ناتانیاهو بانگەشەی ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت.

بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت.

ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ  بارمتەیە  ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد.

لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە  سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران."

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە.

دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات.

ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا  1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

هاوکات  بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون  کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار