پێشەوا هەورامانی: سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئارەزوومەندایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئارەزومەندانەیە و "نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکان."

لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بڕیارە سبەینێ سەردانەکە ئەنجام بدرێت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم تێیدا بەشدارە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم پرسە داراییەكان." 

پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بۆ بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات جەناب، وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە." 

لەماوەی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب چەند جارێک بانگێشتکراوە بۆ بەغدا بەڵام نەچووە بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و لیستی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەلای حكومەتی عێراقەوە گرفت و كێشەی تێدایە.

پێشەوا هەورامانی باسی لەوە کرد کە مەسرور بارزانی، تیمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە "تەنانەت یەك پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن."

 وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە  چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ریشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی كوردستان." 

هەفتەی رابردوو یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کرد کە ئەگەر وەزیری دارایی هەرێم بەمزوانە سەردانی بەغدا نەکات ئەوا قەرزە 700 ملیار دینارییەکە دەبڕن کە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابینیان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار