هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەن. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەگەل سەردانی هەولێری کرد لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە رایگەیاند "پارتی و یەکێتی کوردستانیان بە ئاقارێکدا بردووە هیچ ئومێدێکیان نەهێشتووە، ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە گەل بکەینەوە خاوەن بڕیار". ئاماژەی بەوەشکرد "رابردووم کردووەتە دەرسێک کە لە داهاتوودا کەڵکی لێوەربگرم، هەروەها گەل سەرمایەکی مەعنەویی و مرۆیی گەورەیە کە نابێت لەدەستی بدەین". وتیشی "نائومێدی کوشندەترین نەخۆشییە کە تووشی هەر میلـلەتێک دەبێت، تاکە چەک کە بەدەستی ئێمەیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە یەکێتی و پارتی نیانە. باسی لەوەشکرد "شەڕی سیاسی خۆمان، دەبێت بە دەست و بازووی خۆمان بیکەین و هەرگیز پەلی دوژمن رانەکێشین بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان پێ یەکلابکەینەوە، چونکە دڵنیابن بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە دەکەوێتە پێش بەرژەوەندیی میلـلەتەکەمانەوە".

هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا دوای چەند کاتژمێرێک توانرا بۆرییەکە چاک بکرێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024 بۆری گواستنەوەی غاز لە گوندی قزلەری سنووری پارێزگای کەرکوک شکا و دانیشتووانی گوندەکە ناوچەکەیان چۆڵکرد دوای چەند کاتژمێرێک کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ غاز لە بۆرییەک لەکێڵگەی جمبور دزەیکردووە بەھۆی کۆنی و بوونی پاڵەپەستۆوە لەسەر بۆرییەکە و راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "تیمەکان بۆرییەکەیان چاککردووەتەوە و رووداوەکە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەرھەمھێنان نەبووە و ھیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە". بۆرییەکە دەکەوێتە گوندی قزلیار و لەھەمان ئەو شوێنەوە شکا کە لە 24ی کانونی دووەمی 2024 شکابوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگا بوو سەبارەت بە تاوانی تیرۆرکردنی خواناس وریا کە لە 22ی 6ی 2023 لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، و لە دادگاییەکەدا بكوژی خواناس وتویەتی، " لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو". به‌هار مونزیر، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان (PDO) ئەمڕۆ دووشەممە له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویکردۆتەوە، كه‌ دانیشتنه‌كه‌ بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکاری وریا و 5 پارێزەر و ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادی لە کوردستان لە دادگای تاوانەکانی 3ی دادگای شاری سلێمانی بەڕێوە چووه‌.   له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، وه‌ك به‌هار مونزیر باسی ده‌كات، وتەی تۆمەتبار وەرگیراوه‌و دادگا چەندین پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە لێكردووەو، له‌و وه‌ڵامیشدا بکوژ 23 جار وتی: "من مەلا فڵان هانی نەداوم و هیچ کەس هانی نەداوم بۆ ئەم کوشتنە تەنها خۆم بووم، بەتەنها بیرم لێکردۆتەوە و بەتەنها تاوانەکەم ئەنجامداوە". خواناس وریای تەمەن ٢٥ ساڵ  رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن  ناسیاوێکی گەنجی خۆیەوە، کە لەسەر "بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت"، بە شەش فیشەک کوژرا. ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد به‌ ناوی ( ‌ه ، ک ) لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوەو بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو پیشەی پێشمەرگە بووه‌، هاوکات " گەنجێکی توندڕەوی بیروڕا ئیسلامی بووە". به‌هار مونزیر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پرسیاری داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکان وورد بوون و نوسیویه‌تی: "ئێمە لەگەل دادپەروەریداین، هەمان کات نیگەرانین لە کاریگەری ئەو گوتارانەی بەم ڕۆژەی بردین، بە پێویستی دەزانین هەڵوێست هەبێت بەرامبەر بەم جۆرە لە کوشتن کە لە کودستان هەبوە بەڵام کەم بوە لە رابردوودا".  

هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن." ئەمڕۆ دوشەممە ٢٩/٤/٢٠٢٤ میدیای پارتی لە زاری تیمی پڕۆژەی هەژماری منەوە بڵاویانکردەوە،ئەمریکا ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی مووچەی پێشمەرگە بدرێت. حکومەتی ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.   تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"  هۆکاری نەناردنی هاوکارییەکانی پێسمەرگە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە  "چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."   وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات."  ئەم گوتانەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە کاتێکدایە، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە بکرێت و حکومەتی عێراقیش داوا دەکات لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بکرێت. هەر ئەمڕۆش، عەزیز ئەحمەد, جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات. وتیشی، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری_من مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی کۆتایی. هەروەها وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ و سبه‌ی سێشەممەش ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ بونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشوری هەرێم. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بونی کەمێک تۆز و خۆڵ، لەکاتەکانی شەودا نمەباران لەناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لەناوچە شاخاوییەکان رێژەکەی زیاتر دەبێت.   ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خێرایى با مامناوەند ده‌بێت و له‌ نێوان 15 بۆ 25 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا ده‌بێت و ئاڕاستەی با باشوری خۆرهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبێتەوە ناوچەکانی گەرمیان نەبێ کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . هاوکات کەشناسی هەرێم پێشبینى دەکات، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لەناوچەکانی باشووری هەرێم، لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ تاوە باران و هەورە بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچرپچر. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەى کەشناسیدا هاتووە، لەکاتەکانی سبەى شەودا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت، بەڵام به هۆی ناجێگیری بەرگە هەوای ناوچەکە بۆ رۆژانی دیکە دابارینی ناو بەناو بەردەوامی دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 32  سلێمانی  : 30 دهۆک  :  32  زاخۆ  : 32 هەڵەبجە : 31 کەرکوک : 33 سۆران : 28  حاجی ئۆمەران : 20 گەرمیان : 35

هاوڵاتی كۆمپانیای داناگازی ئیماراتی رایگه‌یاند، به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی هه‌ینی رابردو زیانێكی كه‌م به‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرۆمۆر كه‌وتوه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌شت كه‌سیش برینداربون، ده‌شڵێت،بەشێوازی کاتی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرتووە لە راگەیه‌ندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024-ی داناگازدا هاتووە، "کاتژمێر 6 و 45 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی 26ی ئەم مانگە کۆگایەکی گازی کۆندێنسەیت لە رێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و هه‌شتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگاکە بوون".   لە راگەیه‌ندراوەکە هاتووە، "هەموو کەس لە داناگاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانیان و ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەتووە، دەردەبڕن و هەموو شتێکیش بۆ پاڵپشتی و یارمەتیی زیانلێکەوتووان دەکەن".   داناگاز ئه‌وه‌شی وتووه‌، "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و بەڵێندەران گرینگترین شتە لەلای کۆمپانیای دانەغاز. هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە". ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، کۆمپانیاکە و هاوبەشەکانی هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن لە ئاستە بەرزەکاندان بۆ پشتگیری لە پابەندبونەكانیان و دادگاییکردنی تاوانباران. كۆمپانیای داناگاز ده‌ڵێت، "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەت کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی ئەمنی و بەرگری بۆ ڕێگەدان بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان لە دامەزراوەی كۆرمۆر". جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، کۆمپانیاکە پابەندبونی پتەوی خۆی بە خەڵکی هەمو هەرێمی کوردستان و عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپات دەکاتەوە و چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان لە كۆرمۆر ده‌كات بە زوترین کات. جێگەیباسە هەر دوێنێ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت  راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی شەممە، 27ـی نیسانی هاوپەیمانییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی سەرەداویان لەبارەی ئەو کەسانە دەستکەوتووە، کە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تێوەگلاون و لەکاتی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوە، رەوانەی دادگا دەکرێن.  

هاوڵاتی گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرسی ماف و چارەسەری شایستە داراییەکان و بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانیدا لەگەڵ لایەنەکانی عێراق تاوتوێ کراون و ئامانجی سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پڕۆسەکە لە وادەیەک ئەنجامبدرێت کە گونجاوبێت بۆ هەمو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان. دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمشەو ٢٨/٤/٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەلێک پرسی گرنگی پەیوەست بە داهاتوی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان باسکردوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا و سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کردووە. وتیشی: "خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و هاوبەش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان، دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی و جێبەجێکردنی دەستوور". لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، دڵشاد شەهاب باسی لەوەکرد: پرسی شایستەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کۆتایی موچە لە گرنگترین بابەتاکنی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێم بوە لەگەڵ لایەنە سیاسی و دامەزراوە عێراقییەکان، نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی جدی لەسەر پرسی ئەمنی وهەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەبوە وەک هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر. هاوکات بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژی سەرۆکی هەرێم، حکومەتی عێراقی دەلێن گرنگە موچەی فەرمانبەران لە رێگەی سیستمی بانکییەوە دابەش بکرێت، لە ئێستاشدا گفتوگۆیەکی باش لەو بارەیەوە هەیە و پرسی شێوازی دابەشکردنی موچە بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا کە، "بانکەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازی نییە". هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باسی لەوەشکرد: هەموو لایەنە عێراقییەکانیش گرنگی بەو پرسە دەدەن و دیدگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێیدا بەشداری بکەن. لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە، بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو  بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن یان سەردانیان دەکەن و هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵیان لەسەر هێلە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی  رایگەیاند، هاوڵاتییەکی کورد لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە گومانی توشبوونی بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون خەوێندراوە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨/٤/٢٠٢٤ ڕایگەیاند، بە گومانی توشبونی بە تای خوێنبەربون، هاوڵاتییەكی دانیشتوی شاری کەرکوک لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشكیدایە و لە نەخۆشەكانی دیكە جیاكراوەتەوە. هاوکات ئەو هاوڵاتییە تەمەنی (23) ساڵە، چەند نیشانەیەکی نەخۆشیی تای خوێن بەربونی تێدایە، بۆ دڵنیابونەوە لە حاڵەتەكەش پشکنینەکەی رەوانەی بەغداد کراوە.  ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنجامی پشكنیینەكان لە بەغداد دەكەن. نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات. تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر)، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ 

هاوڵاتی یوسف کیلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە کە واژوی  61 پەرلەمانتاری پێوەیەو تیایدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی باڵیۆزی ئەمریکا دەکەن لە عێراق. یوسف كیلابى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نووسراوێكى فه‌رمى ئاراسته‌ى موحسین مه‌نده‌لاوى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق به‌وه‌كاله‌ت كردووه‌ و تێیدا داواى ده‌ركردنى ئه‌لینا رۆمه‌ناوسكى، باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كات به‌ تۆمه‌تى ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى ناوخۆيى وڵات، دوور له‌ پێگه‌ى دیپلۆماسیه‌كه‌ى. داوایکەی یوسف یلابی  بۆ لەسەر کارلابردنی ئەلینا رۆمانۆوسکی دوای ئەوە هات ڕەخنەی لە هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی لەش فرۆشی و هاوڕەگەزخوای گرت. دوێنێ شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بەرەنگاربونەوەی لەش فرۆشی و هیترۆسێكشواڵتی پەسەندکرد، بە گوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایە هەر کەسێک کاروکردەوەی لەشفرۆشی، هاورەگەزخوازی یان بەشداربێت لە رێکخسنی ئەو کاروکردەوانە بە زیندانیکردن یان پێبژاردن سزادەدرێت. لەبارەی ئەو یاسایەوە ئالینا رۆمانۆوسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، نیگەرانن لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، چونکە هەڕەشە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادی سەرەکی دروست دەکات. دوابەدوای کاردانەوەکەی ئەو باڵیۆزە سەبارەت بەو یاسا هەموارکراوە ، پەرلەمانتارانی عێراق داوایان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بکرێت لە شوێنی ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزێکی دیکە دابنرێت. ئەم داواکارییەی یوسف کیلابی لەلایەن 61 پەرلەمانتارەوە واژۆ کراوە.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆبونەوەیەکدا جەختیان لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و هەرێم کرد لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری وڵات، قاسم ئەعرەجی وتیشی، "ئارامی هەرێمی کوردستان بە ئارامی عێراقەوە گرێدراوە." سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جى، ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييى عێراق كۆبوه‌وه‌ و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ئه‌منیدا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی هاریكاریی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات|. له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌عره‌جی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ و ستایشی ڕۆڵی نیشتمانییانه‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد له‌ لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حیزبەکاندا ژمارەیەک کۆبوونەوەی کردووە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمیش لە کۆبونەوەکاندا کێشەی مووچە؛ بودجە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکراون.  

هاوڵاتی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند كه‌ بڕیاردان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمدایه‌، ده‌شڵێت: " بە بانکیکردنی‌ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاری‌ دادگای‌ فیدڕاڵییە و دەبێت جێبجێبکرێت". ئەمڕۆ یەکشەممە 28-4-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی کۆبووەوە، دوابەدوای کۆبونەوەکە هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بە بانکیکردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیارى دادگاى فیدڕاڵییە و دەبێت جێبجێبکرێت و چۆنێتی بە بانکیکردنی مووچە چارەسەردەبێت ئەگەر پڕۆسەکە لە رێگەی "هەژماری من"ەوە بێت یان بانکەکانی عێراق. گوتیشی، سورین لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداد. سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە ڕایگەیاند، هادى عامرى ڕایگەیاند، بڕیاری ئەوەی کەی هەڵبژاردن دەکرێت،لە دەستی  سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. ئەو ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بگاتە رۆژێک لای هەمووان رێککەوتنی لەسەر بێت. سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح باسی لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغداش کرد بە گوتەی ئەو  ئامانج لێیان "بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەن و ئەوانیش رۆژ دوای رۆژ بەرەو چارەسەر دەڕۆن."  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک سوپای عێراق رێگری دەکات لەوەی جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی نیسانی 2024، محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای عێراق ئاگاداری پێنج گوندیان لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان کردەوە کە ناتوانن دروێنەی بەرهەمەکانیان بکەن بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پێنج گوندە لە دوای ساڵی 2017وە هەموو ساڵێک لە کاتی دروێنە و تۆوکردن ئەو کێشانەمان رووبەڕوو دەبێتەوە، زەوی ئەم گوندانە بەشێکن لە زەوی کەرکوک و کێشەیان لەسەرە، ئەم زەوییانە زەوی کوردە، بەڵام حکومەتی عێراق ناوی کوردەکانی سڕیوەتەوە و بە گرێبەستی کشتوکاڵی دراوە بە عەرەب". نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان وتی، "ئێمە دەستبەرداری ئەو زەوی و ئەو گوندانە نابین، لەئێستادا تەنها بە هێزی سەربازی ئاگادارکراوینەتەوە کە دروێنە رابگرین". وتیشی، "بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە چاوەڕوانی وەڵامین بۆ ئەوەی کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەگەر وەڵامیان نەبێت ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن". ماوەی چەندین ساڵە عەرەبە هاوردەكان و سوپای عێراق هەر جارە و بە بیانوویەك هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كورد.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە دژی کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نشتیمانی و نەبوونی خزمەتگوزاریی دانیشتووانی قەزای پێنجوێن گردبوونەوە و رێگەی سەرەکی سلێمانی - پێنجوێنیان داخست. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی نیسانی 2024، زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە هاوڵاتی راگەیاند، "دژی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا و کەمی خزمەتگوزاری دانیشتووانی قەزای پێنجوێن گردبوونەتەوە و رێگەی سەرەکی سلێمانی - پێنجوێنیان داخستووە". قایمقامی قەزای پێنجوێن ئاماژەی بەوەکرد، "داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە داواکارییەکانی دانیشتووانی قەزاکە جێبەجێ بکات". ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا چەندینجار دانیشتووانی قەزای پێنجوێن دژی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا و کەمی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیان گردبوونەوەیان ئەنجام داوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست وەڵامی داواکارییەکانی نەداونەتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پێدەچێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دوابخات، بەڵام بابەتەکە هەندێک کێشەی تەکنینی هەیە دەبێت کۆمسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر بکەن و چارەسەری بکەن و ئێمەش بە جدی چاودێری پرۆسەکە دەکەین". لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە مالیکی وتی، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت"، وتیشی، " هەر کێشەیەک هەبێت بە لێکتگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە چارەسەری دەکات". ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین خاکی عێراق بە ئامانج بگیرێت لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە". بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکات، هەروەها بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیزانی عێراق لەبارەی لێکۆڵینەوەکانیان لە هێرشەکەی ئێوارەی هەینی بۆ سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرمۆر زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. شەوی رابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە و لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرمۆر سودانی رایگەیاند "گەیشتووینەتە ئەو سەرەداوانەی کە بە تێوەگلاوانی هێرشە تاوانکارییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرمان دەگەیێنێت، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان تاوانباران دەدرێنە دادگا و ئاشکرا دەکرێن". ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.