هاوڵاتی دوو مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە بە تۆمەتی دروستکردن و رێکخستنی گروپ و دەستە سزای 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی کەلتووری-کۆمەڵایەتی کۆمەڵەی نۆژین و ئیدریس مینبەری، چالاکی کۆمەڵایەتی شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، لەلایەن لقی 1ی دادگای شۆڕشی سنەوە، هەرکامیان سزای 10 ساڵ زیندانیییان بەسەردا سەپێنرا. ئەم دوو مامۆستایەی زمانی کوردی، کە چەند ساڵە خۆبەخشانە خەریکی وتنەوەی وانەی کوردین، بە تۆمەتی دروستکردن و رێکخستنی گروپ و دەستە، لە لایەن دادوەر (کەرەمی)ەوە سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە کە هەمان دادوەر بوو سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەممەدیدا سەپاند. هاوکات باس لەوە کراوە کە رۆژی پێنج شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، هەواڵەی سزاکە بە هەردوو مامۆستاکە دراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو، زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا دواتر سزاکەی کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ. دوای ساڵێک لە زیندانی و لە 11ی شوباتی 2023، زارا محەممەدی بەبێ ئاگاداری ئازادکرا و دوای ئازادبوونی، زارا محەممەدی لە پەیامێکدا وتی، "منیان بە شێوازێکی بەپەلە و بێ ئاگاداری پارێزەرەکەم لە زیندان دەرکردووە." لە پەیامەکەدا زارا محەممەدی باسی لەوەش کرد، "من پێشتر هەم خۆم بە زیندانم راگەیاندبوو هەم لە رێگەی پارێزەکەمەوە بە دەستگای دادوەری رامگەیاندبوو کە بەهیچ شێوازێک داخوازی لێبوردن پێشکەش ناکەم و ئەم داخوازییەم قبووڵ نییە، چونکە باوەڕم بە راستی رێگاکەم هەیە." دەستگیرکردنی زارا محەممەدی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوایخۆیدا هێنا و چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆی و دەرەوەی وڵاتەکە زیندانی کردنی زارا محەممەدییان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەمدا و داوای دەستبەجێ ئازادکردنییان دەکرد.
هاوڵاتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند دوو پێگەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سوریا. لە راگەیاندراوێکدا لۆید ئۆستن دەڵێت، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لە رۆژهەڵاتی سوریا کرایە ئامانج کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون. بەپێی هەواڵێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا چوار هێرشی کردووەتە سەر دوو پێگە لە پارێزگای دێرەزوو و ئەو پێگانە یەکێکیان بنکەیەکی میلیشیا ئێرانییەکانە لە ناوچەی مەیادین و ئەوی تریش پێگەیەکی میلیشیاکانی سوپای پاسدارانە لە بیابانی حەلعەشارا. لۆید ئۆستن لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکان باسی لەوە کردووە کە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج کە لەو هێرشانەدا بەڵیندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازی تریش بە سووکی برینداربوون. لەدوای 7ی ئەم مانگەوە کە حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنەکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و چەندین جار بە ئامانج گیراون. تەنانەت لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی کە سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی ناسەلامەتی وڵاتەکەوە بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی لەم کاتەدا.
هاوڵاتی وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوانی حكومهتی ههرێم رایگهیاند، ئهو كهسانهی بانگهشه دهكهن كه كهسوكاری 171 روفاتهكهی بیابانهكانی سهماوهن، پهیوهندیان پێوه بكهن بهمهبهستی وهرگرتنی سامپڵ بهمهبهستی ئهنجامدانی پشكنینی دی ئێن ئهی و دوای دهركهوتنی ئهنجامهكان بڕیا لهسهر گهڕانهوهی روفاتهكان دهدرێت. وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوان لهئاگادارینامهیهكدا بڵاویكردهوه، سهبارهت به روفاتی 171 كهس له شههیدانی ئهنفال له گۆڕه بهكۆمهڵهكانی بیابانهكانی سهماوه، لهگهڵ چهندین رێكخراو و لایهنی پهیوهندیدار له ههرێمی كوردستان و بهغدا گفتوگۆمان كردوه و گهیشتینه ئهو بڕیارهی داوا لهو كهسانه بكهین كه بانگهشه دهكهن كهسوكاری شههیدهكانن، لهئهمڕۆوه بۆ ماوهی 15 رۆژ دهتوانن پهیوهندیمان پێوه بكهن بهمهبهستی وهرگرتنی سامپڵ بۆ پشكنینی دی ئێن ئهی (DNA). وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوان ئەوەشی ڕونکردەوە لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ئەو پشکنینەش، بەپێی ئەنجامەکەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی روفاتەکان دەدرێت بۆ ھەرێمی کوردستان. وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوان داواشی له كهسوكاری ئهنفالكراوانی چهمچهماڵ و گهرمیان كردوه، كه هێشتا روفاتی كهسوكاریان نههێنراوهتهوه، هاوكاریان بن له پێدانی سامپڵ بۆ پشكنینی (دی ئێن ئهی) لهو ماوهیهی كه دیاریكراوه. لهڕێی ئهم ناونیشانانهی خوارهوه پهیوهندی بكهن به لیژنهی تایبهتمهند: ژماره تهلهفۆن گهرمیان : 07719492754 چهمچهماڵ: 07503373577 ئیمهیڵ [email protected]
هاوڵاتی بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئیران لە نوێترین دەرکەوتنیدا ڕایگەیاند " ئێستا ئێران بۆ زیاتر لە ٥٠ وڵاتی دونیا دەرمان ئەنێرێت". حەیدەر محەممەدی بەرێوەبەری رێکخراوی خۆراک و دەرمان ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند دەرمانی کوالیتی بەرز بۆ زیاتر لە پەنجا وڵاتی جیهاند هەناردە دەکەین. لەگەڵ ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئێران هەناردەی دەرمانی لەگەڵ دەکاتحەیدەر محەمەد باسی لە کوالێتی دەرمانەکان کرد و ڕایگەیاند ، کێشەمان نییە لە دروستکردنی دەرمان بە کوالێتی بەرز. ئەوەشی ڕونکردەوە گەر کێشەیەک هەبێت لە هەندێک نموونەی کەمدایەو پێویستە لێی بکۆڵینەوە. ئەم قسانەی بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە کاتێکدایە هاوڵاتیانی ئێران زۆرجار باسی کوالێتی نزمی دەرمانە ئێرانییەکان ئەکەن کە کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشی نییە ودەڵێن ناچارن بە بڕە پارەیەکی زۆر پەنا بۆ دەرمانی بیانی بەرن. هاوکات دەربارەی کەمبونەوەی دەرمان لە دەرمانخانە دەوڵەتییەکان ڕایگەیاند :" هۆکاری کەمبوونی دەرمان بە هۆی ئەوەوەیە دەرمانخانە دەوڵەتییەکان قەرزدارن، بەڵام دەرمانخانە ئەهلییەکان وەها کێشەیەکیان نییە".
ئیمان زەندی «وانەبێژی بۆ کەسێکی خێزاندار نەگونجاوە، دوای پێنج مانگ مووچە دەهات، خێزانەکەشم وانەبێژەو ئەوکاتەی دووگیان بوو نەڕۆیشتەوەو وازیهێنا لەوانەبێژی»، ئەمە وتەی مامۆستایایەکی وانەبێژە بەناوی ئالان کەئێستا وازی لەپیشەکەی هێناوە بەهۆی کەمی مووچەو مافەکانییەوە. رێزان و ئالان ناوی خوازراوی دوو هاوسەرن کە بۆ ماوەی ساڵێک پیشەی مامۆستای وانەبێژییان کردووە، ئالان تەمەنی ٣١ ساڵەو رێزانیش ٣٠ ساڵ، ئەوان خاوەنی سێ منداڵن و دانیشتووی پارێزگای هەولێرن. ئالان بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، ئەوان ئەو ساڵەی دەوامیان کردووە دوای ساڵێک مووچەی تەواوەتیان پێدراوە، هەربۆیە وازیان لەکاری مامۆستایی وانەبێژی هێناوە، چونکە «وانەبێژ بەگوێرەی وانەکانی مووچەی وەردەگرت، مووچەش لەکاتی خۆیدا نەدەهات و ئێمە لەبواری خۆمان وانەمان پێنەدەدرا بەزۆر وانە بەتاڵەکانمان دەوتەوەو ئەرکێکی قورستر بوو». ئالان حەزی بەپیشەی مامۆستایەتی نەبووە، بەڵام رێزانی خێزانی حەزی پێی هەبووە، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی وازی لەپیشەکە هێناوە ئالان پێی وایە «سەختە وەربگیرێتەوە». «خۆم کۆمەڵناسییم تەواوکردووە، بەڵام چونکە مامۆستای بیرکاری نەبوو و لەبیرکاری زۆر باشبووم، بیرکاریم دەوتەوە لەپۆلی یەک تاوەکو نۆ، خێزانیشم دەرچووی جوگرافیا بوو، بەڵام وانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی سەرەتایی دەوتەوە»، ئالان وای وت لەبارەی کاری ئێستاشیەوە ناوبراو ئاشکرایکرد، ئەو پیشەی ئێستای کاسبییە لەکۆمپانیایەک، «مامۆستای وانەبێژی بۆ پیاوێک خانوو و ئۆتۆمبێلی نەبێت، نەخێر باش نییە». جیاوازی ئەرک و مافی مامۆستایانی وانەبێژو مامۆستایانی هەمیشەیی (میلاک) لەبەرنامەی کاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییان زۆرە، لێرەدا هاوڵاتی هەندێک لەجیاوازییەکان دەخاتەڕوو کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە وەریگرتووە: -مامۆستایانی هەمیشەیی (میلاک) پێش قەیرانی دارایی ساڵانە مووچەی زیاد دەکراو پلەی بەرزدەکرایەوە چوار ساڵ جارێک، ئەمەش پێیدەوترێت (تەرفیعی)، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژان نییەتی. -میلاک خزمەتی ساڵانەی بۆ هەژماردەکرێت و منداڵی هەبێت ١٠ هەزار بۆ هەر منداڵێکی زیاددەکرێت، بەڵام وانەبێژان نییەتی. -میلاک ساڵێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە، بەڵام وانەبێژان تەنیا ٢١ رۆژە. -میلاک بەشەوانەی زۆر بێت یاخود کەم هەمان مووچەی هەیە، بەڵام وانەبێژ بەپارچەیە واتە بەشەوانەی کەم بێت موچەی کەم دەبێت و زۆر بێت زۆرە. -وانەبێژان ئەگەر کەمی مامۆستا نەبێت داینانێن لەقوتابخانەیەک، بەڵام میلاک وانییەو کەمی مامۆستاش زۆر کەم بێت دادەنرێت. -مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە بڕێک پارەیان بۆ دیاریکراوە بەناوی شایستەی دارایی، بەپێی خشتەیەکی وەزارەتی پەروەردە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە، بڕی شایستەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی پلەی خوێندن جیاکراوەتەوە، ئەوانیش (دیبلۆم، بەکالۆریۆس و ماستەر)ە، لەگەڵ بەشەوانەکان کەپێکهاتوون لە ١٢ بۆ ١٩ بەشەوانەو سەرووتر، بەمەش بڕی شایستەکەیان بۆ سەنتەری شار لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٧٥ هەزار دیناردایە، بۆ ناحیەکان و لادێکانیش لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٤٢٥ هەزار دینارە، بەڵام لەپشووەکانی هاوین نیوەی ئەو بڕە وەردەگرن. پەیوەست بەوەوە تاوەکو ئێستا وانەبێژان شایستەی مانگی تەمموز/٧ـیان وەرنەگرتووە. رۆژان ئەبوبەکر مامۆستایەکی تری وانەبێژە کەماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە لەپیشەی وانەبێژی و لەپارێزگای سلێمانی دادەنیشێت، ئەو تائێستا هیوای هەیە بکرێت بەمامۆستای هەمیشەیی، لەبەرئەوەی «وانەبێژ زۆرجار لەمیلاك ئەركی قورسترەو بەشەوانە بووەتە مەرج بۆ مانەوەمان و ناتوانین گواستنەوە بکەین بۆ قوتابخانەیەکی دیکە». ئەو وانەبێژە کەتەمەنی ٣١ ساڵەو خاوەنی کچ و کوڕێکە لەسەر مووچەی وانەبێژان دەڵێت، وانەبێژ پارەیەکی وای پێنادرێت تاوەکو بەشی مانگێکی بکات، «دەگاتە دوو مانگ پارەت نادەنێ، بەڕاستی هەرگیز وانەبێژ پارەی لەگیرفاندا نییە وەكو میلاك هەرچەندە راستە ئەوانیش بێ مووچەن، بەڵام هەرنەبێت بۆ خۆیان دەتوانن بایكۆت بكەن و كەس شوێنیان ناگرێت، بەڵام وانەبێژ هەر بایكۆتی كرد یەكسەر هەڕەشەی لێدەكرێت بەوەی یەكێكی دیکە دەچێتە شوێنی، هەبووە لابراوە هەر لەبەلاش بیانوی پێگیراوەو خزمی خۆی كردووەتە شوێنی». رۆژان سەبارەت بەدۆخی ژیانی باس لەوە دەکات، شایستەی وانەبێژان ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ خەرجی خێزان و ماڵ و منداڵ، چونکە «دەبێت یان قەرزی پێ بدەیتەوە یاخود دەبێت بۆ خەرجی هاتوچۆی قوتابخانەکە دایبنێیت، لەبەرئەوەی زۆرترین وانەبێژ لەدەرەوەی شارە، ئەگەر بێتو پشت بەپارەی وانەبێژی ببەستم لەبرسان ماڵ و منداڵ و خۆشم دەمرین». «کۆرپەیەکم هەیە، خەسووم بەخێوی نەکات، ناچارم وازبهێنم لەوانەبێژی، چونکە یەکسەر وانەبێژێکی دیکە دەهێننە شوێنت»، رۆژان وادەڵێت. لەساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی دامەزراندنی بەناچاری بۆ وەزارتی پەروەردەکەی دەکردو لەئەنجامدا ئەو بۆشاییەی کەدروستبوو لەخانەنیشی مامۆستاو مامۆستای هەمیشەیی (میلاک) بەمامۆستای وانەبێژ پڕی کردەوە، هاوکات مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان تەمەنیان لەنێوان ٢٦ بۆ ٣٥ ساڵدایە. بەپێی چەند ئامارێک، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان زیاترە لە ٣٠ هەزار کەس. مەجید محەمەد مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژەو پێنج ساڵە وەکو وانەبێژ وانەی وەرزش دەڵێتەوەو تەمەنی ٣٥ ساڵەو دانیشتوی قەزای کەلارە، مەجید پڕۆژەیاسایەکی حکومەت ئاشکرا دەکات بۆ هاوڵاتی کەوەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی دارایی هەرێم بەڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیان کردووە تاوەکو بڕە پارەیەک بەشێوەی گرێبەست بۆ وانەبێژان دابینبکرێت، ناوبراو لەوبارەیەوە دەڵێت: «هەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووەو راپۆرتەکەشیان پێشکەش بەسەرۆک وەزیرانی هەرێم کردووە، تیایدا لەو راپۆرتەدا ژمارەی وانەبێژان بەوردی و بڕی ئەو شایستەی وەریدەگرن و بڕی ئەو شایستەی کەبڕیارە بکرێن بەگرێبەست کەخۆی لەچوار ملیار دەبینێتەوە دابینی بکەن، بەڵام حکومەت ئەو چوار ملیارەش بەشایەنمان نازانێت». ناوبراو لەسەر جیاوازی ئەرک و مافی میلاک و وانەبێژان زیاتر دواو جەختیکردەوە، ئەوان خانەنشین ناکرێن و مافی ئەوەیان نییە، هەروەها وانەبێژێکی خانم هاوسەرگیری بکات و بچێت بۆ شارێکی دیکە ناتوانێت بگوازرێتەوە، چونکە رێگەپێدراو نییە بۆ وانەبێژ لەپەروەردەیەکەوە بۆ پەروردەیەکی تر بچێت، یاخود «ئەگەر من تووشی رووداوی هاتوچۆ ببم وەکو نەخۆشێک مۆڵەتم نییە وەکو میلاکەکە، بەڵکو راستەوخۆ لەوانەبێژی دەردەکرێم». سەبارەت بەهاوسەرگیری وانەبێژێکی زگورد، مەجید محەمەد ئاشکرایکرد، «زۆربەی وانەبێژان بەهۆی ئەوەی باری داراییان بەپێی پێویست نییە ناتوان هاوسەرگیری بکەن، پشتم بەم شایستەیە نەبەستووەو مارکێتم هەیەو بژێوی ژیانم بەو مارکێتە بەڕێوە دەبەم». وانەبێژەکەی کەلار دەڵێت، وانەبێژان لەساڵێکدا تەنیا حەوت رۆژ پشوویان هەیە، بەڵام زۆرێک لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان ئەوەش جێبەجێ ناکات، چونکە «حکومەت پێی خۆشە وانەبێژی بەردەوام بێت، لەبەرئەوەی ئەو مووچەیەی بەمیلاکێک دەدات سێ وانەبێژی پێ بەڕێوەدەبات». هاوڵاتی بۆ زانیاری زیاتر ویستی بپرسێت ئایا چەند جیاوازی دیکە هەیە لەئەرک و مافی مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک؟، ئایا بڕیار نەبوو وانەبێژی کاتی بێت، بۆچی تاوەکو ئێستا بەردەوامە؟، پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایەیە کە بەکوێ گەیشتووەو بۆچی ئەو چوار ملیار دینارە دابین نەکراوە، کۆتا پرسیاریش لەسەر ئەوەیە چ دەنگۆیەک ھەیە بۆ بەھەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ؟، بەڵام لەوەڵامدا سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، «ببوورە لەسەر ئەو تەوەرانە ناتوانم هیچ قسەیەک بکەم». هاوکات هاوڵاتی هەر سەبارەت بەو پرسیارانە، چەندینجار پەیوەندی بە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەوە کرد، بەڵام ناوبراوان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە هەولێر پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت: شکستمان بە هێرشەکە هێناوە. بات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ تائێستا 21 سەربازیان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر هەردوو بنکەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە عێراق و تەنەف لە سووریا، برینداربوون. وتەبێژەکەی پێنتاگۆن دەشڵێت، "900 سەربازمان لە بواری بەرگریی ئاسمانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردوونەتەوە.. و وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێتە سەر هێزەکانمان." سەبارەت بەهێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، وتەبێژی پێنتاگۆن وتی: ئاگاداری هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی هێزەکانمانین لە هەولێر، هێرشەکە سەرکەوتوو نەبووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووەو کەمێک زیان بەر شوێنەکە کەوتووە. ئهمشهو لهڕێگهی دو فڕۆكهی بێفڕۆكهوانهوه هێرشكراوهتهسهر كونسوڵخانهی ئهمریكا له ههولێر كه نزیكه له فڕۆکەخانەی نێودهوڵهتی هەولێرهوه، بهڵام لهدهرهوهی فڕۆكهخانهكه خراوهته خوارهوه. هاوكات، بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "موجاهیدەکانی بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق، بە دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی ئەمریکایان له تەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێر کردە ئامانج و ڕاستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکاوە".
هاوڵاتی کەمێک پێش ئێستا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشکرایە سەر دەورووبەری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێروگروپێک بەناوی (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتوە. گروپەکە دەڵێن: لەرێگەی دو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کونسوڵخانەی ئەمەریکایان لە هەولێر بە ئامانج گرتوە. تاوهكو ئێستا زهرهر و زیانهكانی ئهو هێرشه نهزانراوه و هێزێكی ئهمنیش گهیشتونهته شوێنی روداوهكه و بهدواداچون و لێكۆڵینهوهیان دهستپێكردوه تاوهكو بزانرێت درۆنهكان لهكوێوه ههڵدراون. بەوتەی شایەتحاڵەکان دو فڕۆکەکە لە چواردەوری کونسوڵخانەکە کەوتونەتە خوارەوە لە نزیک گوندی (گەزنە، قەڵاچۆغان، دارەبەن) تائێستا زیانەکان نەزانراوە. هاوكات تاوهكو ئێستا دهزگا ئهمنیهكانی ههولێر هیچ رونكردنهوه و راگهیهندراوێكیان لهبارهی ئهو هێرشهی سهر كونسوڵخانهی ئهمریكا نهخستۆتهڕو.
هاوڵاتی بەگوێرەی میدیای سوێدی ئاژانسی کۆچبەرانی سوێد بڕیاریداوە سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی پێشتر چەند جارێک لە وڵاتەکە کۆپیی قورئانی پیرۆزی سووتاند لە وڵاتەکە دەربکرێت. کەناڵی TV4 ی سویدی بڵاویکردەوە، بەرژەوەندی کۆچی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە، سەلوان مۆمیکا، ئەو کەسەی کە قورئانی سوتاندوە ئیقامەکەی نوێنەکرێتەوە کە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت و پێویستە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، سەلوان مۆمیکا تا ئەو کاتە دەتوانێت لە سوید بمێنێتەوە یاخود گازەندە لە بڕیارەکە بگرێت و لەدوای ئەو وادەیە ڕو لە وڵاتێکی بکات. لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، سەلوان مۆمیکا، هاوڵاتیی سویدى بە رەگەز عێراقییە قورئانی سوتاند و بەو کارەی توڕەییەکى بەرفراوانى لەسەر ئاستى وڵاتان و وڵاتانى ئیسلامى لێکەوتەوە، تا ئێستاش لێکەوتەکانى بەردەوامن، لەدواى ئەویشەوە لە دانیمارک و هۆڵندا روداوی هاوشێوە رویاندا و ئەوەش بوە هۆى بانگهێشتکردنى دیپلۆمانکارانى ئەو وڵاتانە لەلایەن وڵاتانى عەرەبییەوە. له ناوهڕۆكی بڕیارهكهدا هاتوه، دهزگای كۆچبهران لهمكاتهدا بهربهست دهدۆزێتهوه بۆ جێبهجێكردنی بڕیاری دیپۆرتكردنهوهی سیلوان مۆمیكا بۆیه مۆڵهتی مانهوهی ماوهیهكی دیاریكراو بۆ ماوهی نزیكهی شهش مانگی پێدهدرێت، له 25ی (تشرینی یهكهم/10)ی 2023 تاوهكو 16ی (نیسان/4)ی 2024، ههروهها بهڵگهنامهی گهشتكردنیشی بۆ ههمان ماوه پێدهدرێت. دهزگای كۆچبهران ئهوهشیخستۆتهڕو، دوای جێبهجێكردنی بڕیاری دیپۆرتكردنهوهی، بۆ ماوهی پێنج ساڵ ڕێگری له گهڕانهوهی مۆمیكا بۆ سوید دهكرێت. دهزگای كۆچبهرانی سوید چهند مانگێك لهمهوبهر لێكۆڵینهوهی بۆ شوێنی نیشتهجێبونی مۆمیكا كردبۆوه، دوای ئهوهی بۆی دهركهوت كه زانیاری ناڕاستی خستۆتهڕو بهمهبهستی وهرگرتنی مافی پهنابهرێتی، بهو پێیهی باسی لهوه نهكردبو كه ئهندامێكی چهكداری میلیشیایهكی عێراقییه و چهكی ههڵگرتوه و بهشداری چالاكیی سهربازیی كردوه، ههروهها سهفهری بۆ عێراق كردوه، ههرچهنده وتویهتی له عێراق ههڕهشهی لێدهكرێت. هەر بەهۆی سوتاندنی قورئان لەو وڵاتە له مانگی (ئاب/8)ی ئهمساڵ سوید زهنگی "ئاگاداری تیرۆریستی"ی خۆی بۆ دوهم بهرزترین ئاست بهرزكردهوه و هۆشداریدا له زیادبونی ههڕهشهكان له دژی سویدییهكان له ناوخۆ و دهرهوهی وڵات، دوای ئهوهی سوتاندنی قورئان توڕهیی موسڵمانان و ههڕهشهی گروپه توندڕهوهكانی لێكهوتهوه.
هاوڵاتی وهزیری دهرهوهی ئێران ئهمڕۆ پێنجشهممه رایگهیاند، تاران پێشوازی له فراوانكردنی مهودای شهڕ له ناوچهكهدا ناكات و هۆشداریشیدا كه ئهگهر شهڕی غهززه بهردهوام بێت ئێمه ناتوانین ئاگرهكه ڕابگرین، لهئێستاشدا حهماس بهمهرجی ئازادكردنی شهش ههزار فهڵهستینی ئامادهیه بارمتهكان ئازادبكات. رۆژی حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لەكەرتی غەزەوە زیاتر لەپێنج هەزار مووشەكی ئاڕاستەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەكە نشینەكان كردو تەلبەندی سنووری نێوان كەرتی غەزەو كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانی بڕی و شەڕ دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە و وڵتانی جیهان بوون بە دووبەشەوەو هەریەکەو لایەنگری لایەنێکی جەنگەکە دەکات، لەم پەیوەندەدا ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام پشتگیری ئیسرائیل دەکات و ئامادەی دابینکردنی هێز و کەرەستەی جەنگییە ئەمەش ئێرانی توڕەکردووە و بەردەوام لێدوانی دژ بە یەک بڵاودەکەنەوە. لەم پەیوەندەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، ئیسرائیل "وڵاتێکی دەستدرێژیکار و داگیرکارە و گەلی فەلەستین مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لەخۆی بکات و وڵاتێک دروستبکات." وتیشی، "بزووتنەوەی حەماس ئامادەیە لەبەرامبەر ئازادکردنی 6 هەزار گیراوی فەلەستینی، تەواوی بارمتەکان ئازاد بکات." وەزیری دەرەوەی ئێران لەكۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی ڕونکردەوە، بەشداربوونی راستەوخۆی ئەمریكا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هێرشەكانی سەر غەززە پێشێلكردنی پەیماننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە. باسی لەوەشكرد هەر ئاساییبوونەوەیەكی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل لەم رەوشەدا شكستخواردووە. حسێن ئهمیر عهبدولههیان هۆشداریدا لهوهی ئهگهر جینۆساید له غهززه بهردهوام بێت، ئهمریكا له ئاگرهكه ڕزگاری نابێت و لهبارهی بارمتهكانیشهوه وتی، "حهماس ئامادهیه بۆ ئازادكردنی زیندانیانی مهدهنی، لهبهرامبهریشدا دهبێت جیهان پشتیوانی له ئازادكردنی شهش ههزار زیندانی فهڵهستینی بكات، بهپێی یاسا نێودهوڵهتییهكانیش فهڵهستینییهكان مافی خۆیانه خهبات بكهن بۆ بهدهستهێنانی سهربهخۆیی، لهوانهش خهباتی چهكداری". ئهوهشی رونكردهوه، ههركهسێك بیهوێت شهڕهكه فراوان نهكات، دهبێت فشار بخاته سهر ئیسرائیل بۆ ئهوهی شهڕهكهی لهسهر غهززه ڕابگرێت.
شەنای فاتیح جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەكێكە لەو رووداوانەی كەجیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، تائێستا زیاتر لەشەش هەزار هاوڵاتی سڤیل بەهۆی ئەو جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە. پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان چەكدارانی ئیسرائیل و حەماس بەشێكی زۆری وڵات و لایەنە ئیسلامییەكانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ فەڵستین راگەیاند، لەوانەش حزب و لایەنە كوردییە ئیسلامییەكان، بەڵام تاڕادەیەك جیاوازی لەبۆچوونی حزب و رەوتە ئیسلامییە كوردییەكاندا هەیە. لەهەرێمی كوردستاندا سێ حزبی ئیسلامی هەن كەنوێنەریان لەخولە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە، ئەوانیش: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كەتاڕادەیەكی زۆر ئەم سێ لایەنە سەبارەت بەجەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەكدەنگن. یەكگرتووی ئیسلامی: ئەم جەنگە جەنگێكی ئاینی و سیاسیشە عوسمان كاروانی، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمەی روودەدات جەنگی رژێمێكی زایۆنیە بەرامبەر بەگەل و خاكێكی داگیركراو، حەماسیش ئەو خاكە بەمافی خۆی دەزانێت كەبەرگری بكات بۆ وەرگرتنەوەی، ئاشكرایە ئیسرائیل بزوتنەوەیەكی زایۆنییەو حەماسیش بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كەدوو ئایدۆلۆژیای زۆر جیاوازن، بەڵام ئەمە بەدەر نییە لەو بارودۆخە سیاسییەی كە لەجیهاندا هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم جەنگە جەنگێكی ئاینی وسیاسیشە بەرامبەر مەزڵومیەتی گەلێك. وتیشی: زۆر ئاساییە خەڵكانێك هەبن لەم وڵاتەدا حەماسیان بەدڵ نەبێت، بەڵام ناكرێت لەگەڵ مەزڵومییەتی گەلی فەلەستین نەبن، هەركەسێك مەزڵوم بێت لەژێر هەر ناوێكدا بێت پێمان وایە پێویستە پشتیوانی لێبكرێت، كەسێكیش بەمەزاجی خۆی قسەبكات لەسەر ئەوەی كەپشتیوانی لەخەڵكی غەزە نەكات، بەتایبەتی گەلی كوردی ئێمە كەئەنفال و كیمیاباران و دەیان مەزڵومییەتی دیوە، بەڕاستی ئەو جۆرە كەسانە پێویستە بەخۆیان و بیرو بۆچوونەكانیاندا بچنەوە. سەبارەت بەوەی بەشێك لەمامۆستایانی ئاینی لایەنە ئیسلامییەكانیان بەوە تۆمەتباركرد خەڵك هاندەدەن بۆ جەنگ، عوسمان كاروانی دەڵێت: جەنابی مامۆستا ئەو قسانە دەكات دەبێت بیر لەوەبكاتەوە كەئەو خۆی لەشوێنێكی گەرم و نەرمەوە ئەو قسانە دەكات، ئەوە جێگەی پێداچوونەوەیە، ئاساییە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسدا نەبیت بەڵام ناكرێت لەگەڵ گەلێكی مەزڵوومدا نەبیت و پشتیوانی لێنەكەیت، كە بەڕاستی ئەمە لای ئێمە پرسیارێكی جددی دروستدەكات بەرامبەر هەركەسێك كە بەو شێوەیە بیربكاتەوە. كۆمەڵی دادگەری: شەڕی حەماسو ئیسرائیل بەشەڕی مرۆڤایەتی ناودەبات عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:لەدیدی ئێمەدا شەڕی حەماس و رژێمی زایۆنی نیە، بەڵكو شەڕی مرۆڤایەتییە، چونكە ئەوەی ئێستا لەفەلەستین دەگوزەرێت، دەرەنجامی زوڵم و تاوان و كۆمەڵكوژیی و داگیركاریی رژێمی زایۆنییە دژی گەلی فەلەستین كە لەتەواوی جیهانەوە جولەكە هێنراوەو بەزۆر ماڵیان داگیركراوە، گرتوخانەی زایۆنیەكان پڕە لەژن و مناڵ و پیروپەككەوتەو گەنجی فەلەستینی، بۆیە ئەم جەنگەی لەنێوان مسوڵمان و زایۆنیزمدایە بەپاڵپشتی خۆرئاوای دووڕووە. وتیشی: ئەم كێشەیە نەتەوەیی نیە تابەراوردی نەتەوەیی بۆ بكرێت و جەنگی عەرەب و زایۆنیزم نیە، ئەگەر وابوایە دەبوو دەوڵەتانی كرێگرتەی عەرەب هەڵوێستێكیان هەبوایە، بۆیە جەنگەكە باكگراوندی ئاینی هەیە كەجولەكەكان خۆشیان نایشارنەوە حاخامەكانیان رۆژانە لەمیدیاكانەوە قسەدەكەن و هانی زایۆنیەكان دەدەن بۆ كوشتاری مسوڵمانانی غەزەو مناڵەكانیان لەقوتابخانەو باخچەی ساوایان و زانكۆكان لەسەر دژایەتی ئیسلام و كوشتاری مسوڵمانان پەروەردە دەكەن. سەبارەت بەڕای حزبە ئیسلامییەكان عەبدولستار مەجید دەڵێت: پێموانیە یەكدەنگ نەبین، بەپێچەوانەوە هەموو مسوڵمانان بەهەموو ئاراستە سیاسییە ئیسلامییەكانەوە هاوسۆزو هاوڕاین لەبابەتی هاوسۆزیی بۆ غەزەو دژایەتی زایۆنیزمی تیرۆریست، بەڵام را جیاییش شتێكی ئاساییە، بەڵام ناكرێت مرۆڤ خۆی بەمسوڵمان بزانێ و لەبەرامبەر تاوان و كۆمەڵكوژیی رژێمی زایۆنیدا یان بێدەنگیی یان بێلایەنی هەڵبژێرێت. سەبارەت بەوتەی ئەو مامۆستا ئاینی و لایەنانەی كەلایەنە ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی خەڵك بۆ جەنگ هاندەدەن، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری وتی: كۆمەڵی دادگەریی و هێزە ئیسلامییەكان كەسیان بۆ جەنگ هان نەداوە، ئەمە درۆیەكە ئەوانە رووی خۆیانی پێ سپی دەكەنەوە كەدڵیان لەگەڵ رژێمی دڕندەی زایۆنیدایە، ئێمە وتوومانە دەبێ دڵمان لەگەڵ ئازارو مەینەتی هەر مسوڵمانێك بێ لەهەر جێیەكی دونیا زوڵمێكی لێبكرێت، بگرە لەگەڵ هەر مرۆڤێكی ستەملێكراو بێت لەهەر شوێنێك بێت با مسوڵمانیش نەبێ. «ئەوانەی دەڵێن غەزە پێویستی بەخۆراك و ئاوە نەك هوتاف، ئەوەتا دەزگای بەخشینی ئێمە سەرقاڵی كۆكردنەوەی هاوكاریی مرۆیی و گەیاندنێتی بەخوشك و براكانمان لەغەزە، ئەوانەی خەریكی ئەم قسە سواوانەن، خۆیان نەك بۆ غەزە، تەنانەت بۆ كوردانی دیكەش كەستەمیان لێدەكرێ و ئاوارە دەكرێن، جگە لەقسەو دروشم هیچیان لەدەست نایەت». عەبدولستار مەجید وای وت. بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان: ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بەمسوڵمانانی فەڵەستین دەكرێ عەبدوڵا ورتێ، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بەمسوڵمانانی فەڵەستین دەكرێ، پێمان وایە تاكە چارەسەر بۆ كۆتایهێنان بەو خوێنڕشتن و ئاژاوە گەورەیە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە، قودس یەكەمین قیبلەی مسوڵمانان بووە بەدرێژایی مێژوو، كاتێك دەوڵەتی ئیسرائیل رێگە دەگرێت لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەو خەڵكی بەئازادانە بچن خواپەرستی بكەن لەو مزگەوتەدا بەڕاستی ئەوە كاردانەوەیەكی گەورەیە لەو ناوچانەدا. وتیشی: حاڵەتێكی سروشتییە كاتێك جەنگێك یان رووداوێك روودەدات هەر كەسێك رای تایبەت بەخۆی هەبێت و بەحاڵەتێكی سروشتی دەزانم، سەنتەری مامەڵەی دینیش لەگەڵ مرۆڤە، بۆیە لەهەر شوێنێك مرۆڤێكی بێتاوان شەهید دەكرێ، كۆمەڵكوژدەكرێ و ماڵەكەی لێ داگیرو خاپور دەكرێ، ویژدانیەن مرۆڤ دەبێت بەرامبەری خاوەنی هەڵوێست بێت. «ئێمە كەسمان بۆ جەنگ و كوشتن هان نەداوە، هەمیشە لەپرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا خۆمان بەپێشەنگ زانیوە بۆ بەرگریكردن یان هەر هەڵوێستێكی نیشتیمانی، ئێمە وەك حزبێكی ئیسلامی خۆماڵی هیچ كاتێك خۆمان جیانەكردووەتەوە لەهێزە نیشتیمانییەكان و ئەمە ناهەقییەكی گەورەیە، تەنها هاوسۆزی دەربڕینێك بووە بەرامبەر ئەو رووداوە ناخۆشەی بەرامبەر میللەتێك بەبەرچاوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكانەوە روویداوە». عەبدوڵا وەرتێ وات وت. هاوڵاتی پەیوەندی بەیەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە كرد تا راو بۆچوونی ئەوانیش سەبارەت بەم پرسە بۆ وەرگرانی بگوازێتەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك بدەن و رایانگەیاند «یەكێتی زانایان پێی باش نییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێنەوە، لەبەرئەوەی هەر لێدوانێك بدرێ دەكرێت لایەنێك دڵگران بێت ئەوەش كاری ئێمە نییە موحاكەمەی خەڵك بكەین، یەكێتی زانایان دەزگایەكی هەستیارو پیشەیی و گرنگە هەندێك بابەت هەیە هەستیارە قسەی لەسەربكرێت». ئەمە لەكاتێكدایە بەشێكی مامۆستایانی ئاینی رایەكی جیاوازتریان لەڕای حزبە ئیسلامییەكان هەیەو جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەجەنگێكی سیاسی دەزانن و بەشداریكردن لەو جەنگەدا بەجیهاد نازانن. د.عەبدول لەتیف ئەحمەد، یەكێك لەمامۆستا ئاینییە ناودارەكانی كوردستانەو بەڕێبەری رەوتی سەلەفییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: بزوتنەوەی حەماس هەڵەیەكی تەكنیكی جەنگیان كردووەو خوێنی مسوڵمانان لەقودس و كەعبە پیرۆزترەو ئەو شەڕە تەنها بەكوشتدانی مسوڵمانانە. وتیشی: حزبە ئیسلامییەكان خۆیان لەخۆشیدا دەژین و هانی خەڵكی دەدەن بجەنگن، ئەوان سەركردەی وڵاتە عەرەبییەكان بەكافر دەزانن، بەڵام رەخنە لەتوركیا ناگرن كەوڵاتێكی ئیسلامییەو گەورەترین بازرگانی لەنێوان توركیاو ئیسرائیلدایە، بەڵام قسەناكەن. هاوكات، هەڵۆ حەمەڕەشید مامۆستای ئاینی رایگەیاند: ئەو جەنگەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە، جەنگی مسوڵمانان و كافر نییە، بەڵكو جەنگێكی بەرژەوەندییە. سەبارەت بەڕای جیاوازی حزب و رەوتە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان، د.ماجد خەلیل مامۆستای زانكۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، سروشتێكی ئاڵۆزی هەیە، بەڵام زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین، زیاد لەوەی جەنگ بێت، گەمەیەكی سیاسییە، كۆدەكانی كەلتووری جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەسین، هەرزوو زەمینەی ئاشكرابوونیان رەخساوە. ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی: جەنگەكە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدایە نەك ئیسرائیل و فەلەستین یان ئیسرائیل و عەرەب، جاران جەنگەكە عەرەب تێیدا تەرەفێكی سەرەكی بوو ئێستا وانییە، بۆ نموونە مەحمود عەباس و دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێن حەماس نوێنەرایەتی فەلەستین ناكات، حەماس حزبێكە و هەڵگری توراسی هیچ جەنگێكی پێشووتری نییە. «كەواتە ئەم جەنگە، جەنگ نیە، بابەتێكی سیاسییە، وابەستەیە بەوەی كە حەماس خراوەتە ناو داوی دنیابینییەكانی خۆیەوە، لەداوەكەدا كەوتووەتە چاڵێك كەچارەنوسی روونە، چارەنووسی خۆی لەدەستداوە، غەزەی یەكسانكردووە بەهیچ، بووەتە هۆكاری لەنێودانی هەزاران خەڵكی بێنەوا، خەڵكێك كەڕازی نییە بەحەماس، هاوكات حەماس بووەتە هۆكاری سەركەوتنی ئیسرائیل لەڕاكێشانی بەهێزترین رێگەی بازرگانی لەمێژوودا كە لەخەتی ئاوریشمی سەردەمی چینیەكان چارەنووسسازترە. ئەو هێڵەی هندو ئەوروپا لەئیسرائیلەوە پێكەوە دەبەستێ و دەبێتە بەدیلی نۆكەندی سوێس تەنها مەترسی غەزە لەسەری هەبوو، ئەویش لادەدەن. « د.ماجید خەلیل وای وت. ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت: ئەمەی كەدەگوزەرێ، ئایدۆلۆژیە، چوون حەماس ئیسلامی سوننەو سەلەفی پشتیوانی ناكات، كوا یەك چالاكی داعش لەو پێناوەدا؟ كوا یەك بەیانی قاعیدە بۆ پشتیوانیان؟ كوا هەوڵێكی توركیا، ئەم جەنگە ئێرانی لەپشتە، ئێران حەماسی خستووەتە ناو پاقلەكەوە، ئێران حەماسی بەلەسەی باوەڕەكانی كرد، حزبوڵای لوبنان لۆژیكی سیاسەتەكانیەتی، وا حەماسی بۆ تەخت دەكات و حەسەن نەسڕوڵا دەكاتە تەنها شۆڕەسواری پرسی فەلەستین، چوون حەماس ئەو سەرەی هەڵیگرت سەری خۆی نەبوو. وەك ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: دەبێ بزانین ئێران لەم جەنگەدا سوننەتی مێژووی كرد، چوون لەمێژوودا، تەنها دوو جار قودس كەوتووەتە دەستی مسوڵمان، هەردوو جارەكە ئێران رقی لەپاڵەوانەكانیەتی، یەكەمجار عومەری كوڕی خەتاب، دووەمجار سەڵاحەدینی ئەیوبی، سێەمجاریش حەماس خۆی تاقیدەكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئیتر سەردەمەكە گوڕاوە، مەگەر بۆ عەقڵی كۆنخواز نەتوانن دنیا بەچاوی خۆیان ببینن. رۆژی حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لەكەرتی غەزەوە زیاتر لەپێنج هەزار مووشەكی ئاڕاستەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەكە نشینەكان كردو تەلبەندی سنووری نێوان كەرتی غەزەو كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانی بڕی.
هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ساتەوەختی بڕیاردان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لەنێو چەند ئەندامێکی کۆنگرێسدا باسی لە کوردی سوریا کردووە و وتوویەتی چارەنووسیان "بە من چی؟" رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا بەشێکی لە کتێبیكی نوێ بڵاوکردووەتەوە کە ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێس نوسیویەتی و باس لە کۆبوونەوەیەک دەکات کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا، رێکیخستبوو بۆ بەرگریکردن و رازیکردنی ترەمپ تا تەرکیز بخاتە سەر کوردانی سوریا کە لەو کاتەدا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیایان لەسەر بوو. کتێبەکە ئادەم کیزینجەر، ئەندامی خانەنشینی کۆنگرێس نوسیویەتی بەناوی "خیانەتکار: بەرگریکردن لە دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتە پەرتەوازەکەماندا." ئادەم کیزینجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت لەگەڵ چەند ئەندامێکی تری کۆنگرێسدا بانگێشتکرابوو بۆ کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی تا پشتگیری هەوڵی جۆن بۆڵتن بکەن سەبارەت بەوەی ترەمپ تەرکیزی بخاتەسەر کوردانی سوریا و باس لەوە دەکات کە "هەر گەشتینە ژووری سەرۆک هەستم پێکرد کە ترەمپ نائارام بوو و بۆڵتنیش بەداماوییەوە چاوەرێی کەسێک بوو قسە لەگەڵ ترەمپ بکات." کیزینجەر لەسەر کۆبونەوەکە زیاتر دەنوسێت و دەڵێت، "بۆڵتن دەیویست بە ڕێزەوە بەردەوام بێت هەرچەندە وادیاربوو ترەمپ گوێی نەدەدا و دواتر بۆلتن لە کۆبونەوەکەدا وتی، 'کوردەکان لەپێناوی ئێمە شەڕیان کرد و مردن لە عێراق.'" دواتر کیزینجەر خۆی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "ئەوان [کوردەکان] بەردەوام بوون لە پێدانی زانیاریی ورد لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، هەرچییەکمان بوتایە بە کەڵک نەدەهات." لەسەروبەندی ئەم قسانەدا ترەمپ قسەکان دەبڕێت و بەپێی وتەی کیزینجەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە بەرگریکردن لە کوردانی سوریا دەڵێت، "جا بە من چی؟" ئەندامەکەی پێشووی کۆنگرێس لە بەشێکی تردا باس لەوە دەکات کە دوای کۆبوونەوەکە دوو رووداو زۆر کاریگەری لێکردووە کە یەکێکیان "دەموچاوی بێهیوایی بۆڵتن بوو کاتێک ترەمپ نەیدەتوانی تەرکیز بکات و دووەمیشیان وەڵامەکەی ترەمپ بوو کە لەسەر کوردانی سوریا وتی 'جا بە من چی؟'" دواجار ترەمپ فرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەرکرد و لە 7ی تشرینی یەکەمی 2019 بەشێکی زۆری سەربازانی وڵاتەکە لە باکوری سوریا کشانەوە ئەمەش رێیخۆشکرد بۆ ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" تورکیا کە دوای دوو رۆژ رایگەیاند و ماوەی دوو هەفتەی پێچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد و دەستیگرت بەسەر سەرێکانی و گرێسپی و چەندین ناوچەی تر. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاردانەوەی جیهانی بەدوایخۆیدا هێنا و رەخنەیەکی زۆر لە دۆناڵد ترەمپ گیرا کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە جیهاندا ئەو هەڵویستە وا لیکدرایەوە کە خیانەت لە کورد کرابێت جارێکی تر و دەوترا "خەنجەرێک لە پشتەوە لە کورد" دراوە. هیزەکانی سوریای دیموکرات لەساڵی (هەسەدە) لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی ئەمریکا دروستبوون و بوونە بەشێکی گرنگ لە تێکشکانی داعش و دواتریس وەک هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتن لێ دەرواندرا و تا ئێستاش بە هەمان شێوەیە. لەدوای کشانەوەی هێزەکانی و لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە تەنها چەند سەربازێکی کەمیان هێشتووەتەوە و تەنها "پارێزگاری لە نەوتەکە" دەکەن و "کاتی ئەوەیە کۆتایی بهێنین بەو جەنگە کۆتاینەهاتووە گاڵتەجاڕانە." لە چەند لێدوانێکی تریشدا کە زۆر شۆکهێنەر بوو بەلای چەدین سیاسەتەمەدار و شیکەرەوەی سیاسییەوە ئەوە بوو کە وتی، کوردەکان "لە جەنگی دووەمی جیهانی یارتمەتییان نەداین." جۆن بۆڵتن لە ئازاری 2018 وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەستبەکاربوو و دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانییانەوە، ترەمپ لە ئەیلولی 2019 دوورغخستەوە. جۆن بۆڵتن لە کتێبەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات ترەمپ گرنگی زۆری نەداوە بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەو مەترسییث تێنگەشتووە کە تورکیا یان ئێران دروستی دەکەن لە ناوچەکەدا.
هاوڵاتی سوپاسالاری پیشمەرگە رایگەیاند رووداوەکەی سەرەتایی ئەم هەفتەیەی قەرەچووغ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتسی دەرەکی لە پشت بووە، دەشڵێت، چاوەرێی ئەنجامی ئەو لیژنەیە دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکیهێنا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، رایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پلەی یەک نەبوونی هەماهەنگی بووە و "پەلەکردن بووە لە گرتنی ئەو خاڵانە [خاڵی چاودێریی] کە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین." ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 هێزەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە، کە سەر بە پارتییە، و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. پێشتر فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچووغ بە هاوڵاتی راگەیاند کە شەڕەکە لەسەر دوو خاڵی چاودێری بووە و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی ویستوویانە بیگرن، بەڵام هێزەکانی پەکەکە داوایان کردووە سوپای عێراق بێتە ئەو خاڵە چاودێرییانە. دوای شەڕەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر کاری لیژنەکە، فەریق عیسا عوزێر وتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن، بەڵام هێشتا دۆخی چیای قەرەچووغ ئاسایی نەبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش سوپاسالاری پیشمەرگە ئاشکرایکرد کە 17 پێشمەرگە برینداربوون کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن.
هاوڵاتی وتەبێژی کەتیبەی قەسام، لقی سەربازی حەماس، رۆژی سێشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم رایگەیاند دوو بارمتەیان ئازاد کردووە کە دوو ژنی بەتەمەنی ئیسرائیلین. ئەبو عوبەیدە وتەبێژی قەسام وتی، «ئەو دوو ژنە بەنێوەندگیری قەتەرو میسرو وەک کارێکی مرۆڤدۆستانە ئازاد کراون، ئێمە بڕیارماندا لەبەر دۆخی تەندروستی دوو ژنە ئازاد بکەین، هەرچەندە دوژمن ئامادە نەبوو رۆژی هەینی رابردوو ئەم دوو کەسە وەربگرێتەوە». کەناڵی ١٢ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل لەمبارەیەوە ئەڵێت، «ئەم دوو کەسە، پیرو بەساڵاچوون و بنەماڵەکەیان ئاگادار کراونەتەوە کەئازادکراون». بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا، ئەو دوو بارمتە ئازادکراوە ناویان یۆخباد لیفشیتس تەمەن ٨٥ ساڵ و نۆریت کۆپەر تەمەن ٨٠ ساڵن. ئەمە لەکاتێکدایە عوددەد لیفشیتس، هاوسەری یۆخباد لیفشیتس، یەکێکی تر لەو کەسە بەتەمەنانەیە کە لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیراوەو سەرەڕای تەمەنی زۆری ئازاد نەکراوە. بەپێی هەواڵی کەناڵی ١٣ی تەلەفیزیۆنی ئوسترالیا، عوددەد لیفشیتس، تەمەن ٨٦ ساڵ، رۆژنامەنووسێکی چەپە کە لە رۆژنامەی (داوار) دەینووسی و بەدرێژایی دەیان ساڵ پشتیوانی لەفەلەستینییەکان دەکرد. دوای ئازادبوونی، یۆخباد لیفیشیتس لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب باسی لە ئەزمونی خۆی کرد لەوکاتەی بارمتە بووە لای چەکدارانی حەماس و وتی کە لەسەرەتاوە کاتێک گیراوە ئازاری دراوە، بەڵام بەشێوەیکی گشتی مامەڵەی باشی لەگەڵ کراوە. «مامەڵەی چەکدارەکان زۆر دۆستانە بوو، بیریان لەهەمووشتێک کردبووەوە، تەنانەت پاکوخاوێنی ژنانەش، کەگەیشتینە ئەوێ، پێیان وتین ئەوان بڕوادارن بەقورئان و ئازاری کەس نادەن، هەروەها ئێمە رێک وەک ئەوان دەژیاین لەتونێلەکاندا»، لیفیشیتس وای وت. هاوکات رۆژی هەینی ٢٠ی تشرینی یەکەم، کەتائیبی قەسام بەنێوەندگیری قەتەر دوو هاوڵاتی ئەمریکی کە لەهێرشی ٧ی تشرینی یەکەم رفێندرابوون، ئازاد کران. یەهوودیت رەعنان ژنێکی تەمەن ٥٩ ساڵ و کچەکەی بەناوی ناتالی، دوو هاووڵاتی ئەمریکی بوون، کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران. ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە ئەمریکییە لەلایەن جۆبایدنەوە پێشوازی لێکراو بایدن سوپاسی دەوڵەتی قەتەری کرد بەوەی نێوەندگیری کردووە بۆ ئازادی ئەم دایک و کچە و خوازیاری ئەوە بوو سەرجەم بارمتەگیراوەکان ئازاد بکرێن. هاوکات ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتی، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسی ئازاد بکرێن. چەند کەس بارمتەن لەلای حەماس؟ زۆرجار زانیاری دژ بەیەک دەدرێت لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی لای حەماس بارمتەن. نە حەماس خۆی زانیاری دروست دەدا بەدەستەوەو نە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان زانیارییەکانیان وەک یەکە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی کانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، لەزاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە رایگەیاند وا دەخەمڵێندرێت ٢٠٠ کەس لەلایەن حەماسەوە رفێندرابێتن، ٣٠ کەسیان مناڵ و تازەلاون، ٢٠ کەسیان بەساڵاچوون و تەمەنیان سەرووی ٦٠ ساڵە. حکومەتی ئیسرائیلش خۆی دەڵێت ژمارەی بارمەتەکان ٢١٠ کەسن. لەهەمانکاتدا حەماس باس لەوە ئەکات ٢٠٠ کەسی وەک بارمتە لەلایە و ٥٠ کەسی تریش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ترەوە بەدیل گیراون. حەماس باس لەوە دەکات بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە ٢٠ کەس لەو کەسانەی بەبارمتە گیراون کوژراون. بەڵام زانیاری تری لەم بارەوە بڵاونەکردووەتەوە. بارمتە گیراوەکان خەڵکی کوێن؟ ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون هاووڵاتی وڵاتانی جیاوازن، دەیان وڵات ئێستا نیگەرانی هاووڵاتییەکانی خۆیانن کە بەشی زۆریان لەکۆنسێرتێکی مۆسیقادا گیران. هەرچەند زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی بە بارمتە گیراون هاووڵاتی ئیسرائیلین، بەڵام بارمتە گیراوەکان سەر بەنەتەوەی جیاوازن. ئەمریکا جەیک سەلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ١٧ی تشرینی یەکەم، رایگەیاند لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی ئەمریکی لەشەوی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلەوە بێسەروشوێنن، بەڵام نازانرێت چەند کەسیان دیلی دەستی حەماسن. جەیم ریش ، سێناتۆری کۆماریخواز هەر ئەو رۆژە بەمیدیاکانی راگەیاند ١٠ کەس لەو کەسانەی لای حەماس دیلن، هاووڵاتی ئەمریکین. دواتر راگەیەندرا ١٢ کەس لەئەندامانی بنەماڵەی رەعنان، کەرۆژی هەیینی دایک و کچێکیان لێ ئازادکرا، لەلایەن حەماسەوە لەهێرشەکەدا رفێندراون. هێشتا ١٠ کەسی تر لەئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لای حەماس دەستبەسەرن. تایلەند تایلەند رایگەندووە ١٧ هاووڵاتی ئەو وڵاتە لەناو بارمتەگیراوەکاندان. بەشی زۆری هاووڵاتیانی تایلەندی کە بەدیل گیراون کرێکارن و وەک کرێکار کاریان کردووەو لەکاتی دیلگرتنیشیان خەریکی کاری خزمەتگوزاری ئەو کۆنسیرتی مۆسیقایە بوون کە بەڕێوەدەچوو. ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە هەشت هاووڵاتی ئەو وڵاتە کەژمارەیەکی زۆریان لەکیبۆتسێکدا بوون، بەبارمتە گیراون. ئەرجەنتین رۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، ئالبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆک کۆماری ئەرجەنتین رایگەیاند ١٦ هاووڵاتی ئەرجەنتینی کە بۆ سەفەر لەئیسرائیل بوون لە رۆژی هێرشەکەی حەماسدا لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیراون. بەریتانیا وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوو رۆژ دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، رایگەیاند لەو هێرشەدا لانیکەم نۆ هاوڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون و حەوت کەس بێسەروشوێنن کەپێدەچێت لەناو بارمتەکاندا بن فەرەنسا فەرەنسا تائێستا بەڕوونی ئاشکرای نەکردووە چەند کەس لەهاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەلایەن حەماسەوە رفێندراون و بەبارمتە گیراون. بەپێی زانیارییەکان حەوت هاوڵاتی فەرەنسی کە لەکۆنسێرتەکەدا ئامادە بوون بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت لای حەماس بارمتە بن. هۆڵەندا دەوڵەتی هۆڵەندا رایگەیاندووە هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە، ئۆفیر ئێنگێڵ، تەمەن ١٨ ساڵ، لەکیبۆتسێک لەئیسرائیل رفێندراوەو گوێزراوەتەوە بۆ غەزە. پورتوگال چوار هاووڵاتی پورتوگالی- ئیسرائیلی کە لەئیسرائیل بوون و لەڕۆژی هێرشەکەدا لەکۆنسێرتەکە بەشداربوون بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت ئەو چوارهاووڵاتییە پورتوگالییە بارمتە بن. شیلی و ئیسپانیا بەپێی زانیارییەکان هاووڵاتیەکی شیلی- ئیسرائیلی بەناوی دافنێ گارکۆڤیچ و هاژینەکەی کەخەڵکی ئیسپانیایە، دیلی دەستی حەماسن. ئیتاڵیا ئیتاڵیا رایگەیاندووە دوو هاووڵاتی ئیتاڵی- ئیسرائیلی لەدوای هێرشەکە بێسەروشوێنن و پێدەچێت لەناو بارمتەکاندا بن. حەماس و بەشی سەربازی حەماس، دەربارەی ئەو کەسانەی کەهاووڵاتی وڵاتانی ترن و لەو هێرشەدا رفێندراون، رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم رایگەیاند ئەوانە میوانن و هەرکات دۆخی سەر زەوی گونجاو بێت، ئازاد دەکرێن. بارمتەکان لەکوێن؟ ئەوەی کەبارمتەکان لەکوێ دەستبەسەرن خۆی بووە بەجێی پرسیار، ئاخۆ لەچ دۆخێکدان بووە بەجێی نیگەرانی بنەماڵەکانیان و وڵاتانی رۆژئاوایی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ خوازیاری ئەوەن بارمتەگیراوەکان ببینن، بەڵام تائێستا حەماس مۆڵەتی دیداری پێنەداون. حەماس هەوڵی ئەوەیە نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە، بەتایبەت سەبارەت بەو کەسانەی هاووڵاتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکین. بەڵام دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لیفیشیتس، بەشێک لەو گومانانە رەوینەوە بەهۆی ئەوەی بەوردی باسی لەدۆخی بارمتەکان کرد. ژنە تەمەن ٨٥ ساڵەکە سەرەتای دەستگیرکردنی باس کردو وتی، «خەڵکێکی زۆر هاتنە ناو ماڵەکانمان، فەرقی گەنج و پیریان نەکرد، زۆر ناخۆش بوو. ئێمەیان گواستەوە بۆ تونێلەکان، چەندین کیلۆمەترمان بڕی لەقوڕاودا. سیستمێکی گەورەی تونێل هەبوو، وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە». هەروەها لیفیشیتس باسی لەوەکرد کە بەردەوام پزیشکیان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن و رفێنەرەکان مامەڵەیان زۆر باش و مرۆڤدۆستانە بووە. «لەسەر سیسەم دەخەوتین، ئەوان جەختیان لەوە دەکردەوە هەموو شتێک پاکوخاوێن بێت، جەختیشیان دەکردەوە کە نەخۆش نەکەوین، هەر دوو رۆژ یان سێ رۆژ جارێک دکتۆر سەردانی دەکردین». هەفتەی رابروو حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکرەوە کە لەو ڤیدیۆیەدا، پەرەستارەکان خەریکی چارەسەرکردنی برینی باڵی پەرەستارێکی ٢١ ساڵەی فەرەنسی- ئیسرائیلین بەناوی میا شام. ئەم پەرەستارە فەرەنسی- ئیسرائیلییە لەمیوانییەکدا بەدیل گیراوە. بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە دەکەن تائێستا زانیاری تەواویان لەسەر شوێنی دەستبەسەربوونی بارمتەو دیلەکان لەبەردەستدا نییە. بەرپرسانی فەرمی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن رەنگە زۆربەی زۆری دیلەکان لەتۆنێلەکاندا کە لەژێر زەوی لێدراون دەسبەسەربن، ئەو شوێنەی کەئیسرائیلییەکان پێی دەڵێن میترۆی غەزە. ئاژنسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەچاوەیەکی ئاگاداری حەماسەوە، کەنەیویستووە ناوی ببرێت نووسیویەتی :» بارمتەکان لای ئێمە پارێزراون، ئەوان کارتێکی گرنگن بەدەستمانەوە بۆ پاراستی خەڵکەکەی خۆمان، ئیسرائیلییەکان پێویستە لەپێناو پاراستنی کەسانی خۆشیاندا بێت هێرشەکانیان رابگرن». هەڵوێستی وڵاتەکان دەربارەی بارمتەکان بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گال هێرش، جەنەراڵێکی خانەنشینکراوی راسپاردووە بەوەی زانیاری تەواو دەبارەی بارمتەکان و ونبووەکان کۆبکاتەوەو سەرپەرشتی هەموو کارەکان بکات بۆ رزگارکردنیان. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، قەتەرییەکان هەوڵیان ئەوەیە نێوەندگیری بکەن بۆ ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵانەی کەدیلی دەستی حەماسن لەبەرامبەردا ٣٦ ژن و منداڵی فەلەستینی کە لەزیندانەکانی ئیسرائیلدان ئازادبکرێن. تائێستا دەرنەکەوتووە ئاخۆ ئەم ئاڵوگۆڕی دیلە سەردەگرێت یان ناو پێناچێت بەمنزیکانە رووبدات. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم رایگەیاند ئەنقەرە لەگفتۆگۆدایە لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بیانییەکان، مەدەنییەکان و مناڵان. هاکان فیدان بەئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی رایگەیاندووە، ئەمریکا و ئەڵمانیا داوایان لەتورکیا کردووە یارمەتیان بدات بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکانیان. جۆبایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەربارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەی کەدیلی دەستی حەماسن رایگەیاند، ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی دەدات بەوەی هاووڵاتیانی لەدەست حەماس رزگار بکات. واشنتن گرووپێکی بچووک لەشارەزایانی چالاکییە تایبەتەکانی ناردووەتە ئیسرائیل بەوەی هاوکاری رێکخراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن و پلان دابنێن بۆ ئازادکردنی دیلەکان.
هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی هەفتەیەک کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 150 مەتری "وەک تاقیکردنەوە" دەخرێنە کار و دواتر دەست دەکەن بۆ تۆمارکردنی سەرپیچی. ئەمۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاوتچۆی هەولێر رایگەیاند، "لەئەمڕۆ 2023/10/26 تاکو 2023/11/2 کاتژمێر12ی شەو، سەرجەم کامیرە خاڵ بۆخاڵەکانی چاودێری خێرایی لەسەر شەقامی 150 مەتری خێرا بەکاردەخرێت وەکو تاقیکردنەوە، وەلەدوای ئەوبەڕوارە دەستدەکەن بەتۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی." فازڵ حاجی داوا لە هاوڵاتییان دەکات "پابەندی ڕۆیشتن بن بەوخێراییەی کەبەهێماکانی هاتووچۆ دیاریکراوە.... بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی لەسەر ڕێگاوبانەکان وە پابەندکردنی شوفێران بەڕۆیشتن بەخێرایی دیاریکراو لەسەر شەقام وڕێگاوبانەکان." هاوکات شەوی 21ی ئەم مانگە سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر کەوتنەکار کە زۆرترین خێرایی 110 کیلۆمترە لە کاتژمیرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک.
لە شارێکی ویلایەتی مەینی ئەمریکا پیاوێک تەقەی هەڕەمەکی بەناوی خەڵکدا دەکات و لەئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50 کەسی تریش بریندار دەکات. لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە پیاوێک دەچێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لە شاری لوسیتن لە ویلایەتی مەینی ئەمریکا کە رێستۆرانت وسەنتەری یاری بۆڵینگ و چەندین لایەنی تەرفیهی تر لەخۆدەگرێت، دەست دەکات بە تەقە کردن و لە ئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50ی تریش بریندار دەکات. میدیاکانی ئەمریکا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە لەسەر ژمارەی قوربانییان و بەشێکیان ژمارەی کوژراوەکان بە 15 کەس و بەشێکی تریان بە 20 کەس دەخەمڵێنن و هەندێکی تریش دەڵێن نزیکەی 22 کەس کوژراون. پۆلیسی شاری لویستن کەسێکی دەستنیشانکردووە کە گومان دەکرێت تۆمەتباری رووداوەکە بێت بەناوی رۆبەرت کارد کە تەمەنی 40 ساڵە. لە بەڵگەنامەیەکی پۆلیسدا هاتووە کە رۆبەرت کارد لە هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی ماوەتەوە. تا ئێستا رۆبەرت کارد نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت. بەهۆی رووداوەکەوە پۆلیس داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە لەماڵەوە نەیەنە دەرەوە و لە سەرجەم قوتابخانەکانیش بەهۆی رووداوەکەوە پشوو راگەیاندرا. ئەمریکا بەدەست دیاردەی چەک هەڵگرتن و کوشتنی هەڕەمەکییەوە دەناڵینێت و ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەو جۆرە رووداوانەدا دەکوژرێن. بەپێی ئامارێکی سکای نیوز، بەشێوەیەکی تێکراێی لەساڵی 2014ەوە ساڵانە زیاتر لە 39 هەزار کەس لە ئەمریکا لە رووداوی تەقەکەکردندا کوژراون.
