هاوڵاتی  راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەدات بە ئێران و حیزبوڵای ئێران کە خۆیان لە جەنگی ئیسرائیل-حەماس بەدووربگرن و دەشلیت، پێویستە ئەم جەنگە پەل نەهاوێت بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن کۆبوەوە. ئۆلاف شۆڵتز، لە دیدارەکەیەکدا لەگەڵ شای ئوردن، باسی لەوە کرد پێویستە بەر لەوە بگیردرێت ئەم جەنگە پەل بهاوێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی ئاگادار کردەوە کە خۆیان لەم جەنگە بەدوور بگرن و خۆیان تێکەڵ بەم جەنگە نەکەن. وتەکانی ئۆلاف شۆڵتز لەکاتێکدایە کە لە نسوری لوبنانەوە شەڕ و پێکدادان لەنیوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بوونی هەیە و حیزبوڵا بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و هێرشی ئاسمانی وەڵام دەداتەوە.  چاودێرانی سەربازی و سیاسی پێیانوایە کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت ئەگەری کردنەوەی چەند بەرەیەکی تری جەنگ هەیە لەوانە لە لوبنان و سوریاوە.

هاوڵاتی  بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە چیای هەیبەت سوڵتان لە کۆیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئامانج گیرا و تێیدا شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا. لەسەر روداوەکە شیروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کۆیە رایگەیاند، لەناو ئۆتۆمبێلەکە جگە لە شوفێرەکە کە گیانی لەدەستداوە دوو ژن و منداڵێکیش هەبوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرنشینەکانی تریش برینداربوون.  

هاوڵاتی  پاریزگاری هەولیر رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق بە فەرمی حکومەتی ەهرێمی ئاگادارکردووەتەوە بەوەی کۆتایی بە کارەکانی ئەنجومنەی پارێزگاکان ب‌هیدرێت لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و دەشڵێت، "چاوەروانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمین" لەسەر ئەوەی هەنگاوی داهاتوو چی بکرێت.  لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو نوسراوی فەرمی لە دادگای باڵای فیدراڵیەوە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان, سەبارەت بە پرسی کۆتایهێنان بە کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی.  پارێزگاری هەولیر باسی لەوەشکرد، پارێزگارەكان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كوردستان چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاڕی ئەنجومەنی وەزیرانن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. دوای بەنادەستووری دانانی ماوەی درێژکردنەوەی پەرلەمان، دادگای فیدڕاڵی لە رۆژی 24ی مانگی رابردوو بڕیاریدا ئەنجومەنی پارێگاکانی هەرێمی کوردستانیش هەڵبوەشێندرێنەوە بەهۆی ئەوەی کە ماوەی یاساییان تەواو بووە.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت و دەڵێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بزوتنەوەی حەماس کردەی "پێشگرتن" ئەنجام دەدات.  حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی ئێرانی راگەیاند، "سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاری رێگە نادەن بە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەک لە غەززە ئەنجام بدات... هەموو بژاردەیەک کراوەیە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی جەنگ بکەین بۆ سەر خەڵکی غەززە." وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات، "بەرەی بەرەنگاری لەتوانایدایە جەنگێکی درێژخایەن دژی دوژمن بەرپا بکات.... لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرەی بەرەنگاری کردەی پێشگرتن" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بکات. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنور خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر غەززە.  ئێران چەندین ساڵە پشتگیری حەماس دەکات و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵپشتی دارایی بزوتنەوەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن هێرشەکەی ئەمجارە ئەوان لێی ئاگادار نین و سەرکردەکانی بزوتنەوەکە بڕیاری خۆیان لەسەر داوە.

هاوڵاتی هێزە چەكدارەكانی غەزە داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان.  ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسەوە بڵاویکردۆتەوە  "ئامادەن گیراوەكان ئازاد بكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی هەموو گیراوە فەلەستینییەكان كە ژمارەیان 6000 كەسە".  وتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیش دەڵێت " تا ئێستا 22 لە گیراوەكان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و ئامادەیی نیشاندا گەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و بۆردومان رێگە بدات ئامادەن بیانییە دەستگیراوەكانی خۆیان ئازاد بكەن". ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا ژمارەی دەستگیراوەكانی لای فەلەستینییەكان دیار نییە چەند كەسن، بەڵام دەگوترێت لەناویاندا ئەمریكی و فەڕەنسی و خەڵكی چەند وڵاتێكی تری تێدایە". هاوکات خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسیش دەڵێت بارمتەکان ئەفسەری باڵای بەشی غەزەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە گەڕان لە دەوروبەری کەرتی غەزە . سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بەرپرسێکی دیکەی حەماس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کە "نازانێت" چەند بارمتە هێشتا زیندوون و ژمارەیان بە تەواوی چەندە. لەم پەیوەندەدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 199  کەس بە دیل گیراون و لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.    

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی لەمیانی چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەدا کە زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر لەگەڵ کەناڵی ڕووداو ئەنجامیداوە، لەبارەی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر قسەدەکات و دەڵێت،""کەمال کەرکوکی بەرلەوەی پێشمەرگە لە کەرکوک بکشێتەوە سەنگەرەکانی بەجێهێشتبو و تەنانەت چەک و تەقەمەنیەکەی بەجێهێشتبو". ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن میدیای نزیک لە لاهور شێخ جەنگییەوە گرتە ڤیدیۆی چاوپێکەتنێکی  ئەو کەسایەتییە سیاسییە بڵاوکرایەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا لاهور شێخ جەنگی لەسەر ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر قسە دەکات کە تیایدا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر کەرکووک و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوو دەیپاراستن، دەستیان بەسەردا گیرا. لە چاوپێکەوتنەکەدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت،  "16ی ئۆکتۆبەر شەڕی پێشمەرگە بو بەرامبەر بە هێزێکی مەزهەبی دڕ کە بریتییە لە حەشدی شەعبی، بە دڵنیاییەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگە توانای بەرگریکردنی لە کەرکوک نەبو." ئەوەشی ڕونکردەوە کە شانزەی ئۆکتۆبەر یەکێک بوو لە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم و وتی،" "زۆربەی وڵاتانی جیهان پێیان وتین کە ریفراندۆم لەم کاتەدا هەڵەیە، هەڵوێستی وڵاتانیشم لەسەر ئەو پرسە بە  بەرپرسانی یەکێتی وەک کۆسرەت رەسوڵ وت، بەڵام ئەوان وتیان لەوانەیە تورکیا گلۆپی سەوزی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی داگرساندبێ و دیارە پشتیوانی لێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "دواتر سەردانی تورکیام کرد و چاوم بە هاکان فیدان کەوت و پرسیاری هەڵوێستی ئەوان لەسەر ریفراندۆم کرد، هاکان فیدان پێی وتم وتە توندەکانی ئەردۆغان دژی ریفراندۆم هێشتا کەمە و کارەساتی گەورەتر بەسەر هەرێم دێت ئەگەر ریفراندۆم بکەن." لاهور شێخ جەنگی لە باس لە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک پێش شانزەی ئۆکتۆبەر دەکات و دەڵێت لەگەڵ هێرۆخاندا (خێزانی مام جەلال) لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی پێشوی قودس کۆبونەتەوەو پێی گووتون "بەهۆی ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامدراوە حکومەتی تورکیا و ئێران و عێراق رێککەوتون، کەرکوک و خانەقین و شەنگال لە دەست هەرێم وەردەگیرێت" ، هاوکات باسلەوەشدەکات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە بەرامبەردا وتی، "ئێمە پشتی مەسعود بارزانی و پارتی بەرنادەین." ئەوەشی خستەڕو، "لە کۆبونەوەیەکی دیکە قاسم سولەیمانی دوبارە هۆشداریدا کە لە سبەینێەوە حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک، بۆیە لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیم بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کرد و پێی وتم لە دەست من نەماوە و تورکیا و ئێران و نزیکەکانی قاسم سولەیمانی بڕیاریان داوە، بڕۆ لەگەڵ هادی عامری قسە بکە." ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رۆژی 14ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) لەگەڵ ئاراس شێخ جەنگی چوینە کەرکوک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هادی عامری، کاتێک لە کەرکوک دەرچوم بینیم زرێپۆش و تانکی عێراقی بەرەو کەرکوک دەڕوات، کاتێک گەیشتینە شوێنی کۆبونەوە داوای ئاگربەستمان کرد و هێزەکانی عێراقمان قایلکرد تاوەکو 15ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) ئاگر بەست راگەیەنرا." سەبارەت بە ڕوداوەکانی ڕۆژیک پێش شانزەی ئۆکتۆبەر لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "لە شەوی 15ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر ریفراندۆم ئەنجامی نەبو و هێزەکانی عێراقیش بەرەو کەرکوک بەرێکەوتن، برێت مەکۆرگیش وتی بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ کەرکوک دەکەین و هەر کەسێک فیشەکی یەکەم بتەقێنێت ئەو خەتابارە، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک کشێندرایەوە و 16ی ئۆکتۆبەری بەدوادا هات."    

هاوڵاتی بەهۆی  نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حیزبێکی عێراقی سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکرد. بڕیارە دادگای فیدراڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقیەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، بکات. لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردووە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، جێبەجێ بکات و حکومەتی فیدراڵی پابەند بکات بە پابەندبوون بە وادەی پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.  پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵیە و لەساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە. دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەسەر پرسی مووچە و چەندین پرسی دیکە  کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم  بۆ زیاتر لە 200 ڕۆژ ، مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندیش بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.  

هاوڵاتی بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا ڕەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنورییەکان و خاڵە گومرگییەکان، لە جیاتی دۆلار، دراوی دینار وەردەگیرێت و هەر لایەنێکیش پێیەوە پابەند نەبێ، سزا دەدرێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە نوسراوێكدا بە بڕیاری ژمارە 227ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لە 20ی (ئەیلول/9)ی 2023 گشتێندراوە، هاتوە، "پشتبەست بە حكومەكانی ماددەی هەشتەم، لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ژمارە 3ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، لەسەر پێشنیاری وەزیری دارایی و ئابوری، بڕیار درا وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و ڕەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنوری و خاڵە گومرگییەكان تەنیا بە دیناری عێراقی بێت". جەختیشکراوەتەوە کە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن و لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنوری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە. هاوکات بەڕێوبەری گشتیی گومرگی ھەرێم رایگەیاندوە، " لە هەموو دەروازەکان ئەوەی کە دۆلار بووە بەش بەش کراوەتە دینار کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە واتا نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرین و لە دەروازەکانی دیکەش دەکرێت."  

هاوڵاتی  وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئارەزومەندانەیە و "نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکان." لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بڕیارە سبەینێ سەردانەکە ئەنجام بدرێت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم تێیدا بەشدارە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم پرسە داراییەكان."  پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بۆ بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات جەناب، وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە."  لەماوەی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب چەند جارێک بانگێشتکراوە بۆ بەغدا بەڵام نەچووە بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و لیستی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەلای حكومەتی عێراقەوە گرفت و كێشەی تێدایە. پێشەوا هەورامانی باسی لەوە کرد کە مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە "تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن."  وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە  چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ریشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان."  هەفتەی رابردوو یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کرد کە ئەگەر وەزیری دارایی هەرێم بەمزوانە سەردانی بەغدا نەکات ئەوا قەرزە 700 ملیار دینارییەکە دەبڕن کە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابینیان کردووە.

هاوڵاتی  فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.  فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لەسەر مەبەستی سەردانی ئاوات شێخ جەناب بۆ بەغدا دەڵێت، "بۆ بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات جەناب، وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە."  پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە کە ئاوات شێخ جەناب چەند جارێک بانگێشتکراوە بۆ بەغدا بەڵام نەچووە بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و لیستی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەلای حكومەتی عێراقەوە گرفت و كێشەی تێدایە. هاوکات پەرلەمانتارێکی عەرەبیش ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کرد کە وەزیری دارایی هەرێم بەمزوانە سەردانی بەغدا نەکات ئەوا قەرزە 700 ملیار دینارییەکە دەبڕن کە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابینیان کردووە.

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، باران بارین دەستپێدەکات و لەهەندێ شوێندا هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت.  بەپێی پێشبینییەکانی بەرێوبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ تاوە باران دەستپێدەکات بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک جار هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت.  هاوکات ئەوەش هاتووە کە ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەوردا دەبێت و لە ئەنجامی کەمێک خێرایی با، ئەگەری بەرز بوونەوەی تۆزو خۆڵێکی سووک هەیە تا کاتەکانی ئێوارە، بە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێش پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 تا 4 پلە نزم دەبێتەوە.

هاوڵاتی  میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە کە لەماوەی 10 رۆژدا تورکیا 356 هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و 264 شوێن و پێگەی بە ئامانج گرتووە.  بەپێی ئەو ئامارەی میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویانکردووەتەوە، لەنیو ئەو 256 هێرشەی ئەنجامدراوە، "267 هێرشیان بە تۆپخانە و چەکی قورس، 25یان بە فڕۆکەی سەربازیی و 64یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون." هاوکات لەو هێرشانەدا چەند جارێک چەند پێگە و شوێنێک بۆردومانکراون و ئەو شوێنە بە ئامانجگیراوانە بریتین لە "29 شوێنی ژێرخان و 185 شوێنی نیشتەجێبوون و 38 شوێنی سەربازی، کە 25یان دەگەڕێنەوە بۆ هێزەکانی حکومەت و 7 زەوی کشتوکاڵی و 3 کارگەی پیشەسازی و قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەکیش بەئامانج کراون." لەبارەی زیانە گیانییەکانیشەوە میدیاکانی رۆژائاوا دەڵێن لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەم هێرشانەی تورکیاوە، نۆ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و 15ی دیکەش برینداربوون، هەروەها 39 شەڕڤان شەهید بوون و 34ی دیکەش برینداربوون. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە یەکی ئەم مانگەوە، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە بۆردومانی چڕی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بەبیانووی ئەوەی ئەو کەسانەی تەقینەوەکەیان ئەنجامدا لە رۆژئاواوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی رۆژائاوا رەتیدەکەنەوە و دەڵێن ئەوە تەنها بەهانەیە لەلایەن ئەنقەرەوە بەکاردێت تا هێرشیان بکاتەسەر.

هاوڵاتی  ئاگربەستێکی سێ قۆڵی بۆ ماوەیەکی کاتی لە باشوری غەززە راگەیاندرا لەنێوان میسر و ئەمریکا و ئیسرائیل تا فەڵەستینییەکان بتوانن بە ئاسانی تێپەڕن.  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئاگربەستەکە لەکاتژمێر 9ی بەرەبەیانەوە بەکاتی کوردستان دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و سنوری رەفحیش لە نێوان غەززە و میسر دەکرێتەوە کە دەکەوێتە باشوری شارەکە.  بەڵام بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە کە ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجام درابێت و هیچ زانیارییەکیشیان نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە میسر بەنیازی ئەوە بێت سنوری رەفح بکاتەوە.  بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی تەنها هەفتەیەکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل یەک ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارە بوون کە جێی دانیشتوانی دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.

هاوڵاتی  مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی ( داعشی )هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی  34 منداڵیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گێڕایەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی مافەکانی منداڵان،شەوی رابردوو، شەممە فڕۆکەیەک کە 34 منداڵی رووسیای تێدابووە، لە سوریاوە گەیشتووەتەوە رووسیا ولە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ نیشتەوە. لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاش گەیشتنی فڕۆکەکە،ماریا لوڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵان لە رووسیا ڕایگەیاند، کە هەموو منداڵەکان “هەست بە باشی دەکەن” و لە نەخۆشخانەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ لای کەسوکارەکانیان لە 10 هەرێمی جیای رووسیا. ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن بۆ گەڕانەوەی منداڵان لە سوریا بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی گروپێکی دیکە “بەم زووانە” دەگێڕدرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڵگەنامە بۆ زیاتر لە 150 منداڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریدا. بەپێی راگەیەندراوەکە، منداڵانی گێڕدراوە پیکدێن لە 23 کوڕ و 11 کچ لە نێوان تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵدا. لە ساڵی 2018ەوە رووسیا 513 منداڵی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گێڕاندۆتەوە، لەنێویاندا 382 منداڵیان لە سووریاوە بوون

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئومێد دەکەن هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت. هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند؛ "هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا دەچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەین، مانگی پێشوو لەبەر ئەوەی لە سێ بانکەوە پارەی مووچە هاتە سەر هەژمارەکەمان، رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە هەفتەیەکی خایان، بەڵام ئەم مانگە رێکارەکان کاتێکی کەمتری پێدەچێت". هاوکات دارا سێكانیانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران  لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاندوە، "گوژمه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ ره‌وانه‌ كراوه‌، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوشدا گوژمه‌ی دوه‌م ره‌وانه‌ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌دوای 17 و 18ی مانگه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ عێراق ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كات و پاره‌كه‌ی هه‌رێمیش ره‌وانه‌ ده‌كرێت". ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "چۆن مانگی پێشو موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌كرا، ئه‌م مانگه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام رۆژه‌كه‌ی دیارینه‌كراوه‌، بانكه‌كان كۆمه‌ڵێك رێكاری خۆیان هه‌یه‌ بۆ ناردنی پاره‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بڕیاردراوه‌ بۆماوه‌ی سێ مانگ پاره‌ ره‌وانه‌ بكرێت و هه‌رێمیش پابه‌ندكراوه‌ به‌دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌". سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی مانگه‌كانی (تشرینی یه‌كه‌م/10، تشرینی دوه‌م/11 و كانونی یه‌كه‌م/12)ی ئه‌مساڵی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، دارا سێكانیانی ئاشكرایكرد، "گرفته‌كه‌ له‌دوای ئه‌م سێ مانگه‌یه‌، ده‌بێت شاندێك بێته‌وه‌ به‌غدا بۆئه‌وه‌ی رێكه‌وتنێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌نجامبدات، ئه‌وه‌ی كه‌ گرفتیشه‌ تا ئێستا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی بۆری توركیاوه‌ ناگوازرێته‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان".