هاوڵاتی  ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا." سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر." لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە. ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان. بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت.  ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.

نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبونەوە و رابەری باڵای ئێران پێی راگەیاندوون کە لە پشتیوانیان بەردەوام دەبن. ئەم کۆبونەوەیەکە لەکاتێکدایە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئێستادا لە جەنگدان و ئێران بە هاندەری حەماس بۆ دەستپێکی ئەم جەنگە ناودەبرێت. ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیرووت پێشتر رایگەیاندبوو ئیسماعیل هەنییە و وەفدی هاوڕێی، چەند رۆژێکە لە تارانن. نووسینگەی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نوسیویەتی، "ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی غەزە و تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد." بە پێی راگەیاندراوەکە، عەلی خامنەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوەتەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین بدات. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی جگە لەوەی چەند رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ باشوری ئیسرائیل، ئەوەی رەتکردەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەم رۆژانەی دواییدا، ئەوەی رەتکردەوە کە ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان بەڕێوە ئەچێت.

هاوڵاتی  قەزای ئامێدی وەک یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە خاوەن کارەبای پریپەید و بەرێوبەری کارەبای ئامێدی دەڵێت، لە مانگی رابردووەوە سیستەمەکە کەوتووەتە کار و ئیشکردن بە موەلیدە لە قەزاکە راگیراوە. ئارام جەلال، بەرێوەبەری کارەبای ئامێدی لە بارەی بەستنی سیستەمەکەوە لە قەزاکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە 22ی مانگی رابوردوەوە کارەبای ئامێدی بووەتە سیستەمی پریپەید بەڵام هێشتا لە هەموو ماڵەکان نەبەستراوە، رۆژانە ژمارەکە زیاد دەبێت و لەچەند رۆژی ئاییندە دا تەواوی دانیشتووانی سەنتەری قەزا سیستەمە تازەکە بەکاردێنن، ئێستا کارکردن بە موەلیدە بەشێوەیەکی بەرفراوان کە قەزاکەمان وەستاوە." ئارام جەلال وتیشی، "سیستەمەکە جارێ تەنها بۆ سەنتەری ئامێدیە و لەبەرنامەماندایە ناحیە وگوندەکانیش ئەو سیستەمە بەکاربێنێن." بەپێی قسەی بەرێوبەری کارەبای ئامێدی، لە سنوری قەزاکە  سەروو 27 هەزار بەشداربووی کارەبا هەن. وەزارەتی کارەبا پرۆژەی پریپەیدی کارەبا لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێبەجێ کردووە و لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت، هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و زیاتر و دادپەروەرانەتر سوود لە کارەبا وەربگرن. پرۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێریش بوونی هەیە و لەماوەی رابردوودا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوویەوە بەهۆی گرانکردنی نرخەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا 150 دینار لە سلێمانی و 175 دینار لە هەولێر دیاریکرابوو.  دوای ماوەیەکی زۆر لە خۆپیشاندان و نارەزایی، دواجار وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا نرخەکە کەمبکاتەوە بۆ 100 دینار بۆ هەر یەکەیەک.

هاوڵاتی  روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک پارێزگای حەسەکە درۆنیکی تورکییان خستەخوارەوە کە نزیک دەبووەوە لەو هیزانە.  روانگەی سوری دەڵێت لەکاتی نزیکبوونەوەی درۆنەکە لە بنکەی هێزەکانی ئەمریكا لە ناوچەی تەل بەیدەر لە باكوری حەسەكە، هێزەكانی ئەمریكا درۆنەکەنەکەیان خستووەتەخوارەوە.  هاوکات ئاژانسی نۆرس پرێس رایگەیاندووە، سەرچاوەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەڵێت، ئەو درۆنەی خراوەتەخوارەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە هاتووە، کە ناسراوە بە سوپای نیشتمانی سوریا و تورکیا پشتگیری دەکات دژی بەشار ئەسەد. مانگێک لەمەوپێش هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە لە هەمان پارێزگا کە نزیک دەبووەوە لە هێزەکانی ئەمریکا لەوکاتەی ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکی راگەیاندبوو دژی رۆژئاوای کوردستان و بۆردومانی چڕی دەکرد.  لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرش بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق زیادیکردووە و لە 15 رۆژدا زیاتر لە 21 هیرشیان کراوەتەسەر.

هاوڵاتی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسی ئاشکرایکردوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی  لەڕێگەی زیاتر لە 90 بارهەڵگرەوە هێزی سەربازی نوێیان ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانیان لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە. بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی سپۆتینكی ڕووسی، دوێنێ شەمە ئەمریكا بە مەبەستی ڕێگریكردن لەو هێرشە مووشەكی و درۆنیانەی لە سووریا دەكرێتە سەر بنەکەکانیان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ڕێگەی (٩٠) بارهەڵگرەوە، چەكی قورس و تۆپخانەی ڕەوانەی بنكەكانیان كردووە لە سووریا. ڕاپۆرتەكەی سپۆتینك باسی لەوەش كردووە: ناردنی ئەو بارهەڵگرانە بە دوو كاروان بووە، كاروانێكیان پڕبوون لە تۆپخانە و چەكی قورس و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، كاروانی دووەم بریتی بووە لە تانكەری سووتەمەنی و سندووقی داخراو و كەلوپەلی سەربازیی، هاوكات لەو كاروانەدا چەند بارهەڵگرێك بەبێ ئەوەی بزانرێت چی لەناودایە بە چادری ڕەش داپۆشراوە و لەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە)دان. سەرچاوەکان بەو ئاژانسەشیان وتووە، هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکی‌و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ئەو کاروانە سەربازییەیان پاراستوە، ئەوە جگە لەوەی هێزێکی سەربازیی هەسەدەش هاوڕێیەتی ئەو کاروانە سەربازییەیان کردوە، بەوپێیەی ترسی ئەوەیان هەبووە لەکاتی داخڵبونیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن درۆنی خۆکوژیی ئێرانییەوە بەئامانج بگیرێن. زیادكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، ڕۆژانە بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لەلایەن بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نزیك لە ئێران بە درۆن و مووشەك دەكرێنە ئامانج.

هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.          

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی WAFA ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل دوێنێ شەممە هێرشی کردە سەر کەمپێکی پەنابەرانی غەزە و بووە هۆی کوژرانی 51 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل داواکارییەکانی جیهانیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕەتکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە غەزە، خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە لە شارەکانی سەرانسەری جیهاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کۆتاییهێنانیان بە شەڕی غەزە کرد کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە. ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند، بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی المغازی لە ناوەڕاستی شاری غەززە بوەتەهۆی گیانلەدەستدانی 51 کەس، ئەوەش دوای راگەیاندنی هاتنی نزیکەی 20 تەرمی دیکە. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ئێوارەی ڕۆژی شەممە رایگەیاند، لە 7ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ 9 هەزار و 488 کەس بەرزبوەتەوە کە سێ هەزار و 900 منداڵیان تێدایه‌. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، 70%ی قوربانیانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل منداڵ و ژن و بەساڵاچوانن و زیاتر لە هەزار کۆمەڵکوژی لە دژی بنەماڵە فەڵەستینییەکان ئەنجامدراوە. هەروەها وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، سعودیە، میسر، ئوردن وئیمارات ڕۆژی شەممە لە عەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوە و داوایان لە واشنتن کرد   ئیسرائیل ڕازی بکات ئاگربەستەکە ئەنجام بدات. لە بەرامبەردا مانگی سوری فەڵەستین ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، 30 بارهەڵگر هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە پێگەیشتوە، بەوەش ژمارەی ئەو هاوکاریانەی لە 21ی مانگی رابردوه‌وه‌ گەیشتونەتە کەرتی غەززە بۆ 451 بارهەڵگر بەرزبوەتەوە.    

هاوڵاتی  سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 44ەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کرد خۆیان لە سەردان کردن بۆ ئێران بپارێزن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لەبەر ئەوەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە، نابێ بە هیچ هۆکار و بیانوویەک سەردانی ئێران بکەن." لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە 4ی تشرینی دووهەمی 1979 کراوە کە زیاتر لە ساڵێک بارمتەبوون دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ لەوکاتەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دواتریش روداوەکە بە قەیرانی بارمتەکانی ئێران ناسرا لە جیهاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە ئەکات کە "بە داخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەم کارەیان ئێستاش هەر بەردەوامی هەی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی لە لایەن ئێرانەوە، بە مەبەستی مامەڵەکردن بە ناڕەو ادەەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگرت نو دەستبەسەرکردنی "نایاسایی هاوڵاتییە بیانییەکان و هەروەها پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمە هاوشێوەکان وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم چەشنە ئاکارانە." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماسەوەو  دەدات و دەڵێ، "ئێمە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەریکی کردەوەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی بیانین بە ناڕەواز دەزانین و خوازیاری نەمانی ئەم جۆرە کردەوانەین." بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە ئەکەن لە هێرشی 7ی مانگی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون.

هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بەتۆمەتی فریودانی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی نوشتە و جادوو 19 کەسیان دەستگیرکردووە و دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا. ئاسایشی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، "هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وورد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە فریودانی هاوڵاتیان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند هەڵمەتێکدا (نۆزدە) کەسیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری نوشتە و جادوو دەستگیرکرد." ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، لە سەروبەندی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ "نوشتە کردن و هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیان بەکاریان هێناوە" لەپێناو دەستکەوتنی بڕێک پارە. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (٤٥٦) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

هاوڵاتی  د.سەیوان عەلی رەزا رایگەیاند گۆڕان زیانی بەخۆی دەگەیەنێت بە دوورخستنەوەی ئەو و ئەوەی کردوویەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، دەشڵێت، "شتم زۆر لایە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە." د.سەیوان عەلی، کە دوێنێ هەیینی لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دووخرایەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "گۆڕان زەرەری کرد لە دوور خستنەوەی من، بەڵام درەنگە تازە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلایە، ئەوە نییە کابرایەک بم هیچ نەزانم بزوتنەوەی گۆڕان دورم بخاتەوە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلا هەیە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە، بەڕای من بزوتنەوەی گۆڕانم شتێکی خراپی کردووە." دوێنی هەیینی 3ی تشرینی دووەمی 2023، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا وتی، "بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان." د.سەیوان عەلی دەڵێت ئەو بڕیارەی دژی ئەو دراوە هەنگاوی گۆرانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بڕیاری گرنگتر هەبوو گۆڕان بیدات. "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا تێک دەچێت، کێشە لە ناو خۆی عێراق هەیە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بە شتە چارەنووس سازەکان ئەوەی پەیوەندی بە تاک تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بڕیارێکی بدایە چۆنیەتی لەسەر داهاتووی کوردستان بدایە، نەک وەڵا سەیوانمان دوور خستۆتەوە، ئەمەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی بانگەشەیە بە دوور خستنەوەی من، بە دەرکردنی من گۆڕان هیچ زیاد ناکات، بە پێچەوانەدە دەنگی کەم دەکات."

هاوڵاتی  بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند سبەینی شاندێکی پارتی سەردانی کەرکوک دەکات بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک بە زانکۆی کەرکوک. محەممەد کەماڵ، بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند، "بەبڕیاری مەسعود بارزانی سبەی شاندێكی پارتی دێتە كەركوك‌ و باڵەخانەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك- گەرمیان وەردەگرینەوەو پێشكەشی زانكۆی كەركوكی دەكەین. محەممەد کەمال دەشڵێت، "بارەگاكانی دیكەش وەردەگرینەوەو بڕیاری گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوە." رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک.  رۆژێک دواتر لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک  و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن.  پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە.  لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی  لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت.  پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.

هاوڵاتی  تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت  کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."  

هاوڵاتی  سەعید ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند بەمزوانە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە و لەبارەی کات و شوێنەکەوە هەردوولا لە گفتوگۆدان. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، سەعید ئەحمەد پیرە رایگەیاند، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا لەگفتوگۆداین." پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە هەوڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و بە دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی واژۆ دەکەن.

هاوڵاتی  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان،  داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە. لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک." کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات.  لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت." تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن. رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا. دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.