ئیسرائیل: فەرماندەیەکی باڵای حەماسمان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوو

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی بالای بزوتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشی ناوچەی کبوتز. 

سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری مۆساد و دەزگای هەواڵگری سوپاوە، بیلال ئەلقیدرەیان کوشتووە کە فەرماندەی یەکەی نوخبە بووە لە کەتیبەی خان یونس.

سوپای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات، بیلال ئەلقیدرە "بەرپرس بووە لە هێرشی سەر کۆمەڵگەی جێنشینی کبوتز و نیر ئۆز" لە باشوری ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا کاتێک چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە.

بەپێی وتەی سوپای ئیسرائیل تەنها لە شەوی رابردوودا 100 پێگەیان بە ئامانج گرتووە کە ناوەند، ناوچەی سەربازی، هەڵدەری موشەک، پێگەی موشەک و بنکەی حەماس بوون.

پێشتریش سوپای ئیسرائیل کوشتنی دوو فەرماندەی حەماسی راگەیاند کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە ئەوانیش میراد ئەبو میراد، بەرپرسی سیستەمی ئاسمانی حەماس و عەلی قادی، فەرماندەی هێزێکی کۆماندۆی حەماس بوون.

تا ئێستا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، 1300 ئیسرائلی و دوو هەزار و 329 فەڵەستینی کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار