رێگا تازه‌که‌ى هه‌ڵه‌بجه
چۆن ئه‌م رێڕه‌وه نوێیه‌ى جاده‌ى جووت ئاڕاسته‌ى سه‌یدسادق – هه‌ڵه‌بجه دیاری‌کرا؟ کاریگه‌ریى خهڵکو میدیا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات
عومه‌ر عینایه‌ت
5 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌ر عینایه‌ت
له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه، ئێمه له‌کۆمه‌ڵه‌ى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌و دواتر کۆمه‌ڵه‌ى ژیانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌و زۆربه‌ى چالاکوان و کاربه‌ده‌ستانى هه‌ڵه‌بجه له‌هه‌وڵ و خه‌باتى بێپسانهوهدابووین به‌مه‌به‌ستى به‌پارێزگاکردنى هه‌ڵه‌بجه، شانبه‌شانى ئه‌م هه‌وڵ و تێکۆشانه، هه‌وڵى بهدووسایدو دوو ئاڕاسته‌کردنى جاده‌ى سه‌ره‌کى نێوان هه‌ڵه‌بجه – سلێمانیش به‌رده‌وامبوو، هه‌وڵى کردنه‌وه‌ى رێگاى، هه‌ڵه‌بجه – سازان- ئاوه‌مار، رێگاى هه‌ڵه‌بجه شنروێ – هاوار – ته‌وێڵه، رێگاى هه‌ڵه‌بجه- ته‌نگى سه‌ید محەمەد- به‌مۆ- گه‌رمیان، جاده‌ى هه‌ڵه‌بجه- تووه‌قووت- میره‌دێ، له‌گه‌ڵ چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیکه به‌رده‌وامه، ساڵى 2008 بیرۆکه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ریگاى هه‌ڵه‌بجه- سلێمانیم بۆ سه‌ر رێڕه‌وه کۆنه‌که‌ى واته لهزهڵمى کۆنه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان جەمال فەتاحى موهه‌ندیس و ئاسۆى حاجى محەمەد باسکرد، به‌خۆشحاڵییه‌وه بیرۆکه‌که‌یان زۆر به‌دڵبوو، بێ سێ‌و دوو، ئاسۆى حاجى محەمەد، کۆمپانیاى سه‌کۆى راسپارد به‌مه‌به‌ستى دیراسه‌و دیزاینکردنى جاده‌که، له‌ساڵى 2009 کۆمپانیاى سه‌کۆ دیزاینه‌که‌یان ته‌واوکرد، خۆشم دیزاینى په‌ڕینه‌وه‌ى سه‌ر ده‌ریاچه‌که‌م ته‌واوکرد به‌بێ هیچ پردێک و رێڕه‌وه‌که (مسار) به‌م شێوه‌یه بوو:- سه‌راى سوبحان اغا- ناوگردان- زه‌ڵمى کۆن –نێوان گوندى کانیشێخ و سیروان - هه‌ڵه‌بجه، (گه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه بوایه، رێگاکه (10) کم که‌می ده‌کرد) هه‌رچه‌نده من واپێشنیازم کردبوو، که لهدارهکهى قوڕی چیاوه (واته ئه‌و شوێنه‌ى که‌ئێستا جاده‌که پێنجوێن لاده‌دات) ده‌سپێبکات به‌ڵام ئه‌وان لهسهراى سوبحان ئاغاوه ده‌ستیانکرد به روپێوهکه، ته‌نانه‌ت من داوامکرد به‌ناو سیروانیشدا نه‌چێت، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م رێڕەوهیان دیاریکرد، سه‌راى سوبحان اغا- ناوگردان- سیروان هه‌ڵه‌بجه (جیاوازى مه‌ودا (7) کم ده‌بوو) پاش فشارێکى زۆر، حکومه‌تى هه‌رێم ساڵى 2010 (کاتێک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت، عیماد ئه‌حمه‌د جێگر، کامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه بوون) پڕۆژه‌یه‌کیان سپارده کۆمپانیاى ئیکینجلهرى تورکى ( له‌کاتى خۆیدا سه‌رنجى خۆم له‌سه‌ر ئه‌م سپاردنه هه‌بوو، له رۆژنامه‌ى هاوڵاتى بڵاومکرده‌وه) به‌م شێوه‌یه، دروستکردنى سایدێکى نوێ و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى سایده کۆنه‌که به‌مشێوه‌یه (سه‌راو- سه‌ید سادق- گرده‌نازێ- قه‌ده‌فه‌رى – زه‌ڵم ) واته به‌هه‌مان رێڕه‌وه کۆنه‌که‌دا، به‌ڵام ئێمه ئاگادارنه‌بووین، تا رۆژى 28/10/2010 کاتێک بۆ هه‌ڵه‌بجه ده‌چووم، سه‌رنجمدا تیمێکى ئه‌ندازیارى له‌نێوان قه‌ده‌فه‌رى و گرده‌نازێ سه‌رقاڵى کارکردن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى جاده‌که‌ن، دابه‌زیم بۆ لایان ماندونهبوونم لێکردن، لێمپرسین ئێوه کێن؟ چیده‌که‌ن لێره؟! له‌وه‌ڵامدا وتیان، ئێمه کارمه‌ندى کۆمپانیاى ئیکنجلهرى تورکین، پڕۆژه‌ى دووسایدى سه‌راو – هه‌ڵه‌بجه‌مان وه‌رگرتووه‌و هاتوین رووپێوى ده‌که‌ین، ئه‌وه چه‌ند رۆژه دهسبهکاربوونمان بۆ نووسراوه، ئیتر من لێره‌وه کێچ که‌وته که‌وڵم نه‌مزانى چۆن گه‌یشتمه هه‌ڵه‌بجه و چۆن گه‌ڕامه‌وه سلێمانى، هه‌ر ئه‌و شه‌وه بابه‌تێکم نووسى به‌ناونیشانى (هه‌ڵسه‌نگاندنێکى ئه‌ندازه‌یی بۆ جاده‌ى چوار رێڕه‌وى دوو ئاراسته‌ى سه‌یدسادق- هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید2)، رۆژى 31/8/2010 له رۆژنامه‌ى هاوڵاتى دامبه‌زاند (له‌خواره‌وه ئه‌توانن بابه‌ته‌که بخوێننه‌وه)
به‌هۆى ئه‌م نووسینه‌وه پڕۆژه‌که وه‌ستێنرا، پاش چه‌ند رۆژ، کاک خدر کەریم سه‌رۆکى شاره‌وانى ئه‌وده‌مه‌ى هه‌ڵه‌بجه، په‌یوه‌ندى پێوه‌کردم و وتى:
-رۆژى عارفهى (جه‌ژنى ره‌مه‌زانى ساڵى 2010) به‌ڕێز وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه کاک کامه‌ران ئه‌حمه‌د دێته هه‌ڵه‌بجه به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ى له رۆژنامه‌ى هاوڵاتى نوسیووته، داواى ئێوه ده‌کات له‌کۆبونه‌وه‌که ئاماده‌بن، منیش وتم به‌سه‌رچاو ئاماده‌م، پاش دوو رۆژ کاک خدر په‌یوه‌ندى پێوهکردمهوهو وتى: کۆبونه‌وه‌که دواخرا بۆ دواى جه‌ژن.
دواى جه‌ژن کۆبوونه‌وه‌که کرابوو، دوو به‌رپرسی ناوچه‌که سه‌ر به‌یه‌کێتى نیشتمانى ئاماده‌بووبوون، به‌ڵام بهمن نه‌وترا، دواتر بیستمه‌وه کهوتویانه، عومەر عینایه‌ت گۆڕانه با نه‌بێته ده‌سکه‌وت بۆ گۆڕان، کۆبوونه‌وه‌که هیچ ئه‌نجامێکى نه‌بوو، پاش ماوه‌یه‌ک من وه‌ک به‌رپرسیى به‌شى ئه‌ندازه‌ى شاره‌وانیه‌کانى سلێمانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک ئه‌ندازیارى شاره‌وانیه‌کان سه‌ردانى پێشانگایه‌کى مه‌وادى خانووبه‌ره‌ى ئێرانیه‌کانمان کرد له‌هه‌ولێر، به‌هه‌ڵکه‌وت کاک کامه‌ران ئه‌حمه‌د (وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه)م له‌و پێشانگایه بینى، له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌کان ته‌رجومه‌م بۆ کرد، دواتر وتى: باشه کاک عومەر بۆچى ئاماده نه‌بوویت له‌کۆبونه‌وه‌که‌ى هه‌ڵه‌بجه؟ من له‌سه‌ر نووسینه‌که‌ى جه‌نابت هاتمه هه‌ڵه‌بجه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و نووسینه‌ش پڕۆژه‌که‌م راگرتوه.
-براى به‌ڕێز، ئه‌کرێت وه‌ڵامى ئه‌و پرسه لهحزبهکهت و به‌رپرسه‌کانى یه‌کێتى له‌هه‌ڵه‌بجه وه‌رگریت، که منیان پشتگوێخست، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى که من گۆڕانم، تکایه ئه‌م بابه‌ته چ په‌یوه‌ندیه‌کى به‌گۆڕانه‌وه هه‌یه؟! ئه‌مه به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌یه، بابه‌تێکى ئه‌ندازیارییه
-راستده‌که‌یت، وه‌ڵا من ئاگادار نه‌بووم، وتیان پێمان وتوه‌و نه‌هاتووه، بۆیه کۆبوونه‌وه‌که‌ش هیچ ئه‌نجامى نه‌بوو، ئێستاش نه‌چووه‌و بچێ، سه‌ردانێکى کاک تواناى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئەوکاتی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى سلێمانى بکه‌و پێشنیازى خۆت به‌و بڵێ
-کاک کامه‌ران، ببووره، منیش که‌سایه‌تى خۆمم هه‌یه، هه‌ڵه‌بجه نه‌بێت هه‌ردوو چاوم بێت له‌خۆمه‌وه ناچم، ئه‌گه‌ر راستده‌که‌یت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دیکه سازبکه، منیش دێم
-زۆر باشه من له‌دیوانى وه‌زاره‌ت کۆبوونه‌وه‌یه‌ک رێکده‌خه‌م.
پاش ماوه‌یه‌ک کاک کامه‌ران تێلى بۆ کردم (شایانى باسه من پێشتر کاک کامه‌رانم ده‌ناسی کاتێک من ئه‌ندازیارى ی‌و ئێن بووم و ئه‌ویش به‌رپرسی منداڵپارێز بوو له‌ناوچه‌ى دۆڵه ره‌قه، من سه‌رپه‌رشتى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى ههبیتاتم ده‌کرد، که ئه‌وان وه‌ریانگرتبوو، پێشتر چه‌ند به‌ریه‌ککه‌وتن هه‌بوو له‌نێوانماندا له‌سه‌ر جۆرى پڕۆژه‌کان، باش ده‌یزانى چۆن به‌رگرى لهبۆچوونهکانم ده‌که‌م)
له‌دیوانى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى کۆبونه‌وه‌که بووم، دیزاینى چۆنیه‌تى په‌ڕینه‌وه‌ى سه‌ر ده‌ریاچه‌که‌م پێ‌بوو، دیزاینى ته‌واوى جاده‌که، ئه‌وه‌ى کۆمپانیاى سه‌کۆ ئاماده‌ى کردبوو، ئه‌وه‌شم پێ‌بوو.
من به‌ته‌نهام و به‌رگرى له‌م رێڕه‌وه ده‌که‌م (دارى قوڕى چیا- گوندى قۆرتاس-ناوگردان- نێوان گوندى کانى شێخ و سیروان- هه‌ڵه‌بجه) مه‌وداکه (10) کم که‌مده‌کاته‌وه، هیچ گوند‌و شار‌و ئۆردوگایه‌ک به‌ر ئه‌م رێڕه‌وه ناکه‌وێت.
تیمى به‌رامبه‌ر بریتی‌بوو له‌جه‌نابى وه‌زیر کامه‌ران ئه‌حمه‌د، جێگره‌که‌ى (خوالێی خۆشبێت) محەمەد عەبدوڵا، حهمهسەعید موهەندیس نوێنه‌رى په‌رله‌مان (خه‌ڵکى سه‌یدسادق، ابراهیم عه‌زیز (ئه‌ندازیار خه‌ڵکى سه‌راى سوبحان ئاغا)، کاک توانا کمال جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئەوکاتی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى سلێمانى، (خوا لێی خۆشبێت) به‌هادین شێخ عەبدوڵا ئه‌ندازیار لهئاوهدانکردنهوهى سلێمانى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه، ئه‌م تیمه جگه له شێخ به‌هادین به‌رگریان له‌م رێڕه‌وه ده‌کرد (سه‌راى سوبحان ئاغا- سه‌ید سادق- گرده‌نازێ- قه‌ده‌فه‌رى – زه‌ڵمى کۆن- سیروان- هه‌ڵه‌بجه) واته رێڕه‌وه کۆنه‌که.
من به‌وردى دیدگاى خۆمم وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ک و وه‌ک ئه‌ندازیارێکى رێگاوبان بۆ باسکردن و وتم، به‌ناوى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌وه ئاگادارتان ئه‌که‌م ئه‌گه‌ر جاده بۆ هه‌ڵه‌بجه دروستئه‌که‌ن، ئه‌وه بۆچونى خه‌ڵک و داخوازى هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانه، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ش نیه ئه‌وه ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ى له‌سه‌ر لاده‌ن و چی ده‌که‌ن بیکه‌ن، وه‌زیر له‌م قسه‌یه‌ى من قه‌ڵس بوو:
-تۆ نا‌توانیت به‌ناوى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌وه قسه بکه‌یت، ئێمه‌ش نوێنه‌رى ئه‌وانین.
-من پێتان ده‌ڵێم ئه‌وه قسه‌ى ههڵهبجهییهکانهو ئه‌و مافه‌ش به‌خۆم ده‌ده‌م که‌پارێزگارى لهبهرژهوهندیهکانى هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بکه‌م.
-ئێمه‌ش کارمه‌ندى ده‌وڵه‌تین و بهرژهوەندى ئه‌وانمان ده‌وێت، ئه‌و به‌ڕێزه‌ش ئه‌ندامى په‌رله‌مانه‌و نوێنه‌رى خه‌ڵکه
-که‌ستان وه‌ک من له‌گه‌ڵ ئێش و ئازار‌و مه‌ینه‌تیه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌دا نه‌ژیاون، ئه‌گه‌ر گرنگیتان به‌هه‌ڵه‌بجه‌و داخوازیه‌کانیان بدایه پێش ئه‌وه‌ى بڕیار له‌م پڕۆژه‌یه بده‌ن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه گه‌نگه‌شه‌ى ئه‌م رێڕهوهتان ده‌کرد، به‌داخه‌وه هه‌ر خۆتان کردوتانه، بۆیه وا که‌وتونه‌ته ئه‌م بارودۆخه.
-ئێستا واز له‌م بابه‌ته بهێنه، هه‌موومان وه‌ک تۆ هه‌ڵه‌بجه‌مان خۆشده‌وێت، با بابه‌ته‌که نه‌که‌ینه سیاسی، تۆ بۆچوونت چیه؟
-ئه‌و رێڕه‌وه‌یه بۆم دیاریکردن، ئه‌وه‌ش دیزاینى شێوازى په‌ڕینه‌وه بهدهریاچهکهدا، ئه‌وه‌ش دیزاینه‌که‌ى کۆمپانیاى سه‌کۆ
لێره‌دا خوالێخۆشبوو محەمەد عه‌بدوڵا پێشنیازى کرد، که لادانه‌که له‌ده‌ره‌وه‌ى سه‌یدسادق بێت و پێشئه‌وه‌ى بگاته گوندى (قلرخ) له‌وێوه فولکه‌یه‌ک دروستبکه‌ن، من ئه‌مه‌م ره‌تکرده‌وه‌و سووربووم له‌سه‌ر پێشنیازه‌که‌ى خۆم، پاش یه‌ک سه‌عات و نیو، گفتوگۆى چڕ‌وپڕ دیزاینه‌کانى منیان وه‌رگرت، جه‌نابی وه‌زیر وتى خۆمان لیژنه‌یه‌ک پێکده‌هێنین بۆ دیاریکردنى رێڕه‌وه‌که، تۆش ئه‌ندام به له‌لیژنه‌که.
پاش شه‌ش مانگ چاوه‌ڕوانى، به‌بێ من ئه‌م رێڕه‌وه‌ى ئێستا ته‌واو بووه، دیارکرا ( به‌داخه‌وه ته‌نها که‌متر له سێ کم جیاوازى مه‌وداى جاده کۆنه‌که هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م رێڕه‌وه) ئه‌توانم بڵێم (60%)ى ئه‌وه‌ى ئێمه ویستمان له‌م رێڕه‌وه‌دا جێی کرایه‌وه، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌یان نه‌کرد که ویستى ئێمه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بوو، له راستیدا ئه‌و تیمه جورئه‌تى بڕیاردانیان نه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ژێر کاریگه‌رى سیاسی و ناوچه‌ییدا، ئه‌م بادانه‌وه‌یان تێکردو لهتهپه گوڵاویهوه جاده‌که‌یان دروستکرد، ئه‌کرێت تا راده‌یه‌ک باش بێت، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه نه‌بوو که‌ئێمه ویستمان، په‌نا به‌خوداى گه‌وره ئه‌م بیرۆکه‌یه هه‌ر به‌دیده‌هێنین.
ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ هه‌ڵه‌بجه ستراتیجى و گرنگه، به‌ڵام ناکرێت خۆمان له‌م راستیه گێل بکه‌ین
-درێژى رێگاکه له‌سه‌ره‌تاوه (31) کم بوو به رێڕەوه کۆنه‌که‌دا.
-دواى گۆڕینى رێڕوهکه، درێژى ریگاکه بوو به (28) کم و تێچونهکهى گه‌شته (89) ملیار دینار، ( ئه‌م بابه‌ته ئاو زۆر ده‌کێشێ).
-پڕۆژه‌که هێشتا ته‌واو نه‌بووه، ئه‌گه‌ر تاکۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واوبکرێت، ئه‌وا ماوه‌ى دروستکردنى (28) کم جاده ئه‌بێته نۆ ساڵ، هه‌ر سێ کم و ساڵێکى ویستووه.
-بووه هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى مه‌وداى نێوان سلێمانى – هه‌ڵه‌بجه به 3کم.
-ماوه‌ى (15- 20) خوله‌ک کات گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ هاتووچۆکه‌ران.
-گریمان رۆژانه (5000) ئۆتۆمبێل به‌م رێگایه‌دا هاتووچۆ بکه‌ن، رۆژانه (60) هەزار لیتر سووته‌مه‌نى که‌متر ده‌سووتێ، به‌مشێوه‌یه ژینگه که‌متر پیس ده‌بێت.
-گرفتى هاتوچۆ له‌سه‌ر رێڕه‌وه کۆنه‌که که‌مبوه‌ته‌وه.
-به‌م شێوه‌یه میدیاى نووسراو (رۆنامه‌ى هاوڵاتى خۆشه‌ویست به‌بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ى به‌نده له‌کاتى خۆیدا کاریگه‌رى له‌سه‌دا سه‌دى هه‌بوو له‌سه‌ر به‌رپرسان بۆ گۆڕینى رێڕه‌و (مسار)ى جاده‌که بۆ ئه‌م رێڕه‌وه ئێستا، بۆیه من به‌ناوى ههڵهبجهییهکانهوه سوپاسی بێپایانم هه‌یه بۆ ئه‌م رۆژنامه سه‌ربه‌خۆیه.
-له‌کاتى خۆیداو بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م ده‌سکه‌وته زۆرم له‌سه‌ر ئه‌م رێگایه نووسی، وا ئێستا دیسان له رێگاى هاوڵاتى خۆشه‌ویسته‌وه ئه‌م دوو بابه‌ته ئه‌خه‌مه‌وه به‌ردیدى خوێنه‌رانى ئازیز‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه خۆشه‌ویسته‌کان.
27-10-2019