جەنگی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس؛ ئیسلامییەكانی كوردستان دەخاتە بەرەی جیاوازەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەكێكە لەو رووداوانەی كەجیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، تائێستا زیاتر لەشەش هەزار هاوڵاتی سڤیل بەهۆی ئەو جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە.

پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان چەكدارانی ئیسرائیل و حەماس بەشێكی زۆری وڵات و لایەنە ئیسلامییەكانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ فەڵستین راگەیاند، لەوانەش حزب و لایەنە كوردییە ئیسلامییەكان، بەڵام تاڕادەیەك جیاوازی لەبۆچوونی حزب و رەوتە ئیسلامییە كوردییەكاندا هەیە.

لەهەرێمی كوردستاندا سێ حزبی ئیسلامی هەن كەنوێنەریان لەخولە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە، ئەوانیش: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كەتاڕادەیەكی زۆر ئەم سێ لایەنە سەبارەت بەجەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەكدەنگن.

یەكگرتووی ئیسلامی: ئەم جەنگە جەنگێكی ئاینی و سیاسیشە

عوسمان كاروانی، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمەی روودەدات جەنگی رژێمێكی زایۆنیە بەرامبەر بەگەل و خاكێكی داگیركراو، حەماسیش ئەو خاكە بەمافی خۆی دەزانێت كەبەرگری بكات بۆ وەرگرتنەوەی، ئاشكرایە ئیسرائیل بزوتنەوەیەكی زایۆنییەو حەماسیش بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كەدوو ئایدۆلۆژیای زۆر جیاوازن، بەڵام ئەمە بەدەر نییە لەو بارودۆخە سیاسییەی كە لەجیهاندا هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم جەنگە جەنگێكی ئاینی وسیاسیشە بەرامبەر مەزڵومیەتی گەلێك.

وتیشی: زۆر ئاساییە خەڵكانێك هەبن لەم وڵاتەدا حەماسیان بەدڵ نەبێت، بەڵام ناكرێت لەگەڵ مەزڵومییەتی گەلی فەلەستین نەبن، هەركەسێك مەزڵوم بێت لەژێر هەر ناوێكدا بێت پێمان وایە پێویستە پشتیوانی لێبكرێت، كەسێكیش بەمەزاجی خۆی قسەبكات لەسەر ئەوەی كەپشتیوانی لەخەڵكی غەزە نەكات،  بەتایبەتی گەلی كوردی ئێمە كەئەنفال و كیمیاباران و دەیان مەزڵومییەتی دیوە، بەڕاستی ئەو جۆرە كەسانە پێویستە بەخۆیان و بیرو بۆچوونەكانیاندا بچنەوە.

سەبارەت بەوەی بەشێك لەمامۆستایانی ئاینی لایەنە ئیسلامییەكانیان بەوە تۆمەتباركرد خەڵك هاندەدەن بۆ جەنگ، عوسمان كاروانی دەڵێت: جەنابی مامۆستا ئەو قسانە دەكات دەبێت بیر لەوەبكاتەوە كەئەو خۆی لەشوێنێكی گەرم و نەرمەوە ئەو قسانە دەكات، ئەوە جێگەی پێداچوونەوەیە، ئاساییە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسدا نەبیت بەڵام ناكرێت لەگەڵ گەلێكی مەزڵوومدا نەبیت و پشتیوانی لێنەكەیت، كە بەڕاستی ئەمە لای ئێمە پرسیارێكی جددی دروستدەكات بەرامبەر هەركەسێك كە بەو شێوەیە بیربكاتەوە.

كۆمەڵی دادگەری: شەڕی حەماسو ئیسرائیل بەشەڕی مرۆڤایەتی ناودەبات

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:لەدیدی ئێمەدا شەڕی حەماس و رژێمی زایۆنی نیە، بەڵكو شەڕی مرۆڤایەتییە، چونكە ئەوەی ئێستا لەفەلەستین دەگوزەرێت، دەرەنجامی زوڵم و تاوان و كۆمەڵكوژیی و داگیركاریی رژێمی زایۆنییە دژی گەلی فەلەستین كە  لەتەواوی جیهانەوە جولەكە هێنراوەو بەزۆر ماڵیان داگیركراوە، گرتوخانەی زایۆنیەكان پڕە لەژن و مناڵ و پیروپەككەوتەو گەنجی فەلەستینی، بۆیە ئەم جەنگەی لەنێوان مسوڵمان و زایۆنیزمدایە بەپاڵپشتی خۆرئاوای دووڕووە.

وتیشی: ئەم كێشەیە نەتەوەیی نیە تابەراوردی نەتەوەیی بۆ بكرێت و  جەنگی عەرەب و زایۆنیزم نیە، ئەگەر وابوایە  دەبوو دەوڵەتانی كرێگرتەی عەرەب هەڵوێستێكیان هەبوایە، بۆیە جەنگەكە باكگراوندی ئاینی هەیە كەجولەكەكان خۆشیان نایشارنەوە حاخامەكانیان رۆژانە لەمیدیاكانەوە قسەدەكەن و هانی زایۆنیەكان دەدەن بۆ كوشتاری مسوڵمانانی غەزەو مناڵەكانیان لەقوتابخانەو باخچەی ساوایان و زانكۆكان لەسەر دژایەتی ئیسلام و كوشتاری مسوڵمانان پەروەردە دەكەن.

سەبارەت بەڕای حزبە ئیسلامییەكان عەبدولستار مەجید دەڵێت: پێموانیە یەكدەنگ نەبین، بەپێچەوانەوە هەموو مسوڵمانان بەهەموو ئاراستە سیاسییە ئیسلامییەكانەوە هاوسۆزو هاوڕاین لەبابەتی هاوسۆزیی بۆ غەزەو دژایەتی زایۆنیزمی تیرۆریست، بەڵام را جیاییش شتێكی ئاساییە، بەڵام ناكرێت مرۆڤ خۆی بەمسوڵمان بزانێ و لەبەرامبەر تاوان و كۆمەڵكوژیی رژێمی زایۆنیدا یان بێدەنگیی یان بێلایەنی هەڵبژێرێت.

سەبارەت بەوتەی  ئەو مامۆستا ئاینی و لایەنانەی كەلایەنە ئیسلامییەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی خەڵك بۆ جەنگ هاندەدەن، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری وتی: كۆمەڵی دادگەریی و هێزە ئیسلامییەكان كەسیان بۆ جەنگ هان نەداوە، ئەمە درۆیەكە ئەوانە رووی خۆیانی پێ سپی دەكەنەوە كەدڵیان لەگەڵ رژێمی دڕندەی زایۆنیدایە، ئێمە وتوومانە دەبێ دڵمان لەگەڵ ئازارو مەینەتی هەر مسوڵمانێك بێ لەهەر جێیەكی دونیا زوڵمێكی لێبكرێت، بگرە لەگەڵ هەر مرۆڤێكی ستەملێكراو بێت لەهەر شوێنێك بێت با مسوڵمانیش نەبێ.

«ئەوانەی دەڵێن غەزە پێویستی بەخۆراك و ئاوە نەك هوتاف، ئەوەتا دەزگای بەخشینی ئێمە سەرقاڵی كۆكردنەوەی هاوكاریی مرۆیی و گەیاندنێتی بەخوشك و براكانمان لەغەزە، ئەوانەی خەریكی ئەم قسە سواوانەن، خۆیان نەك بۆ غەزە، تەنانەت بۆ كوردانی دیكەش كەستەمیان لێدەكرێ و ئاوارە دەكرێن، جگە لەقسەو دروشم هیچیان لەدەست نایەت». عەبدولستار مەجید وای وت.

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان: ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بەمسوڵمانانی فەڵەستین دەكرێ

عەبدوڵا ورتێ، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:  ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بەمسوڵمانانی فەڵەستین دەكرێ، پێمان وایە تاكە چارەسەر بۆ كۆتایهێنان بەو خوێنڕشتن و ئاژاوە گەورەیە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە،  قودس یەكەمین قیبلەی مسوڵمانان بووە بەدرێژایی مێژوو، كاتێك دەوڵەتی ئیسرائیل رێگە دەگرێت لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەو خەڵكی بەئازادانە بچن خواپەرستی بكەن لەو مزگەوتەدا بەڕاستی ئەوە كاردانەوەیەكی گەورەیە لەو ناوچانەدا.

وتیشی: حاڵەتێكی سروشتییە كاتێك جەنگێك یان رووداوێك روودەدات هەر كەسێك رای تایبەت بەخۆی هەبێت و بەحاڵەتێكی سروشتی دەزانم، سەنتەری مامەڵەی دینیش لەگەڵ مرۆڤە، بۆیە لەهەر شوێنێك مرۆڤێكی بێتاوان شەهید دەكرێ، كۆمەڵكوژدەكرێ و ماڵەكەی لێ داگیرو خاپور دەكرێ، ویژدانیەن مرۆڤ دەبێت بەرامبەری خاوەنی هەڵوێست بێت.

«ئێمە كەسمان بۆ جەنگ و كوشتن هان نەداوە، هەمیشە لەپرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا خۆمان بەپێشەنگ زانیوە بۆ بەرگریكردن یان هەر هەڵوێستێكی نیشتیمانی، ئێمە وەك حزبێكی ئیسلامی خۆماڵی هیچ كاتێك خۆمان جیانەكردووەتەوە لەهێزە نیشتیمانییەكان و  ئەمە ناهەقییەكی گەورەیە، تەنها هاوسۆزی دەربڕینێك بووە  بەرامبەر ئەو رووداوە ناخۆشەی بەرامبەر میللەتێك  بەبەرچاوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكانەوە روویداوە». عەبدوڵا وەرتێ وات وت.

هاوڵاتی پەیوەندی بەیەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە كرد تا راو بۆچوونی ئەوانیش سەبارەت بەم پرسە بۆ وەرگرانی بگوازێتەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك بدەن و رایانگەیاند «یەكێتی زانایان پێی باش نییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێنەوە، لەبەرئەوەی هەر لێدوانێك بدرێ دەكرێت لایەنێك دڵگران بێت ئەوەش كاری ئێمە نییە موحاكەمەی خەڵك بكەین، یەكێتی زانایان دەزگایەكی هەستیارو پیشەیی و گرنگە هەندێك بابەت هەیە هەستیارە قسەی لەسەربكرێت».

 ئەمە لەكاتێكدایە بەشێكی مامۆستایانی ئاینی رایەكی جیاوازتریان لەڕای حزبە ئیسلامییەكان هەیەو جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەجەنگێكی سیاسی دەزانن و بەشداریكردن لەو جەنگەدا بەجیهاد نازانن.

د.عەبدول لەتیف ئەحمەد، یەكێك لەمامۆستا ئاینییە ناودارەكانی كوردستانەو بەڕێبەری رەوتی سەلەفییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: بزوتنەوەی حەماس هەڵەیەكی تەكنیكی جەنگیان كردووەو خوێنی مسوڵمانان لەقودس و كەعبە پیرۆزترەو ئەو شەڕە تەنها بەكوشتدانی مسوڵمانانە.

وتیشی: حزبە ئیسلامییەكان خۆیان لەخۆشیدا دەژین و هانی خەڵكی دەدەن بجەنگن، ئەوان سەركردەی وڵاتە عەرەبییەكان بەكافر دەزانن، بەڵام رەخنە لەتوركیا ناگرن كەوڵاتێكی ئیسلامییەو گەورەترین بازرگانی لەنێوان توركیاو ئیسرائیلدایە، بەڵام قسەناكەن.

هاوكات، هەڵۆ حەمەڕەشید مامۆستای ئاینی رایگەیاند: ئەو جەنگەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە، جەنگی مسوڵمانان و كافر نییە، بەڵكو جەنگێكی بەرژەوەندییە.

سەبارەت بەڕای جیاوازی حزب و رەوتە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان، د.ماجد خەلیل مامۆستای زانكۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، سروشتێكی ئاڵۆزی هەیە، بەڵام زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین، زیاد لەوەی جەنگ بێت، گەمەیەكی سیاسییە، كۆدەكانی كەلتووری جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەسین، هەرزوو زەمینەی ئاشكرابوونیان رەخساوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی: جەنگەكە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدایە نەك ئیسرائیل و فەلەستین یان ئیسرائیل و عەرەب، جاران جەنگەكە عەرەب تێیدا تەرەفێكی سەرەكی بوو ئێستا وانییە، بۆ نموونە مەحمود عەباس و دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێن حەماس نوێنەرایەتی فەلەستین ناكات، حەماس حزبێكە و هەڵگری توراسی هیچ جەنگێكی پێشووتری نییە.

«كەواتە ئەم جەنگە، جەنگ نیە، بابەتێكی سیاسییە، وابەستەیە بەوەی كە حەماس خراوەتە ناو داوی دنیابینییەكانی خۆیەوە، لەداوەكەدا كەوتووەتە چاڵێك كەچارەنوسی روونە، چارەنووسی خۆی لەدەستداوە، غەزەی یەكسانكردووە بەهیچ، بووەتە هۆكاری لەنێودانی هەزاران خەڵكی بێنەوا، خەڵكێك كەڕازی نییە بەحەماس، هاوكات حەماس بووەتە هۆكاری سەركەوتنی ئیسرائیل لەڕاكێشانی بەهێزترین رێگەی بازرگانی لەمێژوودا كە لەخەتی  ئاوریشمی سەردەمی چینیەكان چارەنووسسازترە. ئەو هێڵەی هندو ئەوروپا لەئیسرائیلەوە پێكەوە دەبەستێ و دەبێتە بەدیلی نۆكەندی سوێس تەنها مەترسی غەزە لەسەری هەبوو، ئەویش لادەدەن. « د.ماجید خەلیل وای وت.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت: ئەمەی كەدەگوزەرێ، ئایدۆلۆژیە، چوون حەماس ئیسلامی سوننەو سەلەفی پشتیوانی ناكات، كوا یەك چالاكی داعش لەو پێناوەدا؟ كوا یەك بەیانی قاعیدە بۆ پشتیوانیان؟ كوا هەوڵێكی توركیا، ئەم جەنگە ئێرانی لەپشتە،  ئێران حەماسی خستووەتە ناو پاقلەكەوە، ئێران حەماسی بەلەسەی باوەڕەكانی كرد، حزبوڵای لوبنان لۆژیكی سیاسەتەكانیەتی، وا حەماسی بۆ تەخت دەكات و حەسەن نەسڕوڵا دەكاتە تەنها شۆڕەسواری پرسی فەلەستین، چوون حەماس ئەو سەرەی هەڵیگرت سەری خۆی نەبوو.

وەك ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت:  دەبێ بزانین  ئێران لەم جەنگەدا سوننەتی مێژووی كرد، چوون لەمێژوودا، تەنها دوو جار قودس كەوتووەتە دەستی مسوڵمان، هەردوو جارەكە ئێران رقی لەپاڵەوانەكانیەتی، یەكەمجار عومەری كوڕی خەتاب، دووەمجار سەڵاحەدینی ئەیوبی، سێەمجاریش حەماس خۆی تاقیدەكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئیتر سەردەمەكە گوڕاوە، مەگەر بۆ عەقڵی كۆنخواز نەتوانن دنیا بەچاوی خۆیان ببینن.

رۆژی حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی  لەكەرتی غەزەوە زیاتر لەپێنج هەزار مووشەكی ئاڕاستەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەكە نشینەكان كردو تەلبەندی سنووری نێوان كەرتی غەزەو كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانی بڕی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار