هاوڵاتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان چوار خاڵی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند کە وەک یاداشتێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی دەکات و بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە مامۆستایان دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن. لە راگەیاندراوکێدا یەکێتی مامۆستایان دەڵێت، ئەو داواکارییانەی هەیانە بریتین کە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بە زووترین کات، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بخرێنە پێشەوەی ریزبەندی لیستی مووچە، پلەبەزرکرنەوەی مامۆستایان دەستپێبکاتەوە و کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن یان گرێبەست چارەسەر بکرێت. یەکێتی مامۆستایان باس لەوە دەکات، "جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە دەبێتە خاڵێکی گرنگ بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن داواکارییەکان داواکاری ھەنووکەیی مامۆستایانە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بایکۆتی خوێندنیان کردووە." لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی دەوام کراوە و مامۆستایان داوای مووچەکانیان دەکەن لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت بەبێ دواکەوتن. پێنجشەممەی رابردوو ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند "دەبێت خوێندن دەستپێبکاتەوە" و فرمانێک دەردەکات بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چونکە داخستنی دەرگای خوێندنگاکان "زیانێکی زۆری لە کەرتی پەروەردە داوە"، داواشی کرد کە مامۆستایان بایکۆت بشکێنن چونکە "مووچە نافەوتێت بەڵام خوێندن دەفەوتێت." لەسەر ئەم قسانەی وەزیری پەروەردە، دوێنێ یەکشەممە مامۆستایانی ئەو ناوچانەی بایکۆتیان کردبوو خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکەی دوێنێ لەگەڵ سوپای عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق، دەشڵێت، لە شەڕەکەدا "شەهید و بریندار لە هەردوولا کەوتەوە." سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە." ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 10 پێشمەرگەی تریش برینداربوون، چەند کوژراوێکیش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد. بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز، هێزەکانی یەکەی 80 لەگەڵ سوپای عێراق رووبەروو بوونەتەوە کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن. وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، "پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت." هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە.
هاوڵاتی لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لیوا یەحیا رەسوڵ دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ههموو سهركرده و فهرماندهكان لهسهر ههموو ئاستهكان له یهكهكانی حكومهتی فیدڕاڵی و پێشمهرگه پێویسته دان بهخۆیاندا بگرن. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ سوپای عێراق دروستبوو لە نزیک کەمپی مەخمور لە چیای قەرەچووخ شەڕەکە دوای چۆڵکردنی پەکەکە بوو لە ناوچەکە و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز هیزەکانی 80 ویستوویانە ئەو بنکانە بگرن بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق بە شەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژراون کە دوانیان لە سوپای عێراق بوون و دوانیشییان لە هێزەکانی پێشمەرگە بووە. ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون عەقید عەبدولقادر جەوهەر و هاوڕێ جەوهەر کاڕەش بوون. لە پێکدادانەکەدا شەش سەربازی سوپای عێراق و چوار پێشمەرگە برینداربوون. لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەردوولا هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆیتەرز دۆخەکە "ناسکە."
هاوڵاتی عەقید عەبدولقادر جەوهەر گەڵاڵی کە لە شەڕەتەقەی ئێوارەی ئەمڕۆی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە چیای قەرەچووخ برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەی 80 کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ سوپای عێراق دروستبوو لە نزیک کەمپی مەخمور. شەڕەکە دوای چۆڵکردنی پەکەکە بوو لە ناوچەکە و بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز هیزەکانی 80 ویستوویانە ئەو بنکانە بگرن بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق بە شەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون کە دوانیان لە سوپای عێراق بوون و یەکێکیشیان لە هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە پێکدادانەکەدا شەش سەربازی سوپای عێراق و پێنج پێشمەرگە برینداربوون کە یەکێکیان عەقید عەبدولقادر جەوهەر گەڵاڵی بوو. عەبدولقادر جەوهەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. پێشتریش پێشمەرگەیەکی تر لە شەڕەکەدا شەهید بوو بەناوی هاوڕێ جهوههر کارەش. لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەردوولا هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆیتەرز دۆخەکە "ناسکە."
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات بە هاوڵاتینای سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا. لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە داوا لە ئەندامانی خێزانی کارمەندانی "ناپیویست" و خۆیان کراوە کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆڵبکەن "بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان دژی کارمەندانی ئەمریکی و بەرژەوەژدنییەکانی ئەمریکا." لەدوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و تا ئێستا جارێک هێرشکراوەتەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر و چەند جارێکی بۆ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبوویەوە و رایگەیاند، کاری لە پیشینەی حکومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە و "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات." شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە کۆبونەوەی هەفتەی رابردووی کرد لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و رایگەیاند روونکردنەوەی تەواوی بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش دروست بووە. رۆژی چوارشەممەی رابردوو شاندی دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبویەوە و دواتر رایگەیاند، تێگەشتنی هاوبەشیان هەبووە لە سەر چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم. مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ شاندەکەی هەرێم وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم." سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەش کرد، "دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستووریەکانی خۆی، لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق."
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕەتەقە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوخ دروستبوو کە تێیدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو. تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو بابەتە قسەی نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان چوار پێشمەرگەش بریندار بووە. بەرپرسێکی پێشمەرگە بە میدیای پارتی راگەیاندووە کە شەڕەکە لەسەر سێ خاڵی سەربازی بووە لە نزیک کەمپی مەخمور کە چۆڵکراوە و سوپای عیراق دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت.
هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا. ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی کۆرنیشی قامیشلۆ ئۆتۆمبێلێک تەقێیەوە و میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە شایتەحاڵەکانی رووداوەکە و نزیک لە تەقینەوەکە گوێیان لە دەنگێکی گەورە بووە کە رەنگە هێرشی درۆنی بێت. تا ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری رۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیان لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکان دەڵێن دوو کەس گیانی لەدەستداوە. هێشتا دیار نییە کە هۆکاری روداوەکە چییە، بەڵام لە سەرەتایی ئەم مانگەوە تورکیا بە چطی دەستیکردووە بە بۆردومانکردنی رۆژئاوای کوردستان بەبیانوی ئەوەی هێرشەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە کە لە باکوری سوریاوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری ئەوە رەتدەکەنەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بۆ" پێشگرتن لە پەرەسەندنی جەنگ لە ئێرانەوە" توانا سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکە زیاد دەکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆید ئۆستن، رۆژی شەممە ٢١ی تشرینی یەکەم ، لە راگەیاندنێکدا وتی، دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەگەڵ جۆبایدن، ئەمریکا بڕیاری داوە کە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس، ئێس دوایت ئایزنهاوەر) بنێرێتە ناوچەکە. ئەمە جگەلەوەی کە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری (یو، ئێس، ئێس جرالد ئار فۆرد) لە ئێستەدا لە دەریای ناوەڕاستی رۆژهەڵات جێگیرە. وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها وتی کە ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی تاد و سیستەمی پاتریۆت لە هەموو ناوچەکە جێگیرئەکات.هەروەها وتی ئەم کارانە بۆ ئەوەیە توانای بەرگری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بباتە سەرەوە. لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا لۆیید ئاوستین باسی لەوەکرد، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆرتر هێزی ئامادە کردووە بەوەی لە ناوچەکە جێگیریان بکات. ئەم هێزانە لە کاتی پێویستدا بە زووترین کات دەنێردرێنە ئەو ناوچەیە. ئاوستین ئەوەشی ڕونکردەوە :" ئێمە خەریکی هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی هێزەکانی خۆمان ئەبین لە ناوچەکە و ئەگەر پێویست بکات، هێزێکی زۆرتر لە ناوچەکە جێگیر ئەکەین".
هاوڵاتی ئەمرۆ یەک شەممەکارگوزارانی بنکە تەندروستییەکان لە سەرتاسەری سنووری قەزای بەردەڕەش، بەهۆی نەدانی مووچەی پێنج مانگیان، گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دەڵێن " بایکۆتی دەوام دەکەن ئەگەر مووچەیان نەدرێت". عامر نادر، نوێنەری کۆمپانیای سیگا کە تایبەتە بە دانان و پێدانی مووچەی کارگۆزارانی بەردەڕەش بە هاوڵاتی وت"هۆکاری پێنەدانی مووچەی کارگوزارانی سنوری بەردەرەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تا ئێستا کۆمپانیای سیگا لەگەڵ حکومەت رێکنەکەوتووە لەبارەی بڕی مووچە و چونیەتی دەوامکردنیان" . بەپێی ئەوزانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە، ئەو کۆمپانیایەی پێشتر گرێبەستی هەبووە لەگەڵ حکومەت دەستی لەکار کێشاوەتەوە،و کۆمپانیایەکی تازە هاتووە بەناوی سیگا بەڵام هێشتا رێککەوتن نەکراوە و لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر ڕێکارەکان ڕێک نەکەوتون بەو هۆیەشەوە کارگوزارانی سنوری بەردەڕەش سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتوە. عامر نادر ووتیشی"ژمارەی کارگۆزارانی بنکە تەندروستیەکانی بەردەڕەش30 کەسن پێشتر مووچەیان 200 هەزار بووە بۆ هەر مانگێک،بەڵآم لە مانگی پێنجی ئەم ساڵەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، و تا ئێستا دیارنیە کەی کێشەکە چارەسەردەکرێت"
هاوڵاتی ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و پزیشکانی بێسنور دهڵێن هیچ شوێنێکی سەلامەت له غهززه نییە. ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لەوکاتەوەی کە بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە لە 7ی ئهم مانگهدا هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر شارۆچکە و شارەکانی تەنیشت کەرتی غەززەی ئیسرائیل دەستپێکرد. پزیشکانی بێسنور ئهمڕۆ یەکشەممە هۆشدارییاندا کە سیستەمی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕوبەڕوی داڕمان دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان. هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکانی غەززە ڕایانگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە. لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند ، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە تەقەی لێکرا و شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد." ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین WAFAش بڵاوی کردەوە کە، بە هۆی بۆردومانی خانوویەک لە خان یونس، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵ و دوویان ژن بوون. لەم پەیوەندەدا پزیشکانی بێسنور لە بەیاننامەکەیاند دەڵێن "نەخۆشخانەکان قەرەباڵغن و سەرچاوەیان نییە"، ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە غەززە هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بە نەخۆشخانەکانیشەوە". ئەو رێکخراوە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەیشتنی هاوکارییەکان، پشتیوانی زیاتر لە دامەزراوە پزیشکییەکان لە غەززە بکات.
هاوڵاتی دواى دوجار هێرشى درۆنى بۆسهر هێزهكانى ئهمریكا لهسنورى پارێزگاى ئهنبار، ئهمڕۆ هێرشهكان گۆڕانو سێ كاتیۆشاى یهك لهدواى یهك ڕویان لهبنكهى عهین ئهسهد كرد. ئاژانسی ههواڵى ڕۆیتەرز ئاشكرایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 01:30، بەسێ کاتیۆشا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردومانکرا. لەبارەی ئەوەی 'هێرشەکە بە چی کراوە؟' سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، بە مووشەک هێرشەکە کراوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش لەنێو بنکەکەدا بیستراوە. تائێستا قەبارەی زیانە گیانیو مادییەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاشکرانەکراوەو هیچ گروپێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەئەنجامدانی هێرشەکە نەگرتۆتە ئەستۆ. ئەمە جاری چوارەمە لەماوەی دوو هەفتەدا بنکەی عەین ئەسەدی تایبەت بەهێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای ئەنباری هێرشی بکرێتەسەر، کە دوایین هێرش لەڕێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدرا. بنكهی سەربازی عەین ئەسەد گهورهترین بنكهی سەربازییە لەعێراق 64 كیلۆمهتر لهباكوری بهغداوە دوره، لهدهیهی ههشتاكانی سهدهی ڕابردودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی دروستیكردوه، 39 ژێرزهمینو پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، لهسهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراقو ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بوه. هێرشەکان لەکاتێكدان، رۆژی 7ـی مانگ چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، سوپای ئیسرائیل شەڕ دژی ئەو گرووپە چەکدارە رابگەیێنێت.
هاوڵاتی دواى فەرمانەکەى وەزارەتى پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەى دەوام قوتابخانەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆیە و رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ بەردەوامى هەیە و بەشێک لە چین و توێژەکانى دیکە هاوشان لەگەڵ مامۆستایانى ناڕازى و وانەبێژان بەشدارییان کردووە. بهیانی ئهمڕۆ یهكشهممه جارێكی دیكه مامۆستایانی میلاك و مامۆستایانی وانهبێژ و سهدان فهرمانبهر و چالاكوانی دیكه له سلێمانی خۆپیشاندانی فراوانیان ئهنجامدا و دوای داخستنی شهقامی سالم بهرهو بهڕێوهبهرایهتی پهروهردهی سلێمانی رۆیشتن، ئهوان دروشمی بهردهوامی بایكۆتیان راگهیاند. ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئەم بایکۆتە پەیوەندی بە یەک موچەوە نییە، لە ساڵی ٢٠١٤وە پێمان دەوترێت موچە قەرەبوو دەکرێتەوە بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام ئێمە لەو کاتەوە ئەو قەرەبووەمان نەبینی." مامۆستایەکیش باسی لەوەکرد، "شەرمە بۆ حکومەتێک سەرجەم مافەکانی مامۆستایانی پێشێل کردبێت و بە وشەی "دەبێت" مامەڵەیان لەگەڵدا بکات." مامۆستایەکیدیکەش ڕایگەیاند، "رێگه نادهین وهزیری پهروهرده ههڕهشهمان لێبكات و پێمان بڵێت، دهبێت بگهڕێنهوه هۆڵهكانی خوێندن، ئێمه قبوڵی ناكهین و دهبێت موچهكانمان بدرێتهوه و دهبێت شكۆمان بۆ بگهڕێتهوه، دهبێت تاكۆتایی و بهدهستهێنانی ئامانجهكانمان بهردهوام دهبین له بایكۆت". 19ی ئهم مانگه ئالان حهمهسهعید، وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دڵیان لای مامۆستایان و خوێندكارانه بهڵام ئهو دۆخه گشتییه و تهنها وهزارهتی پهروهرده نییه و داوا دهكهن ههموان بچنه ژێرباری ئهوهوه كه له ههفتهی ئایندهوه "بهرپرسیارێتی گهوره "تهحهمول بكهین، وتیشی، "فهرمانێكی وهزاری واژكردوهكه دهبێت رۆژی 22ی 10 دهبێت مامۆستایان پڕۆسهی خوێندن دهستپێبكهن"، بهڵام لهوهڵامی ئهو پهیامهدا ئهمڕۆ جارێكی دیكه جهخت له بهردهوامی بایكۆت كرایهوه.
هاوڵاتی وتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەوڵیانداوە دوو بارمتەی ئیسرئیلی ئازاد بکەین بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووتەوە، بەڵام تا ئیستا ئیسرائیل لەسەر ئەو بابەتە قسەی نەکردووە. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتائیبی قەسام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام نوسیویەتی، "دوێنێ قەتەرمان ئاگادارکردەوە کە نوریت یەتشاق و یۆخفێد لیپشیدز ئازاد دەکەین بەهۆکاری مرۆیی و بەبێ چاوەڕوانی هیچ شتێک لەبەرامبەردا، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل رەتیکردەوە قبوڵیان بکات." ئەبو عوبەیدە باسی لەو هۆکارە نەکردووە کە بۆچی ئیسرائیل دوو بارمتەکەی رەتکردووەتەوە و تا ئێستاش ئیسرائیل هیچ قسەیەکی نەکردووە و لەسەر ئەو بابەتە وەڵامی حەماسی نەداوەتەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە زیاتر لە 210 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدایە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەنجامیدا لە 7ی ئەم مانگە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و دواتریش ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە کە تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانە زیاتر لە چوار هەزار فەڵەستینی کوژراون. رۆژی هەیینی 20ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکرد کە دایک و کچێک بوون بە ناوەکانی جودس راعنان و ناتالی رەعنانی کچی. ئەو دوو بارمتەیە یەکەمین بارمتە بوون کە لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم خشتەیەکی بڵاوکردەوە کە داهات و خەرجی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی 2023ی تییدا و بەپێی ئەو خشتەیە 477 ملیار دینار کورتهێنان هەیە. وەزارەتی دارایی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، هەر شەش مانگ جارێک راپۆرتی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم بڵاوکرێتەوە کە تێیدا "سەرجەم داتا و زانیاریەکانی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی و پەسەند کراوە." وەزارەتی دارایی دەشڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو خشتەیە "لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی شەفافیەت و لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ بەڕێوەبردنی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە." بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بلاویکردووەتەوە، 477 ملیار دینار کورهێنان هەیە چونکە خەرجی زیاترە لە داهات بەشێوەیەک کە خەرجی شەش مانگی ئەمساڵ 8 ترلیۆن و 395 ملیار دینار و 501 ملیۆن دینارە، بەڵام کۆی داهاتی شەش مانگی 2023، 7 ترلیۆن و 918 ملیارو 501 ملیۆن دینارە.
