ئەردۆغان: پەیوەندییم لەگەڵ ناتانیاهۆ پچڕاندووە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاندووە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل. 

ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا."

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو  توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."

وتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ ئەنقەرە بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر جەنگ. پێشتریش ئیسرائیل هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی تری نزیک کشاندوە وەک مەترسییەکی ئەمنی.

نزیکەی مانگێکە جەنگی حەماس-ئیسرائیل بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە غەززە و هەزار 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار