هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك شەڕ لە غەززە راناگیردرێـت. بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی غەززە لەدژی هێزە چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك راناگیردرێت. ئەم قسانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ بەندکراوی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو سێ بارمتەیە ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن بەهۆی ئەوەی شکستیان هێناوە لە پاراستنی خەڵک لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا و ئیسرائیلیش ڤیدیۆکەی بە "پڕوپاگەندەی دەروونی" ناوبرد. لە گرتە ڤیدیۆییە 76 چرکەییەکەی حەماسدا بە ناوی"دەستگیرکراوە زایۆنییەکان پەیامێک بۆ ناتانیاهو و حکومەتەکەی دەنێرن." سێ ژن دانیشتون و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن کە بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی فەڵەستینی ژێر دەستی ئیسرائیل ڕازی بێت لە بەرامبەر بەردان و ڕزگارکردنی بارمتەکان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە سەبارەت بە قەیرانی بارمتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی : "من باوەشتان پێ دەکەم. دڵمان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕفێندران." ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی كچە سەربازێكی ئیسرائیلیان لەدەستی هێزە چەكدارەكانی غەززە رزگاركردووە كە لە7ی ئۆكتۆبەر رفاندوویانە و ئێستا زیاتر لە 200 رفێندراوی دیكە لای حەماس هەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە جەنگی راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی دەكات لەناوچەكانی شەڕ دووربكەونەوە. دووەم گرتە ڤیدیۆیی کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 ەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە بارمتەکان لە غەزە قسە دەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر ئەو خاکە تەسکەی فەڵەستین زیاد دەکات. ئیسرائیل دەڵێت 239 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیرکراون و بە بارمتە لە غەززەدا دانراون و لە هێرشەکانی حەماسدا 1400 کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە لەهەمانکاتدا باڵی چەکداری حەماس دەڵێت "نزیکەی 50" کەسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. هاوکات بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین زیاتر لە 8300 کەس لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.
هاوڵاتی ھەرچەندە شەش رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە لایەن پەدەکەوە تێدەپەڕێت، ھێشتا چارەنووسی نادیارە و ھیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە و ڕیکخراویکی ئەمریکی داوای ئاشکراکردنی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکات. سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوور، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسای و هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی شەش ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕاوە. لەم بارەیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی لەسەر ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنى ڕۆژنامەنووسەکەى ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاویکردەوە، تیمی ڕێکخراوەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی کوردی-سوریی کە بۆ سەردانی خانەوادەکەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پارێزگای سلێمانی کە شوێنی کارەکەی لەو پارێزگایەیە، لە دەروازەی سنوری فیشخابور دەستگیرکراوە. ڕێکخراوەکە دەشڵێت: بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن.. هەر لەبارەی بێسەروشوێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە د. ئەرادە جبوری، بەرپرس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، كە هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز ئیدانە دەكەین، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەنووسی ئاشكرا بكەن. ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەوڵەكان بۆ بێدەنگ كردن و ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دەروازە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكە زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد سیستماتیك و نایاساییە. ھاوکات سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە بە مەبەستى بەدواداچوونی كەیسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەو ڕۆژنامەنوسەوە نییە و هیچ لایەنێکیش لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردۆتەوە.
هاوڵاتی خواردنەوە کحولییەکان بەبڕیار لە عێراق قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا ئازادانە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی فەرمی داوای داخستنی فرۆشگاکانی نەکردووە. وەزارەتی دادی عێراق لە مانگی شوباتدا بە فەرمی قەدەغەکردنی هاوردەکردن و خواردنەوە وفرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی راگەیاند و ئەمەش لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقدا بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆرێک لە عێراقیەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت کریستیان و یەزیدیەکان. هەرچەندە ئەو بڕیارە تانەی لێدرا بەڵام لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، دادگای فیدڕاڵی عێراق سەرجەم سکاڵاکانی رەتکردەوە و بە تەواوى دەرگای لەبەردەم هاردەکردنى خواردنەوە کحولییەکان داخست. ئەحمەد وەسام کە خاوەنی فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولیەکانە لە بەغدادی پایتەختی عێراق، لەبارەی فرۆشتن و بازرگانیکردنی خواردنەوە کحولیەکانەوە بە هاوڵاتی وت، "راستە بە بڕیار دەرچووە، بەڵام هێشتا ئێمە هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای قەدەغەکردنی لێنەکردووین." پیشتر ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 223 هەزار لیتر خواردنەوەى کحولى هاوردەکراوە و ئێستا فرۆشیاران ناچارن بە رێگەى قاچاخ خواردنەوە کحولییەکانیان دەست بکەوێت کە بەگرانتر لە پێشوو دەیدەنە کڕیارانیان. ئەسوان کلدانی، پەرلەمانتاری کەمینەی کریستیانەکان لە عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە دژی ئەو ئازادیانەیە کە لە دەستوری عێراقدا هاتووە. بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە ساڵی 2016 دا لە لایەن پەرلەمانەوە بە یاسا دەرچوو، هەرزوو بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کارەکانیان لەسەر فرۆشتن و بازرگانیکردن بوو بە خواردنەوە کحولیەکانەوە داخران و مەترسی بێکاربوونی سەدانی کەسی دروستکرد. هاوکات بەشێکی زۆری عێراقیەکانیش ترسی ئەوەیان هەیە عێراقیش وەک وڵاتانی دراوسێیان و ئێران لە ناویاندا ببێتە کۆمارێکی ئیسلامی.
هاوڵاتی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق رایگەیاند لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان. محەسحود حەیدەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵەتی فەیسبووک رایگەیاند، "لەم هەفتەیە 700 ملیار دینار تەمویلی حیسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان." پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد." لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لەنزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە ڕێی بانکەکانی رەشید و ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان." ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندێکی هەرێم ئەمڕۆ لە بەغدایە بۆ تاووتوێکردنی راپۆرتی خەرجی و داهاتی سێ مانگی تەمووز و ئابو و ئەیلول لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق.
هاوڵاتی شانی لوک، ئەو گەنجە ئەڵمانییەی لەسەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە گیرا، گیانی لەدەستدا. ریکاردا لوک، دایکی شانی لوک، رایگەیاند سوپای ئیسرائیل پێی راگەیاندوون کە کچە تەمەن 22 ساڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پاشماوەی شانی لوکە. شانی لوک لە فیستیڤاڵێکی میوزیک لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بە بارمتە گیرا و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە کە تێیدا دەردەکەویت لەژیر قاچی چەکدارێکی حەماسدایە بە بێهۆشی و بەشێکی جەستەی رووتە. دواتر بەهۆی ئەو ڤیدیۆیەوە خانەوادەکەی ناسییانەوە و داوای رزگارکردنیان کرد. پێشتر واخەمڵیندراوبوو کە شانی لوک زیندووە و لەلای حەماس بارمتەیە. لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە 200 کەس بە بارمتە گیران و تا ئێستا چوار کەسیان ئازادکراون. تا ئێستا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە هەشت هەزاریان لە غەززە بووە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند ڕێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە دەستی پێکرد و لە نزیکترین کاتدا لە رێی سێ بانکی عێراقییەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت. ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لەنزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە ڕێی بانکەکانی رەشید و ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان." ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندێکی هەرێم ئەمڕۆ لە بەغدایە بۆ تاووتوێکردنی راپۆرتی خەرجی و داهاتی سێ مانگی تەمووز و ئابو و ئەیلول لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق.
هاوڵاتی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین منداڵانی کەرتی غەززە زیاتر کوژراون لە ژمارەی تەواوی منداڵانی کوژراو لە ساڵی 2019ەوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، سێ هەزار و 324 مندال لە کەرتی غەززە و 36 منداڵی تر لە کەرتی خۆرئاوا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەرجەم منداڵانی کوژراو لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکانی ساڵی 2020، 2021، هەروەها 2022 لە تەواوی جیهاندا بەجۆرێک لە ساڵی 2020، دوو هەزار و 674 منداڵ، لەساڵی 2021، دوو هەزار و 515 منداڵ، هەروەها لە ساڵی 2022 دوو هەزار و 985 منداڵ کوژراون. جەیسن لی بەرێوبەری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بۆ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەسەر کوشتنی زۆری منداڵان لە شەڕەکەدا دەڵێت، "مردنی منداڵێک زۆرە، بەڵام ئەم هەموو مردنە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە، تەنها ئاگربەست زامنی سەلامەتی منداڵان دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت خەڵك پێش سیاسەت بخەن، هەر رۆژێک کە دەڕوات بە گفتوگۆ و دانوستانەوە منداڵێک زیاتر دەکوژرێت، منداڵان دەبێت هەموو کاتێک پاریزگارییان لێ بکرێت بەتایبەتی کاتێک کە هەوڵی سەلامەتییان دەدەن لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا." بەپێی ئاماری وەزارەتی تەدنروستی فەڵەستین لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەوە شەش هەزار منداڵ لە غەززە برینداربوون و هەزار منداڵێش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوانی غەززەش هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە. لە سەرەتایی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7ی ئەم مانگەوە، هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیش کوژراون.
هاوڵاتی هێزێکی مارێنزی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست بەرێدەکەون بەهۆی نیگەرانی دروستبوونی جەنگ و فراوانبووی شەڕ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لە زاری دوو سەرچاوە وەەریگرتووە، یەکەی 26ی هێزی پیادەی مارێنزی ئەمریکی لەناوی کەشتی یو ئێس ئێس باتان هەن کە لە ئیستادا کەشتییەکە لە دەریای سووردایە. ئەو هێزە یەکێکە لە حەوت یەکەکەی هێزی مارێنزی ئەمریکا کە تەنها ژمارەی ئەو یەکەیە دوو هەزار و 400 سەربازە. لە 15ی ئەم مانگە ئەمریکا ئەو هێزەی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکە نارد بۆ دەریای سپی ناوەراست و لە هەفتەی رابردوو گەیشتە کەناڵی سوێز لە میسر. بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئین، ئەم جێگۆڕکێیە بۆ ئەوەیە هێزە مارێنزەکە نزیک ببێتەوە لە لوبنان و فەڵەستین. پێشتریش دوای دروستبوونی شەڕ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، ئەمریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری بەناوی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و یو ئیس ئێس جێڕالد فۆرد ناردە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە هەردووکیان توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 120 فڕۆکەی جەنگییان هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن پێشتر داوای لە هاوڵاتییانی کرد سەردانی لوبنان نەکەن و ئەوانەشی لە وڵاتەکەدان بەزوویی بەجێی بهێڵن.
هاوڵاتی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هیچ کێشەیەک" نییە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم، بەڵام ئەگەر تا سبەینێ نەگات ئەوا بە "دواکەوتن هەژمار دەکرێت." جەمال کۆچەر دەڵێت، "پێویستە 700 ملیار دینارەکە ئەمڕۆ یان سبەی بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر تا سبەی نەگات، بە دواکەوتن هەژمار دەکرێت." ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستا باسی لەوە کرد، "هیچ کێشەیەکی نییە." بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، حکومەتی عێراق داوای کردووە راپۆرتی داهات و خەرجی سێ مانگی تەمموز و ئاب و ئەیلول (مانگەکانی حەوت، هەشت، نۆ) بگات بەدەستی، بۆ ئەوەی گوژمی دووەمی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە (میزان مراجعە) ی مانگەكانی (تەموز/7، (ئاب/8، ئەیلول/9)ی هەرێمی كورستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كرا، كە سەرجەم داهات و خەرجیەكانی سێ مانگی ڕابردوی هەرێمی كوردستانی بەداتاو ژمارە تێدا ڕون كراوەتەوە. لەسەر چوونی شاندەکەی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بڕیارە ئەمڕۆ بەرێبککەون، جەمال کۆچەر دەڵێت، بۆ "هەندێک بابەت دەچنە بەغدا کە لەنێوان هەردوولادا ماون."
هاوڵاتی مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت نیگەرانە. لە ڕاگەیەندراوەکەی مانگی سووری فەڵەستین'دا هاتووە "هێزەکانی ئیسرائیل وێڕای هەڕەشەی بۆردومانی نەخۆشخانەی قودس لە غەززە، بەپەلە داوای چۆلکردنمان لێ دەکەن. لە بەیانییەوە دەوروبەری نەخۆشخانەکە بۆردومان دەکرێت". سەرۆکی دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکانییش تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسوس نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند،"ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، مەحاڵە نەخۆشخانەکانی پڕ لە نەخۆش چۆڵ بکرێن بەبێ ئەوەی ژیانیان بخاتە مەترسییەوە" ئەم هەڕەشەیەی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت کە بەگوێرەی زانیارییەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززە ئیسرائیل چەندین نەخۆشخانەی گەمارۆدراوی کەرتی غەزەی بۆردومان کردووە کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لەژێر هێرشی تونددایە و زیاتر لە هەشت هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هاوکات فەڵەستینییەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە تەقینەوەکەی 17 ی مانگی 10 لە نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 500 کەس و زۆربەیان ئاوارەی فەڵەستینییەکان بوون. ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە ڕۆڵی هەبێت لە تەقینەوەکەدا. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی جەزیرە بڵاویکردەوە نەخۆشخانەی قودس لە ئێستادا چاودێری سەدان نەخۆشی بریندار دەکات، لەوانە ئەوانەی لە یەکەی چاودێری چڕدان و منداڵە تازە لەدایکبووەکان لە ئینکوبێتەرەکان. هەروەها نزیکەی 12 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەبێ چەک، کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، لە بینای نەخۆشخانەکەدا پەنابەر بوون.
هاوڵاتی هەپەگە شەھیدبوونی سێ گەریلای ڕاگەیاند، کە لە ئامەد شەهید بوون و دەشڵێن، "هەڤاڵانمان بەدران، جوان و سەید، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە نوێنەرایەتی ڕۆحی گیانبازی تێکۆشانمانیان لە پێناو ئازادیی لە باکووری کوردستان کرد." ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامەی ئەو سێ گەریلایانەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئامەدی باکووری کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی هێزەکانی تورکیا، گیانیان لەدەست دابوو. ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ نازم حیکمەت ئولگەن ناسراو بە بەدران مەردان لەدایکبووی ئامەد. ئۆنور کامیلئۆغڵو، ناسراو بە جوان ئامەد، لەدایکبووی ئامەد و محەممەد گۆنیەلی، ناسراو بە سەید برووسک، لە دایکبووی ئێلیە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە : لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە گۆڕەپانی لجێ-ی ئامەد لە نێوان هێزەکانمان و سوپای تورک شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا هاوڕێیانمان بەدران، جوان و سەید بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕیان کرد و تا دوا هەناسەیان بە بەهاکانی ئازادیی پابەند بوون و شەهید بوون. ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد و جەنگاوەرانی پێشەنگی ئاپۆیی، هەڤاڵانمان بەدران، جوان و سەید لە باکووری کوردستان بە شێوەیکی بەنرخ و باش وێنای ڕۆحی گیانبازی تێکۆشانی بێ وچان و بێ پسانەوەی ئازادیان کرد، بوونە نوێترین نوێنەرایەتی ڕۆحی گیانبازی ئاپۆیی، کە بە لەیلا سورخوێنەوە دەستی پێ کرد. هەڤاڵانمان بەدران، جوان و سەید وەک نوێترین نوێنەرانی ڕۆحی گیانبازی ئاپۆیی جێگەی خۆیان لە ناو تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا کردەوە و شەهیدبوونیان دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئێمە تا گوڕ بە تێکۆشان بدەین. سەرەخۆشی لە سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵەی بەنرخ و بەڕێزی هەڤاڵانمان بەدران، جوان و سەید دەکەین و جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین، کە تێکۆشانی ئەوان بگەیەنینە سەرکەوتن. زانیاری لەبارەی ناسنامەی ھاوڕێ شەھیدەکانمان بەم شێوەیەیە: ناسناو: بەدران مەردان ناو و پاشناو: نازم حیکمەت ئولگەن شوێنی لەدایکبوون: ئامەد دایک و باوک: شوکران – محەمەد حەنەفی کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ / ئامەد ناسناو: جوان ئامەد ناو و پاشناو: ئۆنور کامیلئۆغڵو شوێنی لەدایکبوون: ئامەد دایک – باوک: هەڤەس – موزەفەر کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ / ئامەد ناسناو: سەید بروسک ناو و پاشناو: محەمەد گۆنیەلی شوێنی لەدایکبوون: ئێلیح ناوی دایک و باوک: یاسەمین – ئەمین کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ / ئامەد
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی قهزای ئاكرێ رایگهیاند، دوای كوژرانی كارمهندێكی ئاسایشی بهردهڕهش، توانرا دو تۆمهتبار دهستگیربكرێن و لهكاتی لێكۆڵینهوهشدا دانیان بهتاوانهكهیاندا ناوه. بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی ئاكرێ لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، كاتژمێر 2:20 خولهكی ئێوارهی رۆژی 28ی ئهم مانگه، تهرمی كارمهندێكی ئاسایشی قهزای بهردهڕهش لهناو ماڵهكهی خۆی لهگهڕهكی رزگاری قهزای بهردهڕهش دۆزرایهوه كه به شێوهیهكی دڕندانه كوژرابو. ئهوهشی خستهڕوو كه "له ئهنجامدا دوو تۆمهتبار به ناوهكانی ( م.خ.خ ) و (ه.ر.ق) لهلایهن ئاسایشهوه دهستگیر كران و دانیان به تاوانهكهیاندا ناوه"، هاوکات بە پێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکان ژن و برای کوژراوەکە بوون ئاسایشی ئاكرێ راشیگهیاند كه "به بڕیاری دادوهری لێكۆڵینهوهی قهزای بهردهڕهش ههردوو تۆمهتبار به پێی مادهی 406ی یاسای سزادانی عێراق راگیراون و لێكۆڵینهوهكانیش بهردهوامن". رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) تەرمی ئەرکان خەيری حوسێن لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای بەردەڕەش دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم، رێ و رەسمی ناشتنی ئارمیتا گەڕاوەند، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە بەهەشتی زەهرای تاران بەڕێوەچوو. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، رێ و رەسمەکە لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکاندا بەڕێوەچووەو ژمارەیەک لە بەشداربووان دەستگیرکراون. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەم رێ و رەسمە بڵاو کراونەتەوە، ژمارەیەک لە ئامادەبووان دروشم دەڵێنەوە و لە دروشمەکاندا ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە حکوومەت دەرئەبڕن. بە پێی راپۆرتی کەناڵی ئەنجومەنی هاوکاری رێکخراوە پیشەیی- کەلتوورییەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رێ و رەسمەکە ئامادە بوون. هاوکات ژمارەیەک لە ئامادەبووان لەوانە، محەممەد گەڕاوەند، یەکێک لە خزمانی ئارمتیا کە مامۆستایەکی دەرکراوە، دەستبەسەر کراوە. هاوکات بە پێی زانیارییەکان نەسرین ستوودە، چالاکی دیاری مافی مرۆڤ، لە شوێنی رێ و رەسمەکان دەستبەسەر کراوە. زانیارییەکان باس لەوە ئەکەن توندووتیژی بەرامبەر بە بەشداربوان کراوەو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک لە بەشداربوان. گەڕاوند لە وێستگەیەكی میترۆی تاراندا دوای ئەوەی دەچێتە ناو میترۆكەوە بێهۆش دەبێت و دەكەوێت، گوایە كاتێك چووەتە ناو میترۆكەوە لەگەڵ ئەفسەرانی باڵاپۆشی ئێراندا بووەتە دەماقەڵەیان لەسەر ئەوەی ئارمیتا باڵاپۆش نەبووە دواتر دەبرێتە نەخۆشخانەو لە لایەن دکتۆرەکانەوە مردنی مێشکی ڕادەگەیەنن و دواتر گیان لەدەستدەدات، لەم پەیوەندەدا حکومەتی ئێران ڕەتیکردەوە ئارمیتا بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ پۆلیسی ئەخلاق لە میترۆی تاران وایلێهاتبێت و دەڵێن کە خۆی نەخۆشبووە بەڵام خێزانی ئارمیتا ئەم هەواڵانە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن ئارمیتای کچیان کەسێکی وەرزشی و چالاک و تەندروست بووە و نەخۆش نەبووە. سەرەتا هەواڵەكە لەلایەن ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی هەنگاوەوە بڵاوكرایەوە كە بنكەكەی لە نەرویجە و چاودێری مافەكانی مرۆڤی ئێران دەكات، ئەندامانی خێزانەكەی ئارمیتا گەڕاوەندی تەمەن 17 ساڵ وتیان بەرپرسان ڕێگەیان نەداوە لاشەی كچەكەیان بگوازنەوە بۆ شارەكەی خۆیان بۆ كرماشان و لەوێ بینێژن. هاوشێوەی زۆرێك لە شارە گەورەكانی دیكەی ئێران، ساڵی ڕابردوو خۆپیشاندانێكی گەورەی دژ بە حكومەت لە كرماشان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاكاری ئێراندا. مەرگی گەڕاوەند دوای نزیكەی ساڵێك دێت لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئێران دژی حكومەت و یاسای باڵاپۆشی. هەواڵەكان لەسەر بوونی ئاسایشێكی توند لە پرسەكەی گەڕاوەنددا ئاماژەیە لەسەر ئەوەی تاران نیگەرانی ئەوەیە شەپۆلێكی دیكەی خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تیایدا باسی لە وردەکاریی ئەو هێرشەی کردوە، کە ئەمڕۆ بەکرێگیراوان بۆ سەر هێزەکانیان و دانیشتوانی شارۆچکەکانی ئەبو حەردوب، دیبان و ئەبو حەمام لەگوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامیان داوە . ههسهده له ڕاگهیهنراوێكدا لهبارهی شەڕو پێکدادانەکانی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، "بهرهبهیانی ئهمڕۆ یهكشهممه، بهكرێگیراوان و دهزگا ئهمنییهكانی ڕژێمی سوریا به تۆپ و هاوهن و چهكی دۆشكه، هێرشیان كرده سهر گوند و شارۆچكهكانی ئهبو حهردوب و دیبان و ئهبو حهمام، هێرشهكه ژمارهیهك شههیدی لێكهوتوهتهوه". بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی هەسەدە بڵاویکردونەتەوە "هێرشی بهكرێگیراوان كاتژمێر 5:00ی سهرلهبهیانی ئهمڕۆ دهستیپێكردوه و له سێ میحوهرهوه ههریهك له گوند و شارۆچكهكانی (سهبیخان، ئهلدهویر، ئهلمهیادین) كه دهكهونه كهناری ڕۆژئاوای ڕوباری فورات، كه له ژێر كۆنتڕۆڵی ڕژێمی سوریادان، لهڕێگای بۆردومانی تۆپخانه و هاوهن و چهكه قورسهكانیانهوه، بهكرێگیراوان ههوڵیاندا دزه بكهن و بچنه ناو ناوچهكانمانهوه، بهتایبهتی له گوند و شارۆچكهكانی ئهبو ههردوب، دیبان و ئهبو حهمام كه دهكهونه كهناری ڕۆژههڵاتی ڕوبارهكه.". ئەوەشیان خستەوەتەڕوو، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا ١٩ "بەکرێگیراو" کوژران، کە شەش کەسیان لە شارەدێی دیبان و ١٣ـی دیکەشیان لە گوندی “ئەبو هەردوب” بووە و ٢٠ی دیکەش برینداربوون. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە باسلەوەشدەکات ، کە بەلەمێکیان تێکشخاندووە کە هەڵگری ژمارەیەک بەکرێگیراو بووە هەروەها هێزەکانیان توانویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیدا بگرن . سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و شەڕەڤانان هەسەدە ئەوەی ئاشكراشیكردوه،کە له ئهنجامی هێرشەکان، گولـله هاوهنێك كهوتهوهته سهر ماڵێكی مهدهنی و بههۆیهوه چوار هاوڵاتی گیانیان لهدهستدا، جگه لهوهی 10 كهسی دیكهش برینداربون، ههروهها سێ شهڕهڤانمان له كاتی ڕوبهڕو بونهوهیان لهگهڵ بهكرێگیراوان شههیدبون".
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رەوانەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی ڕابردووی بۆ بەغداد راگەیاند. وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بەواژۆی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە (میزان مراجعە) ی مانگەكانی (تەموز/7، (ئاب/8، ئەیلول/9)ی هەرێمی كورستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كرا، كە سەرجەم داهات و خەرجیەكانی سێ مانگی ڕابردوی هەرێمی كوردستانی بەداتاو ژمارە تێدا ڕون كراوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی حکومەتی عێراق داوای کردووە راپۆرتی داهات و خەرجی سێ مانگی تەمموز و ئاب و ئەیلول (مانگەکانی حەوت، هەشت، نۆ) بگات بەدەستی، بۆ ئەوەی گوژمی دووەمی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. تا ئیستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرا. هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.
