دوای پچرانی ئینتەرنێت ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی غەززە دەکات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

نزیکەی دوو کاتژمێرە بە تەواوەتی هێڵی ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە پچڕاوە و ئیسرائیلیش دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ لە ناوچەکە.

میدیا ناوخۆییەکانی فەڵەستین و بەشێك لە میدیا جیهانییەکان رایانگەیاندووە کە دوای پجڕانی ئینتەرنێت، ئیسرائیل دەستیکردووە بە بۆردومانێکی چڕ کە لەسەرەتایی شەڕەوە وڵاتەکە هێندە بەچڕی کەرتی غەززەی بۆردومان نەکردووە. 

کەناڵی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند کە کۆمپانیای پالتێل، کە کۆمپانیایەکی فەڵەستینییە بۆ پەیوەندیکردن، پچڕانی تەواوەتی پەیوەندی و هێڵەکانی ئینتەرنێتی پشتراستکردووەتەوە. 

هاوکات گروپی نێتبلۆک، کە چاودێری هێلەکانی ئینتەرنێت دەکات، رایگەیاند پەیوەندی لە کەرتی غەززە بەتەواوەتی نەماوە. لەلایەکی ترەوە رێکخراوە مرۆییەکان توانای پەیوەندیکردنیان بە تیمەکانیانەوە نەماوە لە غەززە و رێکخراوی مانگی سوری فەلەستینی دەڵێت، لەگەڵ تیمەکانی لە کەرتی غەززە پەیوەندی پچڕاوە.

لە راگەیاندراوێکی رێکخراوەکەدا هاتووە، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی تیمەکانمان ناتوانن بەردەوام بن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بەتایبەتی لەوکاتەوەی پچڕانی ئینتەرنێت و پەیوەندی کاریگەری کردووەتەسەر ژمارەی فریاگوزاری خێرا و رێگری کردووە لە گەشتنی ئەمبولانسەکان بۆ لای بریندارەکان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار