رووسیا 34 منداڵی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی ( داعشی )هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی 34 منداڵیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گێڕایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی مافەکانی منداڵان،شەوی رابردوو، شەممە فڕۆکەیەک کە 34 منداڵی رووسیای تێدابووە، لە سوریاوە گەیشتووەتەوە رووسیا ولە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ نیشتەوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاش گەیشتنی فڕۆکەکە،ماریا لوڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵان لە رووسیا ڕایگەیاند، کە هەموو منداڵەکان “هەست بە باشی دەکەن” و لە نەخۆشخانەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ لای کەسوکارەکانیان لە 10 هەرێمی جیای رووسیا.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن بۆ گەڕانەوەی منداڵان لە سوریا بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی گروپێکی دیکە “بەم زووانە” دەگێڕدرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڵگەنامە بۆ زیاتر لە 150 منداڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەسەدە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەریدا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، منداڵانی گێڕدراوە پیکدێن لە 23 کوڕ و 11 کچ لە نێوان تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵدا.
لە ساڵی 2018ەوە رووسیا 513 منداڵی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گێڕاندۆتەوە، لەنێویاندا 382 منداڵیان لە سووریاوە بوون