یاسای نێودەوڵەتی لەتەنگەژەی رۆژئاوادا
5 ساڵ لەمەوپێش
رێبینی محامی
لەسەرەتادا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ یاسای نێودەوڵەتی کراوە نەتوندراوە بەشێوەیەکی دیاریکراو چوارچێوە بۆ ئەم یاسایە دابنرێت لەدیارترین و باوترین پێناسە نێودەوڵەتیەکان.
یاسای نێودەوڵەتی کۆمەڵێک بنەمای یاساییە کە پەیوەندی لەنێوان کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی رێک دەخات کە لەدەوڵەتەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان پێکدێت کە ئەرک ومافەکانی هەر یەکێکیان بەرامبەر ئەوی تریان دیاری دەکات لەگرنگترین و لەپێشینەترین ئەرکەکانی وڵاتان بەپێی ئەم یاسایە خۆی دەبینێتەوە لەپاراستنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی و رێگری لە ئەنجامدانی داگیرکاری و هێرشکردنەسەر سیادەو سەربەخۆیی بۆ سەر وڵاتانی تر.
چونکە هەر وڵاتێک ئەم کارە بکات توشی لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی دەبێت و بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە سزا دەدرێت. ئەوەی کەئێستا لەڕۆژئاوادا دەیبینین گەر بەمانا نەتەوەییەکەی سەیری بکەین هێرشکردنی داگیرکاریە بۆسەر بەشێک لەخاکی کوردستانە لەلایەن دەوڵەتێکی زلهێزی وەک تورکیا لەبەرئەوەی کوردستان تاوەکو ئێستا خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نیەو ناتوانێت وەک کەسێکی یاسای نێودەوڵەتی داوای مافە رەواکان و راگرتنی هێرش و داگیرکاریە بکات بۆسەری. بەڵام ێەگەر بێت و لەڕوویەکی ترەوە سەیری روداوەکانی رۆژئاوا بکەین ئەیبینین ئەوەی کە روودەدات هێرشکردن و بەزاندنی سنووری دەوڵەتێکی وەک سوریایە کە خاوەن سیادە و سەروەری خۆیەتی گەر وابڕیاربێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست ئەم تاوانانە بێدەنگ بێت کەبەرامبەر کوردانی رۆژئاوا دەکرێت ئەوا ناکرێت و نابێت لەئاست ئەو پێشێلکاریانە بێدەنگ بێت کە بەرامبەر وڵاتێکی وەکو سوریا دەکرێت لە کاتێکدا دەبێت بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان سزای تورکا بدرێت و لەگرنگترین ئەو سزایانەی کە لەکاتی پێسشێلکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دەدرێن ئەمانەن:
ئەو سزایانەی کەزۆرلێکردنیان تێدانیە
1.سزای مەعنەوی ئەم سزایە زۆربەی کات لەلایەن کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان ئاراستەی دەوڵەتەکان دەکرێت کەخۆی لەگلەیی و گازندە دەبینێتەوە وەک ئەوەی کۆنکاری وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر تورکیا گرتویانەبەر.
2.سزای دارایی لێرەدا وڵاتی سەرپێچیکار دەبێت قەرەبووی وڵاتی زیانلێکەوتوو بکاتەوە ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قۆڵی خۆی بەباشی ببینێت ئەوا دەبێت تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کەداویەتی.
3.پچڕاندنی پەیوەندی دبلۆماسی ..
گرنگترین ئەو سزایانەی کە زۆرلێکردنیان تێدایە:
بریتیە لەبەکارهێنانی هێز بەرامبەر دەوڵەتی سەرپێچیکارو رووبەڕووکردنەوەیان بەدادگا نێودەوڵەتیەکان ئەوەی لەم چەن رۆژەدا روویدا بەشێکی زۆری ئەم خاڵانەی سەرەوە بەرامبەر تورکیا گیرایە بەرو لەباوترین نمونەش بارودۆخی ئابووری تورکیا گۆڕانکاری خێراو گەورەی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی جێی پرسیارو تێڕامانە ئەوەیە کەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەروا بێدەنگ دەبێت یاخود هێز بەکاردێنێت بەرامبەر بەتورکیا ئەوەی تێبینی دەکرێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەڕێ دەکات کەتورکیا سەرپێچی گەورەی یاسا نێودەوڵەتی بکات و هێز بەکاربهێنێت بۆ بەزاندنی سنووری وڵاتانی تر وەک ئەوەی لەڕۆژئاوادا کردی، کەئەمەش بەهانەیەکی باش دەداتە دەست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تاوەکو رێگەچارەی سەربازی لەدژی تورکی بەکاربهێنێت کەئەمەش رەنگە دواجار بەقازانجی باش بۆ کورد بشکێتەوە بەیاسا نێو دەوڵەتیەکان مافی کورد بپارێزرێت ئەگەر نا جەنگ و بەرخودان تاکە بژاردەی کورد دەبێت بۆ مانەوەی، چونکە یاسا نێودەوڵەتیەکان هیچ سودێکیان بۆ کورد نابێت ...