هاوڵاتی د.سەیوان عەلی رەزا رایگەیاند گۆڕان زیانی بەخۆی دەگەیەنێت بە دوورخستنەوەی ئەو و ئەوەی کردوویەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، دەشڵێت، "شتم زۆر لایە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە." د.سەیوان عەلی، کە دوێنێ هەیینی لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دووخرایەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "گۆڕان زەرەری کرد لە دوور خستنەوەی من، بەڵام درەنگە تازە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلایە، ئەوە نییە کابرایەک بم هیچ نەزانم بزوتنەوەی گۆڕان دورم بخاتەوە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلا هەیە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە، بەڕای من بزوتنەوەی گۆڕانم شتێکی خراپی کردووە." دوێنی هەیینی 3ی تشرینی دووەمی 2023، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا وتی، "بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان." د.سەیوان عەلی دەڵێت ئەو بڕیارەی دژی ئەو دراوە هەنگاوی گۆرانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بڕیاری گرنگتر هەبوو گۆڕان بیدات. "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا تێک دەچێت، کێشە لە ناو خۆی عێراق هەیە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بە شتە چارەنووس سازەکان ئەوەی پەیوەندی بە تاک تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بڕیارێکی بدایە چۆنیەتی لەسەر داهاتووی کوردستان بدایە، نەک وەڵا سەیوانمان دوور خستۆتەوە، ئەمەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی بانگەشەیە بە دوور خستنەوەی من، بە دەرکردنی من گۆڕان هیچ زیاد ناکات، بە پێچەوانەدە دەنگی کەم دەکات."
هاوڵاتی بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند سبەینی شاندێکی پارتی سەردانی کەرکوک دەکات بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک بە زانکۆی کەرکوک. محەممەد کەماڵ، بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند، "بەبڕیاری مەسعود بارزانی سبەی شاندێكی پارتی دێتە كەركوك و باڵەخانەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك- گەرمیان وەردەگرینەوەو پێشكەشی زانكۆی كەركوكی دەكەین. محەممەد کەمال دەشڵێت، "بارەگاكانی دیكەش وەردەگرینەوەو بڕیاری گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوە." رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک. رۆژێک دواتر لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن. پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە. لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت. پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.
هاوڵاتی تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."
هاوڵاتی سەعید ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند بەمزوانە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە و لەبارەی کات و شوێنەکەوە هەردوولا لە گفتوگۆدان. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، سەعید ئەحمەد پیرە رایگەیاند، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا لەگفتوگۆداین." پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە هەوڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و بە دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی واژۆ دەکەن.
هاوڵاتی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان، داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە. لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک." کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات. لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت." تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن. رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا. دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاندووە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت." وتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ ئەنقەرە بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر جەنگ. پێشتریش ئیسرائیل هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی تری نزیک کشاندوە وەک مەترسییەکی ئەمنی. نزیکەی مانگێکە جەنگی حەماس-ئیسرائیل بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە غەززە و هەزار 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکی کابینەی حکومەتەکەیدا "دەستکەوت"ی زۆری بەدەستهێناوە و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە سەرکەوتوو بووە. محەممەد شیاع سودانی لەمیانی وتارێکدا له كۆنفرانسی باڵیۆزان له بهغدا وتی، "لهم رۆژانهدا حكومهت ساڵێكی تهواوكرد و بەپێی ئەو پلانی کە دامانناوە زۆر دەستکەوتمان بەدەستهێناوە." سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پلانەکان کرد و رایگەیاند، "بهرنامهی حكومهت كه پێنج ئهولهویهتی داناوه كه پهرلهمانی دهنگی لهسهرداوه ئهوانیش بهرهنگاربونهوهی گهندهڵی و كهمكردنهوهی رێژهیی ههژاریی و بێكاری، پێشكهشكردنی خزمهتگوزاری، بهرزكردنهوهی ئاستی بژێوی و چاكسازی كارگێڕی و ئابورییه، كاردهكهین بۆ بههێزكردنی دهستكهوتهكان، لهوانه توانیومانه بهرهنگاربونهوهی گهندهڵی له كرۆكی پهیوهندیهكان دابنێین لهگهڵ وڵاتانی دیكه له پهیوهندیهكانماندا." لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی 2021، بۆ ماوەی ساڵێک لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی کابینەی نوێ پێکبهێنن و دواجار بە کۆدەنگی لایەنەکان محەممەد شیاع سودانی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەجێی مستەفا کازمی هەڵبژێردرا.
هاوڵاتی مدیایەکی فەڵەستینی بڵاویکردەوە ئیسرائیل بە درۆن هێرشیکردووتەسەر ماڵی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، لە غەززە. رادیۆی ئەقسا رایگەیاند درۆنێکی ئیسرائیلی مووشەکێکی ئاراستەی ماڵی ئیسماعیل هەنییە کرووە لە غەززە بەڵام دیار نییە کە خانووەکە ئەندامانی خێزانی ئیسماعیل هەنییەی تێدا بووە یان نا. ئیسماعیل هەنییە لەساڵی 2019ەوە لە غەززە نەماوە و ناوە ناوە لە تورکیا یان قەتەر نیشتەجێ دەبێت. ئیسماعیل هەنییە لە ئایاری 2017ەوە بە سەرکردەی حەماس و سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەکە هەڵبژێردراوە.
هاوڵاتی بەرێوبەرایەتی کەشناسی پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە, لە 24 کاتژمێری رابوردودا زۆرترین رێژەی باران بارین لەسنوری ناحیەی بامەرنێی سەر بەقەزای ئامێدی باریووە کە 28 ملم بووە و لە تەواوی سنوری پارێزگای دهۆکیش 40 ملم باران باریووە. بەرێوبەرایەتی کەشناسی دهۆک دەڵێت، کەمترین رێژەی باران بارین لە ناحیەی قەسرۆک بووه کە 0،3 ملم باران باریووە. کۆی گشتی رێژەی باران لەسنوری پارێزگای دهۆک تا ئێستا گەیشتووەتە 40 ملم، ئەمەش بە بەروارد بە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتانە زیاترە لە پێنج هێندەی کە تەنها 7.2 ملم باران باریبوو.
هاوڵاتی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە شارێکی نیپاڵ رویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا. درەنگانی شەوی رابردوو بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە شاری جاجارکۆت لە پارێزگای کارنالی نیپاڵ روویداو و بەهۆیەوە 128 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدەها کەسی تریش برینداربوون. بەشێک لە بریندارەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی بۆمەلەرزەکەدا ماون و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن چاوەڕێ دەکرێت قوربانیانی روداوەکە بەرز ببێتەوە. ئەمە کوشندەدترین بومەلەرزەیە کە لە نیپاڵ رویداىیت لە ساڵی 2015ەوە کاتێک لە روداوێکی هاوشێوەدا نۆ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی ئەمرۆ گەنجێکی 20 ساڵی دانیشتووی کۆمەڵگای سیبا لەسەنتەری شەنگال بە دەسترێژی گولە بریندارکراو و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بەرزدەکاتەوە بۆ چوار هاوڵاتی. پۆلیسی شەنگال ڕایگەیاند ئەو گەنجەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گوولە لە شەنگال کوژرا ناوی سەعد شەکر مەحلوو و، خەڵکی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر ە. وتیشی، "تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە دیار نییە و هیچ کەسێکیش لەسەر کەیسەکە دەستگیر نەکراوە". سەعد چوارەم هاوڵاتییە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە شەنگال بکوژرێت بەوپێیەی لە چەند ڕۆژی رابوردووش بەهەمانشێوە سێ کەسی دیکە کوژران کە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بوون . چێگەیباسە لەو ڕوداوەدا کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش ڕویدا ئەو خێزانە لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژرابوون بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە پۆلیسی ناوچەکەوە چەندکەسێکی نزیک لەکەسوکاری قوربانیەکان دەستگیرکراون بەڵام تا ئێستا نە هۆکاری کوشتنەکەیان ئاشکرا بووە نە هیچ کەسێکیش لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسوڕاوێکی خۆی لەڕیزەکانی دوورخستەوە، هۆکارەکەشی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پۆستەکەی لەوەزارەتی پەروەردە دەگەڕێنێتەوە. دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری دووەم تەمەنی خزمەتی د. سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە درێژكرایەوە، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئاگاداری كردۆتەوە كە تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینی و نابێت تەمەنی خزمەتی بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام د. سەیوان عەلی پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی چوار گەریلای شەهیدى بڵاوکردەوە، کە لە خواکورک شەهید بوون. دەقی بەیاننامەکەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە: لە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٣ دوژمن هێرشی کردە سەر هەرێمی خواکورک و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار شەهید بوون. هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار لە باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئازادی گەلەکەمان ڕوویان کردە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و بە زانستێکی گەورەی نەتەوەیی تێکۆشانیان کرد، هاوکارەکانمان نوێنەرایەتی گەلەکەمانیان دەکرد، لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەتی دوژمن، هاڤاڵانمان ڕزگار کە بە دیمیلکی قسەی دەکرد، گەرناس کە بە کرمانجی قسەی دەکرد و هەژار کە بە سۆرانی قسەی دەکرد، پێکەوە لەسەر بنەمای ڕۆح و فکرێکی هاوبەش بۆ ئازادی گەلەکەمان تێکۆشانیان کرد، هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار هەموو ساتەکانی ژیانیان بە بێ وەستان و ماندووبوون بۆ گەورەکردن و پێشخستنی تێکۆشان بەسەر برد، وەک جەنگاوەرێک کە نموونەبوون بۆ هەموو گەنجانی کوردستان ، لە مێژووی ئازادی ئێمەدا جێگەی خۆیان کردەوە. سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵانمان ڕزگار و گەرناس و هەژار دەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە یادەوەرییەکانیان بە پێشخستنی تێکۆشان زیندوو بهێڵینەوە. هەڤاڵمان سینجەر دێهگولان کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣ لە ناوچەی خواکورک لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا بە سەختی بریندار بوو، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ زیندوومانەوەی هەڤاڵمان لە ٣٠ـی ئاب شەهید بوو. ڕۆڵەی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەنگاوەری شایستە، هەڤاڵمان سینجەر ژیانی خۆی لە پێناو گەلەکەمان و تێکۆشانمان فیدا کرد، بەو تێگەیشتنەی کە تا گەلەکەمان ئازاد نەبێت، مرۆڤ خۆی هەرگیز ئازاد نابێت، لەسەر بنەمای ژیانی سۆسیالیستی، ئازادی و کۆمەڵایەتیبوون، بەهایەکی گەورەی دا بە هەڤاڵێتی، هەڤاڵمان بێگۆمان دەیزانی کە دەبێت بۆ ئەمە تێکۆشان بکرێت، بە تێگەیشتن لە ئەرکی جەنگاوەری ئاپۆیی بە فیداکاری و ماندووبوونی خۆی لە هەموو بوارێکدا بوو بە نموونە. سەرەتا سەری بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵمان سینجەر و تەواوی گەلی کوردی وڵاتپارێز سەلامەت بێت، بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە بە تێگەیشتن لە پیرۆزی خوێنی شەهیدانمان، ئاڵای شۆرش کە هەڤاڵمان سینجەر ڕادەستی کردووین بە بەرزی ڕایدەگرین. زانیاری دەربارەی ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان بەم شێوەیەیە: نازناو: ڕزگار سیوار ناو و پاشناو: یادین بولوت شوێنی لەدایکبوون: خارپەت ناوی دایک – باوک: خەدیجە – عەلی شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: گەرناس قەندیل ناو و پاشناو: کاوە مەمۆ شوێنی لەدایک بوون: دەربێسی ناوی دایک – باوک: ساجیدە – احمد شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: هەژار بێکەس ناو و پاشناو: سیروس ڕاستەقیز شوێنی لەدایک بوون: تیکاب ناوی دایک – باوک: ئامین – تۆفیق شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: سینجەر دێهگولان ناو و پاشناو: نعمەت ڕضایی شوێنی لە دایک بوون: بیجار دایک-باوک: مەریەم-عەبدوڵڵا کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو." ، وتیشی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا گفتوگۆی باشیان لە بارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فرەنسا کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دیارە رێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان فڕەنسا و عێراق هەیە، بۆیە پێویستە هەمولایەنەکان پابەندنی حەو رێککەوتنە بن، فڕەنسا لایەنێکی گرنگ و هاوکاری عێراق بوە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و زۆربەی پرسەکانی دیکە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "سەرۆک ماکرۆن پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات، بانگهێشتم کردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کرد." لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "پابەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و لەگەڵ یەکێتی هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی نەکراوە. دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەوەی لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت." سەرۆکی هەرێم ڕونیشیکردەوە کە، "هیچ رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکایەتی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی دیاریکردوە و مەرجە هەمو لایەنێک پابەندبێت بە ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا "ولەم هەفتەیدا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی سەرجەم پرسە هەستیار و گرنگەکانی هەرێم دەکەن، لەوانە شایستە داراییەکان و پرسی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان. تیشی، ھەناردە نەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ ھەرێم نییە بەڵکو بۆ ھەموو عێراقە، کێشەکە تەکنیکییە نەک سیاسی، لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆکان بەردەوامە، کێشەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر تێچوی دەرھێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بە زووترینکات کێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق چووەتە پێش و داتا و زانیاری دروستی داوە بە بەغداد.
هاوڵاتی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژێک لە دوای هەڵگیرسانی "تۆفانی ئەقسا" حزبوڵا بەشداریکردنی خۆی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندوە، دەشڵێت هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. هاوکات گرووپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان و عێراق و سووریا تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە و ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن. حەسەن نەسروڵڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە، بە درێژایی مێژو نیشانەکانی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە ئیسرائیلەوە دەمێنێتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە ئەمریکا تەنها قسەی بەتاڵ و بێ سود دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە غەززە دروستبوە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، ئیسرائیلش تەنها لایەنی جێبەجێ کارە، بڕیاری راگرتنی ململانێکانیش لە دەستی ئەمریکادایە. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند ، هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە، بەوەشدا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەمریکای لە پشتە وتیشی " ئیسرائیل منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی مەدەنین و ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات." حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا وتی، ""بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات".ئەوەشی ڕونکردەوە، "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایەت، بەڵکەو بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندی نیشتمانی میسر و سوریا و ئەردەن دێت، لە پێش هەموشیانەوە سەرکەوتنی غەززە بە مانای سەرکەوتنی لوبنان دێت." ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 8ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردوە، وەک ئاشکرایە رۆژێک لە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە بۆردومان دەستیان پێکردوە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی سونری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردوە. وتیشی، "لەوانەیە ئەوەی لە سنوری باکوری ئیسرائیل دەیکەین بە شێوەیەکی بەرچاو دەرنەکەوێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە گرنگی خۆی دەبێت و رۆژێک هێرشەکانیان بەرچاو دەگیرێت." ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەوان وەکو حیزبووڵڵا دوو رۆژ دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بە کرداری چوونەتە نێو جەنگەکەوە.
