نوری مالیکی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پێدەچێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دوابخات، بەڵام بابەتەکە هەندێک کێشەی تەکنینی هەیە دەبێت کۆمسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر بکەن و چارەسەری بکەن و ئێمەش بە جدی چاودێری پرۆسەکە دەکەین".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە مالیکی وتی، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت"، وتیشی، " هەر کێشەیەک هەبێت بە لێکتگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە چارەسەری دەکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین خاکی عێراق بە ئامانج بگیرێت لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە".
بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکات، هەروەها بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ.