وەزیری دەرەوەی ئێران: رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە رێگە نادرێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر غەززە بەبێ ئەوەی بێ زیان دەرچێت و دەڵێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بزوتنەوەی حەماس کردەی "پێشگرتن" ئەنجام دەدات. 

حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی ئێرانی راگەیاند، "سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاری رێگە نادەن بە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەک لە غەززە ئەنجام بدات... هەموو بژاردەیەک کراوەیە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەکانی جەنگ بکەین بۆ سەر خەڵکی غەززە."

وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات، "بەرەی بەرەنگاری لەتوانایدایە جەنگێکی درێژخایەن دژی دوژمن بەرپا بکات.... لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرەی بەرەنگاری کردەی پێشگرتن" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بکات.

وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لەسەر سنور خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر غەززە. 

ئێران چەندین ساڵە پشتگیری حەماس دەکات و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پاڵپشتی دارایی بزوتنەوەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن هێرشەکەی ئەمجارە ئەوان لێی ئاگادار نین و سەرکردەکانی بزوتنەوەکە بڕیاری خۆیان لەسەر داوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار