پێگەی ئەلیکترۆنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هاک دەکرێت

زانیارییە نهێنییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە قەرزی وڵاتان تا بڕیاری سەرکوتی ناڕەزایەتییە بڵاو دەکرێتەوە

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



گروپێکی هاککەر پێگەی ئەلیکترۆنی و سێرڤەرەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هاک دەکات و زانیارییە نهێنیەکانیش بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە سایتەکە هاک کرابێت.

گروپی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سرنگونی) بڵاوی کردوەتەوە سەرجەم پێگە ئەلیکترۆنییەکان و 120 سێرڤەری سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی هاک کردوە کە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی کۆماری ئیسلامی لەخۆدەگرێت.

لە بەشێک لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا نامەکانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرپرسانی سوپای پاسدارن بڵاو کراوەتەوە کە فەرمانی بە سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کردوە.

ئەو گروپە سەرجەم بەڵگەکانی لە ئەژماری تێلێگرامی خۆی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە؛ سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردوە کە ناڕەزایەتییەکان بەوشێوەیە بەرفراوان بن و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگریی و ئەمنیی و سەربازییەکا راسپێردراون بۆ سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران بە تایبەت لە زانکۆکان.

لە بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییە نهێنییانە دەرکەوتوە کە تا ساڵی 2020 رژێمی سوریا بڕی 11 ملیارد دۆلاری ئێران قەرزدار بوە.

گروپی سەرهەڵدان تا روخان زانیارییە نهێنییەکانی 25 پاسەوانی ئیبراهیم رەئیسی بڵاو کردوەتەوە.

ئەو گروپە هاککەرە کە سەر بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانە لە کاتی هاککردنی پێگەکانی سەرۆک کۆماریدا وێنەی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە لاپەڕەی یەکەمی پێگە ئەکلیترۆنییەکان داناوە.

پێشتریش ئەو گروپە پێگەکانی تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاک کردبو و دوای چەند رۆژێک لە وەستان دەستی بەکارەکانی کردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار