوڕییانە بکەم، بەڵام هەندێ هەڵەی زەق هەن، بەتایبەتی لە بواری زمانەوانی، ناکرێت فەرامۆش بکرێن. ئەمانەی خوارەوە چەند نمونەیەکن:
1. زۆربەی میدیاکانی کوردستان ئەم وشانە بەکاردەهێنن (باشووری کوردستان، باکووری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان). بەکارهێنانی ئەم زاراوانە هەڵەن، چونکە لە ئێستادا کوردستان یەک وڵاتی یەکگرتوو نیە. هەربۆیە دەکرێت و راستترە بڵێین: کوردستانی باشوور، کوردستانی باکوور، کوردستانی رۆژهەڵات، کوردستانی رۆژئاوا.
2. بەکارهێنانی رێنووس بە پیتی ئەلفبێی عەرەبی و لاتینی: 
لە کاتێکدا فێربوونی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و رێنووسی فەرمی بریتییە لە ئەلفبێی عەرەبی، نازانم بەکارهێنانی رێنووسی لاتینی بۆچییە؟ ئەوەی گرفتەکەی قورستر کردووە، رێنووسە لاتینییەکە هەرکەس و لایەنێک بە ئارەزووی خۆی بەکاری دەهێنێت، لە کاتێکدا ئەلفبێی عەرەبی بەهەردوو شێوەزارەکەی (سۆرانی و بادینی) تاڕادەیەک چەسپیوە و شکڵی کۆتایی وەرگرتووە.ئەم تێکەڵەیە لە رێنووسی ئەلفبێ و لاتینی لە دوور مەودادا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دروست بوونی زمانی فەرمی و یەکگرتووی کوردی لەهەرێمی کوردستان. 
3. شێوەزار نەوەک زاراوە:
زۆربەی کەناڵەکان فیلمی دۆبلاژکراویان هەیە، لەبەرخاتری بینەران بە هەردوو شێوەزاری (سۆرانی و بادینی) دۆبلاژکراون. ئەمە مایەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە لەکاتی رێکلام کردن بۆ ئەو زنجیرانە، تەلەفزیۆنەکان دەڵێن (سەیری دراماکان بکەن بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و بادینی)، کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. ئاخاوتنی جیاوازی ناو یەک زمان پێی دەوترێت (شێوەزار) نەوەک (زاراوە). زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندن لە بەرنامە و کارەکانیاندا بێ ئاگاییانە هەمان شت دووبارە دەکەنەوە. 
4. لەکاتێکدا زۆربەی بینەر و بیسەر و خوێنەران کوردن و نابیانین، دەبێت مەبەست بەکارهێنانی وشەی ئینگلیزی و بیانی لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە چی بێت؟ هەرچیەک بێت ئاستی بەرزی جۆرایەتی ئەوان پێشان نادات، بەڵکو نائاشنایەتیان بەرامبەر زمانی کوردی دەردەخات. ئاواتەخوازم کەناڵەکانی راگەیاندن، بەتایبەتی تەلەفزیۆنەکان، وردتر مامەڵە لەگەڵ چۆنیەتی بەکارهێنانی زماندا بکەن، چونکە دەگەنە ناو هەموو ماڵێک و بوونی هەر هەڵەیەک کاریگەرییەکەی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا.
بەرەو ئایندە
 شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست (زمانی فەرمی ئێستای هەرێمی کوردستان) بەهێزی خۆی سەلماندوە لەسەر ئاستی عێراق و جیهان. کاتی خۆیەتی بڕیاری سیاسی و یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەربکرێت، بەمەستی هەنگاونان بۆ  بە ستانداردکردنی ئەم شێوەزارە لەم پارچەیەی کوردستان، هەروەها تا ببێتە بناغەیەک بۆ زمانی فەرمی یەکگرتووی کورد. هەربۆیە کارێکی باش دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەو ئاڕاستەیە کاربکەن و ببنە هۆکاری ئاسانکار لە دروستبوونی زمانی فەرمی یەکگرتووی کورد لە هەرێمی کوردستان.

* ماستەر لە زمانی ئینگلیزی مامۆستا لە پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی هەولێر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار