هاوڵاتی بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە بەغدا عێراق و تورکیا 26 رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی نێوانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران عێراق رایگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی توركیا گوزارشتە لە قوڵی پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا و دەمانەوێت ئاڵنگارییەكان بگۆڕین بە دەرفەتی هاوبەش، ویستی عێراق وایە كە لەگەڵ هەمو وڵاتانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی دراوسێكان لەسەر بنەمای هاوبەش گرنگی زیاتر بە پەیوەندیەكانمان بدەین." سودانی ڕاشیگەیاند، "رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا کە دەبێتە نەخشەرێگایەکی ستراتیژی پتەو لە زۆربەی بوارەکان، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە چەند لیژنەیەک لە بوارەکانی، ئابوری، وزە و ئەمنی دروست دەکرێت." لە لایەکی دیکەوە رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆكی توركیا ڕایگەیاند، "ئیرادهی سیاسیمان ههیه بۆ بهرهوپێشبردنی پهیوهندییهكانی نێوان توركیاو عێراق و ئهو یاداشتانهی ئیمزاكراون خاڵی گۆڕانكارین له پهیوهندییهكانمان لهگهڵ عێراقدا هاوکات ههماههنگیی پێویست دهرهخسێنین بۆ گهرهنتیكردنی جێبهجێكردنی تهواوهتیی رێككهوتنه ئیمزاكراوهكان لهگهڵ عێراقدا." وتیشی، لهگهڵ سهرۆك وهزیرانی عێراق " گفتوگۆمان كرد سهبارهت به هاوكاری له دۆسیهی ئهمنی و روبهڕووبوونهوهی تیرۆرو خۆشحاڵین عێراق رێكخراوی پهكهكهی خستوهته لیستی رێكخراوه قهدهغهكراوهكان و ئامادهین پاڵپشتی پێشكهشی حكومهتی عێراق بكهین لهبواری روبهڕووبونهوهی تیرۆردا." باسی لەوەشکرد کە ، قهبارهی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بۆ 20 ملیار دۆلار بهرزبووهتهوه و سورن لە بەشداریکردن لە پڕۆژەی (رێگای گهشه) بۆ بهدیهێنانی گهشهی بازرگانی. سەبارەت بە پرسی ئاویش ئەردۆغان وتی، لیژنهی توركی- عێراقیمان پێكهێناوه بۆ چارهسهری كێشهی ئاو لهسهر بنهمایهكی زانستی و لۆژیكی هاوکات سودانیش لەسەر هەمان پرس قسەی کرد و ڕایگەیاند ، لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتنێکیان واژۆ کردوە کە کار بۆ بنیادنانی پڕۆژەی تایبەت بە ئیدارەدانی ئاوی روباری دیجلە و فورات دەکات. هاوکات محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق و رهجهب تهیب ئهردۆغانی سهرۆكی توركیا له بهغداد سهرپهرهشتی ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگهیشتنی چوارقاڵییان كرد لهنێوان (عێراق و توركیاو قهتهرو ئیمارات) بۆ هاریكاری له پرۆژهی ستراتیژی "رێگای گهشه"، لهلایهنی عێراقهوه (رهزاق محێبس) وهزیری گواستنهوهو له لایهنی توركی (عهبدولقادر ئۆرال ئۆغلۆ) وهزیری گواستنهوهو ژێرخانی توركیا ئیمزایان لهسهر یاداشتهكه كرد، لهلایهنی قهتهری (جاسم بن سهیف سلێتی) وهزیری گواستنهوهی گهیاندنی قهتهرو و له ئیماراتی عهرهبیش (سوهێل محهمهد مهزروعی) وهزیری وزهو ژێرخانی ئیمارات ئیمازایان كرد. بهگوێرهی ئهو یاداشتهی كه ههرچوار وڵات ئیمزایان كردووه، دهبێت عێراق و توركیاو قهتهرو ئیمارات چوارچێوهی پێویست دابنێن بۆ جێبهجێكردنی پرۆژهی "هێڵی گهشه"، ئهمهش بهواتای دهستپێكردنی پرۆژهی رێگاكهیه بهشێوهیهكی كرداریی. دەقی رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە: 1- ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا. 2- یاداشتنامەی ڕێککەوتنی چوارچێوە بۆ هاریکاری لە بواری ئاو لە نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا. 3- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا. 4- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی بازرگانی ئابووری هاوبەش (JETCO) لە نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا. 5- ڕێککەوتن بۆ هاندان و پاراستن و ئاڵوگۆڕی وەبەرهێنان لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا. 6- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا. 7- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی تەکنیکی و زانستی و ئابووری لە بواری پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان لە نێوان وەزارەتی پیشەسازی و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا. 8- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری مەشقی سەربازی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا. 9- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە مەشق و هەماهەنگی لە بواری تەندروستی سەربازی لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا. 10- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی ستراتیژی لە نێوان دەستەی پیشەسازی سەربازی و سکرتاریەتی پیشەسازی بەرگری تورکیا. 11- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی ئاسایش، لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و تورکیا. 12- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان پەیمانگای خزمەتگوزاری دەرەوە و پەیمانگای توێژینەوەی ستراتیژی تورکیا، لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تورکیا. 13- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری وەرزش و لاوان لە نێوان هەردوو وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و تورکیا. 14- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری زانستی تەندروستی و پزیشکی لە نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و تورکیا. 15- پلانی گروپی کاری کشتوکاڵی بۆ ماوەی 2024-2025 لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و تورکیا. 16- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەسەر توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆژی، لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆژی تورکیا. 17- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەماهەنگی لە بواری پەروەردە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق و تورکیا. 18- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری هەماهەنگی گەشتیاری لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە دێرینەکان و وەزارەتی گەشتیاری تورکیا. 19- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کار و بیمەی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوو ورزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق و تورکیا. 20- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان لە نێوان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییەکانی تورکیا. 21- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەڵگەنامە و ئەرشیفی حکومەت لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەرشیفی حکومەتی تورکیا. 22- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاسایشی بەرهەم و بەربەستە تەکنیکییەکانی بەردەم بازرگانی لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی تورکیا. 23- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە کاروباری ئایینی لە نێوان دیوانی وەقفی سوننە و سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی تورکیا. 24- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هەماهەنگی لە بواری ڕاهێنانی دادوەری بۆ خوێندکاران و دادوەران و یاریدەدەران و داواکارانی گشتی لە نێوان پەیمانگای دادوەری عێراقی و ئەکادیمیای دادی تورکیا. 25- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کارەبا لە نێوان وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا. 26- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا.
هاوڵاتی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لەکاتی پەڕینەوە لە رووبارێک هاوڵاتییەک خنکا؛ پاش هێنانەدەرەوەی تەرمەکەی، گوسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "هاوڵاتییەکی خەڵکی ناحیەی چوار قوڕنە دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بەناوی (ج. ق) لەدایکبووی ساڵی 1997، لە نزیک گوندی شێنێی سەر بەناحیەی هەڵشۆ لە کاتی پەڕینەوەی رووبارێکی گوندەکە کەوتووەتە ناو ئاوەکە و بەو هۆیەشەوە خنکاوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای دەرهێنانەوەی تەرمەکە گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ".
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر بڕی 15 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرت و پێنج تۆمەتباریشی دەستگیرکرد. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "دوای بەدواداچوون لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلسی سلێمانی توانرا دەست بەسەر بڕی 15 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش بگیرێت کە لەناو بۆیلەری کارەبایدا شاردرابوونەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو گروپەی دەستگیرکراون پێنج کەسن و کاریان لەسەر ئەوە کردووە ئەو مادە هۆشبەرانە رەوانەی ئەوروپا بکەن، بەڵام پێش رەوانەکردنیان توانرا دەستیان بەسەردا بگیرێت". ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو پێنج کەسە بەپێی مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە". ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئاسایش رووبەڕووی 991 حاڵەتی مادەی هۆشبەر بوونەتەوە، لەو ژمارەیە 84 یان بازرگان، 254 كەسیان فرۆشیار و 653 كەسیشیان بەكارهێنەر بوون.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەدایە. سەردانەکە ناڕەزایەتی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە. رۆژی دووشەممە 22-4-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و بڕیارە لەسەر چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بکات. ئەو سەردانەی ئەردۆغان ناڕەزایەتی بەشێک لە چالاکوان و خەڵکی لێکەوتەوە. دەستەی سەروەریی نیشتمانی، کە لە کۆمەڵێک هاووڵاتی و چالاکوانی کورد و عەرەب پێکهاتوون لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەخدا کرد. لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کەتێیدا ئاماژە بەوەدەکەن، سەردانی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق شەڕ و ناسەقامگیری ئابووری و ئاسایش دەهێنێت. چالاکوان عەلی دەروێش، ئەم کاریکاتێرەی بۆ هاووڵاتی ناردووە. لە کاریکاتێرەکەدا هاونیشتمانیان لە باشووری کوردستان نیشاندەدات کە وەک ناڕەزایەتی لە دژی هاتنی ئەردۆغان پێڵاو دەگرنە سەرۆکەکەی تورکیا. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەخداوە گەیشتە عێراق و لە دواتریشدا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە پێشوازی لێدەکرێت. بەشێک لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی هەولێر ئاڵای تورکیایان پێدا هەڵواسراوە کە دیارترینیان قەڵای هەولێر بوو. قەڵای هەولێر لە رێگەی داتاشۆوە ئاڵای تورکیای لە کاتی شەودا لەسەر نیشاندرا؛ ئەو کارە دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لە نێو هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان بە دوای خۆیدا هێنا و ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترێندە.
هاوڵاتی هاتنی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتیی چالاکوانی کورد و عەرەبی لێکەوتەوە و لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد گردبوونەوەیان ئەنجامدا، دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێکرا. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە یاوەری هەشت وەزیری تورک گەیشتە بەخدا و بڕیارە سەردانی هەولێریش بکات. سەردانەکە نیگەرانیی دەستەی سەروەریی نیشتمانی لێکەوتەوە کە لە کۆمەڵێک هاوڵاتی و چالاکوانانی کورد و عەرەب پێکهاتوون و لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەخدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە. لە بەیاننامەکەدا دەستی سەروەری نیشتیمانی داوادەکەن لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق خۆیان بە بەرپرس بزانن لە پاراستنی سەروەری نیشتیمانەکەمان و روڵی پاراستنی سەرو گیانی هاوڵاتییان لەئەستۆ بگرن. دەقی بەیاننامەی دەستەی سەروەری نیشتمانی: راگەیاندراوێک بۆ رای گستی خەڵکی کوردستان و عێراق نا بۆ هێرشی توركیا بۆ سەر نیشتیمانەکەمان شەڕ و ئاڵۆزییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رۆژ بە رۆژ زیاتر تەشەنە دەکەن و ئاگری جەنگ و ماڵوێرانی ناوچەكەی گرتۆتەوە، هەوڵێكی بەردەوامیش هەیە بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە بەهانەی نا دروست پەلكێشی ئەم ئاڵۆزییانە بكرێین. لە شەڕ و ئاڵۆزیدا هێزە جیهانی و هەرێمییەکان بۆ بەرەوپێشەوەبردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، یان بەشێكن، یان خۆیان لەو رووداوە خوێناویانە بێدەنگ كردووە. ئەمڕۆ بە ئاشكرا تورکیا هەڕەشەی هێرش و پەالماردانێکی فراوانی زەمینی دەکات بۆ سەرهەرێمی كوردستان و عیراق، لە رابردودا توركیا یەكێك لەو واڵتانە بووە كە بەردەوام و بە شێوازی جیاواز گوشاری لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە و لەبەرامبەریشدا چاوپۆشی لێكراوە. بۆیە بەردەوام توركیا نەك تەنیا لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بەڵکو لە ڕووی سەربازیشەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەستتێوەردانی كردووە و لە ئێستادا رووبەرێکی فراوانی لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان داگیرکردووە. بەڵام لەبەرامبەر ئەم شەڕانگێزیانەدا، وادیارە دەسەاڵتدارانی هەرێم و بەغداد نایانەوێت نییەتی راستەقینەی تورکیا ببینن و لە ژێر ناوی ڕێککەوتنی ئەمنیدا، ڕێگە خۆش دەکەن تا تورکیا زیاتر بێتە ناو قوواڵیی نیشتیمانەکەمانەوە، ئەمەش پێشێلکردنی سەروەریمانە. سەردانەکەی ئەردۆغانیش بۆ عێراق لە چوارچێوەی هەمان پیالنی دەوڵەتی تورکیادا خۆی دەبینێتەوە. مێژووی کۆماری تورکیا پێماندەڵێت، لە هەرکوێیەک تورکیا هێزی خۆی جێگیر کردبێت، دواتر پاشەکشەی لێ نەکردووە و دەیلکێنێت بەخاکی خۆیەوە. خۆشیان هیچ کاتێک ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە کە نیازی ڕاستەقینەی ئەوان زیندوکردنەوەی میساقی میللی و دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و کەرکوک و چەند ناوچەیەكی تر و گێڕانەوەی سەردەمی خەالفەتی عوسمانییە . ئەمرۆ خەڵكی كوردستان شاهیدی ئەوەن بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە، لەم سااڵنەی دواییدا، تا ئێستا نزیکەی ١٧٠ هاواڵتی مەدەنی شەهید بوون و بە سەدان كەسی دیکەی سڤیل بریندارکراون و بە سەدان گوند چۆڵکراون و بە هەزاران کەس ناچاركراون زێدی باب و باپیرانیان بە جێبهێڵن و ئاوارە ببن. هاوکات سوپای توركیا دەستی لە هیچ شتێك نەپاراستووە و تەنانەت بەشێكی بەرچاوی دارستانەكانیشی وێران كردووە، بۆیە لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا، دڵنیاین ئەم ئامارانە زیاتر دەبن و واڵتەکەمان دووچاری ناسەقامگیری و قەیران و ئاڵۆزی زیاتر دەبێت و ئارامی شارەكانیش تێكدەچێت. ئێمە وەک بەشێك لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕۆشنبیران، رۆژنامەنووسان، نووسەران، ژنان و گەنجان، لەو بڕوایەداین، کە هاتنی ئەردۆغان و هێرشی سوپای تورکیا جگە لە کوشتن و کاولکاری و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و داگیرکاری هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە شەقامی عێراقی و بە تایبەت بژاردەی کۆمەڵگە دەکەین لە ئاست ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن و کاری تەواو بکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و لەم روەوە دڵنیاین کاری گەورەیان پێ دەکرێت. هەروەک داوادەکەین لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق خۆیان بە بەرپرس بزانن لە پاراستنی سەروەری نیشتیمانەکەمان و روڵی پاراستنی سەرو گیانی هاوڵاتیان لەئەستۆ بگرن و لەژێرهیچ بیانویەكدا ڕێگە نەدەن سوپای تورکیا خاکی واڵت داگیربکات. لە هیچ کەس شاراوە نییە کە هەر جۆرە کەمتەرخەمی و بێدەنگییەک بە مانای ئەوە دێت کە باوەریان بە سەروەری وڵات نییە و باکیان بە داگیرکاری نییە.. لە کۆتاییدا دەڵێین: نا بۆ شەڕ و کوشتن و کاولکاری و داگیرکاریی.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی دەست بەسەر جۆره رۆنێكدا گیرا کە بۆ خواردن شیاو نەبووە. بۆ دروستکردنی رۆنەکە دوو جۆری دیکە تێکەڵکراوە و بەرواری نوێی لهسهر چاپكراوه. رۆژی دووشەممە 22-4-2024، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لهسهر سكاڵای هاووڵاتییان و دوای بهدواداچوون بۆ ساختەکردنی جۆره رۆنێك كه لهلایهن هاووڵاتییانهوه خواستی لهسهره، به فهرمانی دادوهری لێكۆڵینهوهی ئاسایش له ماڵێكدا له گهڕهكی گوڵهباخی نزیك نهخۆشخانهی شۆڕش، دهستمان بهسهر بڕێكی زۆر رۆندا گرت''. ئاماژەی بەوەکرد، "لهكاتی پشكنین بۆ شوێنهكه دهركهوتووه هیچ یهكێك له مهرجهكانی تهندروستی و رێنماییهكانی دیكهی كاركردنی تێدا نهبووه و تانكی سهربانی بۆ تێكهڵكردنی دوو جۆر رۆن بهكارهێناوه، هاوکات دهست بهسهر چەندین مۆر و ئامێری دروستکردنی بەروار و لەیبڵی بەکارنەهاتوو، پرنتەر، ئامێری کەپسکردنی سەری دەبە، چەندین دەبە و مەنجەڵی فافۆندا گیراوه كه له كارهكهیدا بهكاریهێناوه''. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی روونیشیکردەوە، "ئهو رۆنه دروستكراوە لهگهڵ ئهوهی بۆ ماوهی ساڵێك بهكارهێنانهكهی درێژكراوهتهوه، هاوكات بهرواری نوێی لهسهر چاپكراوه و ئهوهش بهپێی یاسای بازرگانی فێڵكردنه له هاوڵاتییان''. ئەوەشی وت، ''به فهرمانی قایمقامی سلێمانی، دۆسییهكه رهوانهی بهڕێوهبهرایهتیی ئاسایشی ئابووری كراوه و بهفهرمانی دادوهر خاوهنهكهی دهستگیركراوه و رووبهڕووی رێكاری یاسایی دهكرێتهوه''.
هاوڵاتی لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر لە لابردنی کۆتوبەند و سانسۆر لەسەر رۆژنامەنووسان دەکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "126مین ساڵیادی رۆژى رۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستا-ی رەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و 26مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بهگەرمى لە تهواوى رۆژنامەنووسانى كوردستان پيرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازم". ئاماژەی بەوەکردووە، "لەم یادەدا داكۆكى له زهمينه و ژينگهى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی رۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه رۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی رای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا". لە پەیامەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ رۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە رۆژنامەنووسان دهكهم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی رۆژنامەوانی بن له ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر، ههروهها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگيريى سیاسی و پارێزهرى بهرژهوهنديى باڵاى گهل و نيشتمان بن". سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوکات رۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لايهنه پهيوهنديدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهيسێكى بوارى رۆژنامەوانيدا بکەن". لە کۆتایی پەیامەکەدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "سڵاو لە یادی رۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو رۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی راستی و پێشخستنی رۆژنامهگەریی كوردستان تەرخان كرد".
هاوڵاتی سبەینێ دووشەممە 22-4-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات، ئەوەش دوای 13 ساڵ لە دوایین سەردانی کە بۆ عێراق ئەنجامی دابوو. باسم عەوادی, وتەبێژی حكومەتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، سەردانە چاوەڕوانکراوکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، ھەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی سەردانەکەدا، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەنێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق، تاووتوێ دەکرێن. باسی لەوەشکردووە، چوار دۆسیەی گرنگ لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیادایە، ئەوانیش، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی ریگای گەشەپێدان، دۆسیەی ئەمنی و دۆسیەی کاری کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق. ئەو دۆسیەیەش گرنگی خۆی ھەیە لە بەھێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا. باسی لەوەشکردووە،لەنێوان عێراق و توركیا لەبارەی نزیكبونەوەی هاوبەش بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاریە ئەمینەكان و هەردوو دۆسیەی ئاو و ئاسایش بۆ عێراق و توركیا رێکەوتن دەکرێت. لای خۆیشییەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەکەی سبەینێی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق کرد و وێڕای ئاماژەدان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و پەروەردەیی، جەختی لەوە کردووەتەوە، "رێککەوتنی سەرەتایی بۆ واژوکردنی زیاتر لە ٢٠ رێککەوتننامە لە سەردانی سەرۆککۆمارمان بۆ عێراق، ئەنجام دراوە. سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرکردەکان، ئەو رێککەوتننامانە واژۆ دەکرێن". وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و دواتر سەردانی هەولێر دەکات. هاوکات، رۆژی شەممە، 20ی ئەم مانگە، مەجید ئەلجەماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا، "یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و دەبێتە شایەتی واژۆکردنی رێککەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی." بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی عێراق، لە سەردانەکەی ئەردۆغاندا گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت: واژۆكردنی دوو رێككەوتنی ستراتیجی و زیاتر لە 20 یاداشتی لێكتێگەیشتن. رێككەوتنێكی ستراتیجی لەبارەی دۆسیەی ئاو واژۆدەكرێت, كە چەندین خاڵ و بڕگە لەخۆدەگرێت. رێككەوتنی چوارقۆڵی عێراقی, توركی, قەتەری, ئیماراتی, واژۆدەكرێت, لەبارەی رێگای گەشەپێدان. رێككەوتن لەنێوان عێراق و توركیا دەكرێت, لەبارەی نزیكبونەوەی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە ئەمنییەكان. هەردوو دۆسیەی ئاو و ئاسایش بۆ عێراق و توركیا لە پرسە گرنگ و یەكلاكەروەكانن. ئەردۆغان بەم سەردانەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەم سەرۆککۆماری تورکیا کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت.
هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون سبەینێ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییە و بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئەو زانکۆیەش رازاندنەوەی مێز و بردنەژورەوەی خۆراک و کەلوپەلی دیکە بۆ ناو زانکۆ قەدەخەکراوە و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، خوێندکاران جگە لە وێنەگرتن ناتوانن هیچ چالاکییەکی دیکە بکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2024، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، لە دوای ئەنجامدانی ئاهەنگی دەرچونی خوێندکارانی ساڵی 2022 - 2023، سەرۆکایەتی زانکۆ لێکۆڵینەوەیەکی وردیی سەبارەت بەو رێوڕەسمانەی لە ئاهەنگی دەرچونی زانکۆی سلێمانیدا دەکرێت کرد و گەشت بەو ئەنجامەی کە هەندێک دیاردە لەناو خوێندکاراندا دەبینرێت لەگەڵ ژینگەی ناو زانکۆدا ناگونجێن. گوتیشی، "وێنەی دەرچوون ناوی بە خۆیەوەیەتی و تەنیا وێنەگرتنە، بەڵام بەشێک لە خوێندکاران فێربوون کۆمپانیایان دەهێنا بۆئەوەی شوێن دیاری بکەن و مێزیان بۆ بڕازێننەوە و بڕێکی زۆر لە خۆراک دەهاتە ناو زانکۆوە و دەبووە هۆی پیسبونی ژینگەی ناو زانکۆ". باسی لەوەشکرد، " بڕیارەکە بۆ ڕێگریکردنە لە دروستبونی چینایەتی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ناو خوێندکاراند و کەمکردنەوەی خەرجیی کەسوکاری خوێندکار، پاکڕاگرتنی نێو زانکۆ، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی زانکۆیە، چونکە بەهۆی قەرەباڵخییەوە نێو زانکۆ پیس دەکرا و شەڕیش دروستدەبوو." د. پێشڕەو ئەوەشی بە هاوڵاتی گوت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە خوێندکار هەبووە تێچوی ئەنجامدانی ئاهەنگەکەی گەیشتۆتە یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن دینار و ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەر شانی خێزانەکانیان. سبەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات؛ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، خوێندکاران خۆیان لەگەڵ مامۆستاکانیاندا تەنیا وێنەی دەرچوون دەگرن و رێگە نادرێت هیچ کەسێک ئاهەنگێکی دیکە بکات. ئەوەشی روونکردەوە، سەرجەم پرسگەکانی زانکۆی سلێمانی ئاگادار کراونەتەوە کە رێگە لە چوونەژوورەوەی هەموو جۆرە خۆراک و دیارییەک بۆ ناو زانکۆی سلێمانی بگرن. د. پێشڕەو باسی لەوەشکرد، بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران لەمەودوا بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی وێنە گرتنی خوێندکاران نادرێتە دەست کۆمپانیاکانی وێنە گرتن، بەڵکو سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ژمارەیەک وێنەگر و ستافێکی پرۆفیشناڵ ئامادە دەکات بۆ ئەوەی وێنەی خوێندکاران بگرن و دواتر وێنەکە لە ماڵپەڕی فەرمی زانکۆی سلێمانی دادەنرێت و خوێندکاران بێ بەرامبەر دەتوانن وەریبگرنەوە و لای خۆیانەوە بڵاویبکەنەوە. سبەینێ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. ئاهەنگەکان هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێن؛بەپێی ئامارەکانی زانکۆی سلێمانی، ساڵانە زیاتر لە 5000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەردەچن.
هاوڵاتی هاوڵاتی لەشاری سلێمانی دژی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، دەستەی پارێزگاری سەروەریی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی رەتكردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی لەشكركێشیی توركیا و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەكەینەوە. دەستەکە دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ دووشەممە کاتژمێر یەكی دوانیوەڕۆ لەبەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی گردبوونەوەیەك دەكەین و بەیاننامەیەك لەوبارەیەوە دەخوێنینەوە. دەستەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکەدا بکەن. جێگەی باسە ئەمە یەکەم چالاکی ئەو دەستەیە نییە دژی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەم چەند ڕۆژەدا بە چەندین پەیامی ڤیدیۆی و وێنەی جیاوا ناڕەزایی و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەم سەردانە دەرخستووە.
زریان فەرەیدوون/ هاوڵاتی ئهنجوومهنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، نمونهی پەڕەی دهنگدان و ژمارهی بنكه و وێستگهكانی دهنگدانی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان پهسهندكرد. ئهمڕۆ یهكشهممه 21ی نیسانی 2024، ئامانج عەزیز، بەڕێوبەری گشتیی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئهنجوومهنی كۆمسیاران نموونهی پەڕەی دهنگدانی گشتی و تایبهتی و ژمارهی بنكه و وێستگهكانی دهنگدانی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان پهسهندكردوە. گوتیشی، لە دەنگدانی گشتیدا چوار جۆر پەڕەی دەنگدان هەیە بۆ پارێزگاكانی ههولێر، سلێمانی، دهۆك و ههڵهبجه و بۆ دهنگدانی تایبهتیش یهك جۆر دهبێت بۆ ههموو ناوچهكان. ئامانج عەزیز روونیشیكردهوه، "كۆی گشتیی وێستگهكانی دهنگدان له سهرتاسهری ههرێمی كوردستان بریتییه له 6 ههزار و 298 وێستگه، كه 2 ههزار و 203 وێستگهیان له ههولێر، 2 ههزار و 364 وێستگه له سلێمانی، ههزار و 595 وێستگه له دهۆك و 136 وێستگهی دهنگدانیش له پارێزگای ههڵهبجه دهبێت". هەروەها 191 بنكهی دهنگدان بۆ دهنگدانی تایبهت ئامادهكراوه كه 746 وێستگهی دهنگدان لهخۆدهگرێت له ههر چوار پارێزگاكهی ههرێمی كوردستان. سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دوو ملیۆن و 888 ههزار و 162 كهس له ههرێمی كوردستان بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان مافی دهنگدانیان ههیه، لهو ژمارهیهشدا، دوو ملیۆن و 672 ههزار و 43 كهس له دهنگدانی گشتی و 216 ههزار و 119 كهسیش له دهنگدانی تایبهت دهنگ دهدهن. سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان رۆژی 10ی حوزهیرانی بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دیاریكردووه و كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراقیش ئامادهكارییهكانی دهستپێكردووه. هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.
هاوڵاتی دواى نزیکەى شەش مانگ دادگاى تێهەڵچونەوەى دهۆک، بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ تۆمەتبارانى کوشتنى ئەرکان خەیرەدینى 35 ساڵ دەرکرد. لەم بارەیەوە کەسێکی نزیک لە ئەرکان خەیرەدین ئەم بڕیارەی دادگای بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوەو وتی، هەریەک لە هاوژین و براکەی ئەرکان خەیرەدین ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە . گوتیشی، هەردوو تاوانبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. ئەرکان خەیرەدین، کارمەندى ئاسایشى بەردەڕەش بوو، شەوى 20/1/2023 لە سەنتەرى قەزاى بەردەڕەش بە کوژراوى تەرمەکەى لە ماڵەکەى خۆیدا دۆزرایەوە، هەر دواى رووداوەکە هاوسەر و براکەى وەک تۆمەتبارى رووداوەکە دەستگیر کران. رۆژێکیش دوای رووداوەکە، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، "ئەرکان خەیرەدین لە نێو ماڵی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بکوژ ئاشکرا کرا و دەرکەوت رووداوەکە پێشوەختە لە لایەن هاوژین و براکەی پلانی بۆ دانراوە."
هاوڵاتی کۆڵبەرێک کوژرا و دووانی دیکەش برینداربوون هاوڵاتی لە سنووری بانە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کۆڵبەرێک کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران لە سنووری بلەکێی سەر بە شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کە بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی شوانە ئەحمەدپوورە و تەمەنی 34 ساڵە و خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە. رێکخراوەکە ناسنامەی دوو کۆڵبەرە بریندارەکەی ئاشکرا نەکردووە. کاری کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو بەشێک لە هاوونیشتمانیاندا پیشەیەکی باوە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. مانگی رابردوو رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 41 کۆڵبەر لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کوژراون و 291 کەسی دیکە برینداربوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا دەڵێت، لە 2023دا 341 کۆڵبەر کوژراون و لە 12ساڵی رابردووشدا 589 کۆچبەر کوژراون.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کەرکوک ئەنجام نەدراوە، ئاماژە بەوەشدەکات لایەنەکان دەیانەوێت بە زووترین کات حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنرێت. پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کەرکوک ئەنجام نەدراوە، کۆبوونەوەکە بەهۆی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمەریکا دواکەوت، هەروەها پێدەچێت دووبارە کۆبوونەوەکە بەهۆی هاتنی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق دووبارە دوابکەوێت". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ماوەی رابردوودا دوو کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی لایەنە براوەکانی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و محەمەد شیاع سودانی کراوە و لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکەوە پرۆژەکانیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کردووە". ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم لایەنەکان بە کورد و عەرەب و تورکمانییشەوە دەیانەوێت بە زووترین کات حکومەتی جۆجێی کەرکوک پێکبهێنرێت و پارێزگار دیاریبکرێت، بەپێی ئەو پرۆژەیەی کە سەرجەم لایەنەکان لەسەری رێکدەکەون". لە رۆژی ١٨/١٢/٢٠٢٤ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام درا دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق حکومەتی خۆجێی پێکهنراوە و پارێزگار دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کەرکوک لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن.
هاوڵاتی سۆما پوور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە سزای ١١ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپا. بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، سۆما پوور محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتی، نۆژین، لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشێ نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی کرماشانی بەسەردا سەپا. هەروەها ئەم چالاکە کولتوورییە لە دۆسییەیەکیتردا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات، لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنەوە، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و بەگشتی سزای ١١ ساڵ زیندانیکردن دراوە. ئیدریس مینبەری هاوژینی "سۆما پوور محەمەدی" پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای سنەوە، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا بوو، هەروەها زارا محەمەدی، یەکێکیتر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بوو کە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
