لە ویلایەتێکی ئەمریکا پیاوێک 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
لە شارێکی ویلایەتی مەینی ئەمریکا پیاوێک تەقەی هەڕەمەکی بەناوی خەڵکدا دەکات و لەئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50 کەسی تریش بریندار دەکات.
لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە پیاوێک دەچێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لە شاری لوسیتن لە ویلایەتی مەینی ئەمریکا کە رێستۆرانت وسەنتەری یاری بۆڵینگ و چەندین لایەنی تەرفیهی تر لەخۆدەگرێت، دەست دەکات بە تەقە کردن و لە ئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50ی تریش بریندار دەکات.
میدیاکانی ئەمریکا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە لەسەر ژمارەی قوربانییان و بەشێکیان ژمارەی کوژراوەکان بە 15 کەس و بەشێکی تریان بە 20 کەس دەخەمڵێنن و هەندێکی تریش دەڵێن نزیکەی 22 کەس کوژراون.
پۆلیسی شاری لویستن کەسێکی دەستنیشانکردووە کە گومان دەکرێت تۆمەتباری رووداوەکە بێت بەناوی رۆبەرت کارد کە تەمەنی 40 ساڵە. لە بەڵگەنامەیەکی پۆلیسدا هاتووە کە رۆبەرت کارد لە هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی ماوەتەوە. تا ئێستا رۆبەرت کارد نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.
بەهۆی رووداوەکەوە پۆلیس داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە لەماڵەوە نەیەنە دەرەوە و لە سەرجەم قوتابخانەکانیش بەهۆی رووداوەکەوە پشوو راگەیاندرا.
ئەمریکا بەدەست دیاردەی چەک هەڵگرتن و کوشتنی هەڕەمەکییەوە دەناڵینێت و ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەو جۆرە رووداوانەدا دەکوژرێن. بەپێی ئامارێکی سکای نیوز، بەشێوەیەکی تێکراێی لەساڵی 2014ەوە ساڵانە زیاتر لە 39 هەزار کەس لە ئەمریکا لە رووداوی تەقەکەکردندا کوژراون.