عێراق‌و پشتی رووداوەکان

5 ساڵ لەمەوپێش



 

نه‌وزاد ساڵح

عێراق ئەو وڵاتە شکستخواردوەیە کە تائێستا سەربەخۆنیەو سەروەریەکانی بەردەوام پێشێل دەکرێت بەتایبەت لەلایەن تورکیاو ئێرانی دراوسێوە، لەئێستادا عێراق لەڕیزبەندی (١٣)هەمین وڵاتاندایە لەگەندەڵیدا لەوڵاتانی عەرەبیشدا شەشەمینە، لەدوای روخانی رژێمەوە قەبارەی پارەی بەفیڕۆدراو لە م وڵاتەدا کە لەگەندەڵیدا سیخناخ بووە دەگاتە  (٤٥٠) ملیار دۆلار، رێژەی بێکاری 22,6%ى تێپەڕاندوە، بڕی قەرزی کەڵەکەبووی سەرعێراق (١٢٥) ملیار دۆلارە، عێراق وڵاتێک نیە بەسرووشتی درووستبووبێت، فەیسەڵی یەکەم لەساڵی ١٩٢١ەوە دەڵێت شتێک نابینم بەناوی (گەلی عێراق) واتە پێکهاتەی نەتەوەکانی ئەم وڵاتە جیاوازن و هەست بەجیاوازییان دەکرێت، ئەم سەردەمەی کەعێراقی ئێستای دروستکردووە هەروا ئاسان نەبووە، عێراق لەدوای ئینتیدابی بەریتانیا و هاتنی حوکمی سوننەو قۆناغی کودەتاکان و هەتا بەهاری ٢٠٠٣ قۆناغێکی تەواو پێچەوانەی ژیانی سیاسی ئێستایەو بەردەوام شیعە چاویان لەپاوەنکردنی دەسەڵاتی رەهای عێراق بوە، هەروەک ئیستا کەدەتوانین بڵێین شیعە لەحوکمی عێراقدا باڵادەستەو عەرەبی سوننە بەڕواڵەت لەکایەی سیاسیدان، رووبەڕووبوونەوەکانی ماوەی رابردووی خۆپیشاندەرانو هێزەکانی ناوخۆ بنەمای کۆنیان هەیەو نوێ نین، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک پێش ئێستا کە لەپارێزگای بەسرەوە دەستیپێکردو هاوڵاتیان سەرەتا داوای ئاوی خواردنەوەیان دەکرد لەسەردەمی (حەیدرعەبادی) سەرۆک وەزیراندابوو، بەڵام وەک پێویست بەدەم بانگەوازەکەیانەوە نەچوون. تا ئێستا هیچ لایەنێک خاوەنداریەتی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەندڕۆژەی نەکردوە کە بەبەرفراوانترین خۆپیشاندان ناودەبرێن، بەداخەوە تائێستا ژمارەی  شەهید و بریندارەکان لەهێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەرانیش لەزیادبووندایە، هەر لەبەغدای پایتەختەوە تا چەند پارێزگایەکی دی بەردەوامییان هەیە و دۆخێکی ناجێگیر دروستبووە. شرۆڤەکارانی سیاسی باس لەچەند سیناریۆیەک دەکەن کەخۆپیشاندانەکانی لەسەر هەژماردەکرێت لەوانە:-

1-سەرۆک وەزیرانی ئێستا بەڕێز عادل عەبدولمەهدی کەسایەتیەکی خوێندەوارەو دۆستی کوردەو دەیەوێت دەستوورجێبەجێ بکات کەڕەنگە هەر ئەمەش بەهۆکار بزانرێت بۆ ئەوەی کورسیەکەی (عەبدولمەهدی) پێ لەق بکەن و لەبەرژەوەندی هەندێک گرووپ نەبێت کە لەنێو پەرلەمانی عێراقدان.

2-وێڕای ئەوەی کە ناوبراو  متمانەیەکی باشی هەیە لای ئەمریکیەکان و کەسایەتیەکی واقیعیەو زۆر خۆی تێکەڵی کاری مەزهەبی و تائیفی نەکردوە کەرەنگە ئەمەش پاڵنەری ئێرانیەکان بن بۆ لابردنی (عەبدولمەهدی).

3-خاڵێکی تر کە بەهۆکار دەزانرێت دوورخستنەوەی (عەبدولوەهاب ساعدی) بەرپرسی دژەتیرۆری عێراق لەهەفتەى رابردوودا کەباس لەوەدەکرێت لەژێر گوشاری حەشدی شەعبیدا بووبێت.

 ٤-کۆتا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ چین رەنگە هۆکاری توڕەبوونی ئەمریکیەکان بێت کەڕۆڵیان هەبوە لەکۆتایی هێنان بەدیکتاتۆری عێراق و 16 ساڵە، ئەوان خوێنی سەربازی ئەمریکایان تیاڕشتوە، رەنگە ئێستا پێیان قبوڵ نەکرێت کەوڵاتی چین وەبەرهێنان لەعێراقدا بکات و رکابەری ئەمریکابکات لەڕوی ئابورییەوە، ئەمەش یەکێکە لەو ئەگەرانەی کەنوقوڕچکێکی ئەمریکیەکان بێت لە (عەبدولمەهدی).   

٥-لەئێستادا گوتاری توند لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بوونی هەیەو لەململانێیە کی سەختدان و عێراقیشیان دابەشکردوە بەسەر ئەم ململانێیەدا کە بەئاشکرا ئێران زیاتر باڵادەستەو لەڕێگای حەشدی شەعبیەوە هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان ئیستیڤزاز دەکەن کەچەندین گروپ لە حەشدی شەعبی لەعێراقدا بەناوو ناونیشانی جیاوازەوە بوونیان هەیە، لەوانە حزبوڵای عێراق، عەسائب ئەهل ئەلحەق، سوپای بەدروچەند گرووپێکی تریش، کەئەمەش جێگای نیگەرانی ئەمریکیەکانە، رەنگە پێیان باش بێت ئێران هەڵەی زیاتربکات تاحکومەت هەڵبوەشێتەوەو جارێکی تر گۆڕانکاری ببێت.

ئەگەر هەنگاوی درووست بۆ چارەسەری خێرای ئەم دۆخە نەنرێت و داخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بێگومان عێراق رووبەرووی لێکترازان و هەڵوەشاندنەوە دەبێت.

 

بەڕێوەبەری سەنتەری دیاکۆ

بۆ هەڵبژاردن و راپرسی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار