هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لوید ئۆستن وەزری بەرگری ئەمریکا پەیوەندییان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. لە راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆلە بارەی پێشهاتی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس وهێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا. سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندوە ھێرشكردنە سەر ئەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیركراون ڕەت دەكەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابن. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا هەوڵەکانی عێراقیان لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاوڵاتییانی غەززە بە گرنگ هەژمارکرد، هەروەها جەخت لەسەر هەوڵی هاوبەش بۆ گرەنتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لە فراونبونی گۆڕەپانی جەنگەکە کرا. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندبونی وڵاتەکەی بە بەردەوامی و پتەویی هاوبەشییان لەگەڵ عێراق بۆ محەمەد شیاع سودانی دوپاتکردوەتەوە، ئەویش بە پشتبەستن بە بنەماکانی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا. هەر ئەمڕۆش وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول لەبارەی ئەو ھێرشانە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كرانە سەر بنكەی عەین ئەسەد و بنكەی ھەریر لە ھەولێر رایگەیاند، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەكان كردووە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكان و بارەگاكانی نێردە دیپلۆماتییەكان جێبەجێ بكەن و ئەنجامدەرانی ھێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكان دەستگیر بكەن و ڕێگایش بە ھیچ لایەنێك نەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بگەیەنن.
هاوڵاتی بزووتنەوەی حەماس دوو بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون. خاچی سووری نێودەوڵەتیی پشتڕاستیکردەوە بزووتنەوەی حەماس دوو ژنی بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون و ئەو ڕێکخراوە بەشداربوون لە پرۆسەی ڕزگارکردنیان و ئەمشەو لە غەزەوە گواستراونەتەوە. هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی لیواکانی قەسامی سەر بە بزتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو دو بارمتەیەی لە ماوەی رابردو لەلایەن ئیرسائیلەوە رەتکرایەوە وەریبگرنەوە بە ناوەکانی نوریت ئیزحاک و یۆهید لیفشیتەزمان ،ئەمڕۆ ئازادکران و وەرگیرانەوە. ئەو وتەبێژە وتیشی" ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینیەوە ڕەتی دەکاتەوە پێشوازییان لەو بارمتانە بکاتەوە بەڵام ئێمە بڕیارماندا ئازادیان بکەین لەسەر بنەمای مرۆیی و تەندروستی." بەمەش ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان تا ئێستا دەگاتە چوار لە کۆی گشتی 222 کەس، پێشتریش دایک و کچێکی بە ڕەگەز ئەمریکی-ئیسرائیلی جودیث و ناتالی ڕەنان ڕۆژی هەینی لە لایەن حەماسەوە ئازادکران. هاوکات بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردۆتەوە نزیکەی 50 هاوڵاتی بیانی و دوو ڕەگەز کە لەناو بارمتەکاندان ئەگەری ئازادکردنیان هەیە بە نێوەندگیری قەتەر، سەرچاوەکان باسلەوەشدەکەن گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە ئازادکردنی تەواوی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ناو بارمتەکانی لای حەماس بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێکیان نییە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکەو نزیکەی 222 بارمتەیان دەستگیرکرد هاوکات حەماس باس لە ئازادکردنی بارمتەی زیاتر دەکات لە بەرامبەر ئاگربەست و هاتنی هاوکاری زیاتر بۆ غەزە و ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە هەر ئاگربەستێک هەبێت لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر دەکاتەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هێزەکانیان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا، بەڵام هیچ زیانی نەبوە و پوچەڵکراوەتەوە، جگە لەوەی هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی مالکیة لە حەسەکە. پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام زۆربەیان زیانیان کەمبوە یاخود پوچەڵکراونەتەوە، هێرشەکانیش بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی هەریر لە پارێزگای هەولێر بوە. هاوکات رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، هۆشداری دایه دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانی، كه له رێگهی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی بهغداوه گهشت نهكهن. لەدوای پەرەسەندنی ململانێکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپ و هێزە چەکدارییەکان، چەند جارێک هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە و لەبەرامبەریشدا، وتەبێژی پنتاگۆن، پات رایدەر رایگەیاندبوو، ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە زیاد دەکەن، هەروەها دوای هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا رێوشوێنی پێویست دەگەرنەبەر.
هاوڵاتی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتو رۆژانە بڕی یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بە نرخی پاڵپشتیکراو بە هاوڵاتیان دەدرێت. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە د.بڕیاری رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردۆتەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ د. حامد زوبەیعی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق باس لە دابینکردنی نەوت دەکەن بۆ هەریم بە نرخی پاڵپشتیکراو. لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی 1ی مانگی (تشرینی دوەم/11) دەست بە دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، رۆژانەش بڕی یەک ملیۆن لیتر دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی ئەو نەوت بە هەمان ئەو نرخە دەبێت کە لە هاوڵاتیانی عێراق وەردەگیرێت، واتە نرخی پاڵپشتیکراوە و نرخی هەر 100 لیترێک نەوتی سپی بەرامبەر 15 هەزار دینارە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیسی ڕاپهڕین رایگهیاند، كچێكی تهمهن نۆ ساڵ بههۆی بهركهوتنی گوللـهوه گیانی لهدهستدا و بهوتهی كهسوكارهكهشی، بههۆی دهستكاریكردنی چهك لهلایهن منداڵێكی دیكهوه، ئهو كچه نۆ ساڵانه گوللـهی بهركهوتوه". پۆلیسی ڕاپهڕین لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "دوای نیوهڕۆی ئهمڕۆ كچێكیان به برینداری هێنایه نهخۆشخانهی گشتی ڕانیه بهناوی (س،ع،ێ) تهمهن نۆ ساڵ كه دانیشتوی گهڕهكی دابانی قهزای حاجیاوابو، شوێنهواری گوللـه به جهستهیهوه ههبو، لهبهر سهختی برینهكهی بهڕێكرا بۆ نهخۆشخانهی فریاكهوتنی سلێمانی، بهڵام بههۆی سهختی برینهكهی لهڕێگا بۆ نهخۆشخانه گیانی لهدهستدا". لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خێزانی منداڵەکەوە دەستیان کەوتووە، "كاتێك كچهكه لهگهڵ چهند منداڵێكی دیكه لهماڵی باپیری بووه له گهڕهكی كێوهڕهشی ڕانیه، لهو كاتهدا یهكێك لهمنداڵهكان دهستكاری چهكی كردوه فیشهك بهر كچهكه كهوتوه". پۆلیسی ڕاپەڕین دەشڵێت، "له شوێنی ڕوداوهكه دهستگیرا بهسهر چهكێكی كڵاشینكۆف لهگهڵ دو قهوانی تهقیودا و لێكۆڵینهوه بهردهوامه". بە گوێرەی ئامارە نافەڕمییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە 67 کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون؛ 55 کەسیان بە چەک؛ هەشت کەس بە چەقۆ و لانیکەم 56 کەس خنکاون.
هاوڵاتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆتۆکۆڵی بەشداری سویدی لە ناتۆ واژوو کرد. سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردەوە: "پرۆتۆکۆڵی بەشداری سوید لە ناتۆ، لە بەرواری ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن سەرککۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو کرا و ڕەوانەی پەرلەمان کرا". دوای ئەوەی یاداشتنامەکە گەشتە دەست سەرۆکایەتی پەرلەمان دواتردەننێررێتە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری. دوای پەسندکردنی لەلایەن لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری رۆژێک بۆ دەنگدان لەسەر یاداشتنامەکە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دیاریدەکرێت و دەخرێتە دەنگدان. لە ماوەی رابردو بەهۆی رێکخستنی چالاکییەک و سوتاندنی قورئان تێیدا و پشتیوانیکردنی پۆلیس لە چالاکییەکە، ناکۆکی لەسەر بە ئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ دروستبو، تورکیا کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە رازی نەبو واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی ئەو وڵاتە بکات. هاوپەیمانێتی باکوری ئەتلەسی "ناتۆ" لە 31 ئەندام پێکدێت و زۆربەیان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپان، بۆ پەیوەندیکردنی وڵاتێکی نوێ بەو هاوپەیمانێتییە پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی ببن، لە ئێستادا تەنها تورکیا و هەنگاری ماون واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە بکەن.
هاوڵاتی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ناردنی 700 ملیار دینارەکە کێشەی بۆ دروست نەبووە و ئەمڕۆ یان سبەی پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێباز حەملان رایگەیاند شەڕەکەی دوێنێی نێوان هیزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هیچ پەیوەندی بە مووچەوە نییە و "پارەی خەڵکی کوردستان دەگات، ئەبوو ئەو پارەیە ئەمڕۆ بگەشتایە بەڵام نەهاتووە و سبەی دەگاتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان." ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد. دوای روداوەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. رێباز حەملان لەسەر رووداوەکە دەلێت کێشەکە کۆتایی هاتووە و لە دوێنێوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیدان لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی چیای قەرەچووخ بە هاوڵاتی راگەیاند کە هێزەکانی ٨٠ی پێشمەرگە سنوری قەرەچووخ بە سنوری خۆیان دەزانن و دوێنی "هێرشیکی لەناکاویان کرد" و ئێستاش لیوایەکی حەشید شەعبی نزیک مەخمور جێگیرکراون. فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخمور ئەوەشی وت، لیژنەکەی حکومەتی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات ئەو خاڵە چاودێرییانە بدرێت بە کام لایەن.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار کەس کە زیاد لە دوو هەزاریان منداڵن. بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ژمارەی کوژراوانی غەززە بە بۆردومانی ئیسرائیل لەدوای 7ی ئەم مانگەوە گەیشتووەتە پێنج هەزار و 87 کەس و 15 هەزار و 273 کەسیش برینداربوون. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دەڵێت لەنێو کوژراوەکاندا دوو هەزار و 55 منداڵ، هەزار و 119 منداڵ، 217 کەسی بەتەمەن بوونیان هەیە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکە و حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت 1400 کەس کوژراون.
فەرماندەی هێزی خۆبەخشی قەرەچووخ: پارتی هێرشێکی لەناکاوی کرد و ویستیان دوو خاڵی چاودێریی چۆڵکراو بگرن
هاوڵاتی فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخمور رایگەیاند کێشەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوخ کۆتای هاتووە و لیژنەکەی حکومەتی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات ئەو خاڵە چاودێرییانە بدرێت بە کام لایەن، دەشڵێت، "هێزەکانی 80 چیای قەرەچووخ بە سنوری خۆیان دەزانن بۆیە ویستییاویانە بیگرن و هێرشێکی لەناکاویان کرد." غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخموور لەسەر شەڕەکەی دوێنێی نێوان هێزەکانی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پارتییە لەگەڵ سوپای عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "کێشەکە لەسەر گرتنەوەی دوو خاڵی چاودێری بووە و کێشەیەکی گەورە نییە، هەردوولا پەشیمان بوونەتەوە لەسەر بابەتەکە." ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد. دوای روداوەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر بڕیاری لیژنەکە غازی فەیسەڵ وتی، "لیژنەکە بەیانی دەگات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خاڵە چاودێرییەکان بدرێتە پیتشمەگە یان لەدەست عێراق بێت." چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، رایگەیاند، "هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئەو ناوچانە کشاندوەتەوە." غازی فەیسەڵ دەڵێت لە دوو ساڵی رابردوودا تورکیا زۆر هێرشی کردووەتە سەر ئەو خاڵە چاودێرییانە بۆیە "پەکەکە داوای کردووە سوپای عێراق بیانپارێزیێت و ئەو خاڵانە رادەستی ئەوان بکاتەوە و سوپای عێراقیش وتوویەتی کە رادەستی ئێمەی بکەنەوە دەتانپارێزین." لەسەر هێرشەکە فەرماندەی هیزی خۆبەخشی قەرەچووخ ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی 80 ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن. "گەریلا کیشەی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و حەزیان نەدەکرد پارتی ئەو خاڵە چاودێرییانە وەربگرێت و داوایان کرد سوپای عێراق دەوروپشتی کەمپەکە وەربگرێت. پارتی زنجیرە شاخی قەرەچووخ بە سنوری خۆی دەزانێت و هیزەکانی 80 وسیتیان خۆیان دەستی بەسەردا بگرن و حەزیان نەکردووە سوپای عێراقی لێبێت و نزیکیان بێت، بۆیە پارتی هەوڵیدا لەرێگەی پیوەندییەکانییەوە وەریبگرێت و نەیانتوانییوە بۆیە هێرشێکی لەناکاویان کرد و ئەوە رویدا"، غازی فەیسەڵ وای وت. بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکە لەگەڵ سوپای عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق و پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە. دوای دروستبوونی ئەو گرژییە لەنێوان هەردوولا، چەند ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبوویەوە کە باس لەوە دەکرا هێزی حەشید شەعبی بێت بەرەو مەخمور جووڵەیان پێکرابێت. غازی فەیسەڵ ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا لیوایەکی حەشدی شەعبی هاتوونە نزیک مەخمور و جێگیرکراون هەرچەندە چەندین ساڵە حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەو ناوچەیە.
هاوڵاتی لە ئاکرێ ئاگرێکی گەورە لە گۆڕەپانی کەرەستەی بیناسازی کەوتەوە و بەهۆیەوە کەسێک رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئاگر بەربووەتە گوڕەپانی کەرەستەکانی بیناسازی لەناوەندی شاری ئاکرێ، تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکەن. نێچیرڤان فەخرەدین وتیشی، بەهۆی ئاگرەکەوە "تا ئێستا کەسێک رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و توشی تەنگەنەفەسی بووە."
هاوڵاتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان چوار خاڵی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند کە وەک یاداشتێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی دەکات و بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە مامۆستایان دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لە راگەیاندراوکێدا یەکێتی مامۆستایان دەڵێت، ئەو داواکارییانەی هەیانە بریتین کە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بە زووترین کات، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بخرێنە پێشەوەی ریزبەندی لیستی مووچە، پلەبەزرکرنەوەی مامۆستایان دەستپێبکاتەوە و کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن یان گرێبەست چارەسەر بکرێت. یەکێتی مامۆستایان باس لەوە دەکات، "جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە دەبێتە خاڵێکی گرنگ بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن داواکارییەکان داواکاری ھەنووکەیی مامۆستایانە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بایکۆتی خوێندنیان کردووە." لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی دەوام کراوە و مامۆستایان داوای مووچەکانیان دەکەن لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت بەبێ دواکەوتن. پێنجشەممەی رابردوو ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند "دەبێت خوێندن دەستپێبکاتەوە" و فرمانێک دەردەکات بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چونکە داخستنی دەرگای خوێندنگاکان "زیانێکی زۆری لە کەرتی پەروەردە داوە"، داواشی کرد کە مامۆستایان بایکۆت بشکێنن چونکە "مووچە نافەوتێت بەڵام خوێندن دەفەوتێت." لەسەر ئەم قسانەی وەزیری پەروەردە، دوێنێ یەکشەممە مامۆستایانی ئەو ناوچانەی بایکۆتیان کردبوو خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکەی دوێنێ لەگەڵ سوپای عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق، دەشڵێت، لە شەڕەکەدا "شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە." سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە." ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 10 پێشمەرگەی تریش برینداربوون، چەند کوژراوێکیش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد. بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز، هێزەکانی یەکەی 80 لەگەڵ سوپای عێراق رووبەروو بوونەتەوە کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن. وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، "پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت." هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە.
هاوڵاتی لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لیوا یەحیا رەسوڵ دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ههموو سهركرده و فهرماندهكان لهسهر ههموو ئاستهكان له یهكهكانی حكومهتی فیدڕاڵی و پێشمهرگه پێویسته دان بهخۆیاندا بگرن. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ سوپای عێراق دروستبوو لە نزیک کەمپی مەخمور لە چیای قەرەچووخ شەڕەکە دوای چۆڵکردنی پەکەکە بوو لە ناوچەکە و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز هیزەکانی 80 ویستوویانە ئەو بنکانە بگرن بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق بە شەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژراون کە دوانیان لە سوپای عێراق بوون و دوانیشییان لە هێزەکانی پێشمەرگە بووە. ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون عەقید عەبدولقادر جەوهەر و هاوڕێ جەوهەر کاڕەش بوون. لە پێکدادانەکەدا شەش سەربازی سوپای عێراق و چوار پێشمەرگە برینداربوون. لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەردوولا هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆیتەرز دۆخەکە "ناسکە."
هاوڵاتی عەقید عەبدولقادر جەوهەر گەڵاڵی کە لە شەڕەتەقەی ئێوارەی ئەمڕۆی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە چیای قەرەچووخ برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ سوپای عێراق دروستبوو لە نزیک کەمپی مەخمور. شەڕەکە دوای چۆڵکردنی پەکەکە بوو لە ناوچەکە و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز هیزەکانی 80 ویستوویانە ئەو بنکانە بگرن بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق بە شەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون کە دوانیان لە سوپای عێراق بوون و یەکێکیشیان لە هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە پێکدادانەکەدا شەش سەربازی سوپای عێراق و پێنج پێشمەرگە برینداربوون کە یەکێکیان عەقید عەبدولقادر جەوهەر گەڵاڵی بوو. عەبدولقادر جەوهەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. پێشتریش پێشمەرگەیەکی تر لە شەڕەکەدا شەهید بوو بەناوی هاوڕێ جهوههر کارەش. لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەردوولا هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆیتەرز دۆخەکە "ناسکە."
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات بە هاوڵاتینای سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا. لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە داوا لە ئەندامانی خێزانی کارمەندانی "ناپیویست" و خۆیان کراوە کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆڵبکەن "بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان دژی کارمەندانی ئەمریکی و بەرژەوەژدنییەکانی ئەمریکا." لەدوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و تا ئێستا جارێک هێرشکراوەتەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر و چەند جارێکی بۆ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.
