هاوڵاتی میدیای پارتی بڵاویکردەوە، سبەینێ دووشەممە شاندێکی حکموەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ تاووتوێکردنی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لەکاتێکدا کە پێشتر بەرپرسانی هەرێم رایانگەیاند لێکتێگەشتنی باش دروستبووە لەگەڵ بەغدا. شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا دەکەن و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە و بودجە بکەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق. سەردانی شاندەکەی هەرێم لەکاتێکدایە کە جارێکی تر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواکەوتووە کە بەپێی وتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڕیاربوو هەفتەی پێشوو بگەشتایە. پێشتر لە 18ی ئەم مانگە شاندێکی هەرێم بۆ وردبینی کردن لە داتا و زانیاری مووچەخۆران و داهاتەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئاوات شێخ جەناب وتی کە "لێکتێگەشتنێکی هاوبەش هەبووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بەیەکجاری." هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی زیاتر لە ٦٠ ھەزار فەرمانبەری کوردستان دەگوازرێتەوە سەر بەغدا و وەفدی هەرێم رازیبووە لەسەری. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئەوەی کراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە بدرێت ئەمەش لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و وەفدی حکومەتی ھەرێم بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و چاودێری دارایی باسی لێوە کراوە. موعید کازمی باسی لەوەشکرد، هەرچەندە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پێویستی بە رێکاری دارایی و پێداچوونەوە بە ناوی فەرمانبەراندا ھەیە و کاتی دەوێت، بەڵام وەفدەی هەرێم رەزامەندی لەسەری هەبووە. موعین کازمی ئاشکرای کرد، لە قۆناغی یەکەمدا مووچەی نزیکەی 60 ھەزار فەرمانبەری ھەرێم دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی عێراق، ناردنی 700 ملیار دیناریش بۆ ھەرێم چارەسەرێکی کاتییە و بە قەرزە لەڕێی بانکەکانەوە.
هاوڵاتی وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بڕیاربوو هەفتەى پێشو حکومەتى ناوەندى 700 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. پێشهوا ههورامانی وتهبێژی حكومهتی ههرێم له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "بڕیار وابو ههفتهی پێشو بڕی 700 ملیار دیناری موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بنێردرێت و دهست به دابهشكردنی موچه بكهین، بهڵام جارێكی دیكه پێچهوانهی ههمو لێدوان و قسهو باسی ناو كۆبونهوهكان و ڕێككهوتنهكان ناردنی پارهكه دواكهوت". دەشڵێت: ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێ شەممە، حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی. ئەوەشی ڕونکردەوە، "له ماوهی ڕابردو نیهتی ڕونی حكومهتی ههرێم نیشاندرا بۆ ڕێككهوتن و گهیشتنه ئهنجام لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ، هیچ شتێك لهسهر ئێمه نهماوه كه ئهنجامیبدهین، بهڵام ئهگهر دۆخهكه بهمجۆره بهردهوامبێت ، لهبهرانبهر پێشێلكردنی مافی دهستوری خهڵكی ههرێمی كوردستان ناتوانین بێ دهنگ بین".
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی یەکەم ، دوای ٢٨ رۆژ بێهۆش بوون ، ناوەندە ئەمنییەکان رایانگەیاند ئارمیتا گەڕاوەند، گیانی لەدەستداوە، هەواڵەکان باس لەوە ئەکەن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەکەی بەوەی نابێ تەرمی کچەکەیان بگەڕێننەوە بۆ گوندەکەی خۆیان نزیک کرماشان و ناچاریان ئەکەن لە تاران بینێژن. لەم پەیوەندەدا هاوڵاتی پەیوەندی بە کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی ئارمیتاوە کرد، ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی راگەیاند :' هەر لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەوەو دوای ئەوەی ئارمیتا بە هۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و لە مێترۆ ئەو رووداوە روویدا، گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی بوونی بووە. بنەماڵەکەی بەردەوام لە ژێر گوشاردا بوون کە نابێ لەگەڵ میدیاکان قسە بکەن." وتیشی،" دایک و باوکیان ناچارکرد لە بەردەم تەلەفیزیۆن بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوە. تەنانەت هاوڕێکانی قوتابخانەی ئارمیتاشیان ترساندبوو، هەڕەشەیان لێکردبوون کە دەبێ بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوەو باری تەندروستی باش نییە، بەڵام ئەمە ناڕاستە. من جارێکیتریش کە لەگەڵ ئێوە قسەمکردووە ئەو دەنگۆیەم بە درۆ خستۆتەوە. لەگەڵ میدیاکانیتریش بە هەمانشێوە وتوومە ناکرێت کچێک وەرزشکار بێت لە ئاستی باڵا و نەخۆشی درێژخایەنی ببێت". ئەم کەسە نزیکەی بنەماڵەی گەڕاوەند دەربارەی ناشتنی ئارمیتا بە هاوڵاتی وت:" ئێمە وەک بنەماڵەی گەڕاوەند ژمارەیەکی زۆرمان لە تاران نیشتەجێین، بە هۆی کارمانەوە دانیشتووی ئەوێین. بەڵام لە جێژنەکاندا ، لە بۆنەکاندا، سەردانی ناوچەکەی خۆمان ئەکەین. مردووەکانی خۆمان ئەگەڕێنینەوە بۆ گوندەکەمان. بەڵام لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشە لە دایک و باوکی کراوە نابێ تەرمی ئارمیتا لە تارا ببرێتە دەرەوە. بە مەرجێک ئامادەن تەرمی ئارمیتا بدەنەوە بە بنەماڵەکەی کە لە تاران و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بێژرێت. بەلام کچەکەمان لە غوربەتدا دەنێژرێت". ئەم کەسە کە بە هۆی باری ئەمنی نەیدەویست ناوی ببرێت هەروەها وتی :' سەرەڕای ئەوەی هەڕەشە لە بنەماڵەی کراوە نابێ تەرمەکەی ببرێتە دەرەوەی تاران ، بەڵام تا ئێستە تەرمەکەی لە نەخۆشخانە نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکەی". ئەم کەسە لە قسەکانیدا وتی :" ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ماوەی ئەم ٢٨ رۆژەدا بنەماڵەی بەردەوام لە ژێرگوشاردا بوون و هەن. دایکی بۆ ماوەی کاتی دەستبەسەر کرا. تەنانەت بنەماڵەکەی نەیاندەتوانی لە نەخۆشخانە سەردانی مناڵەکەیان بکەن. بۆیە گومانمان هەیە لەوەی رۆژی یەکەم نەمردبێت و لەترسا رایان نەگەیاندووە". ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ و کچەکوردێکی دانیشتووی تاران، رۆژی یەکشەممە ١ی تشرینی یەکەم لە مێترۆی (شوهەدا)ی تاران، بە هۆی ئەوەی حیجابی نەپاراستووە، لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و بە هۆی ئەوەی سەری بەر شتی قورس کەوتبوو، بورایەوەو دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، راگەیەنرا کە گیانی لە دەستدا.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ وتی بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و مەترسی دروستکردنی کارەساتێک دروست دەکات کە لەوانەیە دەیان ساڵ بخایەنێت. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا له چوارچێوهی راگهیهندراوێكدا داوا دهكات، ههوڵهكان بۆ درێژهدان به گفتوگۆكانی نێوان لایهنه ناكۆكهكان له رۆژههڵاتی ناوهڕاست، یهكبخرێن و هاوکات هۆشداری له ههوڵی ههڵگیرساندنی جهنگێكی دیكهی گهوره له رۆژههڵاتی ناوهڕاست دا. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا ئامادهیی مۆسكۆی نیشاندا، بۆ بهشداریكردن له دۆزینهوهی چارهسهرێكی گونجاو بۆ ناكۆكییهكانی نێوان ئیسرائیل و فهڵهستین. ئەم لێدوانانەی ڕوسیا لە کاتێکدا دێت کە حەماس هەوڵدەدات هەشت هاوڵاتی ڕووسی-ئیسرائیلی لەنێو ئەو بارمتەیانە بدۆزێتەوە کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل گرتویانن. سێرگی لاڤارۆف باسی لەوەشکرد، " لە کاتێکدا ئێمە ئیدانەی تیرۆریزم دەکەین، بەڵام بە تەواوی ناڕازیین لەوەی بتوانن وەڵامی تیرۆریزم بدەنەوە بە پێشێلکردنی یاساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانە بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاوازی دژی ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی مەدەنی لەوێن، لەوانە بارمتە گیراوەکان." لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن. دوێنێ ههینی 28ـی ئۆكتۆبهری 2023، ئیسرائیل له رێگهی هێرشی سهربازی فراوان بۆسهر غهززه، دۆخی جهنگی لهگهڵ حهماسی گهیانده قۆناغێكی پڕ له ئاڵۆزی ئەمەشلە کاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی.
هاوڵاتی پیاوێکی تەمەنی 78 ساڵ کە چەندین نەخۆشی لەگەڵە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا. پێگەی TR724ـی تورکی بڵاویکردەوە پیاوێكی تەمەن 78 ساڵی کورد لە پارێزگای شرناخ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی هاوکریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی دەستگیرکراوە. بەپێی هەواڵەکەی پێگە تورکییەکە، ئەو پیاوە کوردە ناوی ئەمین سۆیاڵە و چەندین نەخۆشی لەگەڵە، ئەمە جگە لەوەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە. ئەمین سۆیاڵ لە رۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ چوار کەسی تر دەستگیرکراوە و کوڕەکەی دەڵێت، باوکی ناتوانێت بە خۆی رابگات و دەبێت کەسێک گرنگی پێ بدات. "باوکم هێزی ئەوەی نەبوو ماڵەوە بەچی بهێڵێت، تەنها هەفتانە دوو جار دەچووە دەرەوە ئەویش بۆ ئەنجامدانی پشکنینی گشتی لە نەخۆشخانە، باوکم دوو مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ کراو و ناشتوانێت خۆی نان بخوات"، مەسعود سۆیاڵ، کوڕی ئەمین سۆیاڵ، وای وت. بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ئەمین سۆیاڵ چەند گرفتێکی تەندروستی هەیە لەوانە، کیشەی دڵ، کێشەی هەناسەدان، کیشەی بینایی و بیستن. لە راپۆرتێکی پزیشکیدا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ وەک کەسێکی تەواو خاوەن پیداویستی تایبەت وەسفکراوە کە ناتوانێت بە پێداویستییەکانی خۆی رابگات. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانوی جیاواز خەڵک دەستگیر دەکەن بەتیابەتی لەو پاریزگایەنەی کە زۆرینە دانیشتوانی کوردن و زۆربەی تۆمەتەکانیش یاریمەتیدانی پەکەکەیە. وێنەی ئەمین سۆیاڵ:
هاوڵاتی ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و مانگی دەستکردی ستارلینک، ئینتەرنێتی بۆ رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوەکان لە غەززە چالاک کرد. دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە غەززە پجڕان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە ئیلۆن مەسک خاوەنداریەتی دەکات، بە چەندین هاشتاگ هەزارەها بەکارهێنەر داوای کاراکردنی مانگی دەستکردی ستاریلینکیان لە ئیلۆن مەسک کرد بۆ غەززە تا بتوانن بە بێ بەرامبەر ئینتەرنێت بەکاربهێنن. بەهۆی پجڕانی ئینتەرنێتەوە چەندین رێکخراوی مرۆیی لە غەززە نەیاندەتوانی کارەکانیان بە باشی بەڕێوە بەرن و یارمەتی بریندارەکان بدەن و هاوکاری بگەیەنن بە ئاوارەکان. دواجار ئیلۆن مەسک لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ستارلینک پشتگیری لە پەیوەندی گەیاندن دەکات بە رێکخراوە مرۆییە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان لە غەززە."
هاوڵاتی پهرلهمانتارێكى كورد لهبهغدا ڕایدهگهیهنێت، وەزیری دارایی عێراق ناتوانێت ڕێگریی لەناردنی 700 ملیارەکە بکات بۆ موچهخۆرانى ههرێم و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت تا ئێستا حکومەتی بەغدا بڕیاری لە ناردنی ئەو پارەیە نەداوە. د. جهمال كۆچهر ئهندامى لیژنهى دارایی لهپهرلهمانى عێراق ڕونكردنهوهیداوه سهبارهت بهدهنگۆى ئهگهرى ڕاگرتنى 700 ملیارهكهى بهغدا بۆ موچهخۆرانى ههرێمى كوردستانو ڕایگهیاندوه، "ئهگهر دهسهڵاتهكه لاى وهزیرى دارایی عێراق بێت پاره بۆ ههرێم نانێرێت، بهڵام ڕاستیهكه ئهوهیه ئهو مافى ڤیتۆى نییه". بهوتهى ئهو پهرلهمانتاره كورده، "مافى ڤیتۆ تهنها لاى محهمهد شیاع سودانى سهرۆك وهزیرانى عێراقه، ئهویش واژۆى لهسهر ناردنى پارهكه بهشێوهى قهرز بۆ موچهى فهرمانبهرانى ههرێم كردوه". هاوکات جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ، بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت راستە وەک موچە دابەش دەکرێت بەڵام لە ژێر ناوی قەرز دەنێردرێت. دەشڵێت، تا ئێستا دیار نییە حکومەتی عێراقی وادەیەکی بۆ ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دیاری کردبێت، بەڵام لە روسی یاساییەوە دەبێت ئەو پارەیە پێش رۆژی 1ی مانگی (تشرینی دوەم/11) بگاتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان ئەم لێدوانانەش دوای ئەوە هات پێنجشهممهى ڕابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ناردنی داهاتو خەرجی سێ مانگی تری هەرێمی كوردستانی كردوە بەمەرج بۆ ناردنی (700 ملیار) دینارەكەو ئهوهش ڕونكرایهوه كه وەزارەتی دارایی هەرێمیش بەپەلە خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە. بە گوێرەی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا یەكشەممە ڕاپۆرتەكە تەواو بكات، بۆ ئەوەی تەیف سامی لەهەفتەی داهاتودا یەكەم گوژمەی 700 ملیار دینار قەرزەكەی بۆ بنێرێت.
هاوڵاتی ئارمیتا گراوەند، کچە تەمەن 16 ساڵەکەی خەڵکی کرماشان کە ماوەی نزیکەی مانگێک بیهۆش بوو لە نەخۆشخانە، دواجار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دوای 28 ڕۆژ ئارمیتا گراوند لە نەخۆشخانەی فەجری تاران گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی پزیشکەکان هیچ هیوایەکیان بە چاکبوونەوەی نەمابوو. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، رۆژى 1ى ئەم مانگە ئارمیتا لە مێترۆی شەهۆدای تاران بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند کارمەندێکى پۆلیسەوە هێرشی کرایەسەر و بەتوندی لێی درا، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە لە ئارمیتا درابێت و میدیاى فەرمى وڵاتەکە دەڵێت، بەهۆى بورانەوەوە لە میترۆکەدا کەوتبوو. ئاژانسی ئێرناى ئێران رایگەیاندووە ئارمیتا لەوکاتەى لەگەڵ هاوڕێکانى بۆ نێو شەمەندەفەرەکە سەردەکەوت بوراوەتەوە و پشتى سەرى بەر لێوارى شەمەنەفەرەکە کەوتبوو. پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە کە ئارمیتا دوای ئەوەی کەتووەتە دۆخی کۆماوە، بەرپرسانی ئێران رێگەیان نەداوە دایک و باوکی لە نەخۆشخانە سەردانی بکەن.
هاوڵاتی کۆشکی سپی رایگەیاند هیچ سنورێک بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەن و هێڵی سووری بۆ دانانێن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە لەکاتێکدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر غەززە فراوان کردووە. جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئیسرائیل و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، "ئێمە هێڵی سوور بۆ ئیسرائیل دیاری ناکەین، هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون کە چۆن هێرشەکان دەکەن، نیگەرانییەکانمان نەشاردووەتەوە سەبارەت بە قوربانی مەدەنی و زیانی لاوەکی، هەروەها ئەو رێگەیەی هەڵیدەبژێرن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، هاوڕێ بۆ ئەوەیە و ئێمەش هاوڕێین." شەوی رابردوو ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد و رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان فراوان کردووە. بەیانی ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە رایگەیاند بە 100 فڕۆکە هێرشەکانی شەوی رابردوویان ئەنجامداوە. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین بۆردومانی شەوی رابردوو چڕترین بۆردومان بوو لەکاتی دەستپێکی شەڕەوە ئەمەش دوای ئەوەی کە بە تەواوی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنیت لە غەززە پچڕان. تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە حەوت هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كه لە شەڕەکەی هەفتەی رابردوویی نێوان هێزەکانی پێشمەرگو سوپای عێراق برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. لە راگەیاندراوێکدا وهزارهتی پێشمهرگه دەلێت، "بەداخەوە بەیانی ئەمرۆ موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند رۆژێكە بە برینداری لەنەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردابوو، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بوو، گەیشتە كاروانی شەهیدانی كوردستان." پۆشۆ خالید چوارەم شەهیدە لە رووداوەکە کەئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا کە تێیدا هێزەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە، کە سەر بە پارتییە، و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور. رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، رایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پلەی یەک نەبوونی هەماهەنگی بووە و "پەلەکردن بووە لە گرتنی ئەو خاڵانە [خاڵی چاودێریی] کە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین." پێشتر فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچووغ بە هاوڵاتی راگەیاند کە شەڕەکە لەسەر دوو خاڵی چاودێری بووە و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی ویستوویانە بیگرن، بەڵام هێزەکانی پەکەکە داوایان کردووە سوپای عێراق بێتە ئەو خاڵە چاودێرییانە. دوای شەڕەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر کاری لیژنەکە، فەریق عیسا عوزێر وتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن، بەڵام هێشتا دۆخی چیای قەرەچووغ ئاسایی نەبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش سوپاسالاری پیشمەرگە ئاشکرایکرد کە 17 پێشمەرگە برینداربوون کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن.
هاوڵاتی لە نەتەوە ئەگرتووەکان پرۆژەیاسایەک بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کە تێیدا عێراق دەنگی نەدا. لە پرۆژەیاساکەدا ١٢٠ وڵات دەنگیاندا بە بەڵێ و ١٤ وڵاتیش دژی بوون کە بریتی بوون لە ئەمریکا، ئیسرائیل، نەمسا، کرواتیا، هەنگاریا، تۆنگۆ، پاراگوای و چەند وڵاتێکی تر. هاوکات ٤٥ وڵاتیش هیچ دەنگێکی بەڵێ یان نەخێریان نەدا کە ئەمانە بەشێکی بوون: ئەڵمانیا، ئوستورالیا، فینلەندا، هندستان، عێراق، یۆنان، ئیتاڵیا، یابان، هۆڵەندا، پۆڵەندا، کۆریای باشور، سوید، تونس، ئۆکرانیا و بەریتانیا. پرۆژەیاساکە داوای بەپەلە راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لە غەززە لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی خەڵکی مەدەنی و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ هاوکاری مرۆیی. هەرچەندە پرۆژەیاساکە دەستپێشخەرییەکی سیمبولییە بەڵام پشتگیری زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەخات بۆ فەڵەستین لەسەروبەندی هێرشی ئیسرائیلدا.
هاوڵاتی نزیکەی دوو کاتژمێرە بە تەواوەتی هێڵی ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە پچڕاوە و ئیسرائیلیش دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ لە ناوچەکە. میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین و بەشێك لە میدیا جیهانییەکان رایانگەیاندووە کە دوای پجڕانی ئینتەرنێت، ئیسرائیل دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ کە لەسەرەتایی شەڕەوە وڵاتەکە هێندە بەچڕی کەرتی غەززەی بۆردومان نەکردووە. کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند کە کۆمپانیای پالتێل، کە کۆمپانیایەکی فەڵەستینییە بۆ پەیوەندیکردن، پچڕانی تەواوەتی پەیوەندی و هێڵەکانی ئینتەرنێتی پشتراستکردووەتەوە. هاوکات گروپی نێتبلۆک، کە چاودێری هێلەکانی ئینتەرنێت دەکات، رایگەیاند پەیوەندی لە کەرتی غەززە بەتەواوەتی نەماوە. لەلایەکی ترەوە رێکخراوە مرۆییەکان توانای پەیوەندیکردنیان بە تیمەکانیانەوە نەماوە لە غەززە و رێکخراوی مانگی سوری فەلەستینی دەڵێت، لەگەڵ تیمەکانی لە کەرتی غەززە پەیوەندی پچڕاوە. لە راگەیاندراوێکی رێکخراوەکەدا هاتووە، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی تیمەکانمان ناتوانن بەردەوام بن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بەتایبەتی لەوکاتەوەی پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندی کاریگەری کردووەتەسەر ژمارەی فریاگوزاری خێرا و رێگری کردووە لە گەشتنی ئەمبولانسەکان بۆ لای بریندارەکان."
هاوڵاتی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەردەوامی بە بایکۆت دەدات تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، دەشڵێت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خۆپیشاندانی "سەرتاسەری" دەستپێدەکاتەوە. لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، "دوای کۆبونەوەمان لەسەر پێشهاتەکان لەسەر بەردەوامی بایکۆت و نارەزایەتییەکان، بڕیارماندا وەک ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی درێژە بە خەباتی بایکۆت بدەین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت." ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێت، "رۆژی یەکشەممە 29ی 10ی 2023 لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هاوشێوەی خۆپیشاندانە مەزنەکەی 22ی ئۆکتۆمبەر شەقامەکان پڕ دەکەین لە زریان و زایەڵەی نا بۆ ستەمکاری، نا بۆ ملکەچی." ئەنجومەنەکە چەند داواکارییەکی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا راگەیاند کە بریتین لەمانە، "پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچە 30 رۆژ جارێک و رێککردنەوەی مووچە بە یەکجاری، دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان." هاوکات باس لەوەشکرا "هیچ دەنگۆ و فشار و چەواشەکارییەک" بایکۆت ناشكێنێت و بایکۆتکردن بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی پارتی بارەگاکەی لە کەرکوک رادەستی حکومەتی عێراق کردەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییەی پارتی دەکەن. رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەدنی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک. لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن. پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە. لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت. پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.
