هاوڵاتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە رایگەیاند وادەردەکەوێت کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە نەکراوە و لەلایەن لایەنی ترەوە کراوە. شەوی رابردوو هێرشێکی گەورە کرایەسەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە کە تێیدا 500 هاوڵاتی مەدەنی کوژران و سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجام نەداوە، بەڵام حەماس و بەرپرسانی فەڵەستین دەڵین ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە، دواتریش نوێنەری فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەڵگەیان لایە کە هێرشەکە ئیسرائیل ئەنجامیداوە. لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهپۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن رایگەیاند، "زۆر غەمبار و تووڕەم سەبارەت بە رووداوەکە، بە پشت بەستن بەوەی کە بینیومە وا دەردەکەوێت [هێرشەکە] لەلایەن تیمی ترەوە ئەنجامدرابێت نەک ئێوە، بەڵام خەلکی زۆر هەیە کە هێشتا دڵنیا نین، بۆیە دەبێت بەسەر چەندین شتدا زاڵ ببین." هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ پشتگیریکردنی تەواوی واشنتن لە ئیسرائیل و رایگەیاند، پێویستە حەماس لەناوببرێت وەک داعش و نازییەکان.
هاوڵاتی هاوڵاتی باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیاز منصور ئیدانەی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشە کوشندەکەی نەخۆشخانەی العەرەبی لە غەززە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهوی بە " درۆزن " ناوبرد بەوەی کە جیهادی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا خۆیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. نوێنەری فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک لە بارەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن گروپێکی جیهادی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بوون بەڵگەیان هەیە کە پۆستێکی سڕاوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە ( تویتەر) کە لە لایەن وتەبێژی ناتانیاهۆوە بڵاوکراوەتەوەو دواتر سڕاوەتەوە . ئەو باڵیۆزە دەڵێت، لە پۆستە سڕاوەکەی وتەبێژی سەرۆکی ئیسرائیل ناتانیاهۆدا هاتووە کە ئەوان ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەن بەهۆی ئەوەی بڕوایان وابووە کە بنکەیەکی گروپی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بووە. ڕیاز منصور ناتانیاهۆی بە درۆزن ناوبرد و ڕایگەیاند کۆپییەکیان لە تویتەکە وەک بڵگە لەبەردەستدایە . لەدرێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن چوونکە نەخۆشخانەکان ئامانجن". وتیشی ، هەفتەی ڕابردووش نەخۆشخانەیەکیان کردۆتە ئامانج. هاوکات لە وەڵامی ئەمانەدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ وتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان." دانیاڵ هەگاری وتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.
هاوڵاتی بهرپرسانی ئهمەریكا به رۆیتهرزیان راگهیاندووه، بهرهبهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه هێرشێكیان تێكشكاندووه كه ویستوویانه هێزهكانیان له عێراق بكهنه ئامانج و هێرشهكه لهرێگهی دوو درۆنهوه بووه و پێش ئهوهی ئامانجهكهیان بپێكن لهلایهن هێزهكانیانهوه خراونهته خوارهوه. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەدی عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق. ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ڕەتیان کردەوە بڵێن گومانیان لە کێ هەیە هێرشەکەی ئەنجام دابێت، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە واشنتن لە ئاستی هۆشیاریدایە سەبارەت بە چالاکییەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس. هاوکات له سهرهتای دهستپێكردنی شهڕی نێوان حهماس و ئیسرائیل، گرووپە چهكدارهكانی عێراق ههڕهشهی به ئامانجگرتنی بنكه سهربازییهكانی ئهمەریكایان دهكرد له ئهگهری دهستێوهردانی راستهوخۆی له شهڕی ئیسرائیلدا. ئەم هێرشە درۆنییە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەدوای ئەوە دێت، کە شەوی رابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە بۆردومانکرا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 500 کەس.
سەركۆ جەمال وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت سەردانەكە ئارەزومەندانەیەو هیوادارن ئەنجامی هەبێت. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023 وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەغداو ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكات. هەر بەپێی زانیارییەكان، وەفدەكە هەمان ئەو وەفدە تەكنیكیە دەبێت كەپێشتر سەردانی بەغدایان كردووەو گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی فیدراڵی كردووە. وەفدەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتە پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بەسەردانەكە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەم سەردانە شتێكی باشەو وەڵامە بۆ ئەوەی كە لەلیژنەی دارایی كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەبوون واژۆیان كۆدەكردەوەو ئاستەنگیان دروستدەكرد، دەیانوت كەپرسیاری جۆراوجۆریان هەیە لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەم سەردانە ئاشكرایە كە بانگهێشت نییەو فەرمان نییە بەڵكو ئارەزوومەندانەیە، چونكە وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارە نەك پەرلەمانی عێراق». لە هەفتەی رابردوو، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەگەر بەمزوانە ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا نەکات و بەشدار نەبێت لە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەوا ناچار دەبن قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە ببڕن چونکە سەردانی ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لە مەرجەکانی رێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرکوەزیرانی عێراق. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانیشتنەکە دەڵێت، «لەدانیشتنەكەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبووە، هیچ رێككەوتنێك نییە كە واژۆ بكرێت بەڵكو هەر لەچوارچێوەی ئەو چوونە پێشەوانەی حكومەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە ئێمە بەو نیەتەوە دەچین هیوامان وایە حكومەتی عێراقیش وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان». پێشتر هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو وەفدەدا دەبێت، بەگوێرەی بانگهێشتنامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەكەی وەزیری دارایی رۆژی 18ی تشرینی یەكەم لەگەڵ لیژنەكە دەكرێت». بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە، پێنجـی تشرینی یەكەمی 2023 بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە ببێت كەوەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەفەرمی لیژنەكەی ئاگاداركردبووەوە كەدوو هەفتەی دیكە دەتوانێت سەردانی لیژنەكە بكات. هونەر جەمال، لەوبارەیەوە وتی:» بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، داوامان لەلیژنەی پەرلەمان كرد سەردانەكە دوو هەفتە دوابخرێت». وتیشی: «بانگهێشتێكی نوێمان لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لەمووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشەفافیەتەوە دەباتە بەردەم ئەو لیژنەیە». رۆژی 11-10-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوەو ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابین بكات. لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم. لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان. دوای ئەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دەڵێت «ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان كردووە» چاوەڕوانیش دەكرێت دوای سەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب و وەفدی یاوەری چارەنووسی دوو 700 ملیارەكەی دیكە كە بڕیاردراوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت روون ببێتەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراق ئەو زانیاریانەی وەزیری دارایی هەرێم دەیداتە بەغدا لەسەر فەرمانبەران لەگەڵ زانیاریەكانی خۆی بەراورد دەكات و دواتر دەیداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
هاوڵاتی سەرۆکی میسر بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەیی دهكات بۆ كۆبونهوهیهكی بهپهله له رۆژی شەممەی داهاتو لە قاهیرە و بۆ گفتوگۆكردن لهبارهی دۆخی فەڵەستین. نوسینگهی سهرۆك وهزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، سهرۆك وهزیران بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێگەیشتوە بۆ بەشداریکردن لە "لوتکەی بەپەلە" کە ڕۆژی شەممە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت. هەروەها نوسینگهی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسریش باسی لهوهكردوه، "ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرکردەکانی جیهان بۆ کۆبونەوە و بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامی سەرکردەکان بۆ بانگەوازەکەی سیسی رەنگدانەوەی متمانەیەکی زۆرە بە سەرکردایەتییەکەی و رۆڵی دیار و بەرچاوی میسر لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی". بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بانگێشتنامەی کۆبوونەوەکە بە هەریەک لە تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا گەیشتووە ، هاوکات بهگوێری ماڵپهڕی روسیا تودهی کۆبونەوەکە لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت لە (21ی 10ی 2023)دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی فەڵەستینە. ئهوهشخراوهتهڕو، لهو كۆبونهوهیهدا سەرکردەکانی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بهشداردهبن، کە تیایدا بابەتگەلێکی گرنگ کە جێگەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، لە هەمویان گرنگتر پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێن.
هاوڵاتی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئیسرائیل نەخۆشخانەی مهعمهدانی لە ناوەندی غەززە بۆردوومانکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کە نەخۆشخانەکان وەک پەناگەیەک بەکاردەهێنن بۆ دورکەوتنەوە لە هێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکان بوونە قوربانی. وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین رایدهگهیهنێت، زیاتر له 500 كهس له نهخۆشخانهكه گیانیان لهدهستداوه و سهدانی دیكهش بریندار بوونه و ههندێكی دیكهشیان تا ئێستا لهژێر داروپهردوودان و رزگار نهكراون . ئەم هێرشە بووە هۆی کاردانەوەی وڵآتە عەرەبییەکان بە تایبەتی و جیهانیش هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیدانەی هێرشەکە دەکەن. كاردانەوەكان: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: پێویستە ئەم كارە دڕندانە بێ پێشینەیە لە غەززە رابگیردرێت. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی تاوانەكانی ئیسرائیل بەرامبەر سڤیلەكان هەڵبگرێت. وهزارهتی دهرهوهی ئوردن : ئهوهی له غهززه روو دهدات بهتایبهت بهرامبهر به هاووڵاتییان، تاوانی مرۆڤایهتی و كۆمهڵكوژییه و ئیسرائیل لێی بهرپرسیاره. ههروهها به پێویستی زانیوه پهله بكرێت له راگرتنی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر هاووڵاتییانی مهدهنی. هاوكات داوای كردووه پهله بكرێت له گهیاندنی پێداویستییه مرۆیی و تهندروستییهكان بۆ كهرتی غهززه. سەرۆك وەزیرانی فەلەستین: هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی تاوانێكی مەترسیدارە. سەرۆك وەزیرانی كەنەدا: هێرشكردنەسەر هەر نەخۆشخانەیەك كارێكی قەدەغەكراوە. وهزارهتی دهرهوهی میسر هێرشهكه به تۆڵهسندنهوه له هاووڵاتییانی مهدهنی ناودهبات و به پێویستی دهزانێت كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی ههنگاوی جددی بنێت بۆ راگرتنی یاساشكێنییهكانی ئیسرائیل دژ به هاووڵاتییانی فهڵهستینی. تەندروستی جیهانی: سەركۆنەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی دەكەین رۆیتەرز: مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین ئوردنی بەجێهێشت و گەڕایەوە رامەڵا كە بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەگەڵ جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا بەشداریبكات. وهزارهتی دهرهوهی ئێران له راگهیاندراوێكدا داوا له نهتهوه یهكگرتووهكان و ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی دهكات بهرپرسیارهتی خۆیان جێبهجێ بكهن و لێكۆڵینهوه لهو تاوانه مرۆییه بكهن و بهرپرسانی دادگایی بكهن. ناسر كهنعانی، گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران دهڵێت، ئهوهی روویداوه تاوانه و كارێكی دڕندانهیه و بهڵگهیه لهسهر ئهوهی ئیسرائیل بههیچ شێوهیهك له كاتی جهنگدا پابهندی بنهما نێودهوڵهتییهكان نابێت. كۆمكاری وڵاتانی عهرهبی له راگهیهندراوێكدا سهركۆنهی هێرشهكه دهكات و داوا له وڵاتانی رۆژئاوا دهكات دهستبهجێ رێگه لهو كارهساتانه بگرن. یهكێتی ئهوروپا له بهیانێكدا دهڵێت، هێرشكردنه سهر ژێرخانه مهدهنییهكانی غهززه، بابهتێكه له دهرهوهی یاسای نێودهوڵهتی مامهڵهی لهگهڵدا دهكرێت.
لە دهۆک قەیرانی کەمی غاز سەریهەڵداوەو هاوڵاتییان دەبێت ناوبنوسن و سەرەبگرن بۆ وەرگرتنی و چەند ڕۆژیک چاوەڕێبکەن سەرەیان بێت. پەیامنێری هاوڵاتی لە دهۆک ڕایگەیاند، چەندرۆژێکە قەیرانی کەمی غاز لەشاری دهۆک سەرهەڵداوە، لەهەمانکاتدا یەک بوتڵی غازی بازرگانی بووەتە 15هەزار دینار. هاوکات کاوار بەرواری، دانیشتووی سەنتەری دهۆک لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت" چەند رۆژیکە دوبارە قەیرانی کەمی غاز دەستیپیکردوە و بەجورێکە لەئێستادا بۆ وەرگرتنی یەک بۆتڵی غاز دەبێت پێشتر ناوی خۆت بنوسیت و سەرەبگریت". ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، " ئەگەر لەدەرەوەش غاز بکری یەک بۆتڵی بە 15هەزار دیناره" کاوار بەرواری ئەوەشی ڕونکردەوە "هەرماوە ماوە ئەم قەیرانە لەدهۆک روودەدات کەسیش نازانێ هۆکارچیە، تەنیا کەسانی هەژار باجەکەی دەدەن، زانیاریم هەیە ماڵ هەبووە نەیتوانیوە چاوەریێ بکەت ناچاربووە لەدەرەوە بکرێت" رۆژانە دهۆک پێویستی بە 280 تۆن غازە، ئەم رێژەیە وەکۆ خۆی ناگات بوویە قەیران دروست دەبێت، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ملیونێک کەس لەئاوارە و پەنابەر لەپارێزگای دهۆک دەژین.
هاوڵاتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات. وتەبێژی تەندروستی غەززە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ئیسرائیل نەخۆشخانەی العەرەبی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون. و سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە. تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە. وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان. بەهۆی ئەم كارەساتەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین سێ رۆژ ماتەمینی گشتییان راگەیاند. هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس باس لەوە ئەکات، ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە قورسترین هێرشی ئیسرائیل بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە کە زۆرترین کەس تێیدا کوژراون. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە ئەکەن خەریکی تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانەن. دانیەل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتوویەتی :" هێشتا هیچ وردەکارییەکمان لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی ئەو نەخۆشخانە نەگەیشتۆتە دەست. ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی زانیارییەکانین. هەر زانیارییەکی وردمان پێ بگات رایدەگەیەنین. نازانین ئەمە بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بووە یان نا". لە ١١ رۆژی رابردوودا و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەخۆشخانەکان بوون بە پەناگەی دانیشتوانی غەزە. سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەزەی راگەیاندبوو کە باکووری کەرتی غەزە جێ بهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی لە هێرشەکان پارێزراو بن. حەماس داوا لە خەڵک دەکات لە ناو غەزەدا بمێننەوەو بەریان پێ ئەگرێت کەرتی غەزە جێ بهێڵن و خەڵک وەک قەڵغانی ئینسانی بەکار ئەهێنێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، شاندی حکومی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و سبەینێ لەگەڵ وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، لە کۆبونەوەکەش کێشەکانی پەیوەست بە پرسی موچە و بودجە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها پاکتاوی دارایی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ و ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق دەخرێتە ڕو. وەزارەری دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی حکومی هەرێم بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردوە،لە کۆبونەوەکەدا زانیاری تەواو لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەینە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن وەفدی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی کراوە. باس لەوەشکراوە، شاندی حکومی هەرێم پێکهاتوە لە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و ژمارەیەک راوێژکار.
هاوڵاتی پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق دەڵێت، زۆر هۆکار کاریگەرییان لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕکردن هەیە، گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردنی ناوخۆیی لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە دراوێکی دیكه جگە لە دراوی نیشتمانی، هەروەها نەبونی تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکان و قاچاغچێتی. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری تایبەت بە پرسی ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کۆبووەتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بە چەند هۆکاریک کردووە کە بوونەتە هۆی ناجێگیری نرخی دراوی دۆلار بەرامبەر دینار، ئە هۆکارانەش گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردنی ناوخۆیی لە بازاڕە ناوخۆییەکان بە دراوێکی دیكه جگە لە دراوی نیشتمانی، هەروەها نەبونی تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکان و قاچاغچێتی. ئەوەشھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختیکردۆتەوە کە دزەپێکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەردەوامە و ھێشتا تەواوی دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵنەکراون. هاوکات ئهوهشی خستۆتەڕوو کە، ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو کاڵایانە کە بە فەرمی دههێنرێنه ناو عێراقهوه نرخهكانیان سەقامگیریان بەخۆوە بینیوه، چونکە هاوردەکردن بە نرخی فەرمی دەیانگرێتەوە.
هاوڵاتی ژمارەی كوژراوانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بەرزبونەوەدایە و بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونسیفیش، زیاتر لە 700 منداڵ لە كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەستداوە. رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون. ئەو ڕێکخراوە داواشدەکات بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە. لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە، لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە تا ئێستە شەڕو پێکدادان بەردەوامەو تا دێت ژمارەی قوربانیانی هەردوو لا بەرزدەبنەوە . وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا، دوو هەزار و 873 كەس كوژراون و زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها نزیكەی 12 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون. هاوکات بەپێی راگەیەندراوێكی سوپای ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی كوژراون و 258 یان سەربازن و چوار هەزار و 229 كەسی دیكەش بریندارن و هەروەها، 250 كەسیش بەدیلگیراون.
هاوڵاتی دادگا ی تاران سزای ساڵێک زیندانی بەسەر پارێزەرەکەی دۆسیەی ژینا ئەمینیدا سەپاند. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا. نیکبەخت مانگی ئاداری 2023 لە دادگای تارانەوە بانگکرا و بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار کرا و لە دوو دانیشتنی دادگادا بەرگری لە خۆی کرد. عەلی رەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت دەڵێت، لانی زۆری سزا بۆ ئەو تۆمەتە، یەک ساڵ بەندکردنە و دادگە ئەو سزایەی بەسەر بریگرتەکەیدا سەپاندووە و هیچ گرنگی بەو بەرگرییانە نەداوە لە دادگە خستوویانەتەڕوو. رەزایی هەروەها دەڵێت، ساڵح نیکبەخت خواستی ئەوەی نییە تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام ئەو وەکو پارێزەرەکەی ئەو کارە دەکات و داوا دەکات، سزاکە هەڵبوەشێندرێتەوە. لەبارەی تۆمەتبارکردنیشی بە بانگەشەکردن دژی دەسەڵات دەڵێت، "ساڵح نیکبەخت لە دۆسیەی ژینا ئەمینیدا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و کارێکی نایاسایی نەکردووە." عەلی ڕەزایی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردۆتەوە دەقەکەی بەم شێوەیەیە: «بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، قورسترین سزای ئەم تۆمەتەی بەسەر پارێزوانەکەمدا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکرانە». لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «دادگا لە حوکمەکەدا هەموو ئەو ٩ وتووێژەی ساڵح نیکبەخت کە وەزارەتی ئیتلاعات پشتی پێ بەستوون، وەکوو بەڵگەی تاوان لە قەڵەم داوە. ئەو وتووێژانە بریتین لە: ١. شیکردنەوەی دۆخی کۆڵبەران و کوشتنیان لە ئێراندا، ٢. بۆچوونی یاساناسانەی پارێزوانەکەم لەسەر دەنگۆی خنکاندنی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان، ٣. ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی تۆمەتبارانی سیاسی (ئەمنییەتی) لە تەلەڤیزیۆنەوە و بەرپرسایەتیی کاربەدەستانی حکومەت لە پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراواندا لە تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵدا و وتووێژ کردن لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی بیبیسیی فارسیدا لەسەر: ١. بەیاننامەی سەرئاوەڵای پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ٢. شیکردنەوەی هۆکارەکانی نەدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆر بۆ ژنان کە ڕایگەیاندبوو ئەم کارە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاسایی نییە، ٣. شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، هەروەها دیسانەوە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ فەردا لەسەر شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەرهەموو ئەم وتووێژانە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠١ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٢) واتە تا پێش خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) ئەنجام دراون. ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە، پێداگرتنی شکاتکار و دادگاکەیە لەسەر تانەدانی پارێزوانەکەم لە بۆچوونی پزیشکیی داد. بەڕێز نیکبەخت بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی تانەی لە بۆچوونی پزیشکیی داد وەکوو بۆچوونی پسپۆڕانە لە پرسی کوشتنی ژینا ئەمینیدا داوە و وتوویەتی لەبەر ئەوەی کە بۆچوونی پزیشکیی داد تەنها ڕێگای دۆزینەوەی حەقیقەتە [نەک خودی حەقیقەت]، وەکوو هەموو بۆچوونێکی پسپۆڕانەی دیکە، تەواوکراو و قەتعی نییە. هەروەها داوای کردبوو پرسی گیانبەختکردنی ژینا لە کۆمیسیۆنێکی دیکەدا لێکۆڵینەوەی دووبارەی بۆ بکرێت و بەو پێیەی کە پارێزەران و بنەماڵەی ژینا شارەزایی پێویستیان لە زانستی پزیشکیدا نییە، پێویستە لە دووهەم کۆمیسیۆنەکەدا ٥ کەس لەو ١٢ پزیشکە ناسراوەی ئێران کە لە لایەن بنەماڵەی ژیناوە دەستنیشان کراون، بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنەکە بە ئامادەبوونی ئەم پزیشکانە لە ڕەوتی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی مەرگی ژینا بکۆڵێتەوە، تاکوو ئەگەر پرسیارێک لە ئارادا بێت لە لایەن ئەم پزیشکانەوە بخرێتە بەردەست. ئەمە نە تاوانە و نە پارێزوانەکەم شتێک جیا لەمەی داوا کردووە. بە داخەوە دادسەرا و دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی وتە یاساییەکانی بەڕێز نیکبەخت، وتووێژەکەی بەڕێزیانی لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئێعتماد»دا سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی وەکوو یەکێک لە بەڵگەکان بۆ سەلماندنی تاوانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە قەڵەم داوە و لەبەر ئەم وتووێژانە سزایان بە سەر بەڕێز نیکبەختدا سەپاندووە». "ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە.
هاوڵاتی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی ، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی تورکیای بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەریمی کوردستان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئەو داوات و زانیارییانەی ئەو ڕێکخراوە بڵاویکردۆتەوە ، لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، تاوەکو ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. دەشڵێت: ٦ لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و ١ هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهید بوون. سەبارەت بە بریندارەکان CPT باسی لەوەکردووە: لەناو بریندارەکانیشدا، ٢ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و ٩ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١ هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا باس لە شوێنی بۆردومانەکان کراوە و دەڵێت: لەلە ناوشەهیدەکاندا، ٣ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و ٦ هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و ١ هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون، هەرچی بریندارەکانیشن، ٢یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و ٥یان لە ناو ئۆتۆمبێل و ٣یانیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و ١ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ١ هاوڵاتی تریش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون. سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتۆتەوە، لە پارێزگای دهۆک ٤ شەهید و ٢ بریندار، لە پارێزگای هەولێر ١ شەهید و ٨ بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ٥ شەهید و ٢ بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون. ئەو ڕێکخراوەو ئەمەریکییە دەڵێت: " سوپای تورکیا، لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت."
هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنێ خەڵکی گوندی تۆپزاوە، دژی جێگیرکردنی سوپای عێراق لە سەربازگەی ئەنفال لە تۆبزاوا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، ئەمڕۆ فیرقەی 11ی سوپای عێراق لە سەربازگەکە کشایەوە. فراكسیۆنه كوردیهكان (پارتی، یهكێتی، كۆمهڵی دادگهری، نهوهی نوێ، یهكگرتو) له ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق یاداشتێكیان بههاوبهشی نوسی و واژویانكرد، ئاڕاستهی سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانیان كرد و ناڕهزایهتیان بهرامبهر به چونی سوپای عێراق بۆ گوندی تۆبزاوه دهربڕی. فراکسیۆنەکان لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە ئەو گوندە نەکرێت به بنكهیهكی سهربازی كه ماوهی چهند ڕۆژێك بوو هێزێك بۆئەو مهبهسته هاتبونه گوندهكه. 15ی ئهم مانگه بهمهبهستی دروستكردنی سهربازگه، هێزهكانی سوپای عێراق هێرشیانكرده سهر ژمارهیهك هاوڵاتی كورد له گوندی تۆپزاوهی خواروی كهركوك و گرژی و ئاڵۆزی لهنێوانیان دروستبو، هاوڵاتیانی ئهو گونده ئاگاداركراونهتهوه، زێدی خۆیان بهجێبهێڵن.
هاوڵاتی نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند سبەی چوارشەممە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژان لە سنوری پەروەردەکانی بەردەڕەش، ئاکرێ و ئامێدی دابەش دەکرێت. عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "سبەی چوارشەممە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردەکانی بەردەڕەش، ئاکرێ و ئامێدی بۆ مانگی 8ی 2023 دابەشدەکرێت. عەلی رەئوف دەشڵێت، "بۆ پەروەردەکانی تر لەسەر هێڵین کە بەزووترین کات دابەشبکرێت، بەڵام جارێ تەنها بۆ ئەو سێ پەروەردەیەیە لە سنوری پارێزگای دهۆک."
