هاوڵاتی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد." مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".  

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامادەن گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک و سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەش ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوتکردنی موچە بەغدا بوە و حکومەتی هەرێم نەبوە بۆ دانەوەشی پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نیە". مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر،وتی "گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە" لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی حکومەت وتی، "ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر کردن، هەندێک لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دروستکرد". ئەوەشی خستەڕو، "پێش چەند ڕۆژێکیش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێناوەتە پێش کە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بکرێن، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ئەو خاڵانەش دەستوری نین و بەشێکیش نین لەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەمانە". پەیوەست بە پاشەکەوتی موچە وتی، "بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە". رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو ئەو پاشەکەوتی موچەیە جارێکی دیکە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت، پێویستیم نە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیکەش هەیە".    

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای راگەیاند کە 14ی ئایار بەڕێوەچووبوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٦٨ کورسی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) ١٦٩ پارتی چەپی سەوز ( یەسەپە) ٦١ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٥٠ پارتی باش (ئیی پارتی) ٤٣ پارتی رەفاحی نوێ ٥ پارتی کرێکارانی تورکیا ٥ لەنێو پێکهاتەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا، ٤ پەرلەمانتاری هوداپار هەیە کە پارتەکە درێژکراوەی حزبوڵای تورکیایە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا، دەستیان لە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستاندا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەنێو پێکهاتەی فراکسینی جەهەپەدا، ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشەکوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ و ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویساڵ هەن.

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوای سێجار لەدواخستن، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوەوەو بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، پاش سێجار لەدواخستنی دانیشتنەكە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات. سکاڵاکە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون. لەو سکاڵایەدا سكاڵاكار داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی ناکۆکبوونی لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."

هاوڵاتی هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، با پارەی بۆ تەرخانبكرێت" و دەشڵێت "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت.  وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رەخنە لەدەستكاریكردنی رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لە لیژنەی دارایی دەگرێت و راشیدەگەیەنێت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەناچاری و بەهۆی قەیرانی داراییەوە بو، ئێستاش ئەگەر پێشنیازكراوە پاشەكەوت بگەڕێندرێتەوە با پارەی بۆ تەرخانبكرێت. هونەر جەمال باسی لەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی بۆ دیارینەكرێت و هیچ گواستنەوەی پارەش لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساكەدا نەهاتبێت، ئەمەش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوە و لە هەمو ساڵانی رابردوشدا هەر بەمجۆرە بوە" ئەوەشی رونكردەوە، " ئەو رێژەی 10%یەی پاشەكەوتی مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە باسدەكرێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە، ئەم بڕە پارەیە چۆن دابین دەكرێت با پێمان بڵێن، بەدڵنیاییشەوە بەغدا پارەمان بۆ تەرخان بكەن، نەك 10%بەڵكو 30%ی پاشەكەوتی موچە دەدەینەوە". ئەو وتەبێژە وتیشی "ئەگەر پێشنیازی پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە جێگیركراوە لەناو پرۆژەیاسای بودجە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرمون پارەی بۆ تەرخان بكەن. با رێژەی 10% نەبێت و رێژەی 30% بێت، بۆئەوەی بتوانین لە زوترینكاتدا پاشەوكەوتی موچە بدەینەوە موچەخۆران".    

هاوڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووەتەوە و هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، هیچ زانیاریەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت کە ئەردۆغان ئامادەکاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. لە کاتێکدا کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە، داوا کە محەمەد شیمشەک دەکرێت ببێتە وەزیری ئابوری. بەر لە هەڵبژاردنەکانیش ئەردۆغان لەگەڵ شیمشەک کۆببووە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆغان رۆژی هەینی یان شەممە کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات و گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە کابینەکەی پێشوودا ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا، چاوەڕێ دەکرێت، ئەردۆغان هاکان فیدان کە ١٣ ساڵە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە (میت) بکاتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆککۆماریش بکاتە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەوترێت ئەردۆغان بەنیازە، وەزیری بەرگری، بەڕێوەبەری دەستەی ئاسایشی نیشتیمان و وەزیری وزە گۆڕێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاری ١٠٪ی تێپەڕاندووە، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی هەڵاوسانیش ١٠٥٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاریش لەخوار ١٢ هەزار لیرە تۆمار کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە موچەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەتی ناگاتە ١٠ هەزار لیرە. هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تورکیا ٢٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بۆیەش ئەردۆغان لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستی بۆ بواری ئابوری بردووە و دەیەوێت محەمەد شیمشەک کە کوردێکی شاری وان باکوری کوردستانە، لە بوژاندنەوەی ئابوری تورکیادا هاوکاری بکات.

بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاکسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەکانیش ئاشکرای دەکەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاکسازیی نەکات ناچارە غاز هاوردە بکات. بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی کە گروپێکی هاککەر لە پێگەی ئەلیکترۆنی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئێران دزەیان پێکردوە، نۆژەنکردنەوە ئامێرەکانی کێلگە و پاڵاوگەکانی نەوت و غازی وڵاتەکە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیارد دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێکە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەکردوە. لەو بەڵگانەدا دەرکەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەکرێتەوە و چاکسازیی لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەکرێت، وڵاتەکە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بکات. غاز سەرچاوەیەکی سەرەکی سوتەمەنیی بزوێنەری کارگە و ئۆتۆمبێلەکانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن. بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە کاتێکدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و بەوە دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەکرێت کە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.    

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە کەسیان کوشتوە و لەئێستاشدا لێۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت. دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، لە بازگەی (بانیمەقان) سێ داواکراوی بەڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبون بە پێی ماددەی  406 لە یاسای سزادانی عێراقی. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە تۆمەتباران لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ( 6 ) کەسیان کوشتوە و هەڵاتون و ویستویانە بە ناسنامەى ساختەوە بێنە هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا بەپێى ماددەکانى 289 و 298 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و رادەستى دادگاى تایبەتمەند دەکرێن. بەپێى زانیارییەکانى دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئەو کەسانەى دەستگیر کراون تەمەنیان 23 ساڵ و 28 ساڵ و 61 ساڵن و دانیشتوى پارێزگاى ناسریەى عێراقن.  

هاوڵاتی وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڕیاری دا سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بۆ ساڵى 2024 دوابخات، لەکاتێکدا بڕیار بوو کۆتایی ئەمساڵ بکرێت. بڕیاربوو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت  لەوبارەیەوە ماھر حەمماد جوھان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئاشکرای کردوە کە بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت سەرژمێری گشتیی لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات. راشیگەیاندوە وەزارەتی پلاندانان، وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دیاری کردوە و وتی: "بەپێی وادە نوێیەکە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرژمێری گشتیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ئەنجام دەدرێت". پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە لیژنەى دارایی و بەهۆى ناکۆکى لەبارەى ماددەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەى وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەرى دیاری بکات.     دوایین سەرژمێریى دانیشتووان لەساڵى 1997 لە عێراق کراوە، بەڵام پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە. بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ماھر حەمماد جوھان ئاماژەی بەوەیشداوە، بەپێی ئامارە بەراییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتووەتە 43 ملیۆن  و 248 هەزار و 883 کەس.

بەرپرسێک ئاشکرای دەکات لە دوو ساڵی رابردودا زۆرترین پزیشک لە ئێران کۆچیان کردوە و ئەوەشی کەمیی پزیشکی پسپۆڕی لێکەوتوەتەوە. حسێنعەلی شەهریاری، سەرۆکی دەستەی تەندروستی و دەرمان و پەروەردەی پزیشکی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ لە دوو ساڵی رابردودا نزیکەی 10 هەزار پزیشکی پسپۆڕ بە مەبەستی کۆچ و چونەدەرەوە لە وڵاتەکە داوای مۆڵەتی تایبەتیان کردوە. بە وتەی شەهریاری، کۆچی ئەو پزیشکە پسپۆرانە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی توانای پەروەردە و راهێنانی پزیشکانی نوێ لە وڵاتەکەدا و ئەوەش بە قەیرانێکی تەندروستیی لەقەڵەم دەدرێت. بە پێی سیستمی رێکخستنی تەندروستیی حکومەت لە ئێران موچەی مانگانەی زۆرینەی پزیشکانی پسپۆڕ بەهۆی زیادکردنی باج لەسەریان ناگاتە 30 ملیۆن تمەن کە لە ئێستادا دەکاتە نزیکەی 500 دۆلار ، ئەوە وای کردوە پزیشکان بە ئامانجی داهاتی زیاتر وڵاتەکەیان جێبهێلن. پێشتر رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لە ئێران بڵاوی کردبوەوە کە بەهۆی کۆچەوە وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیە و حکومەت رازیی بوە بە دامەزراندنی 25 هەزار پەرستار بەڵام کەمترین داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەش کراوە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ 73%ی پزیشکان و پەرستاران بەهۆی دۆخی ئابورییەوە هەوڵی کۆچکردن دەدەن و هەندێک ئاماریش دەریدەخەن لە ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستار و خوێندکاری بواری تەندروستیی ئێرانیان جێهێشتوە.  

هاوڵاتی هاوڵاتییەکی بیانی دوای ئەوەی هەوڵیدا 37 هەزار دۆلار بە قاچاغ بباتە دەرەوەی وڵات دەستگیرکرا ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی فڕۆکەخانەى بەسرە دەستگیرکردنی گەشتیارێکی بیانی ڕاگەیاند کە بڕێکی زۆر پارەی پێبوو کە ویستویەتى لە فڕۆکەخانەی بەسرەوە بە قاچاغ بیباتە دەرەوە. بەپێى راگەیەنراوى پۆلیس، کەسە بیانییەکە کە لەشێوەى گەشتیار خۆى ناساندووە بڕى 37 هەزار و 500 دۆلارى پێبوە کە لەناو جانتایەکدا شاردویەتییەوەو ویستویەتى بەقاچاغ بیباتە دەرەوە.  

هاوڵاتی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، دەشڵێت: ئەو بانکە نازانێت جیاوازی ناکات لە نێوان کەرتی تەندروستی و گەشتوگوزاردا. د.هێرش سەید سەلیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "لە ماوەی شەش مانگ لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بو، بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات، تەنها پێنج ملیار کە بەشی تەنها مانگێکە خەرجیکردوە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابین كردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی .

هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها  سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."

گروپێکی هاککەر پێگەی ئەلیکترۆنی و سێرڤەرەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هاک دەکات و زانیارییە نهێنیەکانیش بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە سایتەکە هاک کرابێت. گروپی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سرنگونی) بڵاوی کردوەتەوە سەرجەم پێگە ئەلیکترۆنییەکان و 120 سێرڤەری سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی هاک کردوە کە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی کۆماری ئیسلامی لەخۆدەگرێت. لە بەشێک لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا نامەکانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرپرسانی سوپای پاسدارن بڵاو کراوەتەوە کە فەرمانی بە سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کردوە. ئەو گروپە سەرجەم بەڵگەکانی لە ئەژماری تێلێگرامی خۆی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە؛ سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردوە کە ناڕەزایەتییەکان بەوشێوەیە بەرفراوان بن و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگریی و ئەمنیی و سەربازییەکا راسپێردراون بۆ سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران بە تایبەت لە زانکۆکان. لە بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییە نهێنییانە دەرکەوتوە کە تا ساڵی 2020 رژێمی سوریا بڕی 11 ملیارد دۆلاری ئێران قەرزدار بوە. گروپی سەرهەڵدان تا روخان زانیارییە نهێنییەکانی 25 پاسەوانی ئیبراهیم رەئیسی بڵاو کردوەتەوە. ئەو گروپە هاککەرە کە سەر بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانە لە کاتی هاککردنی پێگەکانی سەرۆک کۆماریدا وێنەی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە لاپەڕەی یەکەمی پێگە ئەکلیترۆنییەکان داناوە. پێشتریش ئەو گروپە پێگەکانی تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاک کردبو و دوای چەند رۆژێک لە وەستان دەستی بەکارەکانی کردەوە.