پزیشکانی بێسنور: هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززەدا بوونی نییە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیسرائیل بەردەوامه‌ لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و پزیشکانی بێسنور ده‌ڵێن هیچ شوێنێکی سەلامەت له‌ غه‌ززه‌ نییە.

ئیسرائیل بەردەوامه‌ لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لەوکاتەوەی کە بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە لە 7ی ئه‌م مانگه‌دا هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر شارۆچکە و شارەکانی تەنیشت کەرتی غەززەی ئیسرائیل دەستپێکرد.

پزیشکانی بێسنور ئه‌مڕۆ یەکشەممە هۆشدارییاندا کە سیستەمی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕوبەڕوی داڕمان دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان.

هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکانی غەززە ڕایانگەیاند،  لە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.

لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند ، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە ‌هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە تەقەی لێکرا و شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد."

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین WAFAش بڵاوی کردەوە کە، بە هۆی بۆردومانی خانوویەک لە خان یونس، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵ و دوویان ژن بوون.

لەم پەیوەندەدا پزیشکانی بێسنور لە بەیاننامەکەیاند دەڵێن  "نەخۆشخانەکان قەرەباڵغن و سەرچاوەیان نییە"، ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە غەززە هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بە نەخۆشخانەکانیشەوە".

ئەو رێکخراوە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەیشتنی هاوکارییەکان، پشتیوانی زیاتر لە دامەزراوە پزیشکییەکان لە غەززە بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار