دوو هونەرمەندی هاوسەر لە ماڵەکەی خۆیان لە ئێران کوژران

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوو هونەرمەند کە هاوسەری یەکترن لە ماڵەکەی خۆیان  لە کەرەج بە چەقۆ کوژران.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان شەوی شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، داریووش مێهرجوویی هونەرمەند و سینەماکاری ناوداری ئێرانی و وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و فیلمنامەنووس لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج بە چەقۆ کوژراون.

میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، تەرمی ئەم ژن و مێردە هونەرمەندە لە ڤیلاکەی خۆیان لە کەرەج دۆزراوەتەوە.

محەممەد مێهدی عەسگەرپوور، بەرێوەبەری ماڵی سینەمای ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، هەواڵی کوشتنی داریووش مێهرجوویی و هاوسەرەکەی وەحیدە محەممەدی فەڕی لە ماڵەکەی خۆیان لە کەرەج پشتڕاستکردەوە.

وەحیدە محەممەدی فەڕ، نووسەر و هاوژینی داریووش مێهرجوویی، چەند مانگ لەمەوپێش لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند کەسێک هاتۆتە ماڵەکەیان و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردووە.

وەحیدە محەممەدی فەڕ هەروەها نووسیبووی ماوەیەک لەمەوپێش هاتوونەتە ماڵیان و مۆبایل و لاپتۆپەکانیان دزیوە و دوو سەنتووریش کە ناو و رەسمی بەهرام رادان و داریووش مێهرجوویی لەسەر بووە درزاوە.

نووسەران و چالاکانی کەلتووری ، هەواڵی کوشتنی ئەم سینەماکارە ئێرانەوە لەگەڵ شەپۆلی کوشتنە زنجیرەییەکان بەراورد دەکەن کە لە دەیەی ١٩٩٠ روویدا. رۆژی ٢٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ داریووش فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری، لە ماڵی خۆیان لە شەقامی سەعدی لە تاران کوژران. رۆژی ٣/١٢/١٩٩٨ محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ لە پرۆسەی کوشتنە زنجیرەییەکان کوژرا. رۆژی ٩/١٢/١٩٩٨ محەممەد جەعفەر پوویەندە، هاوڕێی محەممەد موختاری، نووسەر و وەرگێڕ ڕفێندرا و چەند رۆژ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار