شەبەنگی خۆکوشتن لەدیوانی "لەغوربەتا"
5 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئەحمەد
ئای... کەی بێ چەقۆی ژێر سەرینەکەت
لەقوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟
یان مردن بمرێ و لەژوورەکەتا..
هەوری خۆکوشتن بڕەوێتەوە؟
-محەمەد عومەر عوسمان، خۆکوشتن-
خۆکوشتن سەرەنجام پاکانە حیسابی ئێمەیە لەگەڵ ژیاندا. ژیانێک کەتێیدا نائومێد دەبین و دوایین شەڕەکانی خۆمانی تێدا دەدۆڕێنین و ئاڵای سپی هەڵدەکەین.
خۆکوشتن وەک حاڵەت و وەک دیاردەیەک، ڕۆژانە ڕوو دەدات و لێرەو لەوێ، یان لەدوور گوێ بیستی دەبین، یاخود لەبندەستی خۆماندا دەقەومێت.
لەنێو ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیراندا، لیستێکی دوورو درێژمان بەو ناوانە هەیە کەلەئان و ساتێکی نائومێدی قوڵدا، کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوەو خۆ ویستانە مەرگ و فەنابوونیان هەڵبژاردووە(چیزاری بافیتزی ، مایاکۆڤسکی ، کلایست ، پاوڵ تسیلان ، هەمەنگوای ، واڵتەر بنیامین ، سارە کەین و .....هتد)، چەند نموونەیەکن.
هاوکات نمونە گەلێکی دیکەش هەن کەخۆ کوژیان ئەنجام نەداوە، وەلێ وەک بابەتێک بیرکردنەوەیانی داگیر کردووەو بەچڕو پڕی لەنوسینەکانیاندا ئامادەگی هەبووە. فەلسەفەی دێوانەیەکی ڕەشبینی وەک (ئەمیل سێۆران)، چاکترین بەڵگەیە لەو ڕووەوە.
لەئەدەبیاتی کوردیشدا، نمونەیەکی زەق و بەرجەستەی ئەوحاڵەتەمان هەیە کەنائومێدی و ڕەش بینی وتارمایی خۆکوشتن، بەفەزای زۆرێک لەتێکستەکانیەوە دیارە.
لەمێژووی شیعری هاوچەرخی کوردیدا، تاقانە دیوانێکی خنجیلانەی (154) لاپەڕەیی هەیە کەساڵی 1985 چاپ بووەو تائێستاش سێ جار چاپکراوەتەوە. ئەودیوانەش (لەغوربەتا)ی محەمەد عومەر عوسمانی شاعیرە. هەرکەس بۆجارێ تێکستەکانی (لەغوربەتا)ی خوێندبێتەوە، ئەو دیوانەی بیرنەچۆتەوە.
کەم نوسین و جوان نوسین، لەناو ڕۆشنبیریی کوردی و لەناو کاروانی شیعری کوردیدا زۆر بەرچاو ناکەوێت، جگە لە (ڕازی تەنیای) بەهەشتی ئەحمەد هەردی و (لەغوربەتا)ی ژەنەراڵی پایز.
تێمای شیعرەکانی ئەو دیوانەی حەمە عومەر عوسمان خەمێکی قوڵی وجودییە، تەنییایەکی پڕسام و پوچگەراییەکی پوختە کەئەو لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا لەمسی کردووەو لەگەڵیدا ژیاوەو قەپاڵی گەورەی لێگرتووە.
شەبەنگی خۆکوشتن و کەوتنی ئومێد و دڵشکان لەدنیا، بەدێڕ بەدێڕی قەسیدەکانەوە دەبینین (ڤان کوخ، تەنیای، سەراب، کۆست، کارەسات، ڕەهێڵە، یەسەنین، هانا، شەوی پایز). بەڵام لەچامەی (خۆکوشتن)دا، هەموو ئەو شتانە بەزەق و زۆپی بەدی دەکەین.
شاعیر بەتاسەو حەزو ئارەزوویەکی زۆرەوە، بیری لای خۆکوشتن و مەحفبوونەوەیەو دەنووسێت..
ئای کەی بێ چەقۆی ژێر سەرینەکەت..
لەقوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟
ئەوەی دەی خاتە سەر کەڵکەڵەی خۆکوشتن و وای لێدەکات بەئاسانی دەستی بچێتە خۆی، تەنیاییە، تەنیایەکی کوشندەو تاقەت پڕوکێن. هەر بۆیە دەرکەوتنی ڕوخساری یار بەکاڵی و بەنیوەو ناچڵی لەژوورەکەیدا، وادەکات مەرگ چەند فرسەخێک دوور کەوێتەوەو هەوری خۆکوشتن بڕەوێتەوە.
سەروەختێکیش سیمای ئەو دوور دەکەوێتەوەو ژوورەکەی جێدێڵێت، سەرلەنوێ:
لەنێو چاوانیا هەزاران تابووت دەخولێتەوە.
لەتەموومژا پەل دەهاوێت و جارێکی تریش هانا بۆ چەقۆ و خۆکوشتن دەبات.