«پشت بەپارەی وانەبێژی ببەستم لەبرسان دەمرین»؛ چۆن مامۆستایانی وانەبێژ ستەمیان لێدەکرێت؟
هاوڵاتی جیاوازیی ئیمتیازاتو مووچەی نێوان مامۆستایانی وانەبێژو هەمیشەیی دەخاتەڕوو
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
«وانەبێژی بۆ کەسێکی خێزاندار نەگونجاوە، دوای پێنج مانگ مووچە دەهات، خێزانەکەشم وانەبێژەو ئەوکاتەی دووگیان بوو نەڕۆیشتەوەو وازیهێنا لەوانەبێژی»، ئەمە وتەی مامۆستایایەکی وانەبێژە بەناوی ئالان کەئێستا وازی لەپیشەکەی هێناوە بەهۆی کەمی مووچەو مافەکانییەوە.
رێزان و ئالان ناوی خوازراوی دوو هاوسەرن کە بۆ ماوەی ساڵێک پیشەی مامۆستای وانەبێژییان کردووە، ئالان تەمەنی ٣١ ساڵەو رێزانیش ٣٠ ساڵ، ئەوان خاوەنی سێ منداڵن و دانیشتووی پارێزگای هەولێرن.
ئالان بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، ئەوان ئەو ساڵەی دەوامیان کردووە دوای ساڵێک مووچەی تەواوەتیان پێدراوە، هەربۆیە وازیان لەکاری مامۆستایی وانەبێژی هێناوە، چونکە «وانەبێژ بەگوێرەی وانەکانی مووچەی وەردەگرت، مووچەش لەکاتی خۆیدا نەدەهات و ئێمە لەبواری خۆمان وانەمان پێنەدەدرا بەزۆر وانە بەتاڵەکانمان دەوتەوەو ئەرکێکی قورستر بوو».
ئالان حەزی بەپیشەی مامۆستایەتی نەبووە، بەڵام رێزانی خێزانی حەزی پێی هەبووە، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی وازی لەپیشەکە هێناوە ئالان پێی وایە «سەختە وەربگیرێتەوە».
«خۆم کۆمەڵناسییم تەواوکردووە، بەڵام چونکە مامۆستای بیرکاری نەبوو و لەبیرکاری زۆر باشبووم، بیرکاریم دەوتەوە لەپۆلی یەک تاوەکو نۆ، خێزانیشم دەرچووی جوگرافیا بوو، بەڵام وانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی سەرەتایی دەوتەوە»، ئالان وای وت
لەبارەی کاری ئێستاشیەوە ناوبراو ئاشکرایکرد، ئەو پیشەی ئێستای کاسبییە لەکۆمپانیایەک، «مامۆستای وانەبێژی بۆ پیاوێک خانوو و ئۆتۆمبێلی نەبێت، نەخێر باش نییە».
جیاوازی ئەرک و مافی مامۆستایانی وانەبێژو مامۆستایانی هەمیشەیی (میلاک) لەبەرنامەی کاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییان زۆرە، لێرەدا هاوڵاتی هەندێک لەجیاوازییەکان دەخاتەڕوو کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە وەریگرتووە:
-مامۆستایانی هەمیشەیی (میلاک) پێش قەیرانی دارایی ساڵانە مووچەی زیاد دەکراو پلەی بەرزدەکرایەوە چوار ساڵ جارێک، ئەمەش پێیدەوترێت (تەرفیعی)، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژان نییەتی.
-میلاک خزمەتی ساڵانەی بۆ هەژماردەکرێت و منداڵی هەبێت ١٠ هەزار بۆ هەر منداڵێکی زیاددەکرێت، بەڵام وانەبێژان نییەتی.
-میلاک ساڵێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە، بەڵام وانەبێژان تەنیا ٢١ رۆژە.
-میلاک بەشەوانەی زۆر بێت یاخود کەم هەمان مووچەی هەیە، بەڵام وانەبێژ بەپارچەیە واتە بەشەوانەی کەم بێت موچەی کەم دەبێت و زۆر بێت زۆرە.
-وانەبێژان ئەگەر کەمی مامۆستا نەبێت داینانێن لەقوتابخانەیەک، بەڵام میلاک وانییەو کەمی مامۆستاش زۆر کەم بێت دادەنرێت.
-مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە بڕێک پارەیان بۆ دیاریکراوە بەناوی شایستەی دارایی، بەپێی خشتەیەکی وەزارەتی پەروەردە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە، بڕی شایستەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی پلەی خوێندن جیاکراوەتەوە، ئەوانیش (دیبلۆم، بەکالۆریۆس و ماستەر)ە، لەگەڵ بەشەوانەکان کەپێکهاتوون لە ١٢ بۆ ١٩ بەشەوانەو سەرووتر، بەمەش بڕی شایستەکەیان بۆ سەنتەری شار لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٧٥ هەزار دیناردایە، بۆ ناحیەکان و لادێکانیش لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٤٢٥ هەزار دینارە، بەڵام لەپشووەکانی هاوین نیوەی ئەو بڕە وەردەگرن. پەیوەست بەوەوە تاوەکو ئێستا وانەبێژان شایستەی مانگی تەمموز/٧ـیان وەرنەگرتووە.
رۆژان ئەبوبەکر مامۆستایەکی تری وانەبێژە کەماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە لەپیشەی وانەبێژی و لەپارێزگای سلێمانی دادەنیشێت، ئەو تائێستا هیوای هەیە بکرێت بەمامۆستای هەمیشەیی، لەبەرئەوەی «وانەبێژ زۆرجار لەمیلاك ئەركی قورسترەو بەشەوانە بووەتە مەرج بۆ مانەوەمان و ناتوانین گواستنەوە بکەین بۆ قوتابخانەیەکی دیکە».
ئەو وانەبێژە کەتەمەنی ٣١ ساڵەو خاوەنی کچ و کوڕێکە لەسەر مووچەی وانەبێژان دەڵێت، وانەبێژ پارەیەکی وای پێنادرێت تاوەکو بەشی مانگێکی بکات، «دەگاتە دوو مانگ پارەت نادەنێ، بەڕاستی هەرگیز وانەبێژ پارەی لەگیرفاندا نییە وەكو میلاك هەرچەندە راستە ئەوانیش بێ مووچەن، بەڵام هەرنەبێت بۆ خۆیان دەتوانن بایكۆت بكەن و كەس شوێنیان ناگرێت، بەڵام وانەبێژ هەر بایكۆتی كرد یەكسەر هەڕەشەی لێدەكرێت بەوەی یەكێكی دیکە دەچێتە شوێنی، هەبووە لابراوە هەر لەبەلاش بیانوی پێگیراوەو خزمی خۆی كردووەتە شوێنی».
رۆژان سەبارەت بەدۆخی ژیانی باس لەوە دەکات، شایستەی وانەبێژان ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ خەرجی خێزان و ماڵ و منداڵ، چونکە «دەبێت یان قەرزی پێ بدەیتەوە یاخود دەبێت بۆ خەرجی هاتوچۆی قوتابخانەکە دایبنێیت، لەبەرئەوەی زۆرترین وانەبێژ لەدەرەوەی شارە، ئەگەر بێتو پشت بەپارەی وانەبێژی ببەستم لەبرسان ماڵ و منداڵ و خۆشم دەمرین».
«کۆرپەیەکم هەیە، خەسووم بەخێوی نەکات، ناچارم وازبهێنم لەوانەبێژی، چونکە یەکسەر وانەبێژێکی دیکە دەهێننە شوێنت»، رۆژان وادەڵێت.
لەساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی دامەزراندنی بەناچاری بۆ وەزارتی پەروەردەکەی دەکردو لەئەنجامدا ئەو بۆشاییەی کەدروستبوو لەخانەنیشی مامۆستاو مامۆستای هەمیشەیی (میلاک) بەمامۆستای وانەبێژ پڕی کردەوە، هاوکات مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان تەمەنیان لەنێوان ٢٦ بۆ ٣٥ ساڵدایە. بەپێی چەند ئامارێک، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان زیاترە لە ٣٠ هەزار کەس.
مەجید محەمەد مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژەو پێنج ساڵە وەکو وانەبێژ وانەی وەرزش دەڵێتەوەو تەمەنی ٣٥ ساڵەو دانیشتوی قەزای کەلارە، مەجید پڕۆژەیاسایەکی حکومەت ئاشکرا دەکات بۆ هاوڵاتی کەوەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی دارایی هەرێم بەڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیان کردووە تاوەکو بڕە پارەیەک بەشێوەی گرێبەست بۆ وانەبێژان دابینبکرێت، ناوبراو لەوبارەیەوە دەڵێت: «هەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووەو راپۆرتەکەشیان پێشکەش بەسەرۆک وەزیرانی هەرێم کردووە، تیایدا لەو راپۆرتەدا ژمارەی وانەبێژان بەوردی و بڕی ئەو شایستەی وەریدەگرن و بڕی ئەو شایستەی کەبڕیارە بکرێن بەگرێبەست کەخۆی لەچوار ملیار دەبینێتەوە دابینی بکەن، بەڵام حکومەت ئەو چوار ملیارەش بەشایەنمان نازانێت».
ناوبراو لەسەر جیاوازی ئەرک و مافی میلاک و وانەبێژان زیاتر دواو جەختیکردەوە، ئەوان خانەنشین ناکرێن و مافی ئەوەیان نییە، هەروەها وانەبێژێکی خانم هاوسەرگیری بکات و بچێت بۆ شارێکی دیکە ناتوانێت بگوازرێتەوە، چونکە رێگەپێدراو نییە بۆ وانەبێژ لەپەروەردەیەکەوە بۆ پەروردەیەکی تر بچێت، یاخود «ئەگەر من تووشی رووداوی هاتوچۆ ببم وەکو نەخۆشێک مۆڵەتم نییە وەکو میلاکەکە، بەڵکو راستەوخۆ لەوانەبێژی دەردەکرێم».
سەبارەت بەهاوسەرگیری وانەبێژێکی زگورد، مەجید محەمەد ئاشکرایکرد، «زۆربەی وانەبێژان بەهۆی ئەوەی باری داراییان بەپێی پێویست نییە ناتوان هاوسەرگیری بکەن، پشتم بەم شایستەیە نەبەستووەو مارکێتم هەیەو بژێوی ژیانم بەو مارکێتە بەڕێوە دەبەم».
وانەبێژەکەی کەلار دەڵێت، وانەبێژان لەساڵێکدا تەنیا حەوت رۆژ پشوویان هەیە، بەڵام زۆرێک لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان ئەوەش جێبەجێ ناکات، چونکە «حکومەت پێی خۆشە وانەبێژی بەردەوام بێت، لەبەرئەوەی ئەو مووچەیەی بەمیلاکێک دەدات سێ وانەبێژی پێ بەڕێوەدەبات».
هاوڵاتی بۆ زانیاری زیاتر ویستی بپرسێت ئایا چەند جیاوازی دیکە هەیە لەئەرک و مافی مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک؟، ئایا بڕیار نەبوو وانەبێژی کاتی بێت، بۆچی تاوەکو ئێستا بەردەوامە؟، پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایەیە کە بەکوێ گەیشتووەو بۆچی ئەو چوار ملیار دینارە دابین نەکراوە، کۆتا پرسیاریش لەسەر ئەوەیە چ دەنگۆیەک ھەیە بۆ بەھەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ؟، بەڵام لەوەڵامدا سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، «ببوورە لەسەر ئەو تەوەرانە ناتوانم هیچ قسەیەک بکەم».
هاوکات هاوڵاتی هەر سەبارەت بەو پرسیارانە، چەندینجار پەیوەندی بە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەوە کرد، بەڵام ناوبراوان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.