حەماس داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكات لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزە چەكدارەكانی غەزە داوای ئازادكردنی 6000 زیندانی فەلەستینی دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی گیراوەكان.
ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسەوە بڵاویکردۆتەوە "ئامادەن گیراوەكان ئازاد بكەن لەبەرامبەر ئازادكردنی هەموو گیراوە فەلەستینییەكان كە ژمارەیان 6000 كەسە".
وتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیش دەڵێت " تا ئێستا 22 لە گیراوەكان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و ئامادەیی نیشاندا گەر دۆخی بەرەكانی شەڕ و بۆردومان رێگە بدات ئامادەن بیانییە دەستگیراوەكانی خۆیان ئازاد بكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئێستا ژمارەی دەستگیراوەكانی لای فەلەستینییەكان دیار نییە چەند كەسن، بەڵام دەگوترێت لەناویاندا ئەمریكی و فەڕەنسی و خەڵكی چەند وڵاتێكی تری تێدایە".
هاوکات خالید مەشعەل سەرۆكی حەماسیش دەڵێت بارمتەکان ئەفسەری باڵای بەشی غەزەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە گەڕان لە دەوروبەری کەرتی غەزە .
سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بەرپرسێکی دیکەی حەماس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کە "نازانێت" چەند بارمتە هێشتا زیندوون و ژمارەیان بە تەواوی چەندە.
لەم پەیوەندەدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 199 کەس بە دیل گیراون و لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.