هاوڵاتى وتهبێژى بزوتنهوهى گۆڕان نیگهرانى وهزیرى دارایى و ئابورى ههرێم پشتڕاست دهکاتهوهو دهڵێت: وهزیرى دارایى پێیوایه به رێککهوتنى پێشوهختى نێوان سهرۆک و جێگرى سهرۆکى پهرلهمان موزایهدهى سیاسى کراوهو بزوتنهوهى گۆڕان کراوهته ئامانج. دلێر عهبدولخالق، وتهبێژى بزوتنهوهى گۆڕان به میدیاى رهسمى حزبهکهى راگهیاند، نیگهرانى وهزیرى دارایى و ئابورى لهوهوه سهرچاوهى گرتوه که پێیوایه "له رێگهى سهرۆک و جێگرى سهرۆکى پهرلهمانهوه رێککهوتنى پێشوهخته کراوه و ههوڵدراوه موزایهدهیهکى زۆر بکرێته سهر تیمى حکومهت و بهتایبهتیش خودى وهزیرى دارایى و ئابورى حکومهتى ههرێمى کوردستان و له رێگهى ئهویشهوه به ئامانجگرتنى بزوتنهوهى گۆڕان، لهکاتێکدا خهڵکى ههرێمى کوردستان باش دهزانێت لێبڕینى موچه بڕیارى ئهنجومهنى وهزیرانه و سهرۆک وهزیران و جێگرى سهرۆکى حکومهت لێى بهرپرسن". ههروهها وتهبێژى بزوتنهوهى گۆڕان راشیگهیاند:" نیگهرانییهکانى وهزیرى دارایى لهرێگهى دیوانى ئهنجومهنى وهزیرانهوه به شێوهیهکى فهرمى گهیهندراوه به سهرۆک و جێگرى سهرۆکى حکومهت". دواى کۆبونهوهکهى پهرلهمان، ههریهک له ئاوات شێخ جهناب وهزیرى دارایى و ئابوورى و خالید شوانى وهزیرى ههرێم بۆ کاروبارى پهیوهندییهکانى ههولێرو بهغدا نیگهران بوون له رهخنهکانى پهرلهمانتارانى پارتى ئامادهنهبوون بهشدارى کۆبونهوهى دوێنێى حکومهتى ههرێم بکهن.
هاوڵاتى نرخى نهوتى خاو له بازارهکانى جیهاندا جارێکى دیکه رووى لهبهرزبونهوه کردووهتهوهو بهرمیلێک نهوتى خاوى برێنت به 75 دۆلاره. ئهمڕۆ پێنج شهممه 1 ى تهموزى 2021، نرخى یهک بهرمیل نهوتى برێنت له ئێستادا به 75 دۆلار و چوارسهنت مامهڵهى پێوه دهکرێت، له دوا داخستندا به 74 دۆلار و 63 سهنت بوو. ههروهها یهک بهرمیل نهوتى خاوى ئهمریکا(تهکساس) به 73 دۆلارو 76 سهنت مامهڵهى پێوه دهکرێت، له دوا داخستندا به 73 دۆلار و 42 سهنت بوو. بریاره ئهمڕۆ وڵاتانى ئهندام لهرێکخراوى ئۆپێک پڵهس کۆببنهوه تێیدا گفتوگۆ لهسهر زیادکردنى رۆژانهى 500 ههزار بهرمیل نهوتى دیکه بدهن بۆ ههناردهکردن ئهوهش له 1ى ئاب واتا مانگێکى دیکه بچێته بوارى جێبهجێکردنهوه.
هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی بەلجیکا، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ کۆبوویەوە و وتووێژیان دەربارەی هەماهەنگیی و فراوانکردنی چالاکییەکانی نێوان رێکخراوەکە کرد لە عێراق. ئەمڕۆ، چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، نوسینگەی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق راگەیاندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکە بڵاکردەوە تێیدا هاتووە: سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ “یەنیس ستوڵتینبرگ” لە بارەگای ڕێکخراوەکە لە وڵاتی بەلجیکا لە شاری برۆکسلی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەتوە، تێیدا وتووێژکرا لەبارەی هەماهەنگیی و کارە هاوبەشەکانی رێکخروەکە ناتۆ لە عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا و ئەوەمیش بە تایبەتە سیاسیی و ئابووریی و ئەمنیی و بازرگانییەکان. ئەوەشی تێدا هاتووە، هەروەها تاوتوێی فراوانکردنی کارەکانی نوێنەرایەتی رێکخراوی ناتۆ کراوە لە خاکی عێراق دا، ئەمەیش گوێرەی پێداویستیی و هاوکاریی و هەماهەنگیی پێشتر کە لەسەری رێککەوتوون لەگەڵ عێراق دا. سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەوی وتووە: پێشخستنی پەیوەندییەکان لە نێوان رێکخراوی ناتۆ و حکومەتی عێراق، بەو شێوەیە کە بەشێکە لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و هێمنیی ناوچەکە و جیهان، هەروها “نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ کێشمەکش و یەکلاکردنەوەی ململانێکان یاخود لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.” مستەفا کازمیی، ئاماژە بەوەشکردوە، کە رێکخراوی ناتۆ کاریکردوە بۆی گەشەپێدانی توانا سەربازیی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی، کەشی ئەوەی رەخساندوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوە بچێت. هەروەها ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ناتۆ، بەڵێنی ئەوەی داوە کە کۆمەک و هاوکاریی رێکخراوەکە بۆ عێراق بەردەوامیی دەبێت، حکومەتی عێراقیش لەمەدا دەتوانێت پشت بە کۆەکی ناتۆ ببەستێت، جەجتیکردەوە: “ناتۆ کارەکانی لە عێراق فراوان دەکات، ئەمەیش بە تایبەت لە بواری ڕاوێژکاریی و راهێنان بە هێزە کانی حکومەتی عێراق.”
هاوڵاتى فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە شاری هەولێر، چەند کارمەندێکی ئەو دەزگایە کوژراون". ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، لە بڵاوکراوەیەکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی سێشەممە رێککەوتى 29ی حوزەیرانی 2021، رۆژنامەی "کەیهان"ـی ئێرانی، هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایا لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە شاری هەولێر، چەند کارمەندێکی ئەو دەزگایە کوژراون". حکومەتی هەرێمی کورستان دەڵێت، "ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە، و رایدەگەیێنینەوە کە ئەم هەواڵە راست نیە و هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لە کوردستان بوونی نیە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە هەواڵانە، دروستکردنی ڕق و ناکۆکییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان". حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشدەخاتەروو، " داوا لە دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەین ڕێگە لە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە چەواشەکارییانە بگرن کە خزمەت بە پەیوەندییەکانی هەردوو لا ناکات". دەقی بڵاوکراوەکە فەرمانگەی میدیا و زانیاری: هەواڵی رۆژنامەی کەیهان راست نیە و بێ بنەمایە رۆژی سێشەممە رێککەوتى ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، رۆژنامەی "کەیهان"ـی ئێرانی، هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایا لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە شاری هەولێر، چەند کارمەندێکی ئەو دەزگایە کوژراون. ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە، و رایدەگەیێنینەوە کە ئەم هەواڵە راست نیە و هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لە کوردستان بوونی نیە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە هەواڵانە، دروستکردنی ڕق و ناکۆکییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان. داوا لە دەسەڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەین ڕێگە لە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە چەواشەکارییانە بگرن کە خزمەت بە پەیوەندییەکانی هەردوو لا ناکات. فەرمانگەی میدیا و زانیاری چوارشەممە ٣٠ی حوزایرانی ٢٠٢١
هاوڵاتى تەقینەوەیەکی بەھێز لە ناوچەی سەدری بەغدا و لە بازاری محابس-ی ئە وشارە روویدا، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان نزیکەی 15 کەس کوژران و برینداربوون". ئاژانسەوکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی حوزەیرانی 2021. تەقینەوەیەك لەناوچەی سەدر-ی شاری بەغدا روویداو بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش ژمارەیەك کوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە. سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراق بڵاویكردەوە، تەقینەوەكە لە بازاڕێكی میلـلی لەناوچەی سەدر لە باكووری بەغدا روویداوە تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبێكەوە بووە، كە لە بازاڕەكەدا دانراوە.
هاوڵاتى ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لەکۆگایەکی خواردەمەنی لە شاری دهۆک کەوتەوە و تائێستاش تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆکردنی ئاگرەکەن و هێشتا قەبارەی زیانەکان نازانرێت. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگرێک لە کۆگایەکی خواردەمەنی لە شاری دهۆک کەوتووەتەوە و زیاتر لە پێنج تیمیش لە هێزەکانی پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە گەشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە. وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە ئێن ئار تی راگەیاند، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و هۆکاری سەرهەڵدانەکەشی نازانرێت، تائێستاش هیچ زیانییەکی گیانیی بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمار نەکراوە. ئاگرەکە لە کۆگایەکی خواردەمنی کەوتوەتەوە، کە بەتەنیشیییەوە کۆگایەکی درووستکردنی ئۆکسجین هەیە و مەترسی لەسەر کۆگایەش هەیە، دەشڵێت، "تا ئێستا هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە نازانرێت بەڵام بەگوێرەی پیشبینییەکان ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە سەریهەڵداوە".
هاوڵاتى ئەمنیداری حكومهتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە، بڕیاردرا سبەینێ پێنجشەممە لەسەرجەم فەرمانگەو دام و دەزگا حكومییەكانی شاری بەغدا بكرێتە پشوو. ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئەمینداری حكومهتی عێراق بڵاویكردووەتەوە، تێیدا هاتووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشاری بەغدای پایتەخت، بڕیاردرا سبەینێ لەسەرجەم دام و دەزگا حكومییەكانی ئەو شارە بكرێتە پشووی فەرمی. بڕیارەكەی ئەمینداری حكومهتی عێراق لەكاتێكدایە لەچەندین شاری عێراق، لەوانەش كەركوك، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەرادەبەدەری پلەكانی گەرمییەوە، كە لەهەندێك شاردا گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سیلیزییەوە، كاتژمێرەكانی دەوامكردن لە فەرمانگە حكومییەكان كەمكراوەتەوە.
هاوڵاتى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا، نزیک کەمپی سەردەشت لە چیای شنگال بۆردوومان دەکات. بۆردوومانەکە بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە کەمپی سەردەشت بووە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی دروستکردووە. لە ساڵی 2018وە چەند جارێک شنگال لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردوومانکراوە. بەرەبەیانی 25-04-2017، چیای شنگال و دەوروبەری لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانکرا. هاوکات ژمارەیەک بنکە و بارەگای یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکران. هەروەها شهوی پێنجشهممه 13-12-2018، سوپای توركیا رایگەیاند "پێگهكانی پهكهكەی" له كەمپی پەنابەرانی مهخموور و شنگال كردووەتە ئامانج و بههۆیهوه چوار كهس گیانیان لەدەستداوە و پێنج كهسی دیكهش برینداربوون. لە 04-11-2019 فڕۆکەکانی تورکیا کۆمەڵگەی خانەسۆریان بۆردوومانکرد، بەو هۆیەوە سێ شەڕڤانی یەبەشە برینداربوون.
هاوڵاتى وهزارهتی تهندروستی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، له دوێنێوه نۆ ههزار و چوارسهد و ههشت پشكنینی كۆرۆنا كراون، لهنێویاندا حهوتسهد و بیست و سێ توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و پێنجسهد و چل و نۆ توشبوش چاكبونهوه، شهش توشبوش مردون. وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهراگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، له 24 كاتژمێری رابردودا نۆ ههزار و چوارسهد و ههشت پشكنینی كۆرۆنا كراون، لهنێویاندا حهوتسهد و بیست و سێ توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون، كه سهد و شهشت و چوار له ههولێر، دوسهد و چل و یهك له سلێمانی، دوسهد و ههشتا و شهش له دهۆك، سی و دو له گهرمیان بون. ئاماژهی بهوهشكردوه، پێنجسهد و چل و نۆ توشبو چاكبونهتهوه، ههروهها شهش كهسیش مردون، پێنج كهس له سلێمانی و كهسێكیشیان له ههولێر بوو.
هاوڵاتى هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" یەکێتی یهكخستنی پێشمهرگهی کردووە بە ئەولەویەتی کارەکانی و ڕۆڵی کارای هەیە تیایدا". ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، لە فەرماندەی هێزەکانی حەفتا لە شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەی هێزەکانی پشتیوانی دوو کۆبوەوە و رایگەیاند: "یەکێتی یهكخستنی پێشمهرگهی کردووە بە ئەولەویەتی کارەکانی و ڕۆڵی کارای هەیە تیایدا". بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لە هێزەکانی پشتیوانیی دوو کردووە کە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بە ڕەسمی دەچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاندووە. " پێزانینی خۆم پێشکەش بەم هێزە پۆڵایینە دەکەم کە بە بڕیاری سەرۆک مام جەلال دامەزراوە و خاوەنی بنچینەیەکی سەربازیی بەهێزە لەسەر دەستی فەریق نەوشیروان فواد مەستی کە زۆر بە سەرکەوتووانە شارەزا کراون بە دیسپلین و زانستی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانی باشیان ئەنجامداوە". باسیلەوەشکردووە، " وایدەبینین قووڵایی ستراتیژمان لە بەغدایە لە ڕوانگەی ئەو دەستوورەی کە پارێزگاری لە مافەکانمان دەکات و تاکە چەکە لە ئێستادا بەرگریی لە مافەکانمان پێبکەین"، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی مەترسییەکان کردووە وتویەتی،"بەردەوامی هەڕەشەکان لەسەر ئەزموونەکەمان دەخوازێت کە زیاتر گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدەین، هەر بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یهكخستنی پێشمهرگهی کردووە بە ئەولەویەتی کارەکانی و ڕۆڵی کارای هەیە تیایدا". دواتر باسی لە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد و گرنگی و چارەنوسسازی ئەو هەڵبژاردنەی ڕوونکردەوە و وتی، "ئەگەر کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت لە بەغدا دەتوانێت لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بکەین، لەو سۆنگەیەشەوە پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانی بە دەستکەوتێکی گەورە لە قەڵەمدا و جەختیکردەوە کە دەرگای هاوپەیمانیەتییەکەمان کراوە دەبێت".
هاوڵاتى یەکێتی ئەوروپا لەبارەی سزادانی حوکمدراوانی بادینان رایگەیاند:" بڕیاری دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بە چاکسازییەکی بەپەلەی دادوەری و دامەزراوەیی هەیە". ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق "هاوبەشی ئەو نیگەرانییە جیدییەن کە لەلایەن یوونامی و ئۆ ئێچ سی ئێج ئار( نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان) لە راپۆرتی هاوبەشیان لە 12ی ئایارادا خرایەڕوو کە تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە رێز لە بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەکاتی دادگاییکردنەکاندا نەگیراوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەفدی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق هانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەدەن چاو بە پێشنیازە سەرەکییەکانی راپۆرتی یوونامی و ئۆ ئێچ سی ئێج ئار بخشێننەوە، بەتایبەتی ئەو پێشنیازانەی پەیوەستە بە هەراسانکردن، تۆقاندن و تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکڤانان، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابوون هەبێت لەوەی کە یاسای تاوانەکان وەک ئامرازێك بۆ سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین بەکارناهێندرێت." یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەدات کە ئازادی رادەربڕین، ئازادی میدیا و هەروەها دادگەی سەربەخۆ، پێکهاتەی سەرەکی دیموکراسین. دوو رۆژ پێش ئێستا نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە هەولێر (یونامی) لەبارەی بڕیاری سزادانی حکومدراوانی بادینان لە تویتێکدا رایگەیاند، "بڕیاری دوێنێی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بە چاکسازییەکی بەپەلەی دادوەری و دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی رێگە لەم جۆرە هەڵە دادوەرییە لە داهاتوودا بگیرێت". رۆژی 27-06-2021 دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی حوکمدراوانی بادینان دەرکرد، بەو پێیەش هەر یەکە لەو چالاکڤان و رۆژنامەڤانانە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دران. مارتین هووت، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "تووشی شۆک بووم بە بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر کە جەخت لە سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ پێنج رۆژنامەڤانەکە و چالاکڤانەکە دەکاتەوە کە لە مانگی ئابدا ئەو سزایەیان بۆ بڕێندرایەوە، ئەوە سەرەڕای کەموکورتییە رژدییەکان و تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێکردبوون". لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق لە تویتێکدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە لە دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان دەربڕی و رایگەیاند، "نائومێد بووین لە بڕیارەکەی دوێنێی دادگەی پێداچوونەوە لەبارەی سزادانی شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا و گوهدار زێباری." لە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەدا گۆڕانکاری کراوە و تۆمەتی سیخوڕیکردنی رۆژنامەڤان و چالاکڤانەکان بۆ کۆنسوڵخانەکان لابراوە. باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی میدیا و سیستەمی دادوەریی سەربەخۆ و پڕۆفیشناڵ لە پێکهاتە بنچینەییەکانی دیموکراسین". پێشتر پارێزەرانی دۆسیەکە تانەیان لە بڕیارەکەی دادگەی تاوانی دووی هەولێر دابوو، بەو بڕیارەش، دادگەی پێداچوونەوەی تانەکانی رەتکردووەتەوە و بڕیاری دادگای هەولێری پەسندکردووە. لە 16ـی شووباتی رابردوودا دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئهیاس کەرەم، شێروان شێروانی، شڤان سهعید بەڕۆژکی، گوهدار محەممەد زێباری و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدا، بڕیارەکەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژی 7ی حوزەیرانی 2021 دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان لەسەر داوای دادگەی تێهەڵچوونەوە، رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە کرا.
هاوڵاتى سكرتێری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهو سێ ملیار دۆلارهی لهسهر قهرزهكانی حكومهتی ههرێم زیادی كردووه، قهرز نییه، بهڵكو پابهندی داراییه و مووچهی پێنج مانگی خهرج نهكراوی ساڵی 2020ه. ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، ئامانج رهحیم، سكرتێری حكومهتی ههرێمی كوردستان له روونكردنهوهیهكدا دهڵێت: "لەبارەی ئەو (سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلار)ەی کە زیاد بووە لەسەر پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم و لە دانیشتنەکەی پەرلەمان خستمەڕوو، بە پێویستم زانی ئەم روونکردنەوەیە بە هەموولایەک بدەم". ئامانج رهحیم باسی لهوهشكردووه: "سەرۆك وەزیران لە ٥-١٠- ٢٠٢٠ لە بەردەم پەرلەمان رایگەیاند كە حكومەت ٢٨ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن دۆلار پابەندی دارایی لە ئەستۆیە، لەپاش ئەو بەروارەوە، حکومەت لە ٧-١٠-٢٠٢٠ بڕیاریدا بە ڕاستکردنەوەی مانگەکانی پێدانی مووچە، و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران كە بڕەكەی (٣ ملیار و ١٥٩ملیۆن دۆلار)ە وەک (مووچەی خەرجنەکراو) خرایە سەر پابەندییە داراییەكانی هەرێم نەک بەو بڕە پارەیە قەرز کرابێت (کە هەرێم بە پێی دەستوور هەر دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نیە)، ئەمەش وای کرد پابەندیی دارایی حکومەت لە (٢٨ ملیار و٤٧٧ ملیۆن دۆلار)ەوە ببێت بە (٣١ ملیار و ٦٣٦ ملیۆن دۆلار)". دهشڵێت: "ئەركی ئێمە ڕاگەیاندنی راستییەكانە وەک خۆی بەدروستی بە پێی ئەو داتایانەی لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێمان گەیشتووە، و ئەوەی كە لەپەرلەمان رامانگەیاند وەك ئەركی سەرشانمانە بۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران، و هەر تەفسیرێکی دیکە کە لە غیابی خۆم بۆ قسەکانمان بکرێت دوورە لە ڕاستیەوە.
هاوڵاتى پێشانگەیەکی مۆبیلیات لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر گڕ دەگرێت و بەشێکی زۆی کەلوپەلەکانی پێشانگەکە سووتاون و تاوەکو ئێستا زیانە گیانییەکان دیار نییە قائیمامی هەولێر رایگەیاند:" خەڵکمەرجەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێبکەن". ئەمڕۆ چوارشهممه 30ی حوزهیرانی 2021، پێشانگەیەکی مۆبیلیات لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر گڕ دەگرێت و نزیکەی کاتژمێرێک ئاگری تێبەربووە و دواتر کۆنتڕۆڵکراوە. نەبەز عەبدولحەمید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەڵمەتێکیان راگەیاندووە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی و سەردانی چەند باڵەخانەیەکیان کردووە و تێبێنی ئەوەیان کردووە کە بەشێک لە هاونیشتمانیان کەموکورتییان هەیە لە رەچاوکردنی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قائیمامی هەولێر رایگەیاند، داوا لە خەڵک دەکەن کە مەرجەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێبکەن، هەروەها داوای ئەوەش دەکات کە لە کاتی رووداوێکی کتوپڕی لەو شێوەدا خەڵک یارمەتیی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بدەن، بەڵام ئەمڕۆ تێبینی ئەوەیان کردووە کە خەڵك بوونەتە رێگر لە بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە.
هاوڵاتى رۆژانی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا. هەفتانە لە رۆژی چوارشەممەدا، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە نەکرا. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا مۆڵەتیان وەرگرتووە. رۆژی 28ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی حکومەت کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە پەرلەمانتاران ( بە پەرلەمانتارانی پارتی، یەکێتی و گۆڕانیشەوە ) رەخنەیان لە وەزیری دارایی گرت و بە بەشێک لە هۆکارەکانی کێشە داراییەکان تۆمەتباریان کرد. بەپێی زانیارییەکانی لەدوای دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، لە وەزارەتی داراییش دەوامی نەکردووە.
هاوڵاتى سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند :" لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەكانمان بۆمان ئاشكرابووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم قەرزی لە هیچ وڵاتێك و بانكێك و بازرگانێك نەكردووە. عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی: بەدواداچونی وردمان کردووە لەسەر ئەوەی گوایە سێ ملیار دۆلار بۆ قەرز زیادبووە. دەشڵێت: "ئەمڕۆ وەردەکاریی ئەو سێ ملیارد دۆلارە باس دەکەم، کە باس دەکرێ بۆ قەرزەکان زیادبوە، کە بەداخەوە تەرکیزی لەسەر وردەکاری گەندەڵی نەوت و خاڵی سنوری وباج لادرا کە ئێمە وەک پرۆژەیەک لە پەرلەمان باسمان کرد". لە دانیشتنی ٢٨ مانگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند:كۆی گشتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم تا ٣١ی ئازاری ساڵی ڕابردوو ٢٨ ملیار و ٤٧٦هەزار دۆلار بووە، بەڵام لەمساڵدا ئەم ژمارەیە زیادی كردووە بۆ ٣١ ملیار و ٦٣٧ هەزار دۆلار.وەك سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو قەرز لە ھیچ وڵات وبانکێکی ناوخۆی ودەرەکی و بازرگانێک نەکراوە.