هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر بچنە نێو غەززەوە، ئەوا حەماس ئیسرائیل دەکاتە "گۆڕستان"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلش دەڵێت، "حەماس ریشەکێش دەکەین." سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ چوونە نێو غەززە ئامادە دەکات و چەندین چەکی نزیک کردووەتەوە لە سنور تا بتوانیت ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام بدات. بۆ یەکەمجار کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل کە بە کابینەی جەنگ ناسراوە و دوای هیرشەکەی حەماس پێکهێرا، کۆبووەوە و لە کۆبونەوەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو گەلی ئیسرائیل لەگەڵیانە و بەرەو "ریشەکێشکردنی حەماس" دەڕۆن. هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە نیو غەززەوە ئەوا، "سەرکردەکانی بەرگری ئیسرائیل دەکەنەوە گۆڕستان بۆ سەربازانی داگیرکەر." وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کە ئەگەر "جەنگ فراوان ببێت، ئەمریکاش زیانی گەورە دەکات." رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنەدا لەناوبردن و ریشەکێشکردنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و نەهێشتنی گروپەکەیە لە غەززە. تا ئێستا بەهۆی شەڕی هەردوولاوە 1300 ئیسرائیل و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە. ئێران پشتگیری لە بزوتنەوەی حەماس دەکات و گومان هەیە کە لە هێرشەکەدا پشتگیری کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر تێوەگلانی تاران نەدۆزیووەتەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی هەر سێ جۆری بەنزین لە شاری سلێمانی بەرێژەی جیاواز دادەبەزێت. بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆ و لەدوای کاتژمیر 4:00 نرخی بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار و بەنزینی مومحەسەن 25 دینار دادەبەزێت. بەهمەن قادر وتیشی، کە نرخی بەنزینی سوپەریش بەهەمان شێوە 25 دینار لێ کەم دەبێتەوە. بەهۆی بەرز و نزمی لە نرخی دۆلار، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر نییە و لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی دۆلار، نرخی بەنزینینش بەرز دەبێتەوە.
هاوڵاتی بۆ دووەم جار مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوەوە و لەکۆبونەوەکەدا ئەرکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دیاریکرا. سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیدا ئەرکی ئهندامانی مەکتەبی سیاسی دەستنیشانکراوە. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەم ئەرکانەیان پێ سپێدراوە: قوباد تاڵەبانی لە ئەرکی سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت. سەعدی ئەحمەد پیرە وەک وتەبێژی یەکێتی بەردەوام دەبێت. سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن. تەلار لەتیف لێپرسراو ناوەندی کاروباری یاسایی. عیماد ئەحمەد لێپرسراوی راگەیاندن و روناکبیری. دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رێکخستنی پەیوەندییەکان. بورهان سەعید سۆفی لێپرسراوی رێکخراوە دیموکراتییەکان. بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەکتەبی كاروباری شههیدان. یوسف گۆران لێپرسراوی مەکتەبی دیراساتی. نزار ئامێدی لێپرسراوی مەکتەبی یەکێتی لە بەغدا. رزگار حاجی حەمە بەردەوام دەبێت لە ئەرکی لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردن. شوان قادر ئەرکی دارایی و ئیدارەی گشتی. شاڵاو شێخ سەڵاح لێپرسراوی مەکتەبی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی بالای بزوتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشی ناوچەی کبوتز. سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆساد و دەزگای هەواڵگری سوپاوە، بیلال ئەلقیدرەیان کوشتووە کە فەرماندەی یەکەی نوخبە بووە لە کەتیبەی خان یونس. سوپای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات، بیلال ئەلقیدرە "بەرپرس بووە لە هێرشی سەر کۆمەڵگەی جێنشینی کبوتز و نیر ئۆز" لە باشوری ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا کاتێک چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە. بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل تەنها لە شەوی رابردوودا 100 پێگەیان بە ئامانج گرتووە کە ناوەند، ناوچەی سەربازی، هەڵدەری موشەک، پێگەی موشەک و بنکەی حەماس بوون. پێشتریش سوپای ئیسرائیل کوشتنی دوو فەرماندەی حەماسی راگەیاند کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە ئەوانیش میراد ئەبو میراد، بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی حەماس و عەلی قادی، فەرماندەی هێزێکی کۆماندۆی حەماس بوون. تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، 1300 ئیسرائلی و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوو هونەرمەند کە هاوسەری یەکترن لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج بە چەقۆ کوژران. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان شەوی شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، داریووش مێهرجوویی هونەرمەند و سینەماکاری ناوداری ئێرانی و وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و فیلمنامەنووس لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج بە چەقۆ کوژراون. میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، تەرمی ئەم ژن و مێردە هونەرمەندە لە ڤیلاکەی خۆیان لە کەرەج دۆزراوەتەوە. محەممەد مێهدی عەسگەرپوور، بەرێوەبەری ماڵی سینەمای ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، هەواڵی کوشتنی داریووش مێهرجوویی و هاوسەرەکەی وەحیدە محەممەدی فەڕی لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج پشتڕاستکردەوە. وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و هاوژینی داریووش مێهرجوویی، چەند مانگ لەمەوپێش لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند کەسێک هاتۆتە ماڵەکەیان و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردووە. وەحیدە محەممەدی فەڕ هەروەها نووسیبووی ماوەیەک لەمەوپێش هاتوونەتە ماڵیان و مۆبایل و لاپتۆپەکانیان دزیوە و دوو سەنتووریش کە ناو و رەسمی بەهرام رادان و داریووش مێهرجوویی لەسەر بووە درزاوە. نووسەران و چالاکانی کەلتووری ، هەواڵی کوشتنی ئەم سینەماکارە ئێرانەوە لەگەڵ شەپۆلی کوشتنە زنجیرەییەکان بەراورد دەکەن کە لە دەیەی ١٩٩٠ روویدا. رۆژی ٢٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری، لە ماڵی خۆیان لە شەقامی سەعدی لە تاران کوژران. رۆژی ٣/١٢/١٩٩٨ محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ لە پرۆسەی کوشتنە زنجیرەییەکان کوژرا. رۆژی ٩/١٢/١٩٩٨ محەممەد جەعفەر پوویەندە، هاوڕێی محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ ڕفێندرا و چەند رۆژ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
هاوڵاتی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، رایگەیاند عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ پاریزگایەکی عێراق بنێرێت و حکومەتی وڵاتەکە هیچ "ئامادەییەکی نییە" کارێکی لەو جۆرە بکات. ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵی ئەوە دەدرێت کە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لە هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا و راستەوخۆ لە بەغداوە بنێردرێت. سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە فراکسیۆنی پارتی ئیمزایان لەسەر یاداشتیک کردووە کە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب ئەو بابەتە بکەنە پرۆژە یاسایەک. لەوبارەیەوە مەسعود حەیدەر رایگەیاند، "من دەزانم کە خەڵک لە کێشەدان بەهۆی مووچەوە و هیوا لەسەر هەر چڵەدارێکیش هەڵدەچنن کە بۆیان بکرێت، بەڵام عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ پارێزگایەک بنێرێت و بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی نییە" ئەو کارە بکات. مەسعود حەیدەر باسی لەوەشکرد لە ساڵی 2016 هەوڵێکی هاوشێوە هەبووە و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە کە "ئەوە کاریکی نادەستوورییە" و ئەبێت "هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە" دواتر هەر چوار پاریزگاکە دەتوانن داوای شتێکی لەو جۆرە بکەن. بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، "من نامەێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئومێدێکی هیچەوە هیوا هەڵبچنێت چونکە حکومەتی عیراق ناتوانێت مووچە راستەوخۆ بۆ پارێزگایەکی عیراق بنێرێت." لە چەند رۆژی رابردوودا یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق، بە هاوڵاتی راگەیاند کە هەموو کارێک دەکەن تا یاداشتەکە بکەنە پرۆژەیاسا و دواتریش مووچە راستەوخۆ لە هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ عێراق تا مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
هاوڵاتی ئاژانسێکی ئێران بڵاویکردەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کاری هاوبەش دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن. ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا بە سوودانی راگەیاندووە پێویستە دەست بەجێ کار بکرێت بۆ نەهێشتنی گەمارۆی سەر غەززە. لە راپۆرتەکە هاتووە کە ئیبراهیم رەئیسی بە سوودانی وتووە، "کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە ئامادەیی هەیە بۆ هەر کارێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی." لە راپۆرتەدا باس لەوە نەکراوە کە سوودانی لە کە گفتوگۆکەدا رەزامەندی دەربڕیبێت بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دژی ئیسرائیل. ئیسرائیل گومانی ئەوەی هەیە کە ئێران هەوڵی ئەوە بدات بەرەیەکی نوێ لە جەنگ بکاتەوە دژی ئیسرائیل بەتایبەتی لە لوبنان و سوریاوە. لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی کارێکی لەو جۆرە دەدات. جۆشوا زارکا، بەرپرسی کاروباری ستراتیجی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی پۆستێکی تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس کە باس لە سیناریۆیەکی لەو جۆرە دەکات بە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لەلایەن ئێرانەوە، دەڵێت "بەڵێ ئێرانییەکان بەنیازی" کارێکی لەو جۆرەن. هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو سەرچاوەی ئاگادار و نزیک لە حەشدی شەعبی، بە رادیۆ فەردایان راگەیاندبوو کە رۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم دوای هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەک لە بەغداد لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە بەغداد بەڕێوە چووە. بەرپرسانی ئێرانی لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە ئامادەباشیدا بن و هەروەها داوایان لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کردووە مووشەکەکانیان کە لە کۆگاکاندایە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە شێوەی نهێنی شەقامی سنووری سوریا لەگەڵ پارێزگای ئەنبار بەکاربهێنن بۆ هەر کارێک کە پێویست بکات.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوونە و زەنگێکی مەترسیدارە. لەچوارچێوەی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان مەسرور بارزانی وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند، ئەو ئامارانەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە دەریدەخەن کە "بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان." سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە بەرفراوانی کار لەسەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێک دەخاتە کار رێگە لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت." هاوکات مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، "هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆرواجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان ماددە هۆشبەرەکانە کە یەکێکە لەو چەکانەی بە شارەزا و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکاردەهێندرێت، بۆیە پێویستە بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە."
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دووەم کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات وەک بەشێک لە پشتگیرییەکانی وڵاتەکە بۆ ئیسرائیل. دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا واشنتن کەشتیگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست کرد، بڕیارە کەشتی فڕۆکە هەڵگری دوایت د.ئایزنهاوەر رەوانەی هەمان ناوچە بکات وەک گەیاندنی پەیامێک بۆ پشتگیرکردنی لە ئیسرائیل. لەوبارەیەوە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵەکانمان بۆ رێگرتن لە کاری دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل یان هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی ئەم جەنگەی ئێستا هەیە." بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، کەشتی فرۆکە هەڵگری ئایزنهاوەر موشەکی کروز و ئاراستەکراوی هەڵگرتووە و توانی هەلگرتنی 60 فڕۆکەی جەنگی هەیە و رۆژی هەیینی لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتووە. کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری جێڕاڵد ئار فۆرد کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراستە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە.
هاوڵاتی فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رونكردنهوه لهبارهی خهرجكردنی موچهی فهرمانبهران له پرۆژهی "ههژماری من" دهدات و رایدهگهیهنێت، فهرمانبهر و موچهخۆران بڕیاردهر و خاوهن دهسهڵاتی تهواون له خهرجكردنی موچهكهیان". لە چەند رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگهیاند كه كاری تۆمارکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من" لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکات و پرۆژهكه سوودی ههیه بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لهسهر پرۆژهكهش ئەمڕۆ شەممە، مژدە مەحمود، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندبوو: "هەر فەرمانبەرێک ئەو حساب بانکیەی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بانگەشەی بۆ ئەکات بیکاتەوە نەک موچەکەی پێنادەن بەڵکو قەرزی ئاوو کارەباشی لێوەردەگرنەوە لەو ڕێگایەوە!" لەم پەیوەندەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری لهڕونكردنهوهیهكدا بڵاویكردهوه، "له چهند پهیج و دهزگایهكی میدیایی، لێدوانێكی چهواشهكارییانه سهبارهت به پرۆژهی ههژماری من بڵاو كراوهتهوه، كه ئامانج لێی لێدانه له پرۆژه ستراتیژییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان و وهزارهتی دارایی و ئابوری". ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئێمه سهرجهم فهرمانبهران و موچهخۆران دڵنیا دهكهینهوه، كه سهرلهبهری ئهو لێدوانانه دورن له راستییهوه و فهرمانبهر و موچهخۆرانی ههرێم بڕیاردهر و خاوهن دهسهڵاتی تهواون له خهرجكردنی موچهكهیان و ههر بڕه پارهیهك كه دهچێته سهر ههژماره بانكییهكهیان".
هاوڵاتی بەپێی بەدواچوون و لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، دوای ساڵێک لە دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ٤٠٠ منداڵی قوتابی لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان و لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە دەستگیرکراون کە تاکوو ئێستا تیمی یاساییی هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٩٢ کەسیان ئاشکرا بکات. بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو ئەو منداڵانە کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە لە ماوەی پێنج مانگدا (واتە لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ تاکوو ١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) دەستگیرکراون. لە کۆی ئەم ١٩٢ منداڵە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە، ٣٣ کەسیان کچ و ١٥٩ کەسی دیکەیان کوڕن. بەپێی ئەم ئامارە زۆرترین منداڵ لە شاری جوانڕۆن کە ٣٠ کەس تۆمار کراون. هەروەها لە شارەکانی سنە ٢١ منداڵ و سەقز ١٤ منداڵن دەقی ئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو: ئەم ئامارە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: - پارێزگای سنە؛ ٧٧ کەس کە دەکاتە ٤٠% کۆی گشتیی ئەم ئامارە. - پارێزگای کرماشان؛ ٢٧% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە. - پارێزگای ئورمیە؛ ٢٢% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە. - پارێزگای ئیلام؛ ١٠% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە. ئاماری کچان و کوڕان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: - پارێزگای ئیلام؛ ٤ کچ و ١٦ کوڕ. - پارێزگای کرماشان؛ ٨ کچ و ٤٤ کوڕ. - پارێزگای سنە؛ ١٥ کچ و ٦٢ کوڕ. - پارێزگای ئورمیە؛ ٤ کچ و ٣٨ کوڕ. - ناوچەکانی دیکەی ئێران؛ تەنیا ١ کەس کە کچ بووە. بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئەو ڕیکخراوە ، بەشێکی بەرچاو لەم منداڵانە دوای چەند ڕۆژ و هەفتەیەک ئازاد کراون. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم منداڵانە دوای ئازادبوونیان لە بارودۆخێکی دەروونیی دژواردان، بەگشتی لەگەڵ هیچ کەس قسە ناکەن و تووشی گۆشەگیری و گرفتی دەروونی بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە، لە کاتی دەستگیرکردن و دەستبەسەربوونی ئەم منداڵانە لێپێچینەوەی توندیان لێکراوەو ئازار دراون و هیچ گرنگییەک بە مافەکانی منداڵ و کەسانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ نەدراوە لەو مافانەش ، ئامادەبوونی خێزان و کەسی گەورەتر لە خۆیان یانیش پارێزەر. ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: پێشێلکاریی یاسای تایبەت بە منداڵان تەنیا لە کاتی پێش بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیاندا نەبووە، بەڵکوو لە کاتی دادگاییکردنیشیاندا ئەم منداڵانە لە مافەکانی منداڵێک کە دادگایی دەکرێت، بێبەری و بێبەش بوون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون: "دۆسیەی بەشێک لەم منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕش نێردراوە؛ بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، منداڵان لە کاتێکدا تاوانێکیان کردبێت، دەبێت لە لقی ١ دادگای تاوانەکان و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە پێشبینیکراوەکان و لە دادگای منداڵاندا دادگایی بکرێن. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دۆسیەی ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی نایاسایی نێردراون بۆ دادگای شۆڕش کە دادگایەکی تایبەت و زۆر نادادپەروەرانەیە." بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو؛ لە کۆی گشتیی ئەو ١٩٢ منداڵە، لانی کەم ٤ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای پێبژاردنی پارە، بەندکردن و لێدانی قامچاییان بەسەردا سەپێندراوە. کورش گەڕاوەند، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەراوڵە، سزای ٧ مانگ بەندکردن فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، سزای ٢ ساڵ بەندکردن دوو منداڵی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئەرشیا بەرزین، سزای ٣ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی کیانووش ئەعزەمی، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.
هاوڵاتی لایهنه تهندروستییهكانى فهڵهستین ئاشكرایان كردووه، ئیسرائیل داواى چۆڵكردنى نهخۆشخانهكانى غهززه و باكوورى كهرتى غهززەی كردووه ووەزیرى تەندروستى فەڵەستینیش، داواى بەهاناوەچون لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکان دەکات بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان. دوێنێ هەینی (13ـى تشرینى یهكهمى 2023) ئیسرائیل داواى له دانیشتوانى باكوورى كهرتى غهززه كرد ماڵهكانیان بهجێبهێڵن و بچنه ناوچەکانی باشوورى غەززە کە بە "وادی غەززە" ناسراوە. هاوکات له ههشتهم رۆژى جەنگی ئیسرائیل و بزووتنهوهى حهماس له كهرتى غهززه، كارگێڕى نهخۆشخانهى ئهلعهودهى حكومى له باكوورى غهززه ئاشكراى كرد، ئهمڕۆ پهیامێكى فهرمیان له سوپاى ئیسرائیلهوه پێگهیشتووه بۆ چۆڵكردنى نهخۆشخانهكه بهگشتى بە بریندار و نهخۆشهكانیشەوە. سهرچاوهیهكیش له نهخۆشخانهى قودس له شارى غهززه كه سهر به مانگى سوورى فهڵهستینییه ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزهكانى ئیسرائیل هۆشداریان پێیانداوه نهخۆشخانهكه دهستبهجێ چۆڵبكهن" لەم پەیوەندەدا مای سالم ئەلکایلا، وەزیرى تەندروستى فەڵەستین، داواى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەهانایانەوە بچن بۆ پاراستنى نەخۆشخانەکان و کارمەندانى تەندروستى و چارەسەرکردنى بریندارەکان، دەشڵێت: لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا 15 نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و دوو نەخۆشخانەش بەهۆیەوە کارەکانیان وەستاوە. هەروەها وهزارهتى تهندروستى فهڵهستین رایگەیاند، هێرشهكانى ئیسرائیل وایكردووه نهخۆشخانهى دوڕەى منداڵان چۆڵبكرێت، دوای ئهوهى به بۆمبى فۆسفۆرى هێرشى كرایه سهر،ئهو نهخۆشخانهیهش دووهم نهخۆشخانهیه دوای نهخۆشخانهى بەیت حانون. ئاشکراشى کرد، 28 کارمەندى پزیشکى کوژراون و دەیانى دیکەش برینداربون، هەروەها 23 ئامبوڵانس زیانیان بەرکەوتووە. لە دوێنێوه دواى پهیامەکەى سوپای ئیسرائیل، دانیشتوانى كهرتى غهززه بە لێشاو ناوچەکانیان چۆڵ کرد، بەڵام شایهدحاڵهكان بە میدیاکانیان راگەیاندووە، ئهمڕۆ شەممە چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززە كهمتر بووەتهوه. لە بەرامبەر ئەوەشدا، رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان و یهكێتى ئهوروپا ئهو هۆشداریهى سوپای ئیسرائیلیان رهتكردهوه و جەختیان کردووەتەوە، چۆڵکردنی ماڵەکانیان لەلایەن زیاتر له یەک ملیۆن كهسەوە له ماوهى 24 كاتژمێر مهحاڵه. هەروەها ههر یهكە لە قاهیره، ریاز و عهممان ئهو هۆشداریهى ئیسرائیل به ههنگاوێكى مهترسیدار دهزانن. لەبارەى نوێترین ئامارى قوربانیانى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە، وەزارەتى تەندروستى فەڵەستین ئاماژەى بەوەکردووە کە ژمارەى کوژراوان گەیشتووە بە دو هەزار و 215 کەس و هەشت هەزار و 714 کەسیشش برینداربون. .
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمرۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج،بەپێی زانیاریەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوەیەکی تایبەت لەقەزای ئامێدی بە هاوڵاتی وت" ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێ کراوەتە ئامانج لەنێوان گوندی میسکا و دەرگەلێی سەر بە ناحیەی کانیماسێ لە سنوری قەزای ئامێدیە ." وتیشی " تا ئێستا نازانرێت ئەو ئۆتومبێلە هی کێ یە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان و سێ کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە". جێگەیباسە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ئەو ئوتومبێلە لەلایەن تورکیاوە بهڕێوهبهرایهتی دژه تیرۆری كوردستان (پارتی) رایگهیاند، ئێوارهی ئهمڕۆ فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی چهكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)ی كرده ئامانج و بههۆیهوه بهرپرسێكی باڵا و دوو چهكدار گیانیان لهدهستدا. سهبارهت به زیانهكانیش، دژه تیرۆری كوردستان دهڵێت، "بههۆی بردومانهكهوه بهرپرسێكی باڵای پهكهكه و دو چهكداری یاوهری گیانیان لهدهستداوه". تاوهكو ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان بهفهرمی زانیاریهكانی دژه تیرۆری كوردستان (پارتی) پشتڕاست نهكردۆتهوه و پێشتریش چهندجارێك زانیاریهكانی ئهو دهزگا ئهمنیهی كوردستان رهتكراونهتهوه.
هاوڵاتی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی تورکیا لەڕێگەی کۆمپانیای بوتاشەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردوە کە هێڵی نەوتی عێراقی- تورکی ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. ماڵپەڕی "Iraq oil report" بڵاویکردەوە، کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی حکومەتی تورکیا "بۆتاس" نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سومۆ" کردوە و تێیدا هاتوە، پێتان رادەگەینن کە هێڵی بۆرییەکانی ITP (هێلی بۆرییەکانی نێوان عێراق و تورکیا) بۆ گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبێت. ئاماژە بەوەشکراوە، لە رۆژی 4ی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵەوە بۆرییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئامادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردن لە کۆنگرەی وزە لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: حکومەتی تورکیا بە فەرمی بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندوە کە ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانن. پێشتریش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، کێشەکانی دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە نێو بەغدایە نەک تورکیا، تورکیا دوای ئامادەکارییەکانی خۆی رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات. ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت بڕی ئەو پارەیەیە کە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت تەرخانکراوە، بۆ نمونە کۆمپانیاکانی کێلگەی نەوتی گەیارە بڕی 30 دۆلاریان بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بۆ تەرخانکراوە، بەڵام کۆمپانیاکانی هەرێم تەنها شەش دۆلاریان بۆ دابینکراوە.
هاوڵاتی پارێزگاری سلیمانی ڕایدەگەیەنێت، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی مامۆستایان خەرجبکات و دەشڵێت: داوا لە مامۆستایان دەکەم لەپێناوی نەوەی داهاتو دەست بکەنەوە بە دەوامی خوێندن. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئهمڕۆ شهممه له پهیامهكهیدا بۆ مامۆستایان باسی لهوهكرد، "هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەمو سات و کات و سەردەم و قۆناغێکی ژیانی هەر یەکەمان و میللەتەکەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفاو ئەمەکداریی هەمومانە، مافی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم موچەخۆرانی تریش؛ مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەریەکەمانەو، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپئی دارەدانی وڵات و دارایی و زامننەکردنی یاساییانەو ئاساییانەی موچەو بوجە؛ لە هەردو حکومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناکرێت". لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، د. هەڤاڵ دەشڵێت:سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار؛ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکاندا؛ چاویان لە دەستێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، موچەو ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبکات. له پهیامهكهی د. هەڤاڵ ئەبوبەکردا هاتوه، "لە ساڵی 2003وە موچە لە عێراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتون، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیامداریی پێش هەر دەسکەوتێکی ترە، بەهەوڵی زانایانەو جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردەو فێرکردن و کەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەمو عێراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق وتی، مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت". د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دهشڵێت، "بۆیە بە ناوی هەمو خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوەو پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە، تەنها لە پێناوی نەوەکانمانداو هیچی تر". پارێزگاری سلێمانی داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکات کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و موچەو بوجەی هاووڵاتیان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، بەردەوام بونی حکومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەکردنی موچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە، کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە. داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتیی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات.
