رەئیسی داوا لە سودانی ئەکات ئامادەیی هەبێت بۆ هەنگاوی هاوبەش دژی ئیسرائیل

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئاژانسێکی ئێران بڵاویکردەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کاری هاوبەش دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا بە سوودانی راگەیاندووە پێویستە دەست بەجێ کار بکرێت بۆ نەهێشتنی گەمارۆی سەر غەززە.

لە راپۆرتەکە هاتووە کە ئیبراهیم رەئیسی بە سوودانی وتووە،  "کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە ئامادەیی هەیە بۆ هەر کارێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی."

لە راپۆرتەدا باس لەوە نەکراوە کە سوودانی لە کە گفتوگۆکەدا رەزامەندی دەربڕیبێت بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دژی ئیسرائیل.

ئیسرائیل گومانی ئەوەی هەیە کە ئێران هەوڵی ئەوە بدات بەرەیەکی نوێ لە جەنگ بکاتەوە دژی ئیسرائیل بەتایبەتی لە لوبنان و سوریاوە.

لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی کارێکی لەو جۆرە دەدات.

جۆشوا زارکا، بەرپرسی کاروباری ستراتیجی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی پۆستێکی تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس کە باس لە سیناریۆیەکی لەو جۆرە دەکات بە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لەلایەن ئێرانەوە، دەڵێت "بەڵێ ئێرانییەکان بەنیازی" کارێکی لەو جۆرەن.

هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو سەرچاوەی ئاگادار و نزیک لە حەشدی شەعبی، بە رادیۆ فەردایان راگەیاندبوو کە رۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم دوای هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەک لە بەغداد لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە بەغداد بەڕێوە چووە.

بەرپرسانی ئێرانی لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە لە ئامادەباشیدا بن و هەروەها داوایان لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کردووە مووشەکەکانیان کە لە کۆگاکاندایە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە شێوەی نهێنی شەقامی سنووری سوریا لەگەڵ پارێزگای ئەنبار بەکاربهێنن بۆ هەر کارێک کە پێویست بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار