هاوڵاتی ئیسپانیا پەرە بە پرۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دەدات و بڕیارە و لە مانگی داھاتووش ھەردوو وەزیری ئاوەدان کردنەوە و گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم سەردانی ئیسپانیا بکەن. میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، دارەوان حاجی حامد نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئەمڕۆ سێشەممە دواین مۆری لە سەر پڕۆژەی تۆڕی شەمەندەفەرەکە بە یاسایی کرد کە ئیسپانیەکان نەخشەکەیان کردوە لە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە پەرەی پێدەدرێت. هاوکات بڕیارە ھەردوو وەزیری ئاوەدان کردنەوە و گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێی ھەنگاوەکانی داھاتووی پەرەپێدانی پڕۆژەی ھێڵی ئاسن سەردانی ئیسپانیا بکەن. هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی بڵاوکراوەتەوە، تا ئەمڕۆش توێژینەوەی ئیمکانی ئەو پڕۆژەیەی کە بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت تەواو بووە، دوایین توێژینەوەکان لەلایەن تیمی پەرەپێدانی پڕۆژەکە لە ئیسپانیا پێشکەش بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان کرا.
هاوڵاتی سهرۆكی لیژنهی دارایی لهئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق ئهمڕۆ سێشهممه رهتیكردهوه، عهلی عهلاق له پۆستی پارێزگاری بانكی ناوهندی دورخرابێتهوه و راشیگهیاند، پشتگیری ڕێوشوێنهكانی دابهزاندنی بههای دۆلار بهرامبهر بهدیناری عێراقی دهكهین. ئەمڕۆ عهتوان عهتوانی، سهرۆكی لیژنهی دارایی له پهرلهمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنهكهیان پشتگیری خۆی بۆ ڕێوشوێنهكانی بانكی ناوهندی نوێ دوپاتدهكاتهوه، بهمهبهستی كۆنتڕۆڵكردنی بههای دۆلار بهرامبهر بهدیناری عێراقی و چارهسهركردنی ئاستهنگهكان. ڕهتیشیكردهوه، عهلی عهلاق له پۆستی پارێزگاری بانكی ناوهندی دورخرابێتهوه دەشڵێت” تاوهكو ئێستا هیچ نیازێكیش نیه بۆدورخستنهوهی عهلی عهلاق، له پۆستهكهی بههۆی بهرزبونهوهی بههای دۆلار بهرامبهر بهدینار”. لەم پەیوەندەدا ئهمڕۆ سێشهممه جارێكی دیكه بههای دۆلار بهرامبهر بهدیناری عێراقی لهبازاڕهكانی ناوخۆ بهرزبونهوهی بهخۆوه بینی و بههای 100 دۆلار گهیشته 162 ههزار دینار، لهكاتێكدا بانكی ناوهندی 100 دۆلار به 131 ههزار دینار دهخاتهبازاڕهوه. هماوهكانی رابردودا بانكی ناوهندی ژمارهیهك پاكێج و بڕیاری بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بههای دۆلار بهرامبهر بهدیناری عێراقی دهركرد، بهڵام هیچكام لهبڕیار و پاكێجهكان سودێکی وایان نەبوو لە دابەزاندن و جێگیرکردنی نرخی دۆلار.
هاوڵاتی بڕیاره سبهینێ بانگهشهكردن بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی عێراق دهستپێبكات و كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانیش چەند مهرجێک بۆ ههڵواسینی پۆستهر و دروشمی كاندید و لایهنه سیاسییهكان دیاریدهكات. بهپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژارنهكانی عێراق، سبهینێ چوارشهممه 1ی تشرینی دووهمی 2023 بانگهشهی ههڵبژاردنی لایهنه سیاسییهكان بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان دهستپێدهكات. بهگوێرهی مهرج و رێنماییهكانی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكان: ١- نابێت كهتیره و چهسپ و سیكۆتین بۆ ههڵواسینی وێنه و دروشمی كاندیدهكان بهكاربهێندرێت. ٢- نابێت كاندید و لایهنه سیاسییهكان تابلۆ و دروشم و پۆستهرهكانیان لهسهر هێماكانی هاتووچۆ جێگیر بكهن. ٣- نابێت پۆستهر و دروشمهكان لهسهر باخچهكانی گشتی و ناوبڕی شهقامهكان و شوێنه گشتیهكان ههڵبواسرێن. ٤- نابێت، دیواری فهرمانگه و بهڕێوهبهرایهتیهكان و قوتابخانه و خوێندنگهكان و شوێنه كهلهپوری و شوێنهواریهكان بۆ بانگهشهی ههڵبژاردن بهكاربهێندرێن. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو بارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و 198 حزب و نزیكەی شەش هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن. ههرچهنده له ههرێمی كوردستان ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان ئهنجام نادرێت، بهڵام نوڤسینگهكانی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق ئامادهكاریان بۆ پرۆسهكه دهستپێكردووه، بهمهبهستی بهشداریكردنی ئاوارهكان و هاوڵاتیانی ناوهڕاست و خوارووی عێراق كه له شارهكانی ههرێمی كوردستان نیشتهجێن.
هاوڵاتی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی بارودۆخی منداڵان لە کەرتی غەززە لێدا و وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت ژمارەی کوژراوان بۆ هەشت هەزارو 500 بەرزبۆتەوە . وهزارهتی تهندروستی له غهززه ئهمڕۆ سێشهممه ڕایگهیاند ژمارهی كوژراوانی غهززه بۆ ههشت ههزار و 525 كهس بهرزبوهتهوه و دو ههزار و 187 كهسیان ژنن. تەندروستی غەززە دەشڵێت لەناو ژمارەی کوژراواندا سێ ههزار و 542 كهسیان منداڵن هاوکات یونسێف ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند "غەززە دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی منداڵان، ئێمەش نیگەرانین لە زیادبوونی مردن لە نێوانیاندا لە شارەکەدا". هاوکات بە گوێرەی داتاکانی ئەو ڕێکخراوە، تائێستا 940 منداڵ لە غەززە بێسەروشوێنن و ڕۆژانە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، زیاتر لە 480 منداڵ دەبنە قوربانی. بەگوێرەی یونسێف منداڵان لە ئیسرائیلیش زەرەرمەندی ئەم جەنگەن و دەڵێن زیاتر لە 30 منداڵی ئیسرائیلی کوژراون، و بەلایەنی کەمەوە 20 منداڵ لە کەرتی غەزە بە بارمتە ماونەتەوە،و چارەنووسیان نەزانراوە. یەونسێف دەشڵێت، غەزە یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە شێوەیەکی چڕ لە ناوچەیەکی ڕوبەر بچوکدا دەژین کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدایە و نزیکەی نیوەیان منداڵن و لەگەڵ نەمانی ئاوی خواردنەوە هاوڵآتییان ناچار دەبن پەنا بۆ سەرچاوەی ئاوی پیس بەرن ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان یانیش خەڵک بەهۆی وشکبوونەوە و نەخۆشییەوە دەمرن، لەگەڵ ئەوەی منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. هاوکات بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە توندوتیژی و شڵەژان دەتوانێت فشاری ژەهراوی دروست بکات لەسەر منداڵآن ، کە دەتوانێت دەستێوەردان بکات لە گەشەی جەستەیی و زانستی و ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی لە هەردوو ماوەی کورت و درێژدا. تەنانەت پێش ئەم دوایین بەرزبوونەوەیە، زیاتر لە 812000 منداڵ لە غەزە، کە سێ چارەکی تەواوی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە، بەوە دەستنیشان کرابوون کە پێویستیان بە چارەسەر و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە.
هاوڵاتی کۆشکی سپی داواکارییەکی جیهانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس رەتکردەوە و دەڵێت، ئاگربەست "لە ئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس ناکات چونکە ئاگربەست "لەئێستادا وەڵامە دروستەکە نییە." جۆن کێربی پیشنیاری راگرتنی شەڕی بەشێوەیەکی کاتی کرد "تا رێ بە هاوکاری مرۆیی بدرێت بەرەو غەززە." ئەمە لەکاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن.
هاوڵاتی جارێکی تر هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە و چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بە درۆن هێرشەکە کراوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی و حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە کە دوو درۆن بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان بە ئامانج گرتووە و بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. هاوکات گروپێکی بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ئەجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە. لەماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 20 جار هێرشکراوەتەسەر بنکەکە. لە دەستپێکی هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و واشنتن هێزە نزیکەکانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکان، بەڵام تاران دەڵێت ئەو گروپانە بەخواستی خۆیان کار دەکەن و فەرمانیان لە حکومەتی ئێرانەوە وەرنەگرتووە. ئەمریکا هۆشداریداوە کە ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی زیاتر بێت ئەوا وەڵامی دەبێت و لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا.
هاوڵاتی ئاسایشی دهۆک بڵاویکردەوە دەستگیرکردنی سلێمانی ئەحمەد، رۆژنامەنوسی رۆژنیوز، پەیوەندی کاری رۆژنامنەوانییەوە نییە و "کاری نایاسایی" کردووە، رۆژنیوزیش ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە. ئاسایشی دهۆک راگەیاندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز، بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێزەکانی ئاسایش، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە." ئاسایشی دهۆک باس لەوەش دەکات لەسەر ئەو بابەتە سلێمان ئەحمەد "رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، راگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە." دەزگای میدیایی رۆژنیوز وەڵامی راگەیاندراوەکەی پارتی دایەوە و دەڵێت، سەرلەبەری تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە و و ئەمەش "هەوڵێکی دیکەی پارتییە بۆ بێدەنگکردنی رۆژنامەنووسان و دەیەوێت وەک دۆسیەی شێروان شێروانی بە لاڕێیدا بەرێت." پێشتر رۆژنیوز بڵاویکردەوە سلێمان ئەحمەد لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوور، لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی و هیچ ڕوونکردنەوەیەکدەستگیرکراوە.
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی نابێت بەهۆی ئەوەی وەک خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل وایە، دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل فشار لە حەماس دەکات بارمتەکان ئازاد ببن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا بیرۆکەی ئاگربەستی رەتکردەوەو وتی، ئیسرائیل چالاکییە سەربازییەکانی راناگرێت "هەروەک چۆن ئەمریکا رازی نەبوو بە ئاگربەست دوای هێرشی تیرۆرستی 11ی سێپتەمبەر." بنیامین ناتانیاهۆ وتیشی، "داوای ئاگربەست داواکردنە بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئیسرائیل بە حەماس، بە تیرۆریزم، بە دڕندەیی و ئەوەش روونادات." لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە تەلئەبیب پێشکەشی کرد ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد "ئێستا کاتی شەڕە و کاتی ئەوەیە هەمووان بڕیار بدەن سەر بە چ لایەکن." وتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدا بوو کە سوپای ئیسرائیل توانی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئۆری میگدیش لەدەستی حەماس رزگار بکات کە بارمتە بوو، دواتریش ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان سوودی هەیە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان.
هاوڵاتی سەرۆکی روسیا رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسیارە لە ناهەمواری بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆی و شوێنکەوتەکانی سودی لێدەبینن. ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسیارە لەو "وێرانکاری و کوشتارگەیەی" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، تاکە لایەنیش کە سود لە تێکچونی سەقامگیری جیهان دەبینن ئەمریکا و شوێنکەوتەکانین. سەرۆکی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و حکومەت و سەرۆکی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای وڵآتەکەی وتی،" کێ ئەو ئاژاوە کوشندەیەی ڕێکدەخستووە و کێ سوودمەند دەبێت لێی، بە بۆچوونی من، ئێستا ئاشکرا بووە... ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەمەریکا و مانگی دەستکردەکانیانن کە سوودمەندی سەرەکی ناسەقامگیری جیهان و کوشتنی فەلەستینییەکانی غەزە و پشت ڕووداوەکانی ئۆکرانیا و عێراق و سوریا بوون.." ئەوەش لە کاتێکدایە لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی روسی بە دروشمی "دژە جولەکە" هەڵیان کوتایە سەر فڕۆکەخانەی مەخاچکالای لە داغستان و بە دوای ئەو کەسانە دەگەڕان کە لە تەلئەبیبەوە سەردانی روسیایان کردبو.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 203 هەزار و 935 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە و زیاتر لە 73 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكردووە. لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، تا ئێستا نزیکەی 203 هەزار و 935 خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سوودمەندبوونە. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ماوەی تەنیا 10 رۆژدا، تواندراوە 73 ملیۆن و 448 هەزار و 662 لیتر نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بکرێت و لە ناوچە شاخاویەکاندا 40 ملیۆن و 782 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 203 هەزار و 935 خێزان لێی سوودمەند بوونە. ساڵانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك یان دوو بەرمیل نەوت بەرامبەر بڕێك پارە بەهەر خێزانێك داوە لەوەرزی زستاندا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆكاری قەیرانی داراییەوە پڕۆسەكە خاو بووەتەوەو زۆرجار هاووڵاتیان ناچارن لەوەرزی زستاندا نەوتی بازرگانی بكڕن كەهەندێكجار بەسێ هێندەی نرخی راستی كڕیویانە.
هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت. بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت. ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ بارمتەیە ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد. لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران." ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە. دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات. ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا 1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. هاوکات بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.
هاوڵاتی ھەرچەندە شەش رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە لایەن پەدەکەوە تێدەپەڕێت، ھێشتا چارەنووسی نادیارە و ھیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە و ڕیکخراویکی ئەمریکی داوای ئاشکراکردنی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکات. سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوور، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسای و هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی شەش ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕاوە. لەم بارەیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی لەسەر ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنى ڕۆژنامەنووسەکەى ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاویکردەوە، تیمی ڕێکخراوەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی کوردی-سوریی کە بۆ سەردانی خانەوادەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پارێزگای سلێمانی کە شوێنی کارەکەی لەو پارێزگایەیە، لە دەروازەی سنوری فیشخابور دەستگیرکراوە. ڕێکخراوەکە دەشڵێت: بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن.. هەر لەبارەی بێسەروشوێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە د. ئەرادە جبوری، بەرپرس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، كە هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز ئیدانە دەكەین، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەنووسی ئاشكرا بكەن. ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەوڵەكان بۆ بێدەنگ كردن و ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دەروازە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكە زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد سیستماتیك و نایاساییە. ھاوکات سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە بە مەبەستى بەدواداچوونی كەیسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسەوە نییە و هیچ لایەنێکیش لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردۆتەوە.
هاوڵاتی خواردنەوە کحولییەکان بەبڕیار لە عێراق قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا ئازادانە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی فەرمی داوای داخستنی فرۆشگاکانی نەکردووە. وەزارەتی دادی عێراق لە مانگی شوباتدا بە فەرمی قەدەغەکردنی هاوردەکردن و خواردنەوە وفرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی راگەیاند و ئەمەش لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆرێک لە عێراقیەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت کریستیان و یەزیدیەکان. هەرچەندە ئەو بڕیارە تانەی لێدرا بەڵام لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، دادگای فیدڕاڵی عێراق سەرجەم سکاڵاکانی رەتکردەوە و بە تەواوى دەرگای لەبەردەم هاردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان داخست. ئەحمەد وەسام کە خاوەنی فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولیەکانە لە بەغدادی پایتەختی عێراق، لەبارەی فرۆشتن و بازرگانیکردنی خواردنەوە کحولیەکانەوە بە هاوڵاتی وت، "راستە بە بڕیار دەرچووە، بەڵام هێشتا ئێمە هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای قەدەغەکردنی لێنەکردووین." پیشتر ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 223 هەزار لیتر خواردنەوەى کحولى هاوردەکراوە و ئێستا فرۆشیاران ناچارن بە رێگەى قاچاخ خواردنەوە کحولییەکانیان دەست بکەوێت کە بەگرانتر لە پێشوو دەیدەنە کڕیارانیان. ئەسوان کلدانی، پەرلەمانتاری کەمینەی کریستیانەکان لە عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە دژی ئەو ئازادیانەیە کە لە دەستوری عێراقدا هاتووە. بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی 2016 دا لە لایەن پەرلەمانەوە بە یاسا دەرچوو، هەرزوو بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کارەکانیان لەسەر فرۆشتن و بازرگانیکردن بوو بە خواردنەوە کحولیەکانەوە داخران و مەترسی بێکاربوونی سەدانی کەسی دروستکرد. هاوکات بەشێکی زۆری عێراقیەکانیش ترسی ئەوەیان هەیە عێراقیش وەک وڵاتانی دراوسێیان و ئێران لە ناویاندا ببێتە کۆمارێکی ئیسلامی.
هاوڵاتی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق رایگەیاند لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان. محەسحود حەیدەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵەتی فەیسبووک رایگەیاند، "لەم هەفتەیە 700 ملیار دینار تەمویلی حیسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان." پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد." لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لەنزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە ڕێی بانکەکانی رەشید و ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان." ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندێکی هەرێم ئەمڕۆ لە بەغدایە بۆ تاووتوێکردنی راپۆرتی خەرجی و داهاتی سێ مانگی تەمووز و ئابو و ئەیلول لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق.
هاوڵاتی شانی لوک، ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لەسەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیرا، گیانی لەدەستدا. ریکاردا لوک، دایکی شانی لوک، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل پێی راگەیاندوون کە کچە تەمەن 22 ساڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پاشماوەی شانی لوکە. شانی لوک لە فیستیڤاڵێکی میوزیک لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بە بارمتە گیرا و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەویت لەژیر قاچی چەکدارێکی حەماسدایە بە بێهۆشی و بەشێکی جەستەی رووتە. دواتر بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە خانەوادەکەی ناسییانەوە و داوای رزگارکردنیان کرد. پێشتر واخەمڵیندراوبوو کە شانی لوک زیندووە و لەلای حەماس بارمتەیە. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران و تا ئێستا چوار کەسیان ئازادکراون. تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە هەشت هەزاریان لە غەززە بووە.
