کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکایەتى حزبەکەى دۆڕاند

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا.

ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە.

کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە.

لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات.

بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا.

کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە.

جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار