سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی عێراق ئەمساڵیش ئەنجام نادرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڕیاری دا سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بۆ ساڵى 2024 دوابخات، لەکاتێکدا بڕیار بوو کۆتایی ئەمساڵ بکرێت.

بڕیاربوو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت  لەوبارەیەوە ماھر حەمماد جوھان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئاشکرای کردوە کە بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت سەرژمێری گشتیی لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات.

راشیگەیاندوە وەزارەتی پلاندانان، وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دیاری کردوە و وتی: "بەپێی وادە نوێیەکە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرژمێری گشتیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ئەنجام دەدرێت".

پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە لیژنەى دارایی و بەهۆى ناکۆکى لەبارەى ماددەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەى وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەرى دیاری بکات. 

   دوایین سەرژمێریى دانیشتووان لەساڵى 1997 لە عێراق کراوە، بەڵام پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ماھر حەمماد جوھان ئاماژەی بەوەیشداوە، بەپێی ئامارە بەراییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتووەتە 43 ملیۆن  و 248 هەزار و 883 کەس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار