زریان فەرەیدوون/ هاوڵاتی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، نمونه‌ی پەڕەی ده‌نگدان و ژماره‌ی بنكه‌ و وێستگه‌كانی ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرد. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی نیسانی 2024، ئامانج عەزیز، بەڕێوبەری گشتیی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران نموونه‌ی پەڕەی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تی و ژماره‌ی بنكه‌ و وێستگه‌كانی ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكردوە. گوتیشی، لە دەنگدانی گشتیدا  چوار جۆر پەڕەی دەنگدان هەیە بۆ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆ ده‌نگدانی تایبه‌تیش یه‌ك جۆر ده‌بێت بۆ هه‌موو ناوچه‌كان. ئامانج عەزیز روونیشیكرده‌وه‌، "كۆی گشتیی وێستگه‌كانی ده‌نگدان له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ 6 هه‌زار و 298 وێستگه‌، كه‌ 2 هه‌زار و 203 وێستگه‌یان له‌ هه‌ولێر، 2 هه‌زار و 364 وێستگه‌ له‌ سلێمانی،  هه‌زار و 595 وێستگه‌ له‌ دهۆك و 136 وێستگه‌ی ده‌نگدانیش له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت". هەروەها 191 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت ئاماده‌كراوه‌ كه‌ 746 وێستگه‌ی ده‌نگدان له‌خۆده‌گرێت له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان. سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دوو ملیۆن و 888 هه‌زار و 162 كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌شدا، دوو ملیۆن و 672 هه‌زار و 43 كه‌س له‌ ده‌نگدانی گشتی و 216 هه‌زار و 119 كه‌سیش له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن. سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكردووه‌ و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ده‌ستپێكردووه‌. هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.

هاوڵاتی دواى نزیکەى شەش مانگ  دادگاى تێهەڵچونەوەى دهۆک، بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ تۆمەتبارانى کوشتنى ئەرکان خەیرەدینى 35 ساڵ دەرکرد. لەم بارەیەوە کەسێکی نزیک لە ئەرکان خەیرەدین ئەم بڕیارەی دادگای بۆ هاوڵاتی  پشتڕاستکردەوەو وتی، هەریەک لە هاوژین و براکەی ئەرکان خەیرەدین ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە . گوتیشی، هەردوو تاوانبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.  ئەرکان خەیرەدین، کارمەندى ئاسایشى بەردەڕەش بوو، شەوى 20/1/2023 لە سەنتەرى قەزاى بەردەڕەش بە کوژراوى تەرمەکەى لە ماڵەکەى خۆیدا دۆزرایەوە، هەر دواى رووداوەکە هاوسەر و براکەى وەک تۆمەتبارى رووداوەکە دەستگیر کران.   رۆژێکیش دوای رووداوەکە، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، "ئەرکان خەیرەدین لە نێو ماڵی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بکوژ ئاشکرا کرا و دەرکەوت رووداوەکە پێشوەختە لە لایەن هاوژین و براکەی پلانی بۆ دانراوە."

هاوڵاتی کۆڵبەرێک کوژرا و دووانی دیکەش برینداربوون هاوڵاتی لە سنووری بانە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کۆڵبەرێک کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران لە سنووری بلەکێی سەر بە شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کە بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی شوانە ئەحمەدپوورە و تەمەنی 34 ساڵە و خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە. رێکخراوەکە ناسنامەی دوو کۆڵبەرە بریندارەکەی ئاشکرا نەکردووە. کاری کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو بەشێک لە هاوونیشتمانیاندا پیشەیەکی باوە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. مانگی رابردوو رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 41 کۆڵبەر لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کوژراون و 291 کەسی دیکە برینداربوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا دەڵێت، لە 2023دا 341 کۆڵبەر کوژراون و لە 12ساڵی رابردووشدا 589 کۆچبەر کوژراون.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کەرکوک ئەنجام نەدراوە، ئاماژە بەوەشدەکات لایەنەکان دەیانەوێت بە زووترین کات حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنرێت. پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کەرکوک ئەنجام نەدراوە، کۆبوونەوەکە بەهۆی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمەریکا دواکەوت، هەروەها پێدەچێت دووبارە کۆبوونەوەکە بەهۆی هاتنی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق دووبارە دوابکەوێت". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ماوەی رابردوودا دوو کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی لایەنە براوەکانی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و محەمەد شیاع سودانی کراوە و لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکەوە پرۆژەکانیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کردووە". ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم لایەنەکان بە کورد و عەرەب و تورکمانییشەوە دەیانەوێت بە زووترین کات حکومەتی جۆجێی کەرکوک پێکبهێنرێت و پارێزگار دیاریبکرێت، بەپێی ئەو پرۆژەیەی کە سەرجەم لایەنەکان لەسەری رێکدەکەون". لە رۆژی ١٨/١٢/٢٠٢٤ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام درا دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق حکومەتی خۆجێی پێکهنراوە و پارێزگار دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کەرکوک لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن.

هاوڵاتی سۆما پوور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە سزای ١١ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپا. بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، سۆما پوور محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی کولتووری- کۆمەڵایەتی، نۆژین، لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشێ نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی کرماشانی بەسەردا سەپا. هەروەها ئەم چالاکە کولتوورییە لە دۆسییەیەکیتردا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات، لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنەوە، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و بەگشتی سزای ١١ ساڵ زیندانیکردن دراوە. ئیدریس مینبەری هاوژینی "سۆما پوور محەمەدی" پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای سنەوە، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا بوو، هەروەها زارا محەمەدی، یەکێکیتر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بوو کە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای شارەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت سبەینێش بارانبارین بەردەوام دەبێت. به‌پێی راپۆرتی كه‌شناسیی هه‌رێم بێت، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی نیسانی 2024 ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو بارانبارین لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات، دواتر بەشێوەیەکی گشتی نمە بارانی پچر پچر لە کات و شوێنی جیاواز دەبارێت لە دوانیوەرۆدا لە پارێزگای هەولێر و دهۆک  تاوە باران و هەورە تریشقە دەبێت وە لەکاتەکانی شەودا باران بارین نامینێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە نزیکەی سێ بۆ چوار پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". له‌ باره‌ی كه‌شوهه‌وای سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 22ی نیسانی 2024، كه‌شناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، پاشان لە کاتەکانی دوانیوەرۆ لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم نمە باران و تاوە باران دەبێت، لە کاتەکانی شەودا کەشەکە سەقامگیر دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە رێژەى دوو بۆ سێ پله‌ بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای ئه‌مڕۆی شاره‌كانی هه‌رێم: هەولێر: 30 سلێمانی: 29 دهۆک: 29 زاخۆ: 30 هەڵەبجە: 30 کەرکوک: 32 سۆران: 26 حاجی ئۆمەران: 17 گه‌رمیان: 34

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێکی فەرمیی داوای داهاتی ناوخۆی چەند مانگی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان دەکات . بەگوێرەی سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ میدیای گۆڕان کردووە،  وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوێكی فەرمیدا داوای لە هەرێمی کوردستان كردوە بڕی (950) ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەستی ئەو وەزارەتە بکات و بە گوێرەی زانیارییەکانیش  تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکەی بەغدادی نەداوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە کە، ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی داوادەکات داهاتی ناوخۆی مانگەكانی رابردوە و حکومەتی هەرێم رادەستی بەغدادی نەکردوە. جێگەیباسە رۆژی شەممە، 23ی ئازاری 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، مانگانە نزیکەی 300 بۆ 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان هەیە و  لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی رابردووەوە 45 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتیان داوەتە عێراق.

هاوڵاتی تەنها لە یەکەم مانگی بەهاردا (٢٠ ئازار بۆ ٢٠ی نیسان) ، ٤٩ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون و لانیکەم ٤  لەو کۆڵبەرانە منداڵبوون. بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی "کۆڵبەر نیوز" لە مانگی یەکەمی بەهاردا، لانیکەم ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوەو ٥ کەسیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکانی ئێرانەوە بووە. ماڵپەڕی " کۆڵبەر نیوز" بە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کۆڵبەرانەی لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا کوژراون، ژمارەی قوربانییەکانی ئەم مانگەی بە کارەسات وەسف کردووە بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی، پەیمان ئەحمەدی، سۆران عەبدی، مێهرداد عەبدوڵڵازادە، ئومید سەیدی و سەیوان دەست ئەفکەن، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە لە سنوورەکانی، نەوسوو، سەقز، سەردەشت و هەورامان و بانە کوژراون. هەروەها ٥ کۆڵبەر بە ناوەکانی، محەممەد بایەرمحەممەدی، هەستیار عەبدولکەریمی، سەعید سلووسی، شۆڕش شوکری و ئەبووبەکر مەئخووزی، بە هۆی جەڵدەی دڵ لە کاتی کۆڵبەری و سەرما و کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە گیانیان لە دەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی ‌کۆڵبەرنیوز، هەستیار عەبدولکەریمی کە ٢٥ی نیسان بە هۆی سەرماوە لە سنووری میشیاو گیانی لەدەستداوە ، ١٥ ساڵی تەمەن بووە. جگە لە هەستیار عەبدولکەریمی سێ مناڵ بە ناوەکانی میلاد حسەینی، پەیمان ، میلاد بایەرمحەممەدی بە هۆی تەقەی راستەخۆی هێزە سنوورییەکانەوە بریندار بوون. هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا ٢٢ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بریندار بوون و ١٧ کۆڵبەر بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین بریندار بوون.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکات و ئاماژە بەوەشدەکات، حکومەتی هەرێمی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی نەناردووە. بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 21ی نیسانی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بکات و مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکات. هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری نەناردووە و لەگەڵ ناردنی لیستەکە مووچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی باران بارین دەکات کە لە سبەینێوە دەستپێدەکات و تاوە باران دەبارێت و خێرایی با زیاددەکات. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشبینی دەکرێت حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەش لەمەودای 21 و 22ی مانگ واتە یەکشەممە و دووشەممە بەزۆریش 21ی مانگ یەکشەممە ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لەتاوە باران و هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرایی با بەگشتی بڕی بارانەکە کەمە و مەگەر لە هەندێک شوێن بڕەکە زیاتر بێت،  ئاسمانی ناوچەکان لەم مەودایەشدا نێوان ئەو دوو رۆژه لەنێوان نیمچە هەوری بۆ هەوری تەواو دەبێت هاتنی ئەم حاڵەتەی ناسەقامگیری کەشە لە ئەنجامی کاریگەری بارستە هەوایه کی سارد دەبێت بۆ سەر حەوزی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێک شێ لە باشوورەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "بڕی بارانەکە لە دڵۆپەیەوە تا 10 ملم ئەگەر کراوەیه، هاوکات پلەکانی گەرما لەم ماوەی ئەم دوو رۆژەدا بەڕێژەی 2 تا 3 پلە دادەبەزێت و لە رۆژی سێشەممە بەولاوە دووباره بە شێوازی بەرچاو بەرزدەبنەوە پلەکانی گەرما". وتیشی "ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەکانی گەرما بۆ دوای خۆی حاڵەتێکی تری بارانی باشی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا دێنێت بە تایبەت لە کۆتایی مانگ بەولاوە".

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەڕێگەی چەند پەیج و ئەكاونتێك قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هەماهەنگی دەكرێت بۆ بۆ رووبەروبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە. ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024 وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند "لە چوارچێوەی هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ بەرێوەچوونی تاقیكردنەوەی نیشتیمانی و تاقیكردنەوە گشتییەكان، تیمی وەزارەت لەگەڵ دامەزراوەكانی ئاسایش و پۆلیس ئامادەسازیی دەكات بۆ رووبەڕووكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لە رێی سۆشیال میدیاوە دەیانەوێت قوتابیان و خوێندكاران فریوبدەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "پەیجێك هەیە داوای یاسایی لەسەر تۆماركراو لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لەسەر سكاڵای وەزارەتی پەروەردە كەسانێك گیران".  وەزارەتی پەروەردە داوا لە قوتابیان و خوێندكاران دەكات بە هەموو جۆرێك دووربن لەو فریودانانە و بێ ئەنجامن، هەروەها هەر كەسێكیش ئەو كارانە بكات هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەتایبەت ساڵی پار رووبەڕوی یاسای دەكەینەوە تەنانەت پاش تەواوبوونی پرۆسەی تاقیكردنەوەكانیش بێت.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم کافتریایەک لە شاری سلێمانی تەرمی هاوڵاتییەکی بە رەگەز عەرەب دۆزرایەوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024 تەرمی هاوڵاتییەک لە بەردەم کافتریایەک دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت تووشی جەڵتە بووبیت و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە". ئاماژەی بەوەشکرد "هاوڵاتییەکە بە رەگەز عەرەبە و لەدایکبووی ساڵی 1979یە و تیمەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و تەرمی هاوڵاتییەکەش رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە".

هاوڵاتی بە بڕیاری د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی تەندروستیی هاوڵاتییان دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە بێت پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، رێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان. دەقی بڕیارەکە: دوابەدوای هەردوو فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2949)لە 17/5/2022 و (7620) لە 15/11/2023 پاڵپشت بە مادەی (2) بڕگەی (3) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە (15) ی ساڵی 2007 لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە مەبەستی ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ڕیكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن (یەک تا 10)ساڵی دەكەن بڕیارمان دا كە هاوشێوەی شیری منداڵان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە: 1 پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، رێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان. 2  بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە كە هیچ جۆرە شیرێك یان تەواوكەری خۆراكی لە نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و بنكە تەندروستییەكان و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان بدرێ بە هاووڵاتییان. 3- بوونی (مروج)ی كۆمپانیاكان لە نەخۆشخانەكانی حكوومی و ناحكوومی، سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان و هەر داودەزگایەكی تەندروستی، ڕیكلامكردن بۆ شیر یان تەواوكەری خۆراكی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە. 4 هەر پزیشكیك یان كارمەندێكی تەندروستی یان فەرمانبەرێك، ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكات، ڕێكاری یاسایی تووندی بەرانبەر دەکرێت بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە. 5 هەر خۆبەخشێك كار لەگەڵ كۆمپانیای شیر یان تەواوكەری خۆراكی بكات كۆتایی بە ڕاژەكەی بهیێنرێ و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بگیرێتە بەر. 6 بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان لە كافتریای نەخۆشخانەكان بفرۆشرێت و ڕیكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكرێت، لە كاتی سەرپێچیدا جگە لە ڕێكاری یاسایی كۆتایی بە گرێبەستەكەی دەهێنرێت. 7 هەر چالاكییەكی زانستی کە لەلایەن كۆمپانیاكانی شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان ڕێك دەخرێت، پێویسە ڕەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی چاودێریی خۆراك وەربگیرێت، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاكییانە بكات، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووندیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر. 8. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان، بەرپرسن بەرانبەر جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووند لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ هەینی لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان چوار هاوڵاتی خنکاون و تەرمی دووانیان نە دۆزراوەتەوە. رائید ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی قەزای  خەبات بە هاوڵاتی راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٤:٠٠ مێردمنداڵێک لە گوندی چەمرگە لە ناحیەی بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی مەلەکردنەوە خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مێردمنداڵە کوردە تەمەنی ١٥ ساڵە و ناوی (محەمەد سەردار حەسەن)ە و تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن و گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا بەردەوامە". هەروەها دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک لە چەمی زەڵم لەنزیک خورماڵ بە خنکاوی دۆزرایەوە، هاوکات گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە روباری سیروانی قەزای کەلار لەکاتی مەلەکردندا خنکا. گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورکمان دانیشتووی شاری کەرکوکە لە زێی بچووکدا خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییەی خنکاوە ناوی (عمان قاسم حسێن) و بە رەگەز تورکمانە و تیمەکانی "بەرگری شارستانی کۆیە"دەستیان بەگەڕان کردوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک لە زێی بچووکدا خنکا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا. گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە بە هاوڵاتی راگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورکمان دانیشتووی شاری کەرکوکە لە زێی بچووکدا خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییەی خنکاوە ناوی (عمان قاسم حسێن) و بە رەگەز تورکمانە و تیمەکانی "بەرگری شارستانی کۆیە"دەستیان بەگەڕان کردوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە". بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆیە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاوڵاتییەدا.