ئەمینداری حزبوڵا: دەمێکە بەشداریمان لە جەنگی غەززە کردوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژێک لە دوای هەڵگیرسانی "تۆفانی ئەقسا" حزبوڵا بەشداریکردنی خۆی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندوە، دەشڵێت هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. 

هاوکات گرووپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان و عێراق و سووریا تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە و ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن. 

حەسەن نەسروڵڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە، بە درێژایی مێژو نیشانەکانی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە ئیسرائیلەوە دەمێنێتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە ئەمریکا تەنها قسەی بەتاڵ و بێ سود دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە غەززە دروستبوە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، ئیسرائیلش تەنها لایەنی جێبەجێ کارە، بڕیاری راگرتنی ململانێکانیش لە دەستی ئەمریکادایە.

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند ، هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە، بەوەشدا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەمریکای لە پشتە وتیشی " ئیسرائیل منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی مەدەنین و ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات."

حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا وتی، ""بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات".ئەوەشی ڕونکردەوە، "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایەت، بەڵکەو بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندی نیشتمانی میسر و سوریا و ئەردەن دێت، لە پێش هەموشیانەوە سەرکەوتنی غەززە بە مانای سەرکەوتنی لوبنان دێت."

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 8ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردوە، وەک ئاشکرایە رۆژێک لە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە بۆردومان دەستیان پێکردوە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی سونری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردوە.

وتیشی، "لەوانەیە ئەوەی لە سنوری باکوری ئیسرائیل دەیکەین بە شێوەیەکی بەرچاو دەرنەکەوێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە گرنگی خۆی دەبێت و رۆژێک هێرشەکانیان بەرچاو دەگیرێت."

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەوان وەکو حیزبووڵڵا دوو رۆژ دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بە کرداری چوونەتە نێو جەنگەکەوە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار